$گێڕانەوەی کورد بۆ پێش ڕووخانی سەددام$
#عارف قوربانی#
بەدیاریکراوی لە سەرهەڵدان و هاتنی #داعش#ەوە بۆ ئێراق، زۆرجار گوێمان بەوە زرنگاوەتەوە لە ناوەندە ناڕەسمییەکانی بەغداوە کارەکتەرێکی سیاسی، پەڕڵەمانتارێک، مەلا و مەرجەعێکی شیعی تووندڕە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە دەبێت کورد بگەڕێندرێنەوە بۆ پێش ڕووخانی سەدام، بەڵام لە دوو ڕۆژی دوای 16ی ئۆکتۆبەردا کە هێشتا ڕوون نەبوو ئەو لەشکرکێشییەی بەغدا بۆ سەر کوردستان تاوەکو کوێ پەلدەهاوێژێت، لەو پەیام گۆڕینەوانەی لەنێوان عەبادی و سەرۆکایەتیی ئەوکاتی هەرێمی کوردستاندا هەبوون، عەبادی گوتبووی دەبێت کورد بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووخانی سەددام. واتا لە ناوەندێکی ڕەسمییەوە ئەو کاتە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئێراقەوە ئەم پەیامە بەگوێی کورددا درا.
هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی من کوردیش بە و جۆرە وەڵامیان دابووەوە کاتێک ئەوە ڕوودەدات کە ئێوەش بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێش کەوتنی سەددام لێی بوون، بەڵام لە واقیعدا ئەوان لە بەغدا ماونەتەوە و خەریکە زیاتر لەوەش پاشەکشە بە کورد دەکەن کە پێش کەوتنی سەددام خاوەنی بوو.
زۆرجار گوێبیستی ئەو ڕەخنانەش دەبین کە هەندێک لە دۆستەکانی کورد لە وڵاتە جیاجیاکان پێمان دەڵێن کورد پێش ڕووخانی سەدام سەربەخۆ بوون، خۆیان چوون ڕادەستی بەغدا بوونەوە و ئێراقێکی وێرانیان درووستکردەوە بۆ ئەوەی سەربەخۆییەکەیان لێزەوت بکات. لە واقیعدا کورد بۆیە چووەوە بۆ بەغدا، چونکە مافی زەوتکراومان لای بەغدابوو، چوین بۆ وەرگرتنەوەی زەوتکراوەکان، بەڵام خەریکە ئەوەی هەشمان بوو لێمان زەوت دەکاتەوە.
دەبێت پرسیارەکە لەخۆمان ئەوە نەبێت بۆچی چووین بۆ بەغدا، بەڵکوو بنەڕەتی پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی بەشداربووین لە ڕووخانی سەددام، چونکە کورد ڕۆڵی زۆری هەبوو لە درووستکردنی کاریگەریی لەسەر ئەمریکا و ناوەندە جیهانییەکان بۆ قەناعەتپێهێنانیان بەوەی بەهێزی سەربازی پڕۆسەی ڕووخانی سەددام ئەنجام بدەن، ئەمە جیا لەوەی ئەنفال و هەڵەبجە و کۆمەڵکوژییەکانی دیکە کە بەرانبەر بە کورد ئەنجام درابوون چەکی بەهێزی دەستی نەیارانی سەدام بوو لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان. واتا کورد هەر کارەکتەرێکی سەرەکی پڕۆسەی درووستکردنەوەی ئێراق نییە لە دوای 2003، بەڵکوو کارەکتەرێکی سەرەکی ڕووخانی سەددامیشە، بۆیە پێویستە ئەوەش بە بیری دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق بهێندرێتەوە کورد لەکوێ بوو، ئەوان لە کوێ بوون؟ ئەوەی مام جەلال بۆ بەراوردی ڕۆڵ و پێگەی کورد و لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ئێراقییەکان وەک بەراوردێک بە (موعارەزەی خەنادق و فەنادق) ناوی دەبرد. کورد لە سەنگەردا دژی سەدام دەجەنگاو ئەوانەی ئێستا ئێراقیان لەسەر سینییەکی زێڕ پێبەخشراوە، لە هۆتێلە هەرە ئاست نزم و خراپەکانی سووریا و لوبنان و ئێران و وڵاتانی دیکەدا بوون.
نازانم چیرۆکی پشت ئەم پەندە کوردییە چییە کە دەڵێت چوون بۆ ڕیش، سمێڵی نایە بانی. ئێستا کورد لە ئێراق وامان بەسەر هاتووە، نەک هەر سمێڵ، بەڵکوو بەغدا خەریکە برۆ و سەریشمان دەتاشێت. ئایا ئەوەی بەغدا دەیکات هەر گێڕانەوەی کوردە بۆ پێش کەوتنی سەددام یاخود لەوەش زیاتری دەوێ؟ پێش ڕووخانی سەددام هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو جوگرافیایەی خۆی بوو کە دەسەڵاتی بەسەریدا هەبوو، بەغداش کۆڵی لەوە دابوو چاوی لە داگیرکردنەوەی بێت، ئەگەر دڵنیابووایە لەوەی کورد داوای کەرکووک و خاکی دیکەی لێناکاتەوە ئامادەبوو ئەو جوگرافیایەی هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی دراوسێش قبووڵبکات، بەڵام کورد ئەمەی قبووڵ نەبوو، لانی کەم لە ڕسواکردنی سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن بەردەوام بوو، لە ئاستی ناوەندە جیهانییەکان سیاسەتەکانی بەغدای شەرمەزار دەکرد و هەر لە هەوڵی دەستەبەرکردنی پشتیوانیدا بوو بۆ ڕووخاندنی سەددام.
بەغدا ئەوەی وەک هەنگاوی یەکەم کردوویەتی لە 16ی ئۆکتۆبەردا کوردی گێڕاوەتەوە بۆ پێش کەوتنی سەددام، سوپای ئێراق وەک جاران تەنیا چەند کیلۆمەترێک دوورتر دەڕوانێتە گەرمیان و لەبری بناری مەقان کورد تاوەکو قەرەهەنجیر باڵادەستە و لە بری ئەوەی سوپای ئێراق لە قوشتەپە بێت، چووەتەوە پردێ. نەشیانشاردووەتەوە چاویان لەوەیە بە پاساوی دەستوور و ناوەندیبوونی سامانی سرووشتی و دەروازە سنوورییەکانەوە سوپاکەیان تاوەکو ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان بهێنن. دەشیانەوێت فڕۆکەخانەکان لەژێر دەست و کۆنترۆڵی خۆیاندابێت. چاویان لەوەشە لە هەر بستەخاکێکی هەرێمی کوردستان بۆنی نەوتی لێبێت، هێزێکی چەکداری بەغدا بیکاتە مۆڵگەی خۆی. ئایا کورد ئێستا درک بەوە دەکات ئەوەی بەغدا دەیکات زۆر لەوەش کەمترە کە پێش ڕووخانی سەددام خاوەنی بوو؟
لە ساڵی 1996ەوە بە بڕیاری 986ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 13٪ی داهاتی فرۆشی نەوتی هەموو ئێراق لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکراو هەموو داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکانیش هەر لای حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ئێستا بەغدا لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دا دەیەوێ بە مەرجی ڕادەستکردنی هەموو داهاتە جۆراوجۆرەکانی هەرێم، ئەو ڕێژەیە بداتەوە بە کوردستان. ئایا ئەوە دەبینین پاشەکشەکردنی کورد گەیشتووەتە کوێ؟
جاران لەبەرانبەر پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووکدا کەم تا زۆرێک کردەوەی ڕووبەڕووبوونەوەش هەبوو بۆ چاوترساندنی ئەو عەرەبانەی دەبوونە ئامرازی داگیرکاری، لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری هەرێمیشدا کورد بەردەوام شەرمەزاری سیاسەتی بەعەرەبکردنی دەکرد، ئێستا بەعەرەبکردن و تەشەیوع بەشێوەیەکی چڕتر بەڕێوەدەبرێت و تەنانەت کوردستان و حیزبەکانی بە لاوازترین هەڵوێست کە ئیدانەکردن و دەرکردنی بەیاننامەیەکی شەرمەزارکردنێتی، مافی ئەوەشیان پێڕەوانادرێت. بەغدا پلانی ئەوەشی هەیە بەهۆی یاسای حیزبی سیاسییەوە لە ئێراق لە کۆنگرەکانی داهاتووی حیزبە کوردستانییەکاندا وەک چاودێر بەسەر کۆنگرەی حیزبەکانەوە بەشداربێت بۆ دڵنیایی لە گفتوگۆ و داڕشتنی بەرنامەی حیزبەکان کە پیرۆزیی و سەروەرییەکانی ئێراق نەخاتە مەترسییەوە. جارێ لە کوێمانە، تەمەن باقی بێت زۆر شتی دیکە دەبینین.
ئایا هێشتاش لەوە نەگەیشتوون ئەوەی بەغدا کردوویەتی زۆر لەوە زیاتر کوردی گێڕاوەتەوە کە پێش ڕووخانی سەدام لێی بووین؟ نابێت ئەم ڕووداوانە ڕامانبچەڵەکێنێت و لە خەوی غەفڵەت بە ئاگامان بهێنێتەوە و لەخۆمان بپرسین ئەگەر بەیەکجاری بگەڕێینەوە بۆ پێش ساڵی 2003 و سیاسەت و هەڵوێستەکانمان بەرانبەر بە غدا بەرینەوە ئەو ئاستەی بەرانبەر بە سەددام هەمان بوو باشتر نییە لەوەی ئێستا کە نەک هیچ خێرێکی بۆ کورد تێدا نەماوە، بەڵکوو بووەتە گەورەترین سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ داهاتوومان. کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین ئەم بەشدارییە ڕووکەشەی کورد لە بەغدا لە پڕۆسەی سیاسی لە بەشداری پەڕڵەمان و حکومەت و سەرۆکایەتیی کۆمار و دامەزراوەکانی دیکە، شەرعیەتدان و ڕێخۆشکردنە بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان؟ [1]