$ئەو راستییەی کە پێویستە جیهان بیزانێت$
#عارف قوربانی#
$#داعش# هەڵقوڵاوی نێو هەناوی کۆمەڵگەی سووننی نین و درووستکراوی دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانن$
وا نزیک دەبینەوە لە حەوت ساڵ بەسەر دەرکەوتنی داعش، دوای ئەم حەوت ساڵە نەک هێشتا ئەو گومانانەم نەڕەویونەتەوە کە لە هاتنی داعشەوە لام درووستببوون، بەوەی ئەم هێزە هەڵقوڵاوی نێو هەناوی کۆمەڵگەی سووننی نین و درووستکراوی دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانن بۆ کۆمەڵێک ئامانج، بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دیمەنەکان لەلام ڕوونتر دەبنەوە و ڕاستی ئەوە دەردەکەوێت، کە داعش درووستکراوی خۆیان بوو. هەریەک لەو وڵاتانەی لە دیزاینی داعش بەشداربوون و ئەوانەشی لە سیناریۆی هاتنیان و ڕووداو و لێکەوتەکانی دەرکەوتنیانەوە دواتر بوونە تەرەف، هەریەکە و بەشی خۆی دەستکەوتی لە داعش چنییەوە، بەڵام ئەوەی وەک پرسیارێک ماوەتەوە ئەوەیە ئایا هەموو ئامانجەکان بەدی هاتن و داعش کاری تەواو بوو؟ یاخود هێشتا کاری زیاتریان بە داعش ماوە و لە داهاتوودا بۆ بەدیهێنانی ئامانجە بەدینەهاتووەکان، داعش بەکار دەبەنەوە؟
$ساتەکانی کۆتایی شەڕی داعش هەر لە فیلمی هیندی دەچوو$
ماوەیەکە لەسەر ئاستی ناوەندە جیهانییەکان زۆر بەگەرمی باسی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش دەکرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە ئەگەری خۆڕێکخستنەوەی چەکدارە پەرتەوازە و هەڵاتووەکانیان دەکات، دەزگا هەواڵگرییەکان ژمارەی جۆراوجۆری گرووپ و چەک و تواناکانیان دەخەنەڕوو، کە بە مەزەندەی 14 بۆ 18 هەزار چەکدارێک دەخەمڵێندرێن. لەبەر ئەوەی ساتەکانی کۆتایی شەڕی داعش (هەر لە فیلمی هیندی دەچوو) کاتێک چەند هەزار چەکدارێکی داعش لە شارۆچکەیەک گەمارۆدەدران و دواتر شارەکە ڕزگار دەکراو ئاسەواری چەکدارەکان دیار نەدەما، ڕێی تێدەچێت ئەو ژمارانە لە ڕاستییەوە نزیک بن کە بۆ مانەوەی چەکدارەکانی داعش دەخەمڵێندرێن. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەم 18 هەزار چەکدارە لەکوێن، وا گومان دەکرێت مابنەوە و خەریکی خۆڕێکخستنەوە بن؟
هەموو ئەو ناوچانەی داعش وەک سنووری خەلافەتەکەی دیاریکردبوون، لە شەڕی دژ بە داعش و پڕۆسەی ڕزگارکردنی جوگرافیای داعش، هەموویان لە دەستی داعش دەرهێندران و زۆربەیان لە کاتی پڕۆسەکە و دوای ئەوەش وێران کران. ئەو جوگرافیایەی داعش پێیدا تێپەڕی زۆربەی بەکەڵکی ژیان نەماون، خەڵکەکەشی زۆربەی کوژراون، ئەوانەشی ئاوارەبوون و دواتر بەشێکیان گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانە زۆربەیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کرانە ئامانج و بە هەزارانیان تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن، خەڵکێکی کەم لە هەندێ ناوەندی شارەکان ماونەتەوە. واتە هێشتا دەرفەتی ئاوەدانی و ژیان بۆ ئەو ناوچانە درووستنەکراوەتەوە، کەواتە هیچ لۆجیکێک ئەوە ناسەلمێنێ ئەو خەڵکە لێقەوماوەی جوگرافیای داعش کە لەدوای جەنگ ماونەتەوە توانای ئەوەیان هەبێت هەزاران چەکدار حەشاربدەنەوە و بیانپارێزن و بیانژیێنن. ئەی ئەو لایەنە کێیە کە توانای شاردنەوەی 18 هەزار چەکداری هەیە؟ ئەو دەزگا و دامەزراوەیە کامەیە کە بەنهێنی و دوور لەچاوی خەڵک توانای دابینکردنی خواردنی ڕۆژانەی 18 هەزار کەسی هەیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لێدەگەڕێم و دێمە سەر بەشێکی دیکەی ئامانجی وتارەکەم کە کاریگەریی و لێکەوتە خراپەکانی شەڕی داعش بوو لەسەر بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئەو ئەگەرە مەترسیدارانەی لەسەر سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعشەوە درووستدەبنەوە. ئەگەر پێشتر یەکێک لە ئامانجەکانی درووستکردنی داعش بۆ ناردنەوەی پەڕگیرە ئیسلامییەکانی ناو ئەوروپا و دەرەوەی جیهانی ئیسلامی بووبێت بۆ شام و دەستەبەرکردنی جوگرافیایەک بۆ لەناوبردنیان، وەک لە شەڕی داعشدا بینیمان بە هەزاران چەکداری داعش کوژران کە هەڵگری ناسنامەی ئەو وڵاتانە بوون، بەڵام بەهۆی لێشاوی کۆچ و ئاوارەییەوە بە هەزارانی دیکە ڕوویان لە ئەوروپا کردووەتەوە. ڕەنگە بۆ وڵاتانی پێشووی یەکێتیی سۆڤێت و ڕووسیای ئێستا ئەمە ڕاست بووبێت کە چیچان و وڵاتانی قەوقازیان لە ئیسلامییە تووندئاژۆکان پاککردەوە، بەهۆی ئەوەی کۆچی ئاوارەیی ڕووی لەو وڵاتانە نییە دەرفەتی درووستبوونەوەیان کەمتربێت، بەڵام بۆ ئەوروپا ئەم هاوکێشەیە ئەنجامێکی پێچەوانە دەداتە دەستەوە.
$هیچ لۆجیکێک ئەوە ناسەلمێنێ ئەو خەڵکە لێقەوماوەی جوگرافیای داعش توانای دابینکردنی خواردنی ڕۆژانەی 18 هەزار کەسی هەبێت$
واتە ئەگەر ئەوروپا بە بەشدارییان لە سیناریۆی داعش توانیبێتیان بژاری ناو کۆمەڵگەکانی خۆیان بکەن و هەزاران گەنجی تووندئاژۆیان ناردە شام و لەوێ لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کوشتنیان، ئێستا لەو ژمارانە زیاتر ڕوویان کردووەتەوە ئەوروپا، تاوەکو نائارامی و شەڕ و کوشتاریش لە ناوچەکانی سووریا و ئێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەردەوام بێت ئەم مەترسییە لەسەر ئەوروپا زیاتر دەبێت. کەواتە ئەگەر سیناریۆی داعش بەشێکی بۆ بژاری کۆمەڵگە نائیسلامییەکان بووبێت لە تووندئاژۆیی ئیسلامی، دەبێت ئەو دیوەشی لەبەرچاو بگیرێت بەهۆی شەڕ و ئاوارەییەوە هەمیشە دەرگەی گەیشتنەوە بە ئەوروپا بۆ ئیسلامییە تووندئاژۆکان کراوەیە.
$ئەگەر بڕیارە داعش نەمێنێت، پێویستە #حەشدی شەعبی#ش نەمێنێت$
ڕێگەی درووست بۆ کۆتایی تووندئاژۆیی، درووستکردنی دەرفەتی ژیانە لەو وڵاتانەی بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی تووندڕەوی لە قەڵەم دەدرێن، کە ئەمڕۆ ئێراق و سووریا دیارترینیانن. ئێستا خەریکە لە بەشێک لە ناوەندەکانی بڕیاری وڵاتانی ئەوروپا ئەم تێگەیشتنە درووستدەبێت کە ڕەخساندنی دەرفەتی کار و هەلومەرجێکی گونجاو بۆ ژیانکردن لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی کێشەکانن، ئەگەری زۆرە جۆرێک لە ئارامی و سەقامگیریی دەستەبەر بکات. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە هێشتا جیهان لێی تێنەگەیشتووە یان وەک سەرچاوەیەکی دیکەی کێشە و ناسەقامگیریی درکی پێنەکردووە، کە ئەویش مانەوەی (حەشدی شەعبیە) . چونکە لە بنەڕەتدا حەشدی شەعبی وەک پێویستییەک بەرانبەر بە داعش درووستکرا و بوون بە دووانەیەکی یەکدی تەواوکەر. پێکەوە ئەو ئامانجانەیان بەدیهێنا کە داعشی بۆ دامەزرێندرا، بۆ داهاتووش ئەم هاوکێشەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە. (لازم و مەلزومی یەکدین) . داعش هەبوو، پێویست بوو حەشدیش هەبێت، ئەگەر بڕیارە داعش نەمێنێت، پێویستە حەشدی شەعبیش نەمێنێت، چونکە مانەوەی حەشدی شەعبی دەستەبەری ئەو هەلومەرجە دەکات کە داعشیش بمێنێتەوە، بۆیە پێش هەر شتێک ئەو وڵاتانەی بەدوای ئارامی و سەقامگیرییدا دەگەڕێن، یاخود گەیشتوون بە و بڕوایەی پێویستە لە ڕێگەی کۆمەک و هاوکاری بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و ئاوەدانی، یارمەتیدەری بەدیهاتنی سەقامگیریی بن، دەبێت ئەو ڕاستییەش بەگرنگییەوە ببینن تاوەکو حەشدی شەعبی بمێنێت، ئارامی و سەقامگیریی لەو ناوچانە و ئێراق و سووریا بەتایبەتی درووست نابێتەوە، تاوەکو سەقامگیرییش لەو زۆنەی وەک سەرچاوەی تووندئاژۆیی وێنا دەکرێت درووستنەکرێت، ئەو دەرگایانەش بەکراوەیی دەمێننەوە کە تووندئاژۆیی لێوە دەربازی وڵاتانی ئەوروپا دەبن. [1]