$کورد لە فەڵەستین دەچێت نەک لە ئیسرائیل$
#عارف قوربانی#
لەبەرئەوەی کورد و جوو سرووشتی ئەو ڕووداوانەی لە مێژوودا بەسەریانهاتووە زۆر لەیەک دەچن، بۆیە زۆرجار لەلایەن کورد خۆیی و هەندێ لە دۆست و نەیارەکانیشییەوە کورد بە کێشەکەی جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل بەراورد دەکرێت، بەڵام ڕەنگە درووستتر ئەوەبێت کە کورد لەگەڵ عەرەب و کێشەی فەلەستین بچوێندرێت.
لانی کەم لەبەرئەوەی جووەکان خاوەنی دەوڵەتن و خاکیان داگیرنەکراوە، ئێمە هێشتا بە و ئامانجە نەگەیشتووین و گیرۆدەی قۆناغی داگیرکاریین، بەڵام عەرەبەکانی فەلەستین شەڕی ڕزگاری و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەن، بۆیە دۆزی کورد سەرباری کۆمەڵێک جیاوازیی بنەڕەتی، لە کێشەی فەلەستینەوە نزیکترە نەک ئیسرائیل.
لێرەشدا سەرباری کۆمەڵێک جیاوازیی بنەڕەتی، بەڵام جوولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل لە نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستە داگیرکەرەکانی کوردستان دەچن نەک لە کورد. گەرچی جیاوازی زۆریش لە شێوازی حوکمڕانی و دامەزراوەیی و دیموکراسی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام هەردوولایان کێشەی نەتەوەی ژێردەستەیان هەیە. هەرچەندە عەرەبەکانی ژێردەسەڵات و ناو چوارچێوەی حوکمڕانی ئیسرائیل هەموو مافێکیان بۆ سەلمێنراوە و جیاکاریی ئایینی و ئیتنیکی نەبووەتە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوەیان، بەراورد بە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی تورک و فارس و عەرەبەکان کە لە بەردەم پڕۆسەی سڕینەوەدان.
عەرەب لە ئیسرائیل بەشێکیان مافی یەکسانی و هاووڵاتیبوونیان بۆ سەلمێنراوە، بەشێکیشیان لەنێو خاکی فەلەستین شەڕی ناسنامە دەکەن. کوردیش لە ئێراق ئێستا هاوشێوەی عەرەبی فەلەستینن، هەرێمی کوردستان شەڕ بۆ پارێزگاری لە ناسنامەکەی دەکات، بەشێک لە خاک و خەڵکەکەیشی لەژێر دەستی بەغدان، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێراق نەک وەک عەرەبەکانی ئیسرائیل بەچاوی هاووڵاتیی پلە یەک تەماشا ناکرێن، بەڵکوو لە بەردەم چەوساندنەوەیەکی مەترسیداردان و دەوڵەت کار بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەی سیمای کوردستانیبوونی خاکەکەیان دەکات.
لێرەدا خاڵێکی سەرنجڕاکێش لە هەست و بیرکردنەوەی نەتەوەیی کورد و عەرەب ڕامان دەکێشێت بۆ دۆخێکی جێی سەرسوڕمان و بەراوردکارییەک کە دەبێت ئینسانی کورد هەڵوەستەی لەسەر بکات. بڕوانن دەوڵەتی ئیسرائیل خاوەن پێگەیەکی بەهێز، دەوڵەتێکی دامەزراو، پێشکەوتوو، حوکمڕانییەکی چەسپاو، ئازادی و دیموکراسی تێدا بەرقەرارە، ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ئاستێکی زۆر باشدایە. عەرەبەکانی نێو ئیسرائیلیش هاوشێوەی جووەکان ماف و ئازادییەکانیان پارێزراوە. هیچ کات نابیستین عەرەبەکانی ئیسرائیل بانگەواز بۆ خوشک و برا عەرەبە چەوساوەکانی ناو فەلەستین بکەن کە وەرنەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە، هەروەها هیچ کات گوێبیستی ئەوەش نەبووین کە عەرەبێکی برسی غەززە کە نانی یەک ڕۆژی بۆ خۆیی و ماڵومنداڵەکانی پێدەستەبەر ناکرێت بەچاوی ڕزگاریی لە ئیسرائیل بڕوانێ و بانگەشەی ئەوە بکەن بچینەژێر دەستی ئیسرائیلەوە، لەکاتێکدا بە هەموو پێوەرێک ژیان لەژێر سایە و سێبەری ئیسرائیل بەراورد بە ژیانی ناو فەلەستین وەک تاریکی شە و و ڕووناکی ڕۆژ وایە. کەچی کەس لە تاریکیییەوە ناچێتە بەر تیشکی هەتاوەکە. کەچی لە کوردستان سەرباری ئەوەی ئێراق بووەتە نموونەی هەرە خراپی ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە فەشەلی حوکمڕانی و گەندەڵی و لە ناسەقامگیریی و نەبوونی خزمەتگواریی، نادادیی و جیکاری، زووڵم و ستەمکاریی، ئاییندەکەیشی لەبەرچاوی هەموولایەکە کە هاوشێوەی سەربازگەیەک دەبێتە کۆمەڵگەیەکی چەکداری ناکۆک و دژ بەیەک، کەچی زۆرن ئەوانەی لە کوردستانەوە بە و چاوە لە ئێراق دەڕوانن کە چوونەوەژێردەستی ئێراق، دەروازەیەکە بۆ ڕزگاری.
پێویستە حیزب و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەڵوەستە لە ئاستی ئەم مەترسییەدا بکەن و دان بەوەدا بنێن بەشی زۆری هۆکاری ئەم کێشەیە کورد خۆیەتی. چارەسەرەکەش هەر لە دەستی کورد خۆیدایە بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو هۆکارانە کە زادەی کوشتنی ئەو هەستی کورد بوونەن، بێگومان خراپیی حوکمڕانیی کوردی لە هەرێمی کوردستان لە 30 ساڵی ڕابردوودا، پەروەردەیەکی خراپ، نادادی و سەروەرنەبوونی یاسا و نەچەسپاندنی وەک یەکی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی سیما دیارەکانی ئەو هۆکارانەن کە خەریکە هەستی کورد بوون دەکوژێت و نموونەیەک بەرهەمدێنێت کوردێک خۆی پێ کەمتر و بچوکتربێ لە نەتەوە سەردەستەکان. دەبێت دەسەڵاتی کوردی ئازایانە ڕیشەی ئەم مەترسییە چارەسەر بکات، ئەگینا دۆخی زۆر مەترسیدار دێتە بەردەم داهاتووی کورد لە ناوچەکە. [1]