$ئەردۆغان و ئەسەد؛ کەی زەنگی تەلەفۆنەکە لێدەدات؟$
#عادل باخەوان#
$سەرەتا$
ئیدی ئەو زەمانە کۆتاییهات کە ئەنقەرە خۆی بۆ گۆڕینی ڕژێم لە سووریادا ئامادە دەکرد، پێیوابوو لە ماوەی شەش مانگدا ئەسەد کۆتایی پێدێت و ڕژێمێکی نوێ لە دیمەشقدا درووستدەبێت. بەپێچەوانەوە، ئێستا یەک لە دوای یەکی دەرگەکان بۆ بەشار ئەسەد دەکرێنەوە، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتییەوە و تورکیاش لەم هەلومەرجە نوێیە باش تێگەیشتووە و سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕینی ستراتیژییەتەکانی لە ناوچەکەدا.
سەرەتا با بەم پرسیارانە دەستپێبکەین، ئایا تورکیا چی لە سووریا دەوێت؟ مۆتەکە سەرەکییەکەی ئەنقەرە لە سووریادا چییە و چۆنە و کێیە؟ دەیەوێت چۆن لەگەڵ ئەم مۆتەکەیەدا مامەڵە بکات؟ کامانەن بژارە پراگماتیکییەکانی؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، گرنگە لەم بابەتانەی خوارە وردببینەوە:
$بانگەشەی پەلاماردانی ڕۆژاوای کوردستان$
ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، لە ژمارەی دوێنێیدا، 16ی ئابی 2022، هاوارێکی بێرنارد کوشنەر، وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسای بڵاوکردەوە. کوشنەر داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی دەکات کە ڕێگە بگرن لە پەلاماردانی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئەگەر نا، یەکەم، کوردەکان ڕووبەڕووی قەسابخانەیەکی گەورە دەبنەوە، دووەمیش داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان واتە گەڕانەوەی بەهێزی داعشێک کە هەڕەشەیە لەسەر ئاساییشی هەموو وڵاتانی ڕۆژاوا بەگشتی، بە فەرەنساشەوە.
ئەو هاوارەی بێرنارد کوشنەر، لە کاتێکدایە کە زیاتر لە چەند هەفتەیە، دیپلۆماسییەتی تورکی بەچڕی کار لەسەر سازدانی دۆخی پەلاماردانی ڕۆژاوای کوردستان دەکات و هەوڵ دەدات پایتەختە گەورەکان قەناعەت پێبکات بۆ ڕازیبوون بەم هێرشە فراوانە نوێیەی کە پێیوایە بۆ پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی خۆیەتی. ڕاستە تورکیا گرفتێکی هەیە بەناوی کۆچبەرانی سووریا، ڕاستە هاوکێشەیەکی هەیە بەناوی ئیدارەکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووری لەبەرانبەر ڕژێمدا، هەروەها ڕاستە تیرۆریزمی داعش پرسیارێکی گرنگە بۆ ئەنقەرە، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر پرسی کوردە لە سووریادا. تورکیا بەڕەهایی و بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ هەلومەرجێکدا نایەوێت کیانی کوردی لە سووریادا درووستببێت و بوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیش لەنێوان پەکەکە و ئەو کیانەدا، قوڵاییەکی دیکە بەم ڕەفزە تورکییە ڕەهایە دەبەخشێت.
$وەڵامی واشنتن و پاریس$
پاش گەیشتنی جۆ بایدن بە کۆشکی سپی، ئیتر سەرۆک ماکرۆن دۆستێکی بەهێزی لە ئەمریکای پۆست ترامپدا بۆ درووستبوو. لەگەڵ ئەم دۆستەدا، چیتر کارتەکان تێکەڵناکرێن. باشترین نموونەش سووریایە. هەردوو سەرۆک بایدن و ماکرۆن، بە ڕاشکاوانە سەرۆک ئەردۆغانیان تێگەیاندووە کە نەک هەر لەگەڵ پەلاماردانی ڕۆژاوای کوردستاندا نین، بەڵکوو بە هەڵەیەکی ستراتیژیشی دەبینن و پێی ڕازی نابن. بۆ هەریەکێک لەم دوو پایتەختە گرنگە، ئەولەویەتی یەکەم بریتییە لە جەنگ دژی داعش و لەم بوارەشدا کوردەکان ئەکتەری یەکەمن لە سووریادا و نەک هەر نابێ پەلاماربدرێن، بەڵکوو دەبێت پشتیوانی و هاوڕێیەتی بکرێن، چونکە تا ئێستاش داعش هەر هەڕەشەیەکی ستراتیژیی جیهانییە و دەبێت بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
$ئێران و ڕووسیا$
تورکیا توڕەیە لەم وەڵامەی ئەمریکا و فەرەنسا و لێی تێناگات و وەک ناپاکی دۆستەکانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، چونکە پێی وایە وەک ئەندامێکی ناتۆ، واشنتن و پاریس ناچارن بەوەی کە پشتیوانی و هاوڕێیەتی تورکیا بکەن، نەک دوژمنەکانی تورکیا! لێرەوە، سەرۆک ئەردۆغانی بێئومێدکراو لەلایەن دۆستەکانی ناتۆوە، بڕیاریدا لەگەڵ دوژمنەکانی ناتۆدا کۆببێتەوە و هەوڵبدات ئەوەی واشنتن و پاریس بۆیان نەکرد، مۆسکۆ و تاران بۆی بکەن، بەڵام هەردوو سەرۆک پووتین و ڕەئیسی، تەواو بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی سەرۆک ئەردۆغانەوە مامەڵەیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەی تاراندا، ئەوانیش بەڕوونی و ڕاشکاوی دوو شتیان بە سەرۆک ئەردۆغان گوت:
یەکەم: تێدەگەین لەوەی کە بۆ بوونی کیانێکی کوردی لە سووریادا هەڕەشەیە بەسەر ئاساییشی نەتەوەییتانەوە و لەم بوارەدا ئامادەی هاوکاریتانین.
دووەم: تاکە مامەڵەی درووست لەگەڵ ئەم هەڕەشەیەدا بریتییە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، نێوان سەرۆک ئەردۆغان و سەرۆک ئەسەد.
$گەڕان بەدوای ستراتیژیەتێکی دیکەدا$
لەم کۆبوونەوەیەدا و لە ڕێگەی هەستە پراگماتیکییەکانیەوە، سەرۆک ئەردۆغان بەخێرایی تێگەیشت لەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە، لەپێناوی ئامانجە گەورەکانیدا، بەدوای ستراتیژیەتێکی نوێ لە مامەڵەکردندا بگەڕێت. هەڵەن هەموو ئەوانەی کە پێیانوایە سەرۆک ئەردۆغان ئەکتەرێکی دۆگماتیکە و لەنێو کۆمەڵێک وەهمدا دەژی و بەپێی کۆمەڵێک وەهم مامەڵەدەکات. باشترین و نزیکترین بەڵگەش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و ئیسرائیلدا. تا چەند مانگێک پێش ئێستا، محەمەد بن سەلمانی وەک قەسابەکەی ڕیاز ناودەبرد، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا فەرشی سووری لە ئەنقەرە بۆ ڕاخست و تەنانەت ئەو کاتەش کە تورکیای بەجێهێشت تا بەردەم فڕۆکەکەی هاوڕێیەتی کرد، لە کاتێکدا زۆر بەدەگمەن ئەم نۆرمە پرۆتۆکۆڵییە بۆ کەسانی دیکە دەکات.
لێرەوە، بەشێکی زۆر لەو ئاماژانەی کە لە ئەنقەرەوە دێن، دەمانبەنەوە سەر گشتاندنی مۆدێلی مامەڵەکردن لەگەڵ بن سەلماندا. ڕاستە هاوکێشەی سووریی زۆر ئاڵۆزترە لە هاوکێشەی سعودی، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقەوە، زۆر بە ئاسانتر و بە خەرجیەکی زۆر کەمترەوە، سەرۆک ئەردۆغان دەتوانێت گورزی بەهێز لە ڕۆژاوای کوردستان بدات. ئەگەرچی لە ئێستا و ئێرەدا و لەبەر چەند هۆکارێکی بابەتی، نەتوانێت سەد لە سەد لەناوی ببات، بەڵام دەتوانێت ڕێگە بگرێت لەوەی کە هەرێمێکی دیکەی کوردستان لە سووریادا درووستببێت، بەتایبەتی گەر پشتیوانیی ڕووسیا و ئێرانی هەبێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاتێکی زۆری بەدەستەوە نەماوە، چونکە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارە و پێش ئەم بەروارەش دەبێت ڕووداوێکی گەورە درووستبکات کە کاریگەریی ئەرێنیی ڕاستەوخۆ بەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دابنێت و گەرەنتی مانەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا پێببەخشێت: ئایا لە خەیاڵدانی سیاسیی ئەردۆغاندا، ئەو ڕووداوە گەورەیە دەکرێت لەناوبردنی چوارچێوە دەوڵەتییەکەی ڕۆژاوای کوردستان بێت؟ ئایا لەپێناوی بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیەدا، تەلەفۆن بۆ بەشار ئەسەد دەکات و وەک جاران پێیی دەڵێت: برام چۆنیت؟ ئایا وەک چۆن پێشوازیی لە قەسابەکەی ڕیاز کرد، ئاواش لە ئەنقەرە پێشوازی لە قەسابەکەی دیمەشق دەکات؟ با چاوەڕوان بین، ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست بکەوێت. [1]