#سوداد ڕەسووڵ#
#ڕێنووسی کوردی لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە#
پەڕتووکێکی گرنگ لەبارەی ڕێنووسی کوردی، پێویستە هەموو ئەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ ڕێنووسی کوردیدا هەیە بیخوێننەوە. لەم پەڕتووکە کۆمەڵێک پرسی ڕێنووس خراونەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، و بەشێوەیەکی زانستییانەش چارەسەریان بۆ خراوەتە ڕوو. ئەم پەڕتووکە لە نووسینی دوکتۆر وریا عومەر ئەمینە، کە پڕۆفیسۆری زمانی کوردییە و خاوەنی کۆمەڵێک پەڕتووکی بەهادارە، لە بوارەکانی ڕێزمان و دەنگسازی و وشەسازی و ڕێنووس. ئەم پەڕتووکە کۆمەڵە توێژینەوە و وتارێکی لە خۆگرتووە کە لە ساڵانی هەشتاکانەوە تا ئێستا سەبارەت بە ڕێنووسی کوردی لە چەند گۆڤارێک و و لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیشی بڵاوی کردوونەوە. هیچ گومان لەوەدا نییە کە نووسەر بە ئەزموونێکی چل ساڵی لە بواری زمانەوانیی کوردیدا ئەم پەڕتووکەی نووسیوە، و بە زانستی باسی کێشەکانی ڕێنووسی کوردی دەکات، چارەسەر و پێشنیازی مەنتیقی و گونجاوش دەخاتە ڕوو، کە شایەنی ئەوەن پەیڕەوییان لێ بکرێ، ئەوانەش کە بۆچوونەکانی ڕەت دەکەنەوە، پێویستە بە هەمان پێوەری زانستی وەڵامی بدەنەوە.
بۆ نموونە یەکێک لەم کێشانەی کە ئەمڕۆ لە ڕێنووسی کوردیدا زۆر بڵاوە کێشەی نووسینی (ی) ە، کە هەندێک نووسەر و زمانەوانیش بەبێ هیچ شیکردنەوەیەکی مەنتیقی و زمانەوانی بۆ هەندێک وشە کە لە ئەسڵدا بە یەک (ی) ە و بە دوو یا وەک (یی) دەینووسن، وەک هەولێری بە هەولێریی، زمانی کوردی بە زمانی کوردیی، مەحوی بە مەحوی، ... دەنووسن. ئەم باسە لەم پەڕتووکە بەجوانی ڕوون کراوەتەوە، کە لکاندنی ئەم (ی) یە بەم وشانە زیادەیە و هەڵەیە، چونکە (ی) ی دووەم (ی) تەواو نییە، ئەمە هێزە stress دەکەوێتە سەر ئەو وشەیە قوورسی دەکات و فۆنێم نییە، بۆیە نابێ بە دوو (یی) بنووسرێ.
هەروەها کێشەی نووسینی (و) ئەویش ئەمڕۆ بووە بە گرفت لە نووسیندا کە هەندێک نووسە و زمانەوانیش باوەڕیان بە نووسینی (وو) نییە، هەموویان بە یەک (و) دەنووسن و پێیان وایە دوو (وو) ئەلەفۆنی هەمان فۆنێمی یەک (و) ن، بۆیە پێویست ناکات دوو (وو) هەبێت هەر هەمووی بە یەک (و) بنووسرێ. ئەم کێشەیەش لەم پەڕتووکە بە زانستی تاوتوێ کراوە کە دەبێ دوو (وو) بۆ ڕێنووسی کوردی هەبێت، چونکە هەردووکیان (و) و (وو) فۆنێمن، فۆنێمیش دەبێ پیتی هەبێ.
باسێکی دیکەی ڕێنووسی کوردی نووسینی پیتەکانی (ح، ع، غ) کە هەندێک نووسەر و هەندێک زمانەوان پێیان وایە (ح و ع) کوردی نین لەو وشانە دەردەکەون کە وشەی عەرەبین، بۆیە لە کوردیدا پێویست ناکات هەبن، هەروەها بۆ (غ) پێیان باشە وازی لێ بهێنری بە (خ) بنووسرێ. ئەم بۆچوونەش لەم پەڕتووکە بە زانستی تاوتوێ کراوە، کە ئەم دوو پیتە (ح و ع) ئەگەر بە ئەسڵ هی وشە عەرەبییەکانیش بن، بەڵام ئەمڕۆ بۆ نووسینی زمانی کوردی زۆر گرنگە هەبێت، چونکە بە سەدان وشە لە زمانەکەدا هەیە ئەگەر ئەم دوو پیتانە نەبن ئەوا سیستەمی دەنگسازیی زمانەکە تێک دەچێ. نووسەر ئاماژەی بە زمانی ئینگلیزی داوە کە پیتی (ژ و ڤ) هەردووکیان بە کاریگەریی زمانی فەرەنسییەوە هاتوون بۆ ئینگلیزی لەو وشانەشدا هەیە کە بە ئەسڵ فەرەنسین وەک pleasure، garage، treasure کەچی ئینگلیز ئەم دوو دەنگە بە دوو دەنگی زمانی ئینگلیزی دەزانن و وشەکانیش بە وشەی ئینگلیزی دەزانن، کێشە بۆ پیت و وشەکان درووست ناکەن کە لە بنەڕەتدا لە زمانێکی دیکەوە وەرگیراون، گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆ لە زمانەکەدا هەیە.
ئەم کێشەیە لەو کاتەوە بۆ زمانی کوردی هات کە ئەلفوبێی لاتینیی جەلادەت بەدرخان بۆ زمانی کوردی بەکار هات، چونکە لە لاتینیدا ئەم سێ فۆنێمە پیتی بۆ دانەنراوە، بۆیە ئەوانە هەوڵ دەدەن لە کوردیی ناوەندییش بە هەمان شێوە بەکار نەیەت. کاتێک دەقێکی کوردیی باکوور بە لاتینی دەخوێنییەوە زمانێکی سەیری کوردی لێ دەرچووە: حەسەن بووە بە هەسەن، عەلی بووە بە ئەلی، دەمژمێر بووە بە سەئات، حەرام بووە بە هەرام، حەڵاڵ بووە بە هەلال، بەغدا بووە بە بەخدا، غانم بووە بە خانم، ...تاد ئەمە لەکاتێکدا کوردێکی باکوور ئەم وشانە بەم شێوەیە بێژە ناکات، بەڵام ئەوە ئایدیۆلۆجیای زمانە بێژەکردنی ئەم وشانە دەشێوێنێ و زمانەکەش ناشیرین دەکات. هیچ هێزیک نییە بتوانی ئەم دەنگانە لە زمان لا ببات، ئەمە قانوونی زمانە کە ئەم دەنگانەی تێدایە و لە توانای هیچ کەسێکیش نییە بە ئەلفوبێ و ڕێنووس دەستکاریی زمان بکات و سیستەمی دەنگسازی بگۆڕیت.
هەر لە مەسەلەی ڕێنووس، نووسەر پێی وایە: کوردی زمانێکی پۆڵیسینسیتیی بزێوی سرکی جیوەیییە، .هەرگیز ڕێنووسێکى یەکگرتووى تەواو نایگرێتە خۆ ئەم بۆچوونەی نووسەر لە ڕووی زمانەوانییەوە ڕاستە، چونکە هەموو زمانەکان لەگەڵ ڕێنووس کێشەیان هەیە، زمانی وا هەیە ئەوەندە سیستەمی دەنگسازی ئاڵۆزە، پیتەکان و ڕێنووس پڕاوپڕی دەنگەکانی زمانەکە نین، بەڵام ئەمە نەبووە بەبەهانە کە ئەو زمانە ڕێنووسێکی یەکگرتووی نەبێت، هەروەها ڕێگەش نەدراوە هەر کەسێک بە چەند جۆر ڕێنووس بنووسێ، چونکە ڕێنووس دەبێ یاسا و ڕێسای بۆ دابنرێ و بەستاندارد بکرێ، نابێ لێ بگەڕێی لەبەر جیاوازی چەند ئەلەفۆن و دەنگێک، گەڕەلاوژەی ڕێنووس درووست بێ. باوەڕ ناکەم هیچ زمانێکی ستاندارد ڕێگە بدات ڕێنووسی بە بیانوی سرکی جیوەیی زمانەکەی بە چەند شێوە ڕێنووس بنووسرێ، ئەگەر لە نووسینی چەند وشەیەک جیاواز بنووسرێ، ئەمە ئاساییە وەک لە ئینگلیزی و عەرەبی و زمانی دیکەش هەیە، بەڵام وشە و ڕستە لە دۆخی ڕێزمانی، نابێ بە شێوەی جیاواز بنووسرێ، دەبێ یەک بخرێ. زمانێک ستاندارد بێ، دەبێ ڕێنووسیشی ستاندارد بێ.
ئەم پەڕتووکە پێشەکییەکی کوورت و پوخت و گرنگی بۆ نووسراوە کە شایەنی ئەوەیە سەرنجی بدرێ و لە ڕوانگەیەکی زمانەوانییەوە شی بکرێتەوە. لە خوارەوە دەقی ئەو پێشەکییە دادەنێم کە نووسەر بۆ پەڕتووکەکەی نووسیوە؛ لە کۆتاییشدا بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکە چەند سەرنجێک لەسەر ئەم پێشەکییە دەنووسم.
=KTML_Bold=پێشەکی=KTML_End=
ڕێنووس پێکهاتەیێکى مێژوویى کۆمەڵایەتییە، بەشێکى زۆر کەمى سەر بە زمانەوانییە. نزیکەى سەد ڕێبازى زمانەوانى هەن هیچ کامێکیان هەرگیز ناوى ڕێنووس ناهێنێت و هیچ ڕێبازێک نییە تایبەت بێ بە ڕێنووسەوە. ڕێنووس لقێ نییە لە ئاستەکانى شیکردنەوەى زمانەوانى هەر ئەمەشە واى کردووە هەموو کەس بتوانێ خۆى تێگڵێنێ وقسەى لەبارەیەوە بکات.
زمان دیاردەیێکى زیندووى بزێوە، نووسین قاڵبێکى دەستکردى وشکى مردووە، هەرگیز ناتوانێ زمان بگریتە خۆ، بۆیە (هیچ زمانێک نییە ڕێنووسێکى یەکگرتووى چەسپاوى هەبێ) . سەربارى ئەمە سرووشتى زمانى کوردى وەک زمانێکى سرکى پۆڵەسینسیتى جیوەیى کێشەکانى ئاڵۆزتر کردووە..
زمان دیاردەیێکى خۆڕسکە لەژێر ڕکێفى یاسا سرووشتییەکاندا کار دەکات، جەستەیێکى زیندووە، سیستەمێکى فرەلایەنە، لەڕادە بەدەر ئاڵۆز و تێکچڕژاوە، پەیوەندیى ڕاستەوخۆى بە کارکردنى مێشکەوە هەیە.، لە هەموو دەسەڵات و زمانەوانێک بەهێزترە، بە ڕێنووسى هەڵە و بە بەکار هێنانى چەند وشە و دەربڕینێکى نامۆ و ناقۆڵا لەلایەن هەندێ لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن و تازەنووسەرەکانەوە هەرگیز تێکناچێ و ناشێوێ. زمان هەر ڕێنووس نییە. زمان پڕاگماتیکە، . ماتماتیکە، بایۆڵۆجییە، فۆنەتیکە، فۆنۆڵۆجییە مۆڕفۆفۆنیمە، سینتاکسە، مۆڕفۆڵۆجییە، مۆڕفۆسینتاکسە، سیمانتیکە، سیمیۆڵۆجییە، لۆژیکە...هتد. کام بەش لەمانەى زمانى کوردى تێکچووە ؟ بۆ کەس ناوى هیچ یەکێ لەمانە ناهێنێ ؟، بۆ هەر خۆیان تەنیا لە ڕێنووس و وشە و زاراوەسازى دەدەن و هەرگیز تخوون ئاستەکانى تر ناکەون ؟.
هیچ زمانەوانێک دەسەڵاتى ئەوەى نییە و هەرگیز ناتوانێ هیچ کێشەیێکى زمانەوانى چارەسەر بکات، یا دەسکاریى هیچ لە یاساکانى زمان بکات بە هەنجەتى پێکهێنانى زمانى ستاندارد. ئەرکى زمانەوان هەر ئەوەندەیە وەسفى زمان بکات وەک دیاردە و سیستەمێکى سرووشتى، جوانى و مەزنییەکەى بخاتە ڕوو، یاساکانى کارکردنى دەستنیشان بکات، دەوڵەمەندى بکات لە ڕووى فەڕهەنگەوە.
زمانەوانەکانى ئینگلیز و عەرەب و وڵاتە ئەوڕوپییەکان و چینى و یابانى و.. و..، ئەوە دەیان و سەدان ساڵە بە سەدان و هەزاران لێکۆڵینەوە و وتار و پێشنیازیان پێشکەش کردووە و خستۆتە ڕوو بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانى زمانەکانیان، هیچیان ڕەچاو نەکراوە و کاریگەرییان لەو کاغەزەى لەسەریان نووسراوە ڕەتنەبووە. کێ دەتوانێ ناوى کێشەیێکى زمانەوانیم بۆ بخاتە ڕوو لە هەر زمانێکدا زمانەوان چارەسەرى کردبێ ؟
لە ڕووى زمانەوانییەوە ساغ بۆتەوە کە هەر کێشەیێک لە زماندا سەرى هەڵدا زمانەکە خۆى بە تێپەڕینى کات چارەسەرى دەکات، بۆ نموونە هەر وشە و دەربڕینێکى ناقۆڵا بکەوێتە هەر زمانێکەوە، گەر زمانەکە قبووڵى نەکات هەرگیز ناچەسپێ هەزار هەوڵیشى بۆ بدرێ.. بەڵام گەر زمانەکە قبووڵی کرد هێز نییە لێى دەربهێنێ. زمان خۆى بەردەوام خۆى لە بێژینگ دەدات و ئەوەى لەگەڵ سرووشتەکەى نەگونجێ لە خۆى دەردەهێنێ و فرێیدەدات و بە تێپەڕینى کات یێکلایى دەبێتەوە.
لافاوى بەکارهێنانى ژمارەیێکى زۆر وشە و دەربڕینى نامۆ و بیانى هەر لە ئێمە نەقەوماوە بەڵکوو هەموو زمانانى جیهانى گرتۆتەوە، ئەنجامى لە پڕى خێراى پەرەسەندن و عەولەمەیە. بەرەبەرە ئەم لافاوە دەنێشێتەوە و هى تر دەردەکەوێ. ئەو کێشە و ناقۆڵایییەى ئێستا ئێمە هەستى پێ دەکەین، نەوەى دواى ئێمە هەستى پێ ناکەن و دەبێتە شتێکى ئاسایى و هەر سەردەمێکیش کێشەى خۆى هەیە.
گەر چاوێ بە نووسینەکانى نووسەر و شاعیر و ئەدیبە ڕەسەنەکانمان بخشێنرێ دەردەکەوێ کە ئەم گەرەلاوژێیە ئەوانى نەگرتۆتەوە و نەخزیوەتە دەربڕینەکانیان. ئەوانەن پارێزەرى ڕاستەقینەى زمانەکەمان. کەى ئەوانیشى گرتەوە ئەوسا زەنگى مەترسیى ڕاستەقینە لەسەر زمانەکەمان دەزرینگێنێ.
سەبارەت بە پرسى زمانەوە دوو لایەن هەیە مرۆڤ بۆى هەییە تخوونى بکەوێ و دەسکاریى بکات و بریار لە بارەیانەوە بدات:
1 ڕێنووس
2 زمانى ستاندارد
باسەکانى ئەم پەڕتووکە تەرخانکراوە بۆ پرسى ڕێنووس. هەوڵدراوە تیایاندا کێشەکان و بۆچوونەکان و چارەسەرکردنیان بخرێنەڕوو. بۆ ستانداردەکەش کە دەردە هەرە سەخت و ئاڵۆز و ترسناکى بارودۆخى زمانەوانیمانە، ئاواتەخوازم بەم زووانە بکەوێتە بەر دەستى بەڕێزتان.
هەر خۆش بن
وریا عومەر امین
22 -2 -2022
ئەوەی نووسەر لەبارەی چۆنییەتی کارکردنی زمان باسی کردووە هەموویان ڕاستی زمانەوانین، زمان لەسەرخۆ و بەشێنەیی گۆڕانی بەسەردا دێت و ئێمە زۆر کەم هەست بەو گۆڕانە دەکەین، ئەم گۆڕانەش لەژێر کاریگەریی یاسا سرووشتییەکانە و لە دەستی هیچ کەسێک و لە توانای هیج دەزگایەکی زمانەوانییشدا نییە پێکهێنەرەکانی زمان وەک ڕێزمان، فۆنۆلۆجی، مۆرفۆلۆجی، .. بگۆڕێ، چونکە ئەمانە لە سرووشتی زمانەکەیە، و لە ماوەی هەزاران ساڵ لەلایەن ئەو کۆمەڵگەیەوە ئەم سیستەمە زمانییە بەرهەم هاتووە، هەر بەهەمان شێوەش لەلایەن ئەم کۆمەڵگەیەوە بە ڕەمەکی و لەسەرخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت؛ ڕەنگە بە سەدان ساڵ بخایەنێت هەتا دەنگێک لە زمان دەگۆڕی یان دەنگێک کاڵ دەبێتەوە، یان کەرەستەیەکی ڕێزمانی گۆڕانی بەسەردا بێت. هەر لەم ڕوانگەوە، مەحاڵە هەوڵ بدرێ بە تێکەڵکردنی ڕێزمانی کوردیی ناوەندی و باکوور، ڕێزمانێکی هاوبەش بۆ زمانی کوردی درووست بکرێ، ئەگەر درووستیش بکرێ هەر لە دوو توێی پەڕتووکێکدا دەمێنێتەوە کاری پێ ناکرێ.
ئەمە ڕاستە مرۆڤ ناتوانێ دەستکاریی سیستەمی زمان بکات، بەڵام مرۆڤ دەتوانی لافاوى بەکارهێنانى ژمارەیێکى زۆری وشە و دەربڕینى نامۆ و بیانى لە زمان پاک بکاتەوە، ئەمە لەژێر کاریگەریی یاسا سروستییەکانی زمان نییە، ئەمە لەژێر دەستی مرۆڤدایە کە پلانی زمانی هەبێت و لە ڕێگەی دەسەڵات و ئەکادیمیای زمانەوە چاودێری زمان بکرێت و پاکی بکاتەوە لە وشەی نامۆ و ناقۆڵا. ئەگەر زمانی کوردی ئەمڕۆ دوچاری ئەم دۆخە شێواوە بووە، ئەمە دیارە لە ئەنجامی نەبوونی چاودێرییە بە سەر زمانەوە کە زمان بێ خاوەن بووە و هەر کەسێک دەتوانێ ڕێنووسی خۆی هەبێت، هەر کەسێک دەتوانێ زمانی ستانداردی خۆی هەبێت، ڕێگە دراوە هەر کەسێک بۆ خۆی زاراوە درووست بکات و بیخاتە ناو زمانەوە، چونکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک زاراوە زانستییەکان لە ئەکادیمیا درووست ناکرێن، لە ناچاری هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بووە بە ئەکادیمیای زمان و بە مەیلی خۆی زاراوە درووست دەکات و لە ڕێگەی مێدیای بەردەستی دەیخاتە ناو زمانەوە.
ئەگەر زمان خۆی هەموو کێشەکانی چارەسەر بکات، کەواتە هیچ زمانێک پێویستی بە سیاسەت و پلانی زمان و ئەکادیمیای زمان و زمانەوانیش نەدەبوو. پلانی زمان دەخالەتکردنێکی هۆشیارانەی مرۆڤە بۆ زمان بۆ ئەوەی گۆڕانی بەسەردا بێنێت و ئەرکەکانی فراوان بکات و پێویستییە زمانییەکانی پڕ بکاتەوە، کە ئەمەش پڕۆسەی بەستانداردکردنی زمان دەگرێتەوە وەک بەستانداردکردنی زارێک و بەکۆدکردنی ڕێزمانەکەی، زاراوەی نوێی بۆ درووست بکات، لە وشەی بێگانە و نامۆ پەتی بکات، ڕێنووسەکەی هەموار بکات، .. ئەگەر زمانی کوردی لەم لایەنانە شێواو و بێسەروبەر بووە، ئەمە دیارە لە ئەنجامی نەبوونی پلانی زمانە، نەبوونی چاودێرییە بەسەر زمانەوە کە دەسەڵات هیچ یاسایەکی بۆ پارێزگاری و پاراستن و ئاڕاستەکردنی زمان نییە، ئەکادیمیاش کە دەسەڵات خۆی دایمەزراندووە بۆ خزمەتی زمان، هەر خۆیشی بە گرنگی نازانێ بڕیارەکانی بۆ زمان جێبەجێ بکات. بۆیە ئەگەر زمان ئاژاوەی هەبێت ئەمە لە خۆیدا نییە، لە ئەنجامی خزمەت نەکردنە، ئەگەر لێ بگەڕێی زمان خۆی ئەم ئاژاوەیە چارەسەر بکات، ئەمە هەرگیز چارەسەر نابێت و خراپتر دەبێت، زمان کاری خۆی دەکات و بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەر لە ئاژاوەدا دەمێنێتەوە.
زمان وەک باخچەیەکی ناو ماڵ وایە، ڕەگەزە سرووشتییەکانی وەک ئاو و گڵ و هەتاو و هەوا کە لە پێکهێنەری سرووشتن، ئەمانە لەژێر دەستی مرۆڤدا نین، لەژێر کۆنترۆڵی یاسا سرووشتییەکانە، بەڵام خزمەتکردنی ئەم باخچەیە لەژێر دەستی مرۆڤە. بۆیە زمانیش بە هەمان شێوە، مرۆڤ ناتوانی یاسا سرووشتییەکانی زمان بگۆڕی، بەڵام دەتوانێ زمان خزمەت بکات و زارێکی زمانێک ستاندارد بکات، ئەلفوبێکەی هەموار بکات، ڕێنووسی بۆ دابنێت، زاراوەی نوێی بۆ درووست بکات، وشە ناقۆڵا و نامۆکان پاکسازی بکات. بە هەمان شێوە خاوەنی باخچەکەش دەبێ بەردەوام چاودێریی باخچەکەی بکات و خزمەتی بکات، بەردەوام باخچەکە ئاو بدات، ئەگەر ئاوی نەدات ڕەنگە چیمەنەکە وشک بێت، دەبێ هەندێک جار لقوپۆپی دارەکان هەڵپاچێ بۆ ئەوەی باشتر گەشە بکات، ئەگەر خاکەکەی بە پیت نەبوو دەبێ پەیینی بۆ بکڕێ و خاکەکەی بە پیت بکات، دەبێ هەندێک جار باغەوانی بۆ بگرێت بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی بکات. ئەگەر لێ بگەڕێی باخچەکە بێ ساحێب و بێ دەستکاری مرۆڤ گەشە بکات، پاش ماوەیەک دەبێ بە باخێکی کێوی، بە دەیان ڕووەکی سەیر و نامۆی تێدا چەکەرە دەکات، پڕ لە زیندەوەر دەبێ و باخچەکە سەروبن دەکەن و هەمووی هەڵدەوەشێننەوە، جوانی نامێنی و بە کەڵکی ئەوەش نایەت لەناوی دانیشی و تام لە جوانییەکانی وەرگری. [1]