$کێ و چی ئێراق ڕزگار دەکات؟$
#عادل باخەوان#
لە دەوڵەتێکی بیناکراو لەسەر چوارچێوەی یاسایی تۆکمە کە پەیوەندییەکانی هێز لەنێوان پێکهاتە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێکدەخات، هەڵبژاردن وەک دەرکەوتەیەکی دیموکراسی دەبیندرێت و زۆر بەدەگمەن گومان لەسەر بەها و ڕۆڵە ناوەندییەکەی درووست دەکرێت.
لە دەوڵەتێکی پاش جەنگدا، زۆر جار هەڵبژاردن نەک هەر چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە بۆ خاوکردنەوەی بەریککەوتنەکان نییە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکیی تۆخکردنەوەیانە، بە تایبەتی ئەوکاتانەی کە دەرئەنجامەکانی دەبن بە بابەتی دڕان و ناکۆکیی قووڵ و ئەمەش وادەکات کە، هەڵبژاردن ببێت بە گرفت لە بەردەم بیناکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر کولتووری دیموکراسی.
لێرەوە ئێمە لە بەردەم گرفتێکی بنەڕەتیداین: لە دۆخی دەوڵەتەکانی پاش جەنگدا و کاتێک دەڕۆنە نێو پرۆسێسی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی، ئەگەر پەلەبکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەگەر هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا بکرێت بە ئامانجێکی باڵا، گریمانەی فراوانبوونی ناکۆکییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ترازانەکان تەواو بەهێزدەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا، ئەگەر بە کۆمەڵێک بەهانەی جیاوازەوە زیاد لە پێویست دوابخرێت، دووبارە کۆمەڵگە دەخاتەوە بەردەم گریمانەی بە هەمیشەییکردنی دۆخە کاتییەکان و چوارچێوە نائاساییەکان دەکات بە ئاسایی و ئەمەش بێگومان پرۆسێسی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی پەکدەخات.
لەنێوان 2003 بۆ 2022ی ئێراقی پاش جەنگدا، زۆر جار هەڵبژاردنەکان هۆکاری سەرەکیی فراوانبوونی درز و دڕانە و بەریەککەوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوون، سەرەتا لەنێوان سێ پێکهاتە گەورەکەی شیعە و سوننە و کورددا، بە ڕادەیەک کە هەر هەڵبژاردنێکی زیاتر سنووری نێوان پێکهاتەکانی تۆخترکردووەتەوە و زیاتر بەرەو ئۆتۆنۆمی بردوونی، ئۆتۆنۆمی وەک بێمتمانەیی زۆر گەورە لەبەرانبەر یەکتریدا.
پاشان هەڵبژاردن دێت و درزەکان دەگوێزێتەوە بۆ نێو خودی پێکهاتەکانیش، بە ڕادەیەک کە چیتر دۆزینەوەی زمان و بەرژەوەندی و ڕەمز و خەون و چاوەڕوانیی و گرەوی هاوبەش لەنێوان ئەکتەرە سیاسییەکانی نێو پێکهاتەیەکیشدا ببێت بە کارێکی ئێجگار سەخت.
کێ دەتوانێ گومان لەوەبکات کە درزی نێوان بلۆکی سەدری و بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەمان ئاستی درزی نێوان کورد و شیعەدا نەبێت، گەر زیاتریش نەبێت! کێ دەتوانێ گومان لەوەبکات کە درزی نێوان پارتی و یەکێتی لە هەمان ئاستی درزی نێوان سوننە و شیعەدا نەبێت، گەر زیاترش نەبێت!
زۆربەی ئەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترێت وڵاتانی پاش ململانێ (Post-conflit) ، کاتێک دەگەنە ئەم قۆناخە هەستیارانە، ڕاستەوخۆ باس لە پرسی ڕیفۆرمی سیستم و هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەن و پێیانوایە تاکە چارەسەر بۆ دەرچوون لە کۆڵانە داخراوەکان و قەیرانە بکوژەکان ڕیفۆرمی سیستم و هەموارکردنەوەی دەستوورە و بەس، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا وەهمی دەستەبژێرێکی شکستخواردووی دۆخی پاش ململانێیە. باشترین دەستووری جیهان، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، تەنیا وەک پارچە کاخەزێکی بێکەڵک و بێمانا دەمێنێتەوە.
ڕەنگە دەستووری ئێستای ئێراق یەکێک بێت لە هەرە باشترین دەستوورەکانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام ئەم باشترین بوونە ئێراقی لە قەیرانەکان ڕزگارنەکردووە، چونکە دەستەبژێرە ئێراقییەکان شکستیان هێناوە لەوەی کە وەریبگێڕنە سەر واقعێکی کۆنکرێتی.
گەر لە ئێراقدا شتێک مابێت کە تائێستاش گرنگ بێت، بەدڵنیاییەوە هەموارکردنەوەی دەستوور نییە، بەڵکوو ڕێککەوتنە لەسەر کۆمەڵێک میکانیزمی کۆنکرێتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور کە هەموو لایەک دڵنیابکاتەوە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا، دەستوور نابێت وەک دەقێکی پیرۆز و نەگۆڕ بۆ هەموو کات و شوێنێک تەماشابکرێت و هەرگیز هەمووار نەکرێتەوە. بە پێچەوانەوە، دانانی کات بۆ پێداچوونەوەی دەستوور زۆر گرنگە، بۆ نموونە هەر 10 ساڵ جارێک، پێکهاتەکانی ئێراق مافی ئەوەیان هەبێت بەشێوەیەکی دەزگایی پێداچوونەوە بە دەستووردا بکەن، بۆئەوەی بزانن لەکوێدا و تاوەکو کوێ جێبەجێکراوە و ئەگەر چیتر ئەو دەستوورە وەڵامی داواکاری و چاوەڕوانییەکانیان نەداتەوە، مافی ئەوەیان هەبێت داوای هەموارکردنەوەی بکەن، ئەگەر نا بە ئارەزوومەندانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
گرفتەکە لەوەدایە کە بەشێکی زۆر لە ئێراقییەکان ڕازی نین بەوەی کە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوانیان بێت و نایانەوێت وەک دەرئەنجامی بەریککەوتنی نێوان دۆخێکی بابەتی و پرۆسێسێکی مێژوویی و کۆمەڵێک ئەکتەری تایبەت بیبینن. زۆرێک لە ئێراقییەکان دەستووریان تەنیا وەک لۆژیکی هەژموون و گوزارشت لە زۆرینەی ژمارەیی و ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی هێز دەکەن. لە ڕووبەرێکی ئاوادا، پرسی پێکەوەژیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و ئاشتیخوازانە لە تەواوی ماناکانی بەتاڵ دەکرێتەوە.
بەشێکی هەرەزۆری ئەو ئەکتەرانەش کە لە ئێستا و ئێرەدا داوای هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەن، بێگومان ئەو ئەکتەرانە نین کە دەیانەوێت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە، هەلومەرجی پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکان باشتر بکەن، بەڵکوو ئەو ئەکتەرانەن کە دەیانەوێت لە ڕێگەی کردەی هەمووارکردنەوە، باشتر هەژموونی خۆیان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنن.
ئێراقییەکان زیاتر لە دەرفەتێکیان لە بەردەستدابوو بۆئەوەی فۆرمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ پێکەوەژیان، بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی دامەزارو، بۆ ڕێککەوتن لەسەر سیستمێکی سیاسی کراوە، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری فرە ڕەهەند، یەک یەک ئەو دەرفەتانەیان لەدەستدا. هەموو ئەو ئاماژانەش کە لە بەغداەوە پێمان دەگەن، هیچ گەشبینی درووستناکەن، هیچیان بە ئاڕاستەی مۆدێلی ئەفریقای باشووردا ناڕۆن کە توانی دەوڵەتێکی تەندرووست و پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانەی پاش ململانێ درووستبکات، بەڵکوو بە ئاڕاستەی کینیادا دەڕۆن کە کۆمەڵگەیەکی هەڵوەشاوە و دەوڵەتێکی شکستخواردووی درووستکرد.
هەموو ئەم ئاماژە بابەتییانە ڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن: ئێراق نەخۆشە و لە ژووری نەشتەرگەرییەکی سەختدایە و زۆر ئەستەمە هەڵبژاردنی ئاسایی یان پێشوەختە، هەموارکردنەوەی دەستوور یان ڕیفۆرمکردنی سیستم ڕزگاری بکات. هەموو ئەوەی کە پزیشکەکان دەتوانن لەم ژووری نەشتەرگەرییەدا بیکەن، تەنیا دەرزی لێدان و بەنجکردنی کاتییە، ئەگەر نا داهاتوویەکی ئێجگار تراژیدی چاوەڕێی دەکات. [1]