$بەخێربێن بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پۆست ئەمریکا!$
#عادل باخەوان#
زیاتر لە 10 ساڵە، سێ سەرۆکی ئەمریکا: باراک ئۆباما، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، چەندین ئاماژەی گەورەیان بە ئاڕاستەی کاڵبوونەوەی پابەندبوونیان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناردووە، بەڵام بەداخەوە تائێستاش ئێمە چەندین ئەکتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتیمان هەیە، کە ئەم ئاماژانە وەک خۆیان ناخوێننەوە و تائێستاش لە ساتەوەختی ساڵی 1991دا چەقیون و پێیانوایە ئەمریکای 2023 هەمان ئەمریکای 1991ە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی 2023ش، هەمان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی 1991ی سەدەی ڕابردووە!
با، ئێمە کەمێک بەوردی و بەئارامی بگەڕێینەوە سەر ڕاستییەکان؛ لە سەرەتای نەوەتەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی هێزە هاوپەیمانەکان دەکات و کوەیت لەژێر دەستی ئێراقی سەدام حسێندا دەردەهێنێت و ڕزگاری دەکات. هەر لەسەرەتای نەوەتەکاندا، یەکێتیی سۆڤیێت، دوژمنە سەرسەختە مێژووییەکەی ئەمریکا هەڵدەوەشێتەوە و چیدی شتێک بەناوی بلۆکی ڕۆژهەڵات لەبەرانبەر بلۆکی ڕۆژاوا نامێنێت.
لێرەوە، ئەمریکای براوەی جەنگی کەنداو و، براوەی ململانێ لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیێت، سیستمێکی نوێیی جیهانی ڕادەگەینێت و لەنێو ئەم سیستمەشدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چەقێکی بەهێزی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن دەقدەگرێت، بەڕادەیەک کە پرسە هەرە ئاڵۆزەکەی ڕۆژهەڵاتیش کە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینە، لەژێر چەتری ئەمریکادا ئاسۆی چارەسەری بۆ دەکرێتەوە و پرۆسێسی دانووستاندن بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی دەستپێدەکات، تەنانەت لە ڕووبەری کوردیشدا حکومەتی هەرێمی کوردستانێکش، کە دوو ساڵ پێشتر لە خەونیشدا نەدەبینرا، لەدایکبوو. لەسەرەتای 2000ەکانیشدا و لەنێو هەمان جیهانبینیدا، ئەمریکا دێت و ئەفغانستان و ئێراق داگیردەکات.
تراژیدیای ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتدا لێرەوە دەستپێدەکات. شکستی پڕۆژەی ئەمریکی لە ئەفغانستان و ئێراق، وایکرد واشنتۆن بە قووڵی و فراوانی بیر لە هەڵاتن لە ڕۆژهەڵات و گرفتەکانی بکاتەوە، هەر ئەمەش وایکرد لە 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا نەتوانێت هیچ دەستپێشخەریەکی کارا و کاریگەریی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەیەک لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.
یەمەن، سووریا، لوبنان، ئێراق و ئێران، گرفتەکانی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان (شازادەی جێنشینی سعودیە) : شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەموو ئەم ڕووبەرانەدا واقیعێکی کۆنکرێتییە بۆ هەر کەسێک، کە بیەوێت بابەتییانە ڕووداوەکان ببینێت و هەستی پێدەکات.
ئەمریکییەکان هەڵەن کاتێک پێیان وایە هەڵاتن لە بەرپرسیاریێتی لەبەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیانپارێزێت لەو چەندین دۆزەخەی لە چەندین وڵاتی ناوچەکەدا تاویان گرتووە، ئیتر هەر لە تیرۆریزمی ڕادیکاڵەوە تاوەکو دەگاتە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و هەژاری و کۆچ و هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە و سنوورەکان. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی جیهانیی هەژموونداردا بکات، لەدەرەوە ئیدارەکردنی قەیرانە بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر جارێ زووبێت بۆ گوماندرووستکردن لەسەر مانەوەی درێژخایەنی ئەمریکا وەک یەکەم زلهێزی هەژموونداری جیهان، بەدڵنیاییەوە هیچ زوو نییە بۆ ڕووناکی خستنەسەر ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی پۆست ئەمریکا، کە زیاتر لە چەند ساڵێکە من کاری لەسەر دەکەم و چەندین تایبەتمەندی دیکەیش، لە چەندین شوێندا باسیان کردووە.
ئەوەی جێگای تێبینیی یەکجار گرنگە، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا! کێ ئەم بۆشاییە پڕدەکاتەوە؟
لە #10-03-2023#، کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە، ڕێککەوتنێکی مێژوویی گەورەیان لە پەکین واژۆکرد. ئەم ڕێککەوتنە، بەرهەمی خواستێکی پۆڵایینی چینە بۆ ئامادەبوونێکی فراون و بەهێز لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستدا کە سەدان مایکرۆ پڕۆژەی ئابووریی تێدا بڵاوکردووەتەوە. سعودیە و ئێران، دوو زلهێزە گەورەکەی سیستمی هەرێمایەتی، دوژمنی یەکتر، پاش حەوت ساڵ لە دابڕان و بەریەککەوتن لە چەندین ڕووبەردا، بە دەسپێشخەریی دیپلۆماسییەتی چینی و لە چین بەیەکدەگەن و هەر لە چینیش ڕێککەوتن واژۆدەکەن و لە ماوەی دوو مانگدا تەواوی پەیوەندییەکانیان بە سەرپەرشتیی چین ئاسایی دەکەنەوە.
ڕێکەوتنی نێوان ڕیاز و تاران لە پەکین، بزمارێکی تیژی چینییە لەو تابووتەی بۆ جەستەی شەکەت و ماندووی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەکراوە.
ئەمریکا، چیدیکە نەک هەر ناتوانێ ئەم ڕۆڵە مێژووییە لە ڕۆژهەڵاتدا بگێڕێ و لەپێناو ئاساییش، سەقامگیری و گەشەی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سعودی و ئێرانییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، بەڵکوو ناشتوانێ ئیسرایلی و فەلەستینی، یەمەنی، سووری، لوبنانی و ئێراقی و تەنانەت پارتی و یەکێتیش کۆبکاتەوە و دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی تراژیدییەکانیان هەبێت.
لەکاتێکدا و بەپێی هەموو ئاماژەکان، لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیازەوە، هەلومەرجێکی بابەتی دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی چین دەستپێشخەری بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوخۆ لە یەمەن، ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا، قەناعەتکردن بە لوبنانییەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر سەرۆک و حکومەتێکی نوێ و ڕزگارکردنی ئابوورییەکان لە مایەپووچبوون.
هەڵەن ئەوانەی پێیانوایە بۆ چینییەکان تەنیاوتەنیا ئابووری گرنگە و ڕەهەندەکانی دیکە بێبایەخن. چینییەکان باش تێگەیشتوون لەوەی پابەندبوونی ئابووری بەبێ پابەندبوونی سیاسی، هەرگیز پارێزراو نییە و نابێت. هەروەها تێگەیشتوون لەوەش پابەندبوونی سیاسی پێویستی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پابەندبوونی سەربازیش هەیە. بێهودە نییە کە تەنیا چەند ڕۆژێک پاش ڕێککەوتنی نێوان ڕیاز و تاران، پەکین بە فەرمی ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی؛ لە کەنداوی عوماندا چەند مانۆڕێکی سەربازیی بە هاوبەشی ئێران و ڕووسیا ئەنجامداوە!
کاتێک باسی ئەم بابەتەم لەگەڵ دیپلۆماتێکی کەنداودا کرد، بە پێکەنینێکی نەرمەوە پێی وتم: بەخێربێن بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پۆست ئەمریکا. [1]