$ئایا هەندێکمان یەکسانترین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی مەزرای ئاژەڵاندا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش لەسەر زمانی هەندێ لەبەرازەکان سەبارەت بە یەکسانی دەنووسێت و دەڵێت: ڕاستە هەموو ئاژەڵەکان یەکسانین، بەڵام هەندێکمان کەمێک یەکسانترین لەوانی دیکە، ئەم قسەیەی ئۆروێڵ کتومت قسەی هەندێ لە پەڕڵەمانتاری چەند لایەنێکمی دینیم بیردێنێتەوە کە لە هەفتەی ڕابردوودا دەیانکرد و زۆرینەشیان دەرچووی علومی شەرعین، هەر ئەوەندە نا، هەندێکیان باکگراوندێکی جیهادی-سەلەفیشیان هەیە و لە ڕابردوودا پارلەمانیان لە بنەڕەتەوە پێ حەرام بووە وەک مەنهەجی سیاسی.
ئەوانەی لەم ڕۆژانەدا دەیانگوت لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لەپێناو خودادا کورسییەکانی پەڕڵەمان پڕ دەکەینەوە ، لەپێناو ئەوەی مەعاشەکەمان حەرام نەبێت دێینەوە پەڕڵەمانێک کە ماوەکەی لەڕووی شەرعی قانوونییەوە بەسەرچووە، لەپێناو مافی خودا ناتوانین پەڕڵەمان چۆڵ بکەین، قسەکەیان زۆر لەو قسەیەی سەرەوەی جۆرج ئۆروێڵ دەچێت. گەر لەسەر زمانی کاراکتەری ڕۆمانەکەی جۆر ئۆروێڵ قسەی پەڕڵەمانتارانی ئەم لایەنانە لێکبدەینەوە قسەکەیان بەم جۆرەی لێدێت: حەرام و حەرام خۆری بۆ هەمومان وەک یەک حەرامن، بەڵام بۆ هەندێکمان کەمتر حەرامن.
عەرەب دەڵێت ادینک من فمک واتە گەر لە زمانی خۆیانەوە دادگاییان بکەین و وەک دیندار و مولتەزیمێکی دینیش قسە بکەین نەک وەک مرۆڤێکی ئاسایی، ئەوا تەماشایەکی سەرپێیی قورئان بەسە بۆ ئەوەی لەو حەرامانە بکۆڵینەوە کە قورئان دەقی کۆتابڕی قاطعی بەسەردا سەپاندوون، قورئان بەڕوونی و بێ ڕتووش، بێ پەردەو کینایەی ئیجتیهادی و خیلافی مەزهەبی، پەیداکردنی پارەی زۆر و مۆڵ بەشێوەیەکی ئاسان و بێ عارەق ڕشتن و بەشێوەیەک کە شیاوی کارەکە نەبێت حەرام دەکات.
خودا بەڕوونی لە سوورەتی مائیدەدا دەفەموێت (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنصَابُ وَالْأَزْلَامُ ڕِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّکُمْ تُفْلِحُونَ.)
لەم ئایەتەدا بەڕوونی حەرامکراوەکان دیاریکراون. یەکێک لەوانە الْمَيْسِرُە. زۆرینەی فەقیهان وشەی (الْمَيْسِرُیان) وەک قومار کردن لێکداوەتەوە، لەکاتێکدا وشەکە لە کردارێکی سیانی یسَرەوە وەرگیراوە، ئیسمی مەفعولەکەی میَسّرە ئیسمی فاعیلەکەشی
مُيسِّرە لە چاوگی تیسیرەوە وەرگیراوە بەمانای مُسَهَّلٌ یان متوافر واتە دەستکەوتنی شتێکی زۆر بە ماندووبوونێکی کەم و لە کاتێکی کەمدا، کە قوماریش یەکێکە لەو دەستکەوتە زۆرانەی بە کەمترین ماندووبوون بەدەست دەهێندرێت. عەرەب گوتویانە (يَسَرَت الْحاملُ) واتە ژۆەکە منداڵەکەی بە ئاسانی و بێ دەردیسەری بوو یان جاران بە تیکەی خەلیفە و پادشاکانیش گوتراوە المُيَسَّر کە لە گۆشتێکی تایبەت و ڕوپۆش کراو بە هێلکە درووستکراوە، وایان پێ گوتووە چونکە چەور و پڕ پڕۆتین و خۆش بووە و خێرا و بە ئاسانی بێ دەردیسەری قوت چووە بۆ بابای خەلیفە. لە هەموو حاڵێکدا مەیسیر بە کوردی و بەکوورتی واتە مفتەخۆری، قوماریش بەشێکە لە مفتەخۆری جا گەر مفتەخۆرییەکە لەسەر قوتی میللەت و سەرانە باج و خەراج و بەیتوڵماڵەکەشی بێت هەیهات!
لەوە گەڕێ پەڕڵەمان چەندین هەفتە کۆبوونەوەکانی خۆی نەکردووە و پارلەمانتاران مووچەی ئاسان و مۆڵی خۆیان بە بێ ماندووبوون وەرگرتووە، ئێستا پەڕڵەمانەکە کۆبوونەوەش ناکات و ماوە قانوونییەکەشی تەواو بووە، مەیسیر لەمە مەیسیر تر درووست نابێت، وەک دەڵێن مردوو لەمە باشتر ناشۆرێت و مەیسیر هەر بۆ خۆی مەیسیر، لەوە گەڕێ ئەم شێخەمەلا و مونەقەبە و شارەزایانەی فیقهی دینی کێشەیان لەگەڵ مەیسیریی و ئاسانی ئەو مووچە قەبەیەدا نییە، دێن قەرزارباریشمان دەکەنەوە و بەناوی خوداوە دەستکەوتەکانی خۆیان دەکەنە بار و منەتی دینی و قیامەتیش بەسەرماندا، گوایە لەبەر خودا و دین و قیامەتی ئێمە چوونەتە پەڕڵەمان، لەو کورسییە ناکاریگەرەوە خودا و شەرعەکەی سەردەخەن، دژی بێ ئەخلاقەکان دەوەستنەوە .
خۆ گەر قسەیان نەکردایە و بێدەنگ بوونایە وەک ئەوانی دیکە داخەکەی کەمتر بوو، لانی کەم دەمانگوت بەناوی خوداوە کارەکە ناکەن، بەڵام کاتێک خودا ناوی هاتە نێو ئەم یارییە ناشیرینە ناتوانیت هێڵنج نەدەیت و بێزت لە خۆیان و حیلە شەرعییەکانیشان نەبێتەوە و پڕ بە گەرووت وەک مەحوی هاوار نەکەیت:
غەیری ئەمەی سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس//قوربانی ناوی بم ناوی لەناو ناوا نەما خودا
سیکۆلاریزمی ئیداری لە ئۆکسجین پێویستترە بۆ ئەمڕۆی ئێمە، کارەساتە کەسێک پارێزبەندی دینی و نیقاب و عەمامەی هەبێت و لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا بێت. لەبەرانبەر یاسادا هەموومان دەبێت یەکسان بین، ڕووت و قوت و بێ پارێزبەندی دینی و قەومی و ئایدۆلۆژی بین، یاسا بۆ هەموومان وەک یەک بێت، کەس نەبێتە سێبەری خودا، کەس بەناوی خوداوە نەچێتە پارلەمان، خودا وەک یەک لە هەموومان نزیک یان دوور بێت، سیکۆلاریزمی ئیداری لەوێدا لە لائێسیتە جیادەبێتەوە کە دین ناکاتە دەرەوەی ژیان، ئاتاتورکانە نایکاتە ئایدۆلۆژیا و کەڵت، بەڵکوو پارێزبەندی دینی و ئینتیمای قەومی و مەزهەبی دەکاتە دەرەوەی ئیدارە و سوڵتە و دەوڵەت، ئەوسا هەندێکمان یەکسانتر نابین لە هەندێکی دیکەمان. بە پێچەوانەی لائێسیتەی فەرەنسا، بەریتانیا نموونەیەکی جوان و مەعقولی سیکۆلاریزمی ئیدارییە. [1]