$ئەردۆغان و گەڕانەوە بۆ کولتووری سارد$
#عادل باخەوان#
#01-05-2022#
لە تورکیادا دنیایەک کۆتایی پێدێت و دنیایەکی دیکە لە درووستبووندایە. ئەم دنیا نوێیە، دنیای چوونە دەرەوەیە لە کۆمەڵێک خەیاڵ کە چەندین گرووپ و ئەکتەری ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی تووشی شۆک کردووە، بەڵام لای من تەواو پێشبینیکراو بوو.
1. تورکیا و سعودیە دوو دەوڵەتە زلهێزە سونییەکەی سیستمی هەرێمایەتین. بەهاری عەرەبی و چیرۆکی جەمال خاشقچی لێکی دوورخستنەوە و کردنی بە ڕکابەری یەکدی. ئەم سەردانە دوو ڕۆژیەی سەرۆک ئەردۆغان، بۆ دوورینەوەی لاپەڕە دڕاوەکانی نێوانیانە.
2. هەڵبژاردنی دوا ساتەکانی ڕەمەزان و بەربانگکردنەوە لەگەڵ شا سەلمان و لەباوەشکردنی محەمەد بن سەلمان کۆمەڵێک ئاماژەن و بە ڕوونی پێمان دەڵێن کە سەرۆک ئەردۆغان دەیەوێت پەلە بکات لە داخستنی دەرگەی ڕابردوویەک کە چیدی بە کەڵکی نایێت، کە من ناوی دەنێم دنیای کولتووری گەرم.
3. جەمال خاشقچی ئەو ڕۆژنامەڤانە سعودیە بوو کە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستدا وتاری دەنووسی و ڕەخنەی لە محەمەد بن سەلمان دەگرت. لە #02-10-2018# بۆ کارێکی ئیداری سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیی کرد لە ئیستەنبووڵ، بەبێ ئەوەی بتوانێت لەو دەرگایەوەی کە لێیەوە چووە ژوورەوە جارێکی دیکە بێتە دەرەوە، چونکە هەر لەنێو هەمان کۆنسوڵخانەدا کوشتیان و پاشان بە مشار لەتلەتیان کرد و دواتر بە تێزاب پارچەکانی جەستەییان تواندەوە و بۆ هەمیشە کۆتایی پێهات.
4. سەرۆک ئەردۆغان ئەوەی ناونا تیرۆری سیاسی و کردیە یەکێک لە دۆسیە هەرە گەورەکانی ناکۆی دژی سعودیە و وەکوو چەکێکی بەهێز بەکاریدەهێنا بۆ گوشارخستنە سەر محەمەد بن سەلمان و لێرەوەش هەردوو زلهێزە سونییەکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دیپلۆماسی بوونەوە.
5. چوار ساڵ دواتر، سەرۆک ئەردۆغان لە بەردەم کامێراکانی جیهاندا و پێش فڕینی بۆ شاری جیدە، ڕووناکی دەخاتە سەر گەڕانەوە بۆ کولتوورە ساردەکەی دەوڵەت و دەڵێت: لە سایەی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو لامانەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا و سعودیە زۆر باشتر دەبن لە جاران و دەیانخەینە قۆناخێکی تەواو نوێوە.. ئێمە پەیوەندیی برایەتیمان درووستدەکەینەوە، هەروەها بەهێزی دەکەین.
6. بۆئەوەی ئەم پەیوەندیی برایەتییە درووستبکرێتەوە و بەهێزبکرێت، محەمەد بن سەلمان مەرجی ئەوە بوو کە چیرۆکی جەمال خاشقچی، لەسەر ئاستی سیاسی و لەسەر ئاستی یاسایی لە تورکیادا بە تەواوی دابخرێت. سەرۆک ئەردۆغان، لە 31ی مارسی ئەمساڵدا (2022) و لە هەردوو ئاستەکەدا کۆتایی یەکجارەکیی بە کەیسی جەمال خاشقچی هێنا و دۆسیەکەی بە یەکجاری داخست.
7. ئەم وەرچەرخانە 180 پلەییەی سەرۆک ئەردۆغان ڕاستەوخۆ کۆتایی بە زۆر شت دەهێنێت، یەکێک لەوانە بریتییە لەو گەمارۆی سعودیە کە لەسەر کاڵای تورکی دانراوە. ئەم گەمارۆ نافەرمییە، ڕێژەی کاڵای هەناردەکراوی تورکیا بۆ سعودیە لە سێ ملیار دۆلارەوە دابەزاند بۆ تەنیا 190 ملیۆن دۆلار و بەمەش گورزێکی سەخت لە ئابووریی تورکیا درا، ئابوورییەک کە خۆی لە خۆیدا قەیرانێکی گەورەی سیستمی دەژی و دەبێت سەرۆک فریای بکەوێت، ئەگەرنا دەرەنجامی سەختی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
8. لەبیرمان نەچێت کە دراوی تورکی، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا 45%ی بەهای خۆی لەبەرانبەر دۆلاردا لەدەستداوە و ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 60%، ئەمەش چەندین گرفتی لەنێو کۆمەڵگەی تورکیدا درووستکردووە و گەڕان بەدوای چارەسەردا بووە فەرمانێکی هەنووکەیی.
9. کاتێک لە #24-11-2021#، محەمەد بن زایدی ئیماراتی سەردانی ئەنقەرە دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەبنەوە، بۆ بەهاناچوونی لیرەی تورکی و هاوکاریکردنی سەرۆک ئەردۆغان لە ڤێرژنە تازەکەیدا، محەمەد بن زاید لە ڕێگەی پێنج ملیار دۆلارەوە هەناسە دەبەخشێتەوە بە ئابووری و دراوی تورکی. سەرۆک ئومێد دەکات کە محەمەد بن سەلمانیش هەمان ڕێگەی محەمەد بن زاید بگرێتەبەر.
10. ئاماژەیەکی دیکەی ئەم سەردانە بریتییە لە پێنانە نێو دنیای پۆست - بەهاری عەرەبی. سەرۆک ئەردۆغان، هەروەک چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئیمارات و میسر، ئاساییکردەوە، ئاواش لەگەڵ برا گەورە، کە سعودیەیە، ئاسایی دەکاتەوە و من ئەم جووڵەیەم ناوناوە چوونە دەرەوە لە وەهم.
11. سەرەڕای هەموو ئەمانە، سەرۆک چاوێکی گەورەی لەسەر چواردە مانگی دیکەیە، چونکە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییە لە تورکیا و ئەگەر قەیرانە ئابوورییە سەختەکەی ئێستای چارەسەر نەکات، پرسی هەڵبژاردنەوەی دەخاتە بەردەم مەترسیی زۆر گەورەوە. ڕەنگە خۆرەکەی سەرۆک ئەم جارە لە کەنداوەوە هەڵبێت، بۆیە ناچارە هەموو شتێک بکاتە قوربانی، بە جەمال خاشقچی و بەهاری عەرەبی و برایانی موسڵمانیشەوە. [1]