$پێغەمبەر و نەورۆز!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
نووسەری مەغریبی ئیدریس هانی قسەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە دەڵێت موسوڵمانان سەرکەوتوو بوون لە قۆناغی تەنزیلی دین دا بەڵام فەشەلیان هێنا لە تەئویلەکەیدا. هاتنە خوارەوە و نزولی دین دۆخێکی ستونی هەیە، لە ئاسمان بۆ زەوی بۆ پێغەمبەر دێت، ئەم قۆناغە23 ساڵی خایاند، بە وەفاتی پێغەمبەر کۆتایی هات. موسوڵمانان زۆر باش توانییان قۆناغی تەنزیل لەبەرانبەر نەیارەکانییەوە تێپەڕێنن، تنزیل یەک نەیاری هەبوو ئەوی کافرانی وەحی بوون دوای ئەوەی پێغەمبەر ئیقامەتی حوجەی لەسەر دەکردن. بەڵام لەدوای وەفاتی پێغەمبەرەوە د.خ قۆناغی تەئویل دەست پێدەکات کە تێیدا موسوڵمانان فەشەلیان هێنا. تەئویل جۆرێکە لە بەشداریکردنی دەستەجەمعی کۆمەڵگە بۆ تێگەیشتن لە دەق، دەق خۆی لە خۆیدا بێدەنگە قسە ناکات بەڵام بێ زمان نییە، ئێمە دەیهێنینە قسەکردن بە قەدەر دواندنەکانی ئێمە ئەویش دێتە گۆ، قسەکردنی دەق ئاوێنەی ئەو پرسیارانەی ئێمەیە کە ئاڕاستەی دەکەین، واتە مەرج نییە هەمان دەق دوو تەئویلی چونیەکی هەبێت بەڵکوو قسەکەر و کات و جوگرافیای جیاواز دەیگۆڕن، بەپێچەوانەی تەنزیلەوە تەئویل بەبیانووی ئەوەی حەقیقەتیی موتڵەق چییە هەزارن دوژمنی بۆ درووستبوو. ئەوەی جێی داخە موسوڵمانانیش لێرەدا کەوتن، باوەڕیان بە حەقیقەتی ڕێژەیی نەما و هەرکەسەو پێی وابوو حەقیقەتی موتڵەق لای خۆیەتی، پێیان وابوو تێگەیشتن بۆ دەق دەبێت یەکجۆر بێت، لەکاتێکدا قۆناغی تەنزیل و وەحی کۆتایی هاتبوو، نەدەبوو کەس ئیدیعای حەقیقەتی ڕەها و ڕوانینی کۆتایی بۆ دەق بکات بکات، سیاسەت سوودمەندی سەرەکی ئەم تەک ڕوانین و یەک ڕوانینە بوو. ئیدی مێژووی ئێمە لە بازنەی داخراوی قەبوڵکردن و ڕەتکردنەوەی ڕەهادا لانی کەم دە سەدەیە دەسوڕێتەوە.
لە قۆناغی تەنزیلیشدا هەموو ئەوەی پێغەمبەران و بەتایبەتیش پێغەمبەری ئیسلام هێناویانە ڕوانینێکی نوێ و جیاواز بووە بۆ ژیان نەوەک ژیانێکی نوێ و جیاواز، ژیان لە یەکەمین ڕۆژی درووستبوونییەوە لەسەر ئەم ئەستێرەیە هەمان ئەو ژیانەیە کە ئەمڕۆ هەیە و هەمان ئەو ژیانەش دەبێت تا ساتی کوژانەوەی ئەستێرەکەمان، ئەوەی هەبووە و هەیە و لە داهاتووشدا دەبێت جیاوازییە لە ڕوانین بۆی.
هیچ پێغەمبەرێک بە خەڵکەکەی خۆی نەگوتووە واز لە عورفی باو و یاسا تەباکان بەعەدالەت، ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێوەرە ئینسانییەکان بهێنن. نەک هەر ئەوەندە ئەسڵەن بەشی زۆری یاسا دینییەکانیان ڕیشەیەکی عورفیشیان هەبووە، واتە ئەوان هاتوون مانایەکی نوێ بدەنە عورفی باو و دیاردەکانی وەک بازرگانییکردن، هاوسەرگیریی کردن، قوربانییکردن، چوونە حەج، ڕۆژووگرتن، نوێژکردن و...هتد. دەنا هەموو ئەوانە پێش هاتنی ئەمانیش هەر هەبوون. بەڵام ئەوەی ئەوان کردوویانە گۆڕینی قیبلەی ڕوانین و نییەتی پشت ئەو جوڵە و تقوساتەی مرۆڤ بووە لەو ڕۆژەدا کە ئەنجامی داوە، لە فرەیی شیزکەوە ویستوویانە بیانگوازنەوە بۆ یەکبینی و وەحدانییەت، هەندێ جار بە شوناس و ناسنامەیەکی نوێوە.
پێغەمبەر د.خ لە مەککە و دواتریش دوای ئازادکردنی کەعبە لە هێزی بوت و بوتکەدە هەرگیز دژی سیقایەتی حاجی و تەوافی بەیت و سەفا و مەروا و سەدەقە و زەکات و قوربانیکردن و حەجی ماڵی خوا و ڕۆژوی قوڕەیش و هۆزەکەی نەبوو، ئەسڵەن دواتر هەندێکیان وەک جوڵەو فەریزەی گرنگی مەناسیکی فەریزەیەکی وەک حەجکردنیش مانەوە و تا ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێن، ئەوەی گۆڕا نییەت بوو نەوەک ڕووکەش و شێوازی کارەکە. جیاوازی پێغەمبەری ئیسلام لە پێغەمبەر موسا ئەوە بوو، موسا ویستی گەلێک بە تەواوی لەشوێنێکەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی ڕوانینیان بگۆڕێت، پێی وابوو ئەو جوگرافیایە بۆ ئیسرائیلییەکان گونجاو نییە، هەڵگرتنی گەلێک لە شوێنێک و نیشتەجێکردنیان لە شوێنێکی دیکە کارێکی زۆر گران بوو لەسەر مووسا، پێغەمبەری ئیسلام د.خ دەیویست وەک ئەوەی هەیت، لە شوێنەکەی خۆتەوە ڕوانینت بگۆڕێت، بەبێ گواستنەوە و شوێنگۆڕین بە جۆرێک ڕوانینی گۆڕی توانی خەڵکێک والێبکات لە خواردنی گۆشتی مردارەوەبووەوە بگەیەنێتە ئەوەی سیواک بەکار بهێنن.
گەر بە پێچەوانە گوزەرێک بکەینەوە لە ئێستاوە بۆ ڕابردوو ئەوا تێدەگەین ئەوە نوێژە بێ ڕۆح و ڕۆژووە بێ ناوەرۆک و زەکات دەرنەکردنە لە ماڵ و سامان و تۆخکردنەوەی ڕۆحی شوناس یا ناسنامە و کاڵکردنەوەی ڕۆحی مانا لەمڕۆی موسوڵماناندا پێویستیی بەوەیە جارێکی دیکە پێغەمبەرێکی دیکە بێتەوە هەمان وانەی قیبلەگۆڕین بە موسوڵمانان بڵێتەوە، دیارە کە پێغەمبەرایەتی کۆتایی هاتووە و ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی موسڵیحانی دینیی.
عیبادەتەکانی ڕۆژانەی ئیمانداران لە نوێژکردنەوە بۆ ڕۆژووگرتن و حەجکردن، لە دەرکردنی زەکات بۆ قەبوڵ نەکردنی زوڵم هەر لەپێناو پاراستن و دەمەزەردکردنەوەی ئەو مانایەیە کە لە پشت ئاکتەکانی ڕۆژانەی موسوڵماندا دەبێت هەبن، نییەت و ڕوانین تێیاندا گرنگە نەوەک خودی جوڵە و ئاکتەکە. بەتێرمینۆلۆجیی دینی لەپێناو ئیخڵاس و پوختیی نییەتدا دەبێت ئەنجام بدرێن. غەزالی ناوی توێکڵ قشرةیان لێدەنێت. واجبات توێکڵن و مانا و نییەتی پشت واجبات ڕۆحی جوڵەو حەقیقەتی پشت جوڵە و بۆنە و تقوسەکەن.
گەر پێغەمبەر ئەحکامێکی هێنابێت تەنیا لەپێناو درووستنەبوونی پێکدادانی کۆمەڵایەتیی بووە لەو ڕۆژەی کۆمەڵگەی موسوڵماناندا، نەوەک زەروورەت و حەقیقەت و ئەسڵی دینەکە بووبێت، ئەحکامی ڕۆژەکەی پێغەمبەر بەرمەبنای ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆژە بووە، نەوەک حوکمێکی مێژووبڕی جوگرافیا بڕی کۆتابڕ قەتعی. ئەم حوکمانە لە خۆیاندا مەرج نییە باشترین حوکمێک بن بۆ هەموو جوگرافیا و بۆ هەموو زەمانێک، ئیسلام جیاواز لە کریستیانییەت و یەهوودییەت لە جەوهەری خۆیدا دینێکی سیاسەت پەروەرە و دەشێت ئەم سیاسەتە لە جوگرافیایەک بۆ یەکێکی دیکە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا بێت. مێژوونووسان پێیان وایە بەشی زۆری ئەحکامی دینی هەمان ئەو عورفە چاک و عادیلانەیەن کە لە جاهیلیشدا بوونیان هەبووە. واتە پێغەمبەر تەغزییەی هەمان ئەو عورفانەی کردۆتەوە کە لە پێش ئیسلامدا هەبوون بەڵام بە مانا و ناوەرۆکێکی نوێوە، فەرموودەی خیارهم فی الجاهلیە خیارهم فی الاسلام دەقیق ئەم حیکایەتە دەگێڕێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ هەموو دین و دینداریی بووەتە بەرنامەی ڕاستەوخۆی حەرام و حەڵاڵی موفتییە زاهیر بینەکانی فەتوای خێرا، واتە هەموو دینەکە بووەتە شوناس و بوارێک بۆ مانا و قوڵبوونەوە نەماوە، دلیڤەری فەتوای خێرا و بیلجێب خەریکە بواری هەناسەدان بۆ مانای دینی و حەقیقەتی دینی ناهێڵێتەوە.
هەمووئەم قسانە بۆ ئەوەیە گەر پێغەمبەر ئەمڕۆ لەنێو ئێمە بژیایە ، یان لەنێو وڵاتێکی ئەوروپییدا بژیایە هەمان ئەو عورف و یاسا چاکانەی برەو پێدەدایەوە کە لە کۆمەڵگەکەدا دەبوون و تەبا دەبوون بە عەدالەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و یەکخستنی خەڵک، خودی ژیانەکەی نەدەگۆڕی بەڵکوو جیهانبینی و مانای بۆ ژیانەکە و ئەوەی تێیدایە دەگۆڕی، عورفێکی لانەدەدا و لە جێگاکەی عورفێکی دیکە دابنێت، بەڵکوو مانای بە عورفە باوەکە دەبەخشی، نییەتی پشت عورفەکەی دەستکاریی دەکرد.
ڕۆشنبیران، موجتەهیدان و موسڵیحانی دینی ئەمڕۆ لە هەموو شتێک زیاتر پێویستە دەست بۆ جەوهەر و کرۆکی بابەتە دینییەکان ببەن نەوەک توێکڵ و ڕوکەش، تا لەڕوکەشدا بمێنینەوە هەمان سوڕانەوەی نێو هەمان بارنەی سەد ساڵی ڕابردوو زیاتر دروێنە ناکەین. نوێژێکی بێ دڵ هەمان نوشتانەوەی بەردەم ئاگرێکە کە مەجووسییەک هەزار ساڵ پێش ئێستا کردویەتی، هەمان نووشتانەوەی بەردەم لات و عوزایە، ڕۆژوویەکی بێ مۆراڵ و ناوەرۆکجگە لە برسێتیی هیچی دیکە ناداتە خاوەنەکەی، هەموو باسە عورفی و بۆنەکانی دیکەش لە هەمان پەنجەرەوە تەماشا بکە بزانە ئەم فەوزایە کۆتایی دێت یان نا. [1]