$بێئومێدبوون لە ئەمریکا؛ سیاسەتی کەنداو لەسەر جەنگی ئۆکرانیا$
#عادل باخەوان#
#06-03-2022#
$سەرەتا$
وڵاتانی کەنداو کە وەک هاوپەیمانی ستراتیژی و مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێناسەدەکرێن، ئامادەنین دژ بە ڕووسیای ڤلادیمیر پووتین هەڵوێست وەربگرن و بەڕاست و درووستی و وەک ئەوەی کە کۆشکی سپی دەیەوێت خۆیان یەکلاییبکەنەوە و دیسانەوە ببنە بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا لە جیهاندا.
لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا، وڵاتانی ڕۆژاوایی، هەر لە ئەمریکاوە تا دەگاتە ئەوروپا، هەوڵدەدەن بە هەموو ڕێگە و میکانیزمێک ڕووسیای پووتین بخەنە پەراوێزەکانەوە و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش تەواوی کارتەکانی گوشاریان، جگە لە کارتی سەربازی، بەکارهێناوە و باشترین بەڵگەش ئەو بڕیارەبوو کە لە 2ی مارسدا، لە نەتەوە یەکگرتووەکان درا بۆ سەرکۆنەکردنی پەلاماردانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە.
لە دۆخێکی ئاوادایە کە هەردوو هێزە گەورەکەی وڵاتانی کەنداو، عەرەبی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، بەپێچەوانەی شەپۆلە تووندەکانەوە مەلە دەکەن و پەیوەندیی نوێی خۆیان لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتیندا تێکنادەن و نایانەوێت چیدیکە لەپێناوی ڕاڕاییەکانی واشنتۆندا دڵنیاییەکانی مۆسکۆ لەدەستبدەن.
تێگەیشتوو لە هاوکێشەکانی هێز و لەو داتا تازانەی کە دەستنیشانی ئاڕاستە گشتییەکانی سیاسەتی جیهانی دەکەن، وڵاتانی کەنداو لەهەمانکاتدا ناشیانەوێت واشنتۆن لەخۆیان بڕەنجێنن و بیکەنە ڕکابەری خۆیان. لێرەوە هەوڵدەدەن هاوسەنگییەک لەنێو گرژییەکاندا ڕابگرن و لەبەر ڕۆشنایی ئەم ستراتیژییەتە نوێیەشدا، لە ساتەوەختی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگنادەن بە بڕیاری سەرکۆنەکردنی ڕووسیا، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگی پێدەدەن.
وڵاتانی کەنداو تەواو وشیارن بەوەی کە بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەهەندێکی پابەندکارانەی نییە، بەڵام بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش ئەو ڕەهەندەی هەیە، لێرەوە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا دەنگدەدەن و واشنتۆن ڕازیدەکەن، بەڵام لە دووەمدا دەنگنادەن و مۆسکۆ ڕازیدەکەن.
بایەخی ئەم داتا نوێیە لەوەدایە کە چیدیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک بەڵگەنەویستێک لە یادەوەریی سیاسی وڵاتانی کەنداودا خۆی مانیفێست ناکات، هەروەها دەریدەخات کە تووڕەبوونێکی ساردی سیاسی و ستراتیژی لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ئەمریکادا لە ساڵانی ڕابردووا درووستبووە.
ئەنوەر محەمەد قرقاش، ڕاوێژکارە دیار و بەهێزەکەی محەمەد بن زاید، لە نوێترین لێدوانیدا بەڕوونی گوزارشت لەم ستراتیژییەتە نوێیەی ئیمارات دەکات و ڕووناکی دەخاتە سەر ئەوەی کە هەڵوێستوەرگرتن بۆ لایەک دژ بەلایەکی دیکە بەشداری دەکات لە چڕکردنەوە و فراوانکردنی ئەو زەبر و زەنگەی کە لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا تێبینی دەکەین.
لە ناوەندە دیپلۆماتییە جیهانییەکاندا دەزانرێت کە کاتێک ئەنوەر محەمەد قرقاش قسەدەکات ڕێک وەک ئەوە وایە کە خودی محەمەد بن زاید، پیاوە پۆڵایینەکەی ئیمارات کە فەرمانڕەوای پراکتیکی وڵاتە، قسەبکات و جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لەنێوان بیستن و بینین و قسەکردنی هەردووکیاندا.
$واشنتۆن وەک سەرچاوەی نادڵنیایی$
سەرەڕای ئەوەی کە واشنتۆن لە ئێستا و ئێرەدا گرنگییەکی زۆر بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو دەدات و خودی ئەنتۆنی بلینکن چەند جارێک تەلەفۆنی بۆ وەزیری دەرەوەی ئیمارات و سعودیە کردووە و باسی ئەوەی بۆ کردوون کە چەند گرنگە پشتیوانی لە سەروەریی ئۆکرانیا بکەن و خۆیان لە ڕیزی وڵاتانی سیستەمی جیهانی دوورنەخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەو برینەی کە سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە جەستەی وڵاتانی کەنداودا درووستی کردووە هەر خوێنی لێدەچۆڕێت و گریمانەی ئەوەی کە سعودیە و ئیمارات گوێ لە ئەنتۆنی بلینکن بگرن زۆر لاوازە، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە ئاستی گوشار بەرزبکرێتەوە، وەک لە کۆتاییدا باسیدەکەین.
لەڕاستیدا چەند ساڵی ڕابردوو سیاسەتی ئەمریکا لەبەرانبەر پرسی ئاساییش و سەقامگیریی کەنداودا سرووشتێکی ناجێگیری هەبووە و لە چەندین وێستگەشدا وڵاتانی کەنداو هەستیان بە جۆرێک لە پاشەکشە و نابەرپرسیارێتی و پابەندنەبوونی واشنتۆن کردووە.
گەیشتنی جۆ بایدن بە کۆشکی سپی و بیناکردنی سیاسەتی نوێی واشنتۆن لەسەر بەناوەندکردنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، گورزێکی پۆڵایین بوو کە لە سعودیە و ئیمارات درا. هەروەها دەرهێنانی حوسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆر ئەو شۆکە بوو کە تائێستاش محەمەد بن زایدی ئیمارات و محەمەد بن سەلمانی سعودیەی بەرنەداوە. دواتر مووشەکبارانکردنی ئیمارات و سعودیە و کاردانەوە لاوازەکانی ئەمریکا یەکێک بوو لەو داتا بەهێزانەی کە وایکرد چیدیکە وڵاتانی کەنداو واشنتۆن وەک سەرچاوە بەڵگەنەویستەکەی دڵنیایی تەماشا نەکەن.
ڕاستە فەرەنسا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی وڵاتانی کەنداو خۆی پێشنیازکرد و ڕاستە کە بنکەیەکی سەربازیی بەهێزی لە ئەبوزەبی هەیە و هەشتا فڕۆکەی ڕەفالی بە ئیمارات فرۆشتووە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئاساییش و سەقامگیریی کەنداو بە فەرەنسا ناپارێزرێت و بەشداریپێکردنی ڕووسیا، چ بەوەی کە هێزێکی سەربازیی گەورەیە و چ بەوەش کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و ناکرێت تا ئاستێکی یەکجار بەرز بەهەند وەرنەگیرێت.
$لە کۆتاییدا زمانی بەرژەوەندییەکان$
بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، دەوڵەتە بەهێزەکەی کەنداو، عەرەبی سعودیە، تۆڕێکی پەیوەندیی بەهێزی بیناکراو لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ ڕووسیادا درووستکردووە. جگە لە پرسی ئاساییش و سەقامگیری، پرسی گەشەی ئابووری و ئیدارەکردنی بازاڕی وزە بەگشتی و نەوت بەتایبەتی ئەو پرەنسیپانەن کە مۆسکۆ و ڕیاز بە یەکەوە گرێدەدات.
لە گەرمەی چیرۆکە تراژیدییەکەی جەمال خاشقچیدا و کاتێک کە جیهان پشتی کردە محەمەد بن سەلمان، ڤلادیمیر پووتین باوەشی بۆ کردەوە و بە بەرچاوی کامێراکانی دنیاوە تەوقەیەکی یەکجار تایبەتی لەگەڵداکرد و لەم ڕێگەیەشەوە پێی گوت: بەتەنیا جێتناهێڵم.
هەموو ئەمانە وادەکەن کە تاوەکو ئێستاش ڕیازی محەمەد بن سەلمان مل نەدات بە گوشارەکانی واشنتۆن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆی ڤلادیمیر پووتیندا نەبڕێت و تەنانەت نەچێتە ژێرباری بەشێکی گرنگی ئەو سزا ئابوورییانەی کە ڕۆژاواییەکان بەسەر ڕووسیادا سەپاندوویانە.
هەر لەم چوارچێوە گشتییەشدایە کە ڕەهەندی سیاسیی تێکەڵ بە ڕەهەندی ئابووری و ئاساییش و جیۆپۆلیتیک دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. سەردانی ئیماراتی و سعودییەکان بۆ دیمەشقی ئەسەد و گفتوگۆی نێوان ڕیاز و تاران لە بەغدا و سەردانی شاندێکی باڵای ئیمارات بۆ ئێران، هیچ نین، چەند ئاماژەیەکی ئەو نەخشە تازەیە نەبێت کە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش کاڵبوونەوەی هەژموونی ئەمریکی لە ئامادەکردندایە.
$کۆتایی$
تا کوێ وڵاتانی کەنداو دەتوانن ئەم هاوسەنگییە ڕابگرن؟
یەکێک لەو دەرهاویشتە بابەتییانەی کە دەکرێت شرۆڤەکردنی لەسەر بینابکرێت بریتییە لەوەی کە لە مەودای مامناوەندیدا هیچ هێزێک، بە فەرەنسا و ڕووسیاشەوە، ناتوانێت جێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو بگرێتەوە. بەلای کەمەوە لە 10 ساڵی داهاتووشدا، ئەمریکا وەک ئەکتەری باڵا و یەکەمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە. بەڵام ئەکتەری باڵا و یەکەم مانای ئەوە نییە کە ئەکتەری دیکە ناتوانن کارایی گرنگ دابنێن و بەشداری بکەن لە ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکاندا.
لێرەوە، ئێمە پێمانوایە گەر لە ئێستا و ئێرەشدا، واشنتۆن گوشاری چڕ بخاتە سەر وڵاتانی کەنداو، بەناچاری ستراتیژییەتی هاوسەنگی دەگۆڕن و لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیادا بەدڵنیاییەوە ئەمریکا هەڵدەبژێرن. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە چیدیکە هەڵگری ئەو سرووشتە دڵنیاگەراییەی سەدەی بیستەم نییە، بەپێچەوانەوە، هەڵبژاردنێکی لێوانلێوە لە گومان و حەزەر و هەمیشە لەسەر پێبوون بۆ ئەو ڕووداوە لەناکاوانەی کە دەکرێت گۆڕانکاریی گەورە بەسەر هاوکێشەکاندا بێنن. [1]