$حەماس وەک خاوەن مووشەکی کڵاوەی ئەتۆمی$
#عارف قوربانی#
لە #15-07-2017# لە ڕۆژنامەی ڕووداو وتارێکم دەربارەی ئەوە نووسیبوو کە ئەو گوشارانەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەیخەنە سەر ئێران بۆ ئەوەی پەرە بە مووشەکە دوورهاوێژەکانی نەدات، بێسوودە، چونکە ئێران لەبری ئەوەی خەریکی گەشەپێدان و پەرەپێدانی مەودای مووشەکەکانی بێت، خەریکی کوورتکردنەوەی جوگرافیاکانە. بەتایبەتیش لەو وتارەدا سەرنجم خستبووە سەر ئەوەی کە لەلایەک ئەمریکا وەک جۆرێک لە دڵنیایی بۆ سەقامگیریی ئیسرائیل سەرکردایەتی ئەو گوشارانەی سەر ئێران دەکات، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا خۆی هاوکاریی ئێران دەکات لەوەی ببێتە دراوسێی ئیسرائیل.
ئەو ستراتیجەی ئێران گرتبوویەبەر لە درووستکردنی هێڵی دڵنیایی پەڕینەوەی وشکانی بۆ گەیاندنی مووشەکەکانی لە ئێراقەوە بۆ سووریا و لوبنان، لەژێر چاودێریی مانگە دەستکردەکانی ئەمریکادا بەڕێوەدەچوون. هۆکاری ئەو دوو فاقییەی ئەمریکام لەوەدا دەبینییەوە تاوەکو مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران لە دروشمەوە دژ بە ئیسرائیل ببنە کردار.
ڕووداوەکانی چەند ساڵی پێشتر و بەتایبەتیش ئەوەی لە دوو مانگی ڕابردوو ڕوویدا کە بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە زیاتر لە هەزار مووشەکی درووستکراوی ئێرانی گرتە ئیسرائیل و بەشێکیان ئامانجیان پێکا. ئەوەی سەلماند کە ئێران لەوەدا سەرکەوتوو بوو لەبری پەرەپێدانی توانای موشەکە دورهاوێژەکانی تا لە تارانەوە بیگرێتە نەیارەکانی، دووریی نێوان خۆی و نەیارەکانی کوورتکردووەتەوە و بێ ئەوەی ئێران بە ڕاستەوخۆ بچێتە هەر جەنگێکەوە، گرووپە وابەستەکانی لە ناوچەکە ئەو جەنگەی بۆ دەکەن. ئەوەی حەماس بە ئیسرائیلی دەکات، حوسییەکانی یەمەن بە سعودیەیان کرد و ئەوەشی وەک پێشهاتێکی نوێ هەندێ گرووپی #حەشدی شەعبی# بە #هەولێر#ی دەکەن، مووشەکی ئێرانە دەدرێت لەم ناوەندانە، بەڵام ئێران دانیشتووە و خەڵکی دیکە شەڕەکەی بۆ دەکەن.
ئایا هەر ئەوەندە بەسە بۆ ئەمریکا کە مووشەکی ئێرانی بگاتە تەلئەبیب و ماڵی دۆستەکانی؟ بێگومان نەخێر، ئەمریکا هێشتا دەیەوێ مەترسیی ئێران زیاتر بکات لە ناوچەکە و هەژموونی زۆرتر بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا بسەپێنێت. ئەمریکا بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی دەبێت ئێران بکاتە خاوەن چەکی ئەتۆم.
ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییکەی لەگەڵ ئێران نەکشابایەتەوه، ئایا ئێران بە ئاسانی دەیتوانی پەرە بە تواناکانی بدات لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە و ئەندازەیەی ئێستا گەشەی پێدەدات؟ ئایا ئەو گوشار و گەمارۆ ئابوورییانەی ئەمریکا خستبوویە سەر ئێران مەیل و تواناکانی ئێرانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بڕیوە، یان خێراتری کردن؟ ئەوەی ئێستا ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم پێی گەیشتووە بە 10 ساڵ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێی نەدەگەیشت. ئێران نزیک بووەتەوە لەوەی سەرکەوتن ڕابگەیێنێت کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمە.
دەمێکە گەیشتووم بە و باوەڕەی ئەمریکا وەک چۆن لە سەدەی ڕابردوو کۆمەکی بە وڵاتانی سوننە مەزهەبی جیهانی ئیسلامی کرد و گەورە و قەبەی کردن تاوەکو ئاستی ئەوەی کە ئێستا سوننە خاوەنی چەکی ئەتۆمن. لە دەستپێکی هەزارەی سێیەمیشەوە کار بۆ گەورەکردنەوەی شیعە دەکات تا ئەوانیش دەستیان بە چەکی ئەتۆم دەگات. ڕەنگە بۆ مەودای دوورتریش کاری بەوەبێت هەردوو بلۆکی شیعی و سوننی بەریەک بکەون و مەترسی جەنگی شارستانییەتەکان و شەڕی ئایینەکان بگۆڕێت بۆ شەڕی نێوان ئیسلام و ئیسلام.
ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیار و هەڵوەستە لەسەرکردنە ڕۆڵ و پێگەی ئیسرائیلە لە داهاتووی ئەم هاوکێشانەدا. تاوەکو ئێستا ئەوەی وەک لێکەوتە و دەرئەنجامی هەڕەشە و مەترسیی ئێران لەسەر وڵاتانی ناوچەکە ڕەنگی داوەتەوە، لە ترسی هەژموونی ئێران بەشێک لە جیهانی عەرەبی کۆتاییان بە ناکۆکی و ململانێی ئیسرائیل هێناوە و چوونەتە نێو هاوپەیمانێتیی ئیسرائیلەوە. بەڵام ئەگەر ئێران لەوە زیاتر بەهێزبێت و بەتایبەت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی، هاوکێشەی ئێران - ئیسرائیل چی بەسەردێت؟ کە ئێرانی خاوەن ئەتۆم یەکسانە بەوەی حەماس ببێتە خاوەن مووشەکی کڵاوەی ئەتۆمی.
ئەمریکا گیرۆدەی ڕەوەندی جوو بووە، ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکی وەک ئەوە وایە لەلایەن جووەوە بە بارمتە گیرابن، ئایا ئەمریکا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت سەربەخۆیی بۆ ئەمریکا بگێڕێتەوە؟ ئەگەر ئیسرائیل وەک چۆن چل ساڵ لەمەوبەر بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆی و دڵنیابوون لەوەی ئێران نابێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەری، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی تێکشاند، لە ئێستاشەوە تاوەکو ئەو وادەیەی ئێران دەگاتە قۆناخی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن، ئیسرائیل دوور لە چاوەڕوانیی ئەمریکا جارێکی دیکە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تێک نەشکێنێت، ئەوە لە داهاتووی هاوکێشەکانی ناوچەکە و جیهاندا ئیسرائیل نە لە ئەمریکا ئەو ڕۆڵەی دەمێنێت و نە لەناوچەکە کە دوور نییە ئەمریکا بۆ ڕزگابوونی لەژێر هەژموونی جالیەی جوولەکە، لەپاڵ ئامانجە دوورمەوداکەیدا بۆ بەگژیەکداکردنی ئیسلام بەشوێن ئەوەشەوەبێت ڕۆڵی ئیسرائیل کەم بکاتەوە.
دەبێت چاوەڕوانی هەڵوێستەکانی داهاتووی ئیسرائیل بین بزانین هەر دەیەوێ لە ڕێگەی گوشارە ناوخۆییەکانی ئەمریکاوە وابکات ئەمریکا ڕۆڵی پاسەوانی ئیسرائیل بگێڕێت، یان لەمەودوا خۆی سنوور بۆ هەژموونی مەترسییەکانی دادەنێت. [1]