$پاشەکشەی ئەمریکا، گەڕانەوەی ڕووسیا و لەرزۆکیی ئەوروپا$
#عادل باخەوان#
#17-03-2022#
$سەرەتا$
یەکەمجارە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دەوڵەتێکی گەورەی ئەتۆمی جەنگ دژی دەوڵەتێکی ئەوروپی ڕادەگەیێنێت. ئامانجی ڕووسیا بریتی نییە لە داننان بە هەرێمی دۆنباسدا وەک کیانێکی دەوڵەتی، یان خاکی نوێ بخاتە سەر وڵاتەکەی، بەڵکوو بریتییە لە گۆڕینی ڕژێم لە کیێڤ و درووستکردنی ڕژێمێکی دیکە لە جێگەکەیدا، ڕژێمێک کە چیتر وەک مەترسی وێنانەکرێت لەلایەن مۆسکۆوە.
ئەوەی لە #24-02-2022# دا ڕوویدا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە، چونکە 20 ساڵ دوای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆدێلێکیان لە دەستێوەردانی سەربازی بەرهەمهێنا و هەموو ئەزموونەکانیشیان هەر لە ئەفغانستانەوە تا دەگاتە ئێراق، شکستبوو، ڕووسیای ڤلادیمیر پووتین هەمان مۆدێل کۆپی دەکات و ڕێک وەک خۆی بەرهەمی دەهێنێتەوە. تاچەند ڕکابەرەکانی ئەم گەڕانەوە تووند و بەهێزەی ڕووسیا، بەتایبەتی یەکێتیی ئەوروپا، لە ساتەوەختێکدا کە ئەمریکا دەستبەرداری ستراتیژیەتی دەستێوەردانی سەربازی دەبێت، دەتوانن لە ئاستی بەرپرسیاریێتیی مێژووییاندا بن و لەگەڵ ئەم داتا تازەیەدا مامەڵە بکەن؟
$رووسیای نوێ چی دەوێت؟$
لە سەرەتای سەدەی نوێوە، ئەمریکییەکان ستراتیژییەتێکی نوێیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی جیهانی درووستکرد و بۆ جێبەجێکردنیشی و لە تۆڵەی پەلامارەکانی #11-09-2001#دا، دوو وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان داگیرکرد و کۆتاییان بە هەردوو ڕژێمی تاڵیبان و بەعس هێنا و دوو ڕژێمی دیکەیان، وەک ئەوەی کە خۆیان ویستیان، لە جێگاکانیاندا دانا.
لە مۆسکۆ، ئەو ئەکتەرانەی کە ستراتیژیەتە گەورەکانی وڵات دەستنیشان دەکەن، زۆر لە نزیکەوە چاودێریی چۆنییەتیی درووستکردن و دەقگرتن و جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییەتە نوێیەی ئەمریکایان دەکرد و لە چەندین ئاستیشدا پێی سەرسامبوون و وەک ئایدیاڵێکی قابیل بە کۆپیکردن تەماشایان دەکرد.
ئەمریکییەکان باسیان لە جەنگ دژی تیرۆریزمی گلۆباڵ دەکرد، بەڵام ستراتیژڕێژەکانی مۆسکۆ پێیانوابوو ناوەرۆکە ڕاستەقینەکەی ئەم ستراتیژییەتە نوێیە بریتییە لە گۆڕینی ڕژێمەکان لە ڕێگەی هێزەوە و پێیانوایە ساتەوەختی دەستپێکردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999 لە دژی سلۆڤۆدان میلۆسۆڤیچ لە سربیا و دواتر بە ئەفغانستان و ئێراقدا تێدەپەڕێت و پاشان دەگات بە لیبیای قەزافی.
ڕووسیا هەر لە سەرەتاوە و بە تووندی دژایەتیی دەستێوەردانی لە سربیا و ئێراقدا کردووە و نەک هەر هیچ جۆرە ئامادەییەکی دەرنەبڕیوە بۆ هاریکاریکردن، بەڵکوو هەوڵیشیداوە کە ڕوونەدەن. سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان و لیبیا، ڕووسیا بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام بەخێرایی پەشیمان بووەتەوە لە بێدەنگییەکەی و پێیوابووە کە نەدەبوو ڕێگە بدات ئەمریکا ئەو دوو ڕژێمە بگۆڕێت.
ئەم وشیاربوونەوە ڕووسییە وادەکات کە لە 2012 بەو لاوە، چیتر ڕێگەنەدات کە ئەمریکا یاری بەو ڕژێمانە بکات کە بە نزیکی مۆسکۆ ناسراون. لێرەوە ڕووسیا هەموو تواناکانی دەخاتەکار بۆ پارێزگاریکردن لە سووریای ئەسەد و ڕێگەنادات لەم وڵاتەدا هەمان ستراتیژییەت جێبەجێبکرێت و گۆڕانکاری بەسەر ڕژێمدا بێت. بەمشێوەیە چرکەساتی سووریا دەبێت بە سەرەتای کۆتاییهێنان بەو ستراتیژییەتەی کە لە ڕێگایەوە ئەمریکا داخڵ بە سەدەی نوێی بوو.
دژایەتیکردنی ئەم مۆدێلە لە دەستێوەردانی ئەمریکی بۆ گۆڕینی ڕژێمەکان، هاوزەمەنە لەگەڵ ماڵیکردنی هەمان ئەم مۆدێلە لەلایەن داڕێژەرانی ستراتیژیەتی ڕووسییەوە. ڤاليری گيراسيموڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ڕووسیا کە یەکێکە لە داڕێژەرە سەرەکییەکانی ستراتیژیەتی ڕووسی، بەوردی کاری لەسەر ئەم مۆدێلە نوێیەی جەنگ کردووە و لە یەکێک لە توێژینەوەکانیدا باسی لە جەنگی نا- شاقوڵی یان جەنگی هایبرید کردووە و پێییوایە ئەم جەنگە نوێیە بەم پرۆسێسانەدا تێدەپەڕێت: درووستکردنی هاوپەیمانییەکی جیهانی، فشاری ئابووری، دانووستان، دابڕانی دیپلۆماسی، درووستکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی دژ بەو ڕژێمەی کە دەبێت بگۆڕدرێت، پشتیوانیکردن لەو هێزە پارا-سەربازییانەی کە دژ بە ڕژێم دەجەنگن، پاشان تەعبیئەکردنی میکانیزمەکانی پەخشکردنی زانیاری بۆ ئامادەکردنی هەلومەرجی گۆڕانی ڕژێم.
بێگومان جیاوازیی گەورە لەنێوان بەرجەستەکردنی ئەم مۆدێلە لەلایەن ڕووسەکان و ئەمریکییەکانەوە بریتییە لە کۆنتێکست. هەرگیز کۆنتێکستی تاڵیبان لە ئەفغانستان و بەعس لە ئێراقدا هەمان کۆنتێکستی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە ئۆکراینادا نییە و هیچ خاڵێکی هاوبەش لەنێوان سرووشتی ئەم دوو مۆدێلە لە ڕژێمدا نییە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لەنێوانیاندا ستراتیژییەتی مامەڵەکردنی زلهێزەکانە لەگەڵیاندا. ئەم ستراتیژییەتە بریتییە لە بەکارهێنانی هێز بۆ گۆڕینی ڕژێمەکان لە هەردوو کۆنتێکستەکەدا. ئەمریکییەکان سەدام حسێنیان وەک هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی دەخستە سەر شانۆکان و بۆ دی-بەعسیفیکەیشن ئێراقیان داگیرکرد. ڕووسەکانیش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی وەک هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی دەناسێنن و باس لە دی-نازیفیکەیشنی ئۆکراینا دەکەن.
پێشەوەی ئەمریکییەکان بڕۆن بۆ ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی شەرعیەتی داگیرکردنی ئێراق بەدەستبهێنن، بڕیاری خودی داگیرکردنەکەیان دابوو. ڕۆشتنیان بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش تەنیا بۆ ڕەهەندە شەرعییەکەی بوو کە بەدەستیان نەهێنا، بەڵام ئێراقیان هەر داگیرکرد. ڕووسەکان بەهەمان شێوە بڕیاری داگیرکردنی ئۆکراینایاندا بەبێ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەنەوە کە بڕۆن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و بەدوای شەرعیەتدا بگەڕێن، چونکە دەیانزانی بەدەستی ناهێنن.
$چۆن ئیدارەی سەرکەوتن بکرێت؟$
تا ئێرە ڕەنگە کۆپیکردنی مۆدێلی داگیرکردنە ئەمەریکییەکان لە ئەفغانستان و ئێراقدا کەڵکی بۆ ڕووسەکان هەبێت، بەڵام پاش داگیرکردنی ئۆکرانیا، ئەو پرسیارە گەورەیەی کە دەبێت لە خۆیانی بکەن بریتییە لەوەی؛ چی لە سەرکەوتن بکەین و چۆن ئیدارەی بکەین؟
هەموومان دەزانین کە ئەمریکییەکان، بیست ساڵ پاش داگیرکردنی ئەفغانستان و دواتر ئێراقیش، لە تراژیدیایەکی گەورەدا دەژین و بەهیچ شێوەیەک نەیانتوانی لە هیچ یەکێک لەو دوو وڵاتەدا سەرمایەگوزاری بە سەرکەوتنەکانیانەوە بکەن، بەپێچەوانەوە، پاش سەرکەوتن، هەر یەکێک لەو دوو وڵاتە بوون بە دۆزەخی ئەمەریکییەکان.
بەپێی هەموو ئەگەرەکان، نە ڕووسەکان و نە خودی پوتین، وەک پێویست وانەیان لە شکستی ئەمەریکای پاش سەرکەوتنەکان وەرنەگرتووە، ئەگەر نا بەمشێوەیە سەرکێشییان نەدەکرد و ڕیسکی داگیرکردنی ئۆکرانیا و وەرگێڕانی بۆ دۆزەخی ڕووسەکان نەدەکرد. ڕەنگە ئەوەی وایکردبێ لە پووتین کە ئەم سەرکێشییە بکات، ئەو حیکایەتە گەورەیە بێت کە پێیوایە هەر لە بناغەوە شتێک نییە بە ناوی نەتەوەی ئۆکراینی و ئۆکراینییەکان و ڕووسەکان پێکەوە یەک نەتەوەن و دەکرێت تەنیا یەک دەوڵەتیان هەبێت و یەک دەسەڵات بیانبات بەڕێوە. مادەم ئۆکراینییەکان برای ئێمەن و لە ئێمەن و وەک ئێمەن، ئیتر شتێک لە دایک نابێت بە ناوی بەرەنگاری و ڕەنگە خۆشاردنەوەی پووتین لە پشتی ئەم حیکایەتەوە والێکردبێ کە باوەڕی بەوە نەبێ کە ئۆکراینای لێببێت بە ئێراق یان ئەفغانستان.
$کۆتایی$
ڤلادیمیر پووتین، لەکاتێکدا کۆپی مۆدێلی ئەمەریکی دەکات، لەهەمانکاتدا بە چاوێکی سووکەوە تەماشای ئەوروپا دەکات و ترسی ئەوروپا لە جەنگ و لە ڕوبەڕووبوونەوەی جەنگ وای لە پووتین کردووە کە نەک هەر جەنگ بکات، بەڵکوو شانازیشی پێوەبکات. پرسیاری سەرەکیی لەوەدایە کە ئایا ئەوروپییەکان لە خەو هەڵدەستن و ئەم وانەیە لە پووتینەوە فێردەبن؟ [1]