ناونیشابی بابەت: گاڕانیان بەخڕی برد، خەمی گۆلکە سووریانە
ناوی نووسەر: عارف قوربانی
نازانم بۆ گەل و نەتەوەکانی دیکەش وایە یاخود هەر بۆ ئێمەی کورد ئەوە ڕاستە کە پەندەکانی پێشینان و ئەو ئیدیۆمانەی لە ڕابردووی دووردا گوتراون، بەردەوام و لە زۆر هەلومەرجدا بەکاردەبرێنەوە، ئایا بەهۆی ئەوەوەیە کە مێژوو و ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە، یان سیحرێکی تایبەتە کە ئەو پەندانە لە هەموو سەردەمێکدا هەر بەزیندوویی بمێننەوە؟ دەمەوێت لێرەدا وەک نموونە بۆ ئەم باسە کردوومە بە ناونیشانی وتارەکەم، (گاڕانیان بەخڕی برد، خەمی گۆلکە سوورێتی) ، ئەگەر هەڵە نەبم، تایبەتە بە ناوچەکانی پشدەر و بتوێن، یان زیاتر لەو ناوچانە بەکاربراوە و لەوێوە ڕۆچووەتە نێو کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە. نازاندرێت مێژووی سەرەتای بەکاربردنی بۆ کەی دەگەڕێتەوە کە لانی کەم سەتان ساڵە، بەڵام دەڵێی بۆ ئەمڕۆ نووسراوە.
تورکیا چەند ساڵێکە دەیان بنکە و بارەگای سەربازی لە باشووری کوردستان دامەزراندووە، ڕۆژانە ژمارەی لەشکرەکانی زیاتر دەکات، بە پاساوێکی ناڕەوا شەڕی هێناوەتە نێو قووڵایی کوردستانەوە، چاوی لە شنگال و دەشتی نەینەوا و کەرکووکیشە. چەندجارێکە بە ڕاشکاوی دەیڵێت کە هێز دەبەینە تەواوی ئەو ناوچانە و بچینە هەر جێگەیەکیش لێی ناکشێینەوە. لەوەش ڕوونتر پێمان دەڵێت ویلایەتی موسڵ موڵکی ئێمەیە و وەریدەگرینەوە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان کۆبوونەوەی کردووە و ڕایانگەیاند کە بە ئەندازەی قەندیل مەخموور بۆ ئێمە گرنگە و دەچینە ئەوێیش. مەخموور چەند کیلۆمەترێکی کەم لە هەولێری پایتەختەوە دوورە، ئەمە ئاماژەیە بۆ داگیرکردنی هەولێری پایتەختیش. ئەوەی جێی پرسیار و هەڵوەستەیە چەند ڕۆژێکە شان بەشانی فراوانبوونەوەی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا و هەڕەشەکانی بۆ داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستان، چەند میدیایەک بە مەبەست بێت یان لە بێئاگاییەوە خزمەتێکی گەورەیان بە ستراتیژی داگیرکارییانەی تورکیا کردووە کە ئەسڵی بابەتەکەیان لە پڕۆسەیەکی داگیرکارییەوە گۆڕیوە بۆ پڕۆسەی داربڕینەوە.
هەڵمەتێکی چڕی میدیایی لە ناوەندە میدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەم بابەتە بەڕێوەدەچێت. لە پەڕڵەمانی ئێراق داوای بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا دەکرێت، داوا دەکرێت لە پەڕڵەمانی کوردستانیش بۆ هەمان پرس بانگهێشتی کۆنسوڵی تورکیا بکرێت. چەندین ڕێکخراو و چلاکڤان کەوتوونەتە نێو ئەم گەمە ترسناکە وە و هات و هاواریانە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نابێت ڕێگە بدرێت داری چیا و کەژ و کێوەکانی بادینان ببڕنەوە. چەند پەڕڵەمانتارێک لە فراکسیۆنە جیاجیاکان داوای ڕاگرتنی بڕینەوەی دارەکان دەکەن و گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت: قبووڵمان نییە دارەکان ببڕنەوە. ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە بگوترێت ئەگەر دارەکان نەبڕنەوه، پڕۆسەی داگیرکارییەکە ئاساییە، بەڵام کە دار ببڕنەوه، جێگەی قبووڵکردن نییە.
ئێستا ئەگەر لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی جیهانەوە تەماشای دیمەنەکە بکەیت، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە نە ئێراق و نە باشووری کوردستانیش نیگەران نیین لەوەی تورکیا وڵاتەکەیان داگیر دەکات، بەڵکوو نیگەرانییەکە لەو ڕەفتارەیە کە سەربازەکان چی خۆیان یان ئەوەی دەگوترێت ڕێگەیان داوە چەند کۆمپانیایەک داری چیاکان ببڕنەوە، هاتوهاوارەکانیش بۆ ڕاگرتنی داربڕینەوەکەیە نەک خودی پڕۆسەکە. ئەسڵی بابەتەکە داگیرکاریی تورکیایە لە باشوور و با سەرنجەکان نەگوێزرێتەوە بۆ سەر یەکێک لە لێکەوتەکانی داگیرکارییەکە کە بە سووتماککردنی خاکی کوردستانە. ئەو دەیەوێت هەموو باشووری کوردستان بە خاک و خەڵکەوە داگیربکات، ئێوەش شین بۆ دار بەڕووەکان دەکەن. پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی داگیرکاریی وڵاتێکە، پرسەکە بچووک مەکەنەوە بۆ تاوانی بڕینەوەی دار.
دەبێت خەڵکی کوردستان، ناوەندەکانی دەسەڵات، هێزە سیاسییەکانی و دامەزراوە شەرعی و ناشەرعییەکانی لەوە بەئاگابێنەوە کە هیچ کەسێک بە ئەندازەی ئەردۆغان لەگەڵمان ڕاستگۆ نەبووە کە پێشوەختە پێمان دەڵێت من بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەتان هاتووم. لە مێژووی ئێمەدا مەگەر تەنیا عەلی حەسەن مەجید بەر لە ئەنفال بە و ئەندازەیە بە ڕاستگۆی لەگەڵ کوردا دوابێت. ئەوکاتەی ساڵێک پێش ئەنفال هاتووەتە کەرکووک و کۆبوونەوەی بە موستەشارە کوردەکان کردووه، پێی گوتوون هەموو دێهاتەکانتان دەڕووخێنم و بەچەکی کیمیایی لێیان دەدەم، خەڵکەکەی هەموو دەستگیردەکەم و لە بیابانەکان بیلدۆزەریان لێدەخەمەکار و هەموویان دەخەمە ژێر خۆڵەوە. ئەوەی لە ئەنفال کردی. ئەردۆغانیش چەندین جار ئاوا بە ڕاشکاوی پێمان دەڵێت سەربازمان بچێتە کوێ، ئەوە خاکی ئێمەیە و لێی ناکشێینەوە، پێمان دەڵێت: دێمە مەخموور، دێمە شنگال، دێمە کەرکووک و سلێمانی. کەچی لە کوردستان شین بۆ ئەوە دەگێڕن سوپاکەت دارەکانمان دەبڕنەوە.
ئەم هەڵمەتە چڕ و فراوانەی بۆ بەرگری لە سرووشت و نەبڕینەوەی دارەکان دەستیپێکردووە پێویستە بگوێزرێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکە و ناڕەزایەتی لە پڕۆسەی داگیرکردن. پێویستە ناوەندەکانی دەسەڵات لە هەرێم و لە ئێراق بە ئاگابێنەوە لەو مەترسییە و پەنا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرن، بەڵام ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستییە ئەگەر نیشانەی ڕەزامەندبوونیش نەبێت و هەر هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوە بێت، سەرئەنجام زەمینە بۆ پڕۆسەی داگیرکردنەکە خۆشتر و خێراتر دەکات. [1]