$مافی تورکیا بەسەر ویلایەتی موسڵەوە$
#عارف قوربانی#
نازانم ئەوە چەند ڕاستە کە دەگوترێت لەو کاتەوەی ویلایەتی موسڵ لە تورکیا جیاکراوەتەوە و خراوەتە سەر ئێراقی عەرەبی، گوایە ساڵانە لە دیاریکردنی بودجەی تورکیادا ڕێژەیەکی ڕەمزی، بڕێک پاره، بە ناوی ویلایەتی موسڵەوە دیاری دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ خاوەندارێتیی ئەو ویلایەتە کە لەدوای شکستی عوسمانییەکان بە زۆر لە تورکیا جیا کراوەتەوە. ئەگەر ئەمە ڕاستیش نەبێت، بەڵام تورکیا هیچ کات ئەوەی نەشاردووەتەوە کە هەر چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە و ئەگەر هەلومەرج بە جۆرێک بگۆڕێت کە زەمینەی ئەوەی بۆ خۆش بکات، دەست بەسەریاندا دەگرێت.
بەتایبەتی ئەم بانگەشەکردنی خاوەندارێتییە لەدوای ڕووداوەکانی سووریا و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە و چاوپۆشینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوونە ناوەوەی سوپای تورکیا، زیاتر پەرەی سەندووە و لە ئاستی سەرۆککۆمار و وەزارەتی دەرەوهدا چەند جارێک بە گوێی جیهان و ناوچەکەدا درا کە تورکیا چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ ویلایەتی حەڵەب و ویلایەتی موسڵ.
بە کرداریش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سوپای تورکیا لە هەردوو ناوچەکە زیاتر دەبێت. ئەردۆغانیش ڕوون و ئاشکرا دەڵێت بچینە هەر شوێنێک ناگەڕێینەوە. زۆر باسی ساڵی 2023 دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتایی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەی کە نەخشەی ناوچەکانی خەلافەتی عوسمانیی بەم جۆرەی ئێستا داڕشتووە. مەیلی فراوانخوازی و پەلهاویشتن بۆ داگیرکردنی دەوروبەر وەک سیمای هەر دیکتاتۆرێک لە ئەردۆغانیشدا تەواو ڕەنگی داوەتەوە و ئێستا دەست و پێگەی لە زۆر ناوچە قایم کردووە کە چاوی تێبڕیون و دەیەوێت بیانخاتە ناو هەژموونی تورکیاوە.
ئایا ئەوەی تورکیا دەیکات تەنیا مەیلی پاوانخوازییە یاخود بنەمایەکی هەیە پەیوەست بە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەی لە چارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا کراوە و تورکیا بە کردار هەنگاوی بۆ دەنێت و ئێمەش خۆمان لێکەڕ کردووە؟ هیوادارم لەناو بژاردەی ڕۆشنبیر و ستراتیجناسەکانی کورددا گفتوگۆیەکی عەقڵانی لەم بارەیەوە بێتە ئاراوە: ئایا تورکیا دەیەوێت چی بکات؟ ئەو هەموو بنکە و بارەگا سەربازییەی لە باشوور دایکوتاون و پارتی ئاسانکاریی بۆ دەکات کە بە ڕووکەش #پەکەکە#ی کردووە بە بیانوو، هەر بە ڕاستی بۆ شەڕی پەکەکەن یان چاوی لە داگیرکردنی باشووری کوردستانە؟
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا پەڕتووکی شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیام دەخوێندەوە کە جەنگیز چاندار لە شێوەی گەشتنامە و بیرەوەریدا نووسیویەتی. زریان ڕۆژهەڵاتی بۆ کوردیی وەریگێڕاوە و ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# چاپی کردووە. سەرنووسەری ئەو کاتی ڕۆژنامەکە ستران عەبدوڵڵا پێشەکیی بۆ نووسیووە. جەنگیز چاندار زۆر دۆستی #مام جەلال# و دکتۆر بەرهەم بووە. لە پەڕتووکەکەیشدا لە زۆر جێگە باس لە ڕۆڵی مام جەلال دەکات لە شکاندنی تابۆی درووستکردنی پەیوەندیی نێوان کورد و تورکیا؛ هەروەها لە کردنەوەی دەرگایەک لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا و درووستکردنی پەیوەندی لەنێوان تورکۆت ئۆزاڵ و ئۆجەلان و زۆر بابەتی تر.
ئەوەی لەم پەڕتووکەدا زۆر سەرنجی ڕاکێشام ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکی عوسبەت ئومەمە لە ساڵی 1925دا کە باس لە مافی تورکیا بەسەر ویلایەتی موسڵەوە دەکات. ئەو کاتەی چارەنووسی ویلایەتی موسڵ لەنێوان بەریتانیا و تورکیا هێشتا یەکلا نەبووەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە تورکیا ڕەزامەندیی داوە کە ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر ئێراق، بەڵام ئەگەر ئێراق هەندێک لە مەرجەکان کە تایبەت بوون بە مافەکانی کوردەوە جێبەجێ نەکات، ئەوسا گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ سەر تورکیا مومکین دەبێت.
سەرهەڵدان و هێنانەوە بەرباسی ئەم ڕاپۆرتەش دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی جەنگی کەنداو، ئەو کاتەی ئەمریکا بۆ دەرکردنی سوپای ئێراق لە کوێت هێزی هێناوەتە ناوچەکە. سەرەتا لە گۆڤارێکدا لە ئەمریکا وتارێک لەبارەی ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتەی کۆمەڵەی گەلان (عوسبەت ئومەم) ەوە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام دواتر لە حوزەیرانی ساڵی 1991دا مام جەلال و دکتۆر بەرهەم و سەرچڵ قەزاز دەچنە تورکیا و لە #14-06-1991# دا چاویان بە تورکۆت ئۆزاڵا دەکەوێت. جەنگیز چاندار وەک ڕایەڵەی درووستکردنی پەیوەندیی نێوان تاڵەبانی و ئۆزاڵ لەم پەڕتووکەدا دەیگێڕێتەوە کە لە کۆبوونەیەکی بەراییدا کە خۆیشی تێیدا ئامادە بووه، تاڵەبانی و #بەرهەم ساڵح# و سەرچڵ قەزاز لەگەڵ قایا تۆپەری گوتەبێژی سەرۆککۆماردا لە ئوتێل مەڕمەڕە کۆبوونەوە. نووسیویەتی مام جەلال و بەرهەم ساڵح ڕاپۆرتەکەی 1925ی کۆمەڵەی گەلانیان لە جانتاکانیان دەرهێنا و باسی هەقی تورکیایان لە باکووری ئێراق کرد.
پێشتر ئەوەمان دەزانی کە مام جەلال لە ساڵی 1991دا بیرۆکەی یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی باشوور و باکووری کوردستانی هەبوو کە وەک هەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا بژین. زۆر جاریش باسی ئەوەی دەکرد کە چارەسەری کێشەی کورد لە ناوچەکهدا بەستراوە بە چارەسەری کێشەی کوردەوە لە تورکیا. لە خواستی یەکگرتنی ئەم دوو بەشەی کوردستانیشدا دەیگوت ئەگەر لە ڕابردوویشدا کاتێک کوردستان داگیرکراوە یەکپارچە بووایە و لەلایەن یەک دەوڵەتەوە داگیر بکرایە، باشتر بوو لەوەی کرایە دوو بەش و بەسەر دوو ئیمپراتۆریی وەک عوسمانی و سەفەوییەکاندا دابەش کرا. دووبەش بووایە باشتر بوو لە سێ و لەوەی کراوەتە چوار پارچەوە. بۆیە ئەگەر ئەم دوو بەشەی کوردستان یەک بگرنەوه، لە ڕووی جوگرافییەوە دوو پارچەی کوردستان دەبنەوە بە یەک، ژمارەی کورد لە تورکیا دەگاتە نیوەی ژمارەی وڵاتەکە و دەستمان لە دەستی عەرەبیش دەبێتەوە.
بەڵام ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کە ی. ن. ک. خۆی چاپی کردووه، زانیارییەکی تازەیە کە مام جەلال و د. بەرهەم خۆیان وێنەی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمەڵەی گەلانیان دابێتە تورکیا کە ماف بە تورکیا دەدات لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی مافەکانی کورددا لەلایەن ئێراقەوە، تورکیا مافی داواکردنەوەی باشووری کوردستانی هەبێت. دوور نییە مام جەلال ئەوەی زانیبێت یان درکی بەوە کردبێت کە ڕۆژێک دێت تورکیا ئەو بنەما یاساییە دەکاتە پاسا و بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی موسڵ، بۆیە پێشنیازی ئەوەی کردووە کە بەشە کوردستانی بە ئێراقەوە لکێنراو لەگەڵ باکووری کوردستان یەک بخرێنەوە و پێکەوە لە سیستەمێکی فیدراڵیدا لەگەڵ تورکیادا بن.
ئایا ئەوەی ئێستا تورکیا دەیکات بەوەی سنووری نێودەوڵەتیی سووریای بەزاندووە و #عەفرین# و بەشێک لە جوگرافیای ڕۆژاوای کوردستانی داگیر کردووه، چاویشی لەسەر کۆبانێیە، سنووری نێودەوڵەتیی ئێراقی بەزاندووە و چەندین بنکەی سەربازیی هێناوەتە ناوچەکانی بادینان و ئامادەسازیی بۆ پەلاماردانی شەنگال دەکات و چاویشی لەسەر #کەرکووک#ە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش نەک هیچ کاردانەوە و سنووردانانێکی نییە، بەڵکوو هەر بێدەنگیشە، ئاماژەی چین؟ کورد بیر لە چی دەکاتەوە و چی دەکات لە ئەگەری پڕۆژەیەکی لەم جۆرەدا کە سێ پارچەی کوردستان دەگرێتەوە؟ [1]