$بۆچی پلانەکەی سەدر سەری نەگرت؟$
#عادل باخەوان#
#31-08-2022#
$سەرەتا$
ڕووداوەکانی 29 و 30ی مانگی ئاب، تائێستاش لە چەندین ڕووبەردا بەتاریکی ماونەتەوە و شیاوی ئەوەن چەندین نیشانەی پرسیاریان لەسەر دابنرێت. دوور لە هەموو ئەو وتارانەی لە بەردەم کامێراکاندا تۆمارکران، هەر لە کشانەوەی سەدرەوە تا دەگاتە خوێنڕشتن و پاشان دەرکەوتنەوەی بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان و بەریەککەوتنەکان، زۆر گرنگە ئێمە بڕۆینە ئەودیوی کامێراکانەوە و بزانین هەر بەڕاستی سەدر چی دەویست و بۆ وایکرد و پاشان بۆ کشایەوە.
$سەدر ویستی چی بکات؟$
پاش #10-10-2021# و لە قۆناخی یەکەمدا، ستراتیژیەتی سەدر بریتیبوو لە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی و لەم پێناوەشدا چەند جارێک پەڕڵەمانی کۆکردەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت ڕێژەیان بگەیێنێتە 220 پەڕڵەمانتار. لێرەوە ستراتیژیەتی یەکەمی شکست دەهێنێت و دەرەنجامەکەیشی بە پاشەکشە لە پەڕڵەمان کۆتایی پێدێت.
لە قۆناخی دووەمدا و لەدەرەوەی پەڕڵەمانەوە، سەدر ستراتیژیەتێکی دیکە درووستدەکات کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەڕڵەمان و ڕێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەپێناوی بەدیهێنانی ئەم ستراتیژیەتەشدا، چەندین ڕێگەی گرتەبەر، هەر لە ڕێگەی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارەوە تا دەگاتە دادگەی فیدراڵیی ئێراق و جێنین پلاسخارت و لە کۆتایشدا بە خۆپێشاندان و داگیرکردنی باڵەخانەی پەڕڵەمان کۆتاییهات. بەڵام هەموو ئەم کارتانەشی سوتا و شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەڕڵەماندا.
پاش بێئومێدبوون لە هەموو میکانیزمە دەستووری و دەزگایی و یاساییەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە خەونی پێوە دەبینین، سەدر بڕیار دەدات نەک هەر یارییەکە تێکبدات، بەڵکوو یارگەکەش بەسەر یاریزانەکاندا بڕووخێنێت و بەشێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵانە کۆتایی بە قۆناخی ئێراقی پاش سەددام حسێن بهێنێت و بەردی بناخەی ئێراقێکی دیکە بە ڤێرژنی نوێی سەدرییەوە دابنێت.
$سەدر ویستی لە ئێوارەی 29ی ئابدا چی بکات؟$
سەرچاوەیەک کە لە قووڵایی دەوڵەتی ئێراقیدایە و لە یەک کاتدا لە ڕەوتی سەدر و لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش نزیکە بەوردی باسی پلانێکی یەکجار ڕادیکاڵی سەدری بۆ کردم. بەپێی ئەم پلانە، دەبوو لە ئێوارەی 29ی ئابدا تەواوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستگیربکرێن و ڕاپێچی زیندان بکرێن. پاشان سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار ناچاربکرێن بە هەڵوەشاندنەوەی پەڕڵەمان و دەستنیشانکردنی بەروارێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
هەنگاوی یەکەمی ئەم پلانە دەبوو بەوە دەستپێبکات کە سەدر بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە سیاسەت و کاری سیاسی ڕابگەیێنێت، بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەک هیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەکی دۆخەکەی نەکەوێتە ئەستۆ و ڕووداوەکان وا لێکبدرێنەوە کە گەل سزای گەندەڵکارانی داوە.
لە هەنگاوی دووەمیشدا و لەپێناوی ئاساییش و سەقامگیریی وڵاتدا، هەمان گەلی ئێراقی داوا لە موقتەدا سەدر بکات بگەڕێتەوە و کۆنترۆڵی ڕووداوەکان بکات. موقتەداش بڵێت: داوای گەل ڕەتناکرێتەوە و دیسان خۆم دەکەم بە قوربانی و لەپێناوی گەلی ئێراقدا دێمەوە مەیدانەکە.
بەڵام لە ئێوارەی 29ی ئابدا، تا زیاتر بەغدا بەرەو تاریکی دەچوو، هەواڵی ناخۆش بە حەنانە دەگەیشت! سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەخێرایی هەست بە مەترسیی دۆخەکە دەکەن و داوا لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن تەوقی خۆپێشاندەران و چەکدارەکانی سەرایای سەلام بدەن و دەستیان لێبکەنەوە.
لێرەوە، ئاڕاستەی ڕووداوەکان دەگۆڕێت. ڕژانی خوێن، گەیشتنی چەکی قوورس، بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی تووند، داخستنی ڕێگەکان، هەڵنەهاتنی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بێباکییان لە بەکارهێنانی هەموو فۆرمەکانی زەبر و زەنگ و ...وایکرد کە موقتەدا سەدر، وردەوردە تێبگات لەوەی کە پلانەکەی سەرناگرێت و ئەم جارەش شکستی هێنا لە بەدیهێنانی خەونەکەیدا.
$نیوەڕۆی 30ی ئاب، بۆ سەدر وا تووڕە دەرکەوت؟$
من ڕاستەوخۆ لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بووم کە ڕۆژنامەنووسەکە پێیگوتم با پێکەوە تەماشای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی موقتەدا سەدر بکەین و پاشان بەرنامەکە تەواودەکەین.
ئەو پیاوەی کە ڕۆژێک پێشتر بڕیاریدابوو لە سیاسەت بکشێتەوە، ئەمڕۆ لە بەردەم تەلەڤزیۆنەکاندایە، زۆر تووڕەیە، زۆر بەتووندی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا قسەدەکات و زمانێکی زەبر و زەنگاوی لەبەرانبەریاندا بەکاردەهێنێت.
بەشێکی زۆری خوێندنەوە و شرۆڤەکان، وەک هەستێکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەبەرانبەر خوێنی ڕژاودا، ستایشی گەڕانەوەی سەدر و تووڕەبوونەکەی و بڕیارەکەیان دەکرد. بەڵام لەڕاستیدا، ئەو تووڕەبوونەی سەدر، ئەوەندەی تووڕەبوون بوو لە جەماوەرەکەی و سەرایای سەلام کە نەیانتوانی لەو زەمەنەی بۆیان دەستنیشانکرابوو پلانەکەی جێبەجێبکەن، ئەوەندە پەیوەندیی بە ڕشتنی خوێنی شیعە بەدەستی شیعەوە و ڕشتنی خوێنی ئێراقی بە دەستی ئێراقییەوە نەبوو. خۆ لە #16-10-2017#شدا، هەمان ئێراقییەکانی حەشد هاتن و چەندین پێشمەرگەیان شەهیدکرد، بەڵام ئەوکاتە موقتەدا سەدر نەهاتە سەر تەلەڤزیۆن و سێ جار بە تووڕەییەوە بڵێ: کوشتنی ئێراقی بە دەستی ئێراقی حەرامە! مەگەر پێشمەرگەش هەر هاووڵاتیی ئێراقی نین؟
$کۆتایی$
لە #10-10-2021#دا، سەدر سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا، بەڵام لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا هەرگیز نەیتوانی ئەم سەرکەوتنەی وەربگێڕێتە سەر سەرکەوتنی سیاسی و کۆنکرێتیکردنی لایەنی هەرە زۆری ئامانجەکانی.
حیزبە سیاسییەکان دەبێت تێبگەن لەوەی کە بردنەوەی هەڵبژاردنێک مەرج نییە هەمیشە یەکسان بێت بە بردنەوەی سیاسی، بەپێچەوانەوە، دەکرێت سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا توونێلێک بێت بۆ زنجیرەیەک لە شکستی جۆراوجۆر و خۆپاراستنیش لەم شکستانە، پێویستی بە عەقڵی ستراتیژی و کولتووری ساردی بیرکردنەوە و بیناکردنی ستراتیژیەتی واقعی و پاشان خوێندنەوەی پەیوەندییەکانی هێزە بەو شێوەیەی کە هەیە، نەک بەو شێوەیەی کە دەمانەوێت هەبێت. [1]