$پەکەکە چی کرد و دەبێت چی دیکە بکات؟$
#عارف قوربانی#
کورد لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا سەرباری ئەو ستەم و زوڵم و زۆرەی لەسەری بووە، بەڵام چەندین میرنشین و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری هەبووە کە خۆی حوکمی خۆی کردووە. زمان و کولتووری کورد لە پاڵ فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەی خەلافەتەکەدا پارێزراو بووە. قۆناخی نکۆڵیکردن لە کورد و هەوڵی سڕینەوەی سیمای نەتەوایەتی و بە تورکستانکردنی نیشتمانەکەی لە هاتنی ئەتاتورکەوە دەستپێدەکات.
لەنێوان دەستپێکردنی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە کورد تاوەکو درووستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان - #پەکەکە# نزیک بە نیو سەدەیەکە، تورکیا لەو 50 ساڵەدا ئاستی نکۆڵیکردنی کوردی گەیاندە قۆناخی زۆر مەترسیدار، زمانی کوردی و ناوی کوردی و گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانی کوردی قەدەخەکرد، ناوی شارە کوردییەکانی گۆڕی و تەنانەت بەکاربردنی چەندین دەستەواژە و پیتی لەنێو نووسین و ئەدەبیاتی تورکیاشدا سڕییەوە.
نەوەیەکی کورد لە شارەکان پێگەیشتن بەهۆی زەبروزەنگی سەر بەکاربردنی زمانی کوردی، زمانی ڕەسەنی کوردییان نەدەزانی. هەزاران خێزان پەڕاگەندەی شار و ناوچە تورکنشینەکان کران و نەوەکانیان هەستی کوردبوونیان نەمایەوە.
ئەوەی لە ناوچەکانی کوردستان و گوند و شوێنە دوورە دەستەکان دەژیان و هەژموونی دەوڵەتیان زۆر بەسەرەوە نەبوو، گەرچی پارێزگارییان لە زمان و دابوونەریتی کوردەوارییانەی خۆیان کردبوو، تەنانەت وشەیەکیش فێری زمانی توکی نەببوون، بەڵام دەوڵەت نکۆڵی لە کوردبوونی ئەوانیش دەکرد و وەکوو تورکی چیایی دەیناساندن. ئەگەر ئەو هەلومەرجەی لەو نیو سەدەیەدا بۆ فاشیستەکانی تورکیا ڕەخسابوو بۆ سڕینەوەی کورد، چەند دەیەیەکی دیکە درێژەی بکێشابایە، بەدڵنیاییەوە هەنگاوەکانی قەدەخەکردنی زمانی کوردی، گوند و ناوچە دوورەدەستەکانیشی دەگرتەوە و ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ئەوانە کەمتر دەبوونەوە کە بە کوردی قسەیان دەکرد یان زمانی کوردییان دەزانی.
گەرچی لەو ماوەیەدا بزووتنەوەی سیاسی و تێکۆشانی کورد بە پچڕ پچڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و داکۆکی لە کورد بوون هەر بەردەوام بوو، بەڵام هەژموون و قوورسایی دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد زۆر لەوان کاریگەرتر بوو. وایلێهات بە ملیۆنان کورد لەنێو تورکیادا توانە و هەستی کوردبوون و زانیاریی کوردبوونیان نەمایەوە، بەڵام کاتێک پەکەکە دامەزرا هاوکێشەکان بە جۆرێکی دیکە گۆڕان.
پەکەکە لە قۆناخی یەکەمدا هەستی کوردبوونی بۆ ئەو کوردانە درووستکردەوە کە لە بۆتەی تورکدا توابوونەوە، بە ملیۆنان کەس بوونەوە خاوەن هەستی کوردبوون کە پێشتر ئەو هەستەیان لەدەستدابوو. ساڵانێکی زۆری پێویست بوو تاوەکو پەکەکە بچێتە قۆناخی دووەمەوە کە گۆڕینی هەست و قەناعەتی تورکەکان بوو بەوەی کورد لە تورکیا هەیە و ئەوانە تورکی چیایی نین، بەڵکوو کوردن، هاووڵاتیی ڕەسەنی ئەو نیشتمانەن. پەکەکە لەمەشدا سەرکەوتوو بوو کە کۆتایی بە سەردەمی نکۆڵیکردنی کورد هێنا و کۆمەڵگەی تورکی و دامەزراوە دەوڵەتییەکانیش ناچاربوون دان بە ناسنامەی زیاتر لە 20 ملیۆن کەسدا بنێن کە ئەوانە کوردن نەک تورکی چیایی.
هاوکات هێشتا گرێیەک لە تورکیا هەیە و نەکراوەتەوە، ئەویش ناسنامەی ئەو خاکەیە کە کوردەکان لەسەری دەژین. گەرچی چەند حیزبێکی سیاسی ڕێگەپێدراوی کوردی هەن کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای تورکیادا کاردەکەن و پاشگری کوردستان بە ناوی حیزبەکانیانەوەیە، بەڵام هێشتا ناوی کوردستان وەک ئاماژەی نیشتمانی کورد لەو وڵاتە بڤەیە. ئەگەر قۆناخی نکۆڵیکردن لە کورد کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا نکۆڵیکردن لە نیشتمانی کورد بەردەوامە.ئەوەی ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە دەستەواژەیەک هێڵێکی سووری بۆ کێشا و وتی ئەوەی باسی کوردستان دەکات، کوردستان لە باکووری ئێراق هەیە نەک لە تورکیا.
هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان و درووستکردنی پوولێک بە وێنەی پاپاوە لەسەر نەخشەی کوردستانی گەورە، چەپ و ڕاستی تورکیای وروژاند و دەرگەی بۆ فاشیست و ڕەگەزپەرستە ناسیۆنالیستیەکانی تورکیا کردەوە وەک مەترسییەک بۆ سەر ستراتیجی تورکیا وێنای ئەو ڕووداوە بۆ کۆمەڵگەی تورکی بگوێزنەوە و بێڕێزییان بەرانبەر بە کورد و کوردستان گەیاندە ئەو ئاستەی کە بڵێن کوردستان لەژێر پێماندایه.
ئەو کاردانەوانەی تورکیا وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە پێویست بوو کوردیش لەوە بەئاگابهێنێتەوە کە قۆناخێکی سەخت لە بەردەممان ماوە و دەبێت بیبڕین، ئەویش ناسنامەی جوگرافیای کوردەکانە، ئەو نیشتمانەی کە تورکیای لەسەر درووستکراوە، کوردستان.
هەرچەندە ئێستا پەکەکە ئامانج و ستراتیژی خۆی گۆڕیوە و باس لە دیموکراسیی گەلان و تێزێکی فراوانتر دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵام پێویستە پەکەکە ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە ئەرکێکی لەوە سەرەکیتری لەپێش ماوە و پێویستە وەک پڕۆسەیەکی تەواوکاری ئەو ئەڵقەیەش لەگەڵ ناسنامەی نەتەوایەتی کورددا گرێبداتەوە کە ئەویش بەخشینەوەی ناوی کوردستانە بە و بەشە جوگرافیایەی نیشتمانی کورد کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە.
هاوشێوەی دوو قۆناخەکەی پێشووتری کارکردنێتی بۆ درووستکردنی ئەو هەستە کوردستانییە لای کورد لە تورکیا و قۆناخی چەسپاندن و کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە جوگرافیای کوردستان لەلایەن کۆمەڵگەی تورکی و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی تورکیاوە. [1]