$ئایا هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەکی وجودیدایە؟$
#عادل باخەوان#
#30-06-2022#
$سەرەتا$
لەنێوان 13 و 25ی ئەم مانگەدا دوو گەشتم بۆ بەغدا و #هەولێر# کرد و لە هەردوو پایتەخت کەسی یەکەمی زۆربەی هەرە زۆری حیزبە شیعی، کوردستانی و سووننییەکانم بینی و لەدەرەوەی ئەوانیش چەندین دیپلۆماتی ڕۆژاوایی دانیشتووی بەغدا و چەند گرووپێکی توێژینەوەی جیاجیام بینین. ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارانەم بریتیبوو لە تێگەیشتن لەوەی کە لە ئێستا و ئەمڕۆی ئێراق دا ڕوودەدات لە زاری یەکەمی هێزە سیاسییەکان خۆیانەوە و، دیالۆگی ڕاستەوخۆ و دوو بە دوو لەگەڵیان دا، دوور لە چاوی کامێراکان. من هەوڵدەدەم لە چەند وتارێکدا تێبینییە گشتییەکانم تۆمار بکەم و ئەگەر پێویستیش بکات زیاتر لەسەریان بوەستم.
لەم وتارەدا پێمباشە لەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراق بوەستم و، وەڵامی پرسیارێکی سەرەکی بدەمەوە کە چەند ڕۆژێکە، بە چەندین ڕێگەی جیاواز لێم دەکرێت: ئایا هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەکی وجودیدایە؟ تەنانەت یەکێک لە خوێنەرەکانم بە خەمێکی قووڵەوە لێم دەپرسێت: بەڕاستی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؟
$ئەم پرسیارە بۆ؟$
تێگەیشتن لە ڕەگوڕیشەکانی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، چونکە ڕێگەمان پێدەدات بۆئەوەی وەڵامێکی درووست بدەینەوە. من پێم وایە بەشێک لە ڕەگوڕیشەکانی ورووژاندنی ئەم پرسە لەنێو نەزانیندایە و بەشێکی دیکەشی لەنێو سەرمایەگوزاریی سیاسیدایە.
سەرەتا نەزانین. نەبوونی میتۆدێکی زانستی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی واقیع وەکوو ئەوەی کە هەیە و پاشان شرۆڤەکردنی زانیارییەکان بۆ تێگەیشتن و دواتر بەرهەمهێنانی مەعریفە لەسەر چییەتی و چۆنێتی و چەندایەتیی ئەو واقیعەی کە تێیدا دەژین، هۆکاری یەکەمی وروژاندنی ئەم پرسەیە. بۆ نموونە چەند هێرشێک بە درۆن، بارینی چەند مووشەکێک بەسەر هەولێردا، جووڵەی گرووپێکی #حەشدی شەعبی# یان لێدوانی بەرپرسێکی تورکی و ئێرانی، یاخود وتارێکی گشتی دیپلۆماتێکی ئەوروپی، وادەکات کە هەموو ئەو دەستەبژێر و ڕۆشنبیر و تەنانەت خوێنەرە ئاساییانەش بخاتە پانیکەوە، کە خاوەنی میتۆدێکی زانستی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا نییە و کۆی ئەو بنەما و نۆرم و ڕێکخستن و یاسا و بەرژەوەندی و گرەوانە نابینن کە ستراکتۆر و مانا بەو جووڵانە دەبەخشن. لێرەوە پێیانوایە سبەینێ هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت و لەم بوارەشدا دەنگە دەنگێکی زۆر بە دەوری خۆیاندا درووست دەکەن.
سەرمایەگوزاریی سیاسی. گرووپی دووەمیش هەموو ئەو دەستەبژێرە سیاسی و ڕۆشنبیریانەن کە تەواو وشیارن بەوەی کە چۆن و لەبەرچی و کەی و بۆچی ئەم درۆن و مووشەکانە دەبارن بەسەر کوردستان دا و لە چ دۆخێکدا دیپلۆماتێک لێدوانێک دەدات، بەڵام بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەژموونی سیاسی و ڕۆشنبیرییان و بۆ دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی هێز، دێن سەرمایەگوزاری بەم ڕووداوانەوە دەکەن. ئەکتەرەکانی ئەم گرووپە هیچ بەلایانەوە گرنگ نییە کە کۆمەڵگەی کوردستانی دەخرێتە دۆخێکی نائارامیی دەروونییەوە و بازاڕ تێکدەچێت یاخود نا و پانیکێکی گەورە ڕوو لە هاونیشتمانیان دەکات یاخود نا. تەنیا شتێک بەلایانەوە گرنگە ئەوەیە کە چۆن هەر یەکێک لەم ڕووداوانە بەکاربێنن بەو ئاڕاستەیەی کە خۆیان دەیانەوێت.
$ئایا لە بەغدا هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟$
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستی مندان و زۆر بەوردی شرۆڤەم کردوون، لە ئێستا و ئێرەدا و تەنانەت لە مەودای مامناوەندیش دا شتێک لە بەغدا نییە بەناوی هەڕەشەی وجودی لەسەر هەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی بابەتی، بەغدا نەک هەر هەڕەشەی وجودی نییە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکوو خۆی لە کارەساتێکی وجودیی گەورەدا دەژی و جەنگی مان و نەمان لەپێناوی مانەوەی خۆیدا دەکات.
تەنانەت بەبێ هیچ دوو دڵییەک دەتوانم بڵێم لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپای ئێراق و حەشدی شەعبی هەڵنەکردایە و یارمەتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان نەدانایە، بە هیچ شێوەیەک نەک هەر نەیاندەتوانی گوندێکی ناوچە جێناکۆکەکان بگرن، بەڵکوو هەر لە بناخەوە بیریان لە پەلاماردان نەدەکردەوە. ئێستا ئەو گڵۆپە سەوزە نەک هەر هەڵنەکراوە، بەڵکوو ئەمریکا و ئەوروپا زۆر بە تووندی مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی و تەنانەت چەند لایەنێکی سوپای ئێراقیش دا دەکەن.
دەتوانم لەوەش زیاتر نهێنییەک لەم بابەتەدا بدرکێنم. یەکێک لە سەرکردە هەرە بەهێزەکانی شیعە، بەوردی و بە بەڵگە و زانیارییەوە باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە زۆر گرنگە ئێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکجارەکی ڕێکبکەوێت، ئەگەرنا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە مەترسی بەسەر ئاساییش و سەقامگیری و گەشەی ئابووریی تەواوی ئێراقەوە. ڕەنگە ئەم ڕوانینە کەمێک زیادەڕۆیی تێدابێت، بەڵام بەشێکی گرنگ لە ڕاستیشی تێدایە.
$چ جۆرە هەڕەشەیەک لەسەر کوردستانە؟$
بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە کوردستان هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی لەسەر نییە؟ بێگومان نەخێر. کوردستان لە بەردەم چەندین هەڕەشەی ستراتیژیدایە، لەوانە، جەنگی نێوان #پەکەکە# و تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان، دابەشبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر دوو حیزب دا، لاوازیی ژێرخانی ئابووریی کوردستان، نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی کورد وەکوو نەتەوەیەک لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ئێراق دا، زیندووبوونەوەی #داعش#، نەبوونی ڕێککەوتنێکی گشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، ئامادەنەبوونی جەستەکی دیپلۆماسیی کوردیی کارا کە بتوانێت لەگەڵ دنیادا مامەڵە بکات و لە گۆڕانکارییەکان تێبگات، نەبوونی دیالۆگێکی ڕاشکاوانە لەگەڵ گرووپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی و دەرەوەی حەشد دا، نەبوونی چوارچێوەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئاساییشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان. هەر یەکێک لەمانە هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە و پێویستە بە هەند وەربگیرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
$کۆتایی$
نەخێر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی وجودیدا نییە، بەڵێ هەرێمی کوردستان لە بەردەم چەندین هەڕەشەی ستراتیژیدایە. قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێش هەموو شتێک بڕیاری زلهێزەکانی سیستمی جیهانییە و لە ئێستا و ئێرەدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتە بەهێزەکانی یەکێتیی ئەوروپا، نەک هەر خواستێکیان نییە بۆ لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو دەیانەوێت هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لەنێو ئێراقێکی یەکگرتوودا هەبێت.
جگە لە ئەوروپا و ئەمریکاش، لە ئێستا و ئێرەدا وڵاتانی کەنداو بەگشتی و ئیمارات، سعودیە و قەتەر بەتایبەتی، خواستێکی بەهێزیان هەیە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان بە کارایی لەنێو ئێراقدا بمێنێتەوە و وەکوو هاوبەشێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
بەڵام هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە ناشارنەوە کە هەر یەکێک لەو سێ ئەکتەرە سەرەکیەی سیستمی جیهانی، ئەمریکا و ئەوروپا و کەنداو، هەست بە ماندووبوونێکی زۆر دەکەن سەبارەت بە جۆرێک لە بێباکیی دەستەبژێری کورد لەبەرانبەر ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و تێناگەن لەوەی کە چۆن دەبێت و دەکرێت بەم شێوەیە کورد نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ داهاتووی خۆیان دا بکەن! [1]