$کاتێک کوردستان دەکەنە ئێراقی!$
#عادل باخەوان#
نۆڤەمبەری 1922، هەردوو شاندی تورکی و بەریتانی دەگەنە شاری لۆزان لە سویسرا. عیسمەت پاشا سەرۆکایەتیی شاندی تورکیای دەکرد و لۆرد کورزۆنیش سەرۆکایەتیی شاندی بەریتانیای دەکرد. لۆزان چەند کەشوهەواکەی ساردبوو، هێندەش دیبەیتە سیاسییەکەی نێو کۆنفرانسەکەی گەرمبوو. بابەتی سەرەکیی کۆنفرانس بە فەرەنسی لەسەر خشتەی ڕۆژەکە نووسرابوو: پرسی سەروەریی تورکیا لەسەر ویلایەتی موسڵ.
تورکیای نوێی مستەفا کەمال، کە لە پێگەیەکی بەهێزدابوو لەبەرانبەر ڕکابەرەکانیدا، پێی نابووە نێو قۆناخێکی تازەوە و بەهیچ شێوەیەک نەیدەویست پابەندبێ بە ڕێککەوتننامەی سێڤەرەوە کە لە #20-08-1920# دا واژۆکرابوو، چونکە لە سێڤەردا، ماددەی 60 تاوەکو 63، بە ڕوون و ئاشکرا و بە ڕەش لەسەرسپی باسی لە دەوڵەتی کوردستان کرابوو، دەوڵەتێک بۆ کورد، دەوڵەتێک لەسەر خاکی کوردستان. پێش دەرچوون بەرەو لۆزان، مستەفا کەمال بە عیسمەت پاشا دەڵێت کە دەبێت یارییەکە بگۆڕێت و ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکاندا بکات، ڕێککەوتنێک کە گوزارشتبێت لە سەرکەوتنی تورکیا و جێگەی ڕێککەوتنەکەی سێڤەر بگرێتەوە، ڕێککەوتنێک کە ببێتە بنەمای سیستمی جیهانی نوێ.
کاتێک عیسمەت پاشا دەگاتە لۆزان، هەر لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەوە دەست دەکات بە نمایشکردنی سیستمی کۆی ئەو بەڵگانەی کە سازدراون بۆ سەلماندنی ویلایەتی موسڵ وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی تورکیا و لێرەوە دیبەیتێکی گەرم و تووند لەنێون عیسمەت پاشا و لۆرد کورزۆن دا، لەسەر چوار بابەت و بە چوار بەڵگەوە درووست دەبێت.
$بەڵگەی یەکەم$
بەڵگەی یەکەمی عیسمەت پاشا بریتیبوو لەوەی کە عەرەبەکانی ویلایەتی موسڵ تەنیا کەمینەیەکی زۆر کەمی دانیشتووانی ویلایەتی موسڵ پێکدێنن و، زۆرینەی هەرە زۆری ویلایەت سەرەتا لە کورد و پاشان لە تورکمان پێکهاتووە. لێرەوە لکاندنی ئەم ویلایەتە بە دەوڵەتی ئێراقی عەرەبییەوە بێ مانا و بێ بەهانە و بێ شەرعیەتە.
لە وەڵامی ئەم بەڵگەیەی عیسمەت پاشادا، لۆرد کورزۆن دەڵێت: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هەموو دانیشتووانی ویلایەتی موسڵ، بە سلێمانیشەوە، دەنگیانداوە بەوەی کە لەگەڵ هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرەدا بمێننەوە نەک بخرێنە سەر تورکیا.
لە ڕاستیدا لۆرد کۆرزۆن ڕووداوەکان بە هەڵگەڕاوەیی باس دەکات، چونکە کاتێک لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەریتانیا گشتپرسی لە سلێمانی ڕێکدەخات، 83%ی کورد دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن و نایانەوێ بخرێنە سەر دەوڵەتی ئێراق.
$بەڵگەی دووەم$
بەڵگەی دووەمی عیسمەت پاشا بریتیبوو لەوەی کە تەواوی گۆڕینەوە بازرگانییەکانی ویلایەتی موسڵ لەگەڵ تورکیادایە نەک لەگەڵ ئێراقی عەرەبیدا نییە و، تەبەعیەتی ئابووریی ویلایەتی موسڵ بۆ ئێمەیە نەک بۆ بەغدا و بەسرە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە کە دەتوانن لە سایەی سەروەریی تورکیادا بەئارامی و ئاساییشەوە بژین.
لۆرد کۆرزۆن وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: چۆن دەتوانین باوەڕ بەوە بکەین کە خاکێکی دەوڵەمەند کە لەنێوان دیجلە و فورات دا بێت، نەتوانێت وەڵامی داواکارییە ئابوورییەکانی خۆی بداتەوە و پێویستی بە ئابووری دەرەوەی خۆی هەبێت بۆئەوەی یارمەتیی بدات! ئەم خاکە خۆی بەشی خۆی و هاووڵاتییەکانی دەکات و تەبەعیەتی ئابووریی بۆ هیچ کەس و لایەنێک نابێت.
$بەڵگەی سێیەم$
بەڵگەی سێیەمی عیسمەت پاشا پەنابردنە بۆ شەرعیەتی نێودەوڵەتی و دەڵێت: داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ لەلایەن بەریتانیاوە ناشەرعییە، چونکە پێچەوانەی ئاگربەستی مودرۆسە کە لە ساڵی 1918 دا واژۆکراوە و بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەریتانیا مافی ئەوەی نییە هیچ پارچە خاکێکی تورکیا داگیر بکات و ویلایەتی موسڵیش خاکی تورکیایە! لە وەڵامی ئەم بەڵگەیەی پاشادا، لۆرد کۆرزۆن تەنیا دەڵێت: کۆمەڵەی گەلان مافی داوە بە بەریتانیای گەورە کە لە ئێراقدا بمێنێتەوە و هاوکاری بکات و بیخاتە ژێر ئینتیدابی خۆیەوە و ویلایەتی موسڵیش بەشێکی دانەبراوە لە ئێراقی مێژوویی!
$بەڵگەی چوارەم$
دوا بەڵگەی عیسمەت پاشا بریتییە لە کارتی گشتپرسی و، داوا دەکات لە کۆمەڵەی گەلان (کە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێستا دەکات) گشتپرسییەک سازبکات بۆ ئەوەی بزانرێت برا کوردەکان پێیان خۆشە بخرێنە سەر ئێراقی عەرەبی یان لەگەڵ تورکیادا بمێننەوە؟ لە دوا وەڵامیدا لۆرد کۆرزۆن ڕوو دەکاتە پاشا و پێی دەڵێت: دڵنیاتان دەکەمەوە کە کوردانی ویلایەتی موسڵ، هیچ جۆرە خواستێکیان نییە لەوەی کە بخرێنە سەر تورکیا و ئەوان داوای ئەوە دەکەن کە لەژێر سەرپەرشتی و پارێزگاریی بەریتانیای گەورەدا بمێننەوە.
$کۆتایی$
ئەوەی لەم دیالۆگەی نێوان پاشا و لۆرد، تورکیا و بەریتانیا لە لۆزان دا گرنگە ئەوەیە کە کوردانی ویلایەتی موسڵ، کە 52%ی دانیشتووانیان پێکدەهێنا، هیچ جۆرە نوێنەرایەتییەکیان لە لۆزان و لەنێو کۆنفرانسەکەدا نەبوو! تورکەکان و بەریتانییەکان خۆیان وەک نوێنەر و پارێزەر و گوزارشتکار لە خواستی کورد بە دنیا دەناساند و وا مامەڵەیان دەکرد کە گەلی کورد یان بەشێک بێت لە بەریتانیای گەورە یان لە تورکیای نوێ!
هەر یەکێک لەم دوو شاندە گەورەیە و تەواوی بەشداربووانی کۆنفرانسی لۆزان هیچ خواستێکیان نەبوو کە پرس بەو دەستەبژێرە نەتەوەییە کوردییە بکەن کە لە ساڵی 1919 دا دەوڵەتێکی کوردی لە سلێمانی دامەزراندبوو، دەوڵەتێک کە پاشای هەبوو، حکومەتی هەبوو، ئاڵای هەبوو، مارشی هەبوو، سنووری هەبوو، جەماوەری هەبوو، پەیوەندی جیهانی هەبوو.
ئەم دەستەبژێرە ناسیۆنالیستە، نەیدەیوست لەنێوان تورکیا و ئێراق دا یەکێکیان هەڵبژێرێت، دەیوسیت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی لەسەر خاکی خۆی.
لە مانگی مارسی 1919دا، نوێنەری بەریتانیای گەورە، لە برووسکەیەک دا بۆ لەندەن دەڵێت: نازانم چاوەڕوانی چیدەکەن؟ لێرە، لە سلێمانی، دەوڵەتێکی دۆستی بەریتانیا درووستبووە و تەنیا چاوەڕوانی دانپێدانانی ئێوە دەکات، بەڵام دواتر ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەڕۆن. عیسمەت پاشا گەڕی یەکەمی دانووستاندن لەسەر ویلایەتی موسڵ دەدۆڕێنێت، ناسیۆنالیستەکانی سلێمانیش هەر دەیدۆڕێنن و تەنیا لۆرد کۆرزۆن یاریەکە دەباتەوە و لە دیسەمبەری 1925 دا و بەپێی بڕیارێکی کۆمەڵەی گەلان، ویلایەتی موسڵ بە فەرمی دەخرێتە سەر ئێراق و ئیدی لەم چرکەساتە بەدواوە کوردستان دەکەنە ئێراقی. [1]