$ئێراق، گوناهە گەورەکە لە کوێدایە؟$
#عادل باخەوان#
لەگەڵ کۆتایی هەر حکومەتێک و سەرەتای دەستپێکردنی حکومەتێکی دیکە لە بەغدا، لە چەندان پایتەختی گرنگ و گەورەی جیهانی و هەرێمایەتیدا، سەرلەنوێ دیبەیت لەسەر پرسیارە گەورەکەی ئێراق دەستپێدەکاتەوە: چارەسەر لە کوێدایە؟ چارەسەر چییە؟ چی بکرێت بۆچوونەدەرەوە لە قەیرانی ئێراقی؟ ئایا بەڕاستی ڕێگەیەک هەیە بۆ باشترکردنی ژیان لەم وڵاتەدا؟ تاوەکو چەند دەکرێت خەون بە سبەینێیەکی جوانترەوە بۆ ئێراقییەکان ببینین؟ بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە، دیپلۆمات، توێژەر، تایبەتمەند، ڕۆژنامەنووس و تەنانەت بزنسمانەکانیش بانگدەکرێن.
بە بۆچوونی من، هەر دیبەیتێک لەسەر ئەکتەرەکان بێت، هیچ مانای نییە. واتە دیبەیتەکە نابێت لەسەر ئەوە بێت کە کێ چارەسەرە، چونکە هیچ ئەکتەرێک بە تەنیا نە شیعی، نە سوننی، نە کوردی ناتوانێت فریادڕەس بێت و ئێراق لە قەیرانەکانی ڕزگاربکات. لێرەوە، من کۆی دیبەیتەکە دەبەمەوە سەر ڕەوگوڕیشەی گوناهە گەورەکە، کە هەموو چارەسەرێکی لاوەکی دەکات بە مەحاڵ. حیکایەتی ئەم گوناهە گەورەیەش بەم شێوەیە دەستپێدەکات.
(1)
تیۆری دەوڵەت-نەتەوە بەردەوام پێشنیازی نەتەوە وەک چوارچێوەیەکی یەکگرتووی کۆمەڵێک مرۆڤ دەکات کە پێکەوە خاوەنی یەک دەزگای سیاسی و یەک سیستمی کۆمەڵایەتین و یەک ڕیتمی کولتوورییان هەیە و پێکەوە و وەک یەک گوێڕایەڵ و جێبەجێکاری هەمان ئەو یاسایانەن کە دەسەڵاتێکی یەکگرتووی یەکگرتووکاری یەکگرتووکراو فەرزیان دەکات، دەسەڵاتێک کە تەنیا خۆی بۆ خۆی دەبێتە ڕەنگدانەوەی یەکێتی و یەکگرتوویی دەوڵەت. ڕەنگە ئەم تێزە بۆ سەرزەمینێک ببێت کە یەک نەتەوەی لەسەر بژی و دواتر هەر گرووپێکی دیکە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگاتە ئەو سەرزەمینە، تێیدا دەتوێتەوە.
بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک بەلجیکا و ئێراق، پراکتیزەکردنی ئەم تێزە لە مەحاڵەوە نزیکە. هەر وەک چۆن لە بەلجیکادا فلامۆندەکان و والۆنەکان خۆیان بە دوو نەتەوەی جیاواز و سەربەخۆ و دابڕاو لە یەکدی دەزانن، ئاواش لە ئێراقدا کورد و عەرەب خۆیان بە دوو نەتەوەی جیاواز و سەربەخۆ دەزانن و لەناو عەرەبەکانیشدا هەردوو جڤاتی شیعە و سوننە خۆیان بە دوو کیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی و ئایینی جیاواز پێناسەدەکەن و دابڕانی نێوانیان هێندە ڕادیکاڵە کە دەکرێت تەنیا لەسەر ناوی کەسێک یەکدی بکوژن.
ئەم نەتەوە و جڤاتانە لەسەر ئەم خاکە ژیاون، پێش ئەوەی شتێک هەبووبێت بەناوی دەوڵەت-نەتەوە وەک مۆدێلێکی سیاسی و هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنیان و توانەوەیان لە چوارچێوەی نەتەوەیەکی تازەدا بەناوی نەتەوەی ئێراقی، بۆیە پرسی هاوئاهەنگکردنیان لە چوارچێوەیەکی نوێدا هەم ستەمە و هەم ئەستەمە، باشترین بەڵگەش سەدەیەکە لە ئەزموونی شکستی ئەم هەوڵە لە ئێراقدا.
(2)
یەکێک لە سیحرەکانی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بریتییە لە ئامادەیی سەروەرییەکی دابەشنەکراوی کامڵی چڕ و پڕ کە دەسەڵاتی بێسنووری بەسەر سنوورەکانی خۆیدا هەیە و ڕێگە نادات کەس دەستوەردان بکات لە کاروبارەکانیدا. لێرەوە بیرۆکەی نەتەوە و فەنتازیای دەوڵەتێک کە توانای ئەوەی هەبێت دەستنیشانی قەدەری خۆی بکات، ئاوێزانی یەکدی دەبن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم سەربەخۆیی نیشتمانییە لە سێ ئاستدا وەهمە.
سەرەتا لە ئاستی ئابووریدا، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەوڵەتە سەربەخۆکانیش کۆنترۆڵی خۆیان لەسەر ئابووریی نیشتمانی کاڵدەبێتەوە و بازاڕە جیهانییەکان هەژموون بەسەر بازاڕە نیشتمانییەکاندا دەکەن. هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازیش، پۆلە گەورە جیهانییەکان هەژموونی تەواویان بەسەر پرسی سەربەخۆیی نیشتمانیدا هەیە و ئاڕاستەی ستراتیژ و ڕووداوە گەورەکان دەکەن. لە کۆتاییشدا لەسەر ئاستی ژینگە دەبینین چۆن گرفتەکان جیهانین و چارەسەرەکانیش هەر دەبێت جیهانی بن و سەربەخۆیی نیشتمانی تەنیا لە چەند پەراوێزێکی بچووکدا نەبێت خۆی بەدی ناهێنێت.
ئەمە گەر بۆ دەوڵەتێکی دامەزراو و سەقامگیر ڕاست بێت، بێگومان بۆ ئێراقێکی هەڵوەشاوە لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری چەند جار ڕاستە، چونکە بەلای کەمەوە لە 2003ەوە تائێستا دەوڵەتی ئێراقی تەنیاوتەنیا لە ڕێگەی ئیدارەی هاوبەشی نێوان زلهێزەکانی سیستمی جیهانی و سیستمی هەرێمایەتییەوە ئیدارە دەکرێت و هەرکاتێک ئەو هاوبەشییە گرفتی بۆ درووست بێت، ئیدی کۆی دەوڵەتەکە دەکەوێتە بەردەم قەیرانی بکوژی ئیدارەکردنەوە.
(3)
ئێمە چیدی لە سەدەی هەژدەدا ناژین تاوەکو تەنیا مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە چارەسەربێت. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین تێیدا کەسی تاک، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، کەمتر هەست بەوە دەکات کە ئەندامی جڤاتێکی مێژوویی داخراوە، کەمتر هەست بەوە دەکات کە ئینتیما بۆ ئەو جڤاتە مانا بە ژیانی کۆمەڵایەتی دەدات، کەمتر هەست بە تەناهی لەگەڵ شووناسی ئەو حیکایەتە بەکۆمەڵانەدا دەکات کە پێگە تاکەکەسییەکەی بەهەند وەرناگرن.
لێرەوە ئینتیما بۆ هەرێمێک، بۆ ئیتنییەک، بۆ ناوچەیەک، بۆ چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ جڤاتێک، بۆ نەوەیەک، بۆ مەزهەبێک، بۆ زمانێک، بۆ کیشوەرێک و تەنانەت بۆ جیهانێک، تاوەکو ئاستێکی زۆر لەدەرەوەی شووناسی نیشتمانی، خۆی دادەڕێژێت و خۆی بینادەکات.
ئیدی ئەم کەسی تاکە بەرهەمی کۆمەڵگەیەکی پۆست مۆدێرنە کە دەخوازێت بەردەوام لەنێو بەر خۆریدا بێت و دەستی لە بازاڕە گەورەکانی جیهانی گیرببێت و تێکەڵ بەو خەیاڵدانە جیهانییانە ببێت کە سنوورەکانی ئینتیمای نیشتمانی و هەستی نیشتمانی تێدەپەڕێنن. لە دۆخێکی واشدا ئیدی چەمکەکانی ناوەند و پەراوێز بەرەو کۆتایی دەچێت و پەیوەندییە ستوونییەکان هەڵدەوەشێنەوە و تۆڕەکانی پەیوەندیی نوێ جێگەیان دەگرنەوە.
ئەم سێ بەربەستە وادەکەن کە پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراقدا تەنیا لە ئاستێکی تیۆری ڕووت و قوتدا بمێنێتەوە و شانسی بەدیهێنانی لە واقیعدا تەواو لاوازبێت و هەر گرەوێکیش لەسەر جێبەجێکردنی هەم باجە مرۆییەکەی و هەم باجە داراییەکەی و هەم باجە سەربازی و ئەمنییەکەی یەکجار گەورەبێت بەبێ ئەوەی سادەترین گەرەنتی سەرکەوتنی لە ئارادا هەبێت.
بۆ دەرچوون لە سەدەیەک شکستی دەوڵەت-نەتەوە و دووبارەنەکردنەوەی سەدەیەکی دیکە لە تراژیدیا و ئەو کارەساتانەی کە دەکرێت بەناوی دەوڵەت-نەتەوە وە لە ئێراقدا دووبارە بکرێنەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە ئێراقییەکان، بە هاوڕێیەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەدوای فۆرمێکی دیکە و چارەسەرێکی دیکەی واقیعی و بابەتی و پراگماتیکیدا بگەڕێن، نەک مانەوە لەنێو ئەفسانەیەکدا کە جگە لە تراژیدیا هیچی بۆ ئێراقییەکان نەهێناوە و ناهێنێت. [1]