ناونیشانی بابەت: پەروەردە و متمانە بە خۆبوون
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
زۆرجار ئاماژە بەگرنگی و ڕۆڵی پەروەردە کراوە، تەنانەت بەسەر چاوەی هەموو ئاڕاستەکان دادەنریت. هەرکۆمەڵگەیەک لە ڕەوتی شارستانی و ژیاریی لە پێشەوە بێت، بێ چەند و چۆن بۆگرنگیدانی ڕۆڵی پەروەردە دەیگێڕننەوە، بەپێچەوانەشەوە کاتێ کۆمەڵگە لەدواوە بێت و دوور بیت لە ژیانی شارستانی و ژیاری، ئەوە یەکسەر دەڵێن گرنگی نەدراوە بە پەروەردەکەی، لەم ناساندنە کوورتەی پەروەردە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەهەر پەروەردە یە ژیانی شایستە بەدیدێنێت بۆ کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بە ڕۆڵپێنەدانیشی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی پڕلە نەخۆشی و ناخۆشی بەرهەمدێنێت.
بێینە سەربابەتەکەمان کە متمانەبەخۆکردنە، لە سەرەتادا ئاماژەمان بە بایەخی پەروەردەکرد لە هەموو کایەکانی ژیاندا، دەبێ لە سەردرووستکردنی متمانەبەخۆکردن، پەروەردە ڕۆڵی چیبێت؟ بێگومان لەم بوارەشدا کاریگەریی زۆرگەورە دەبینێت.
متمانە بەخۆبوون، بەواتای مرۆڤ هەست بەبەهێزی خۆی بکات و بڕوای وابێت ئەوکار و ئەرکەی پێی دەسپێرن یان خۆی ئەنجامی دەدات سەرکەوتوو دەبێت، یان کاتێک تووشی گرفتیکی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ڕووبەڕووی دەوەستێت و لاواز و دەستەوسان دانانیشێت، خۆی ڕادەستی قەدەرێکی وێڵ ناکات، بەڵکوو بەبیرکردنەوە و پلانی ورد و بڕوابوون بەتواناکانی بۆسەرکەوتن بەسەر ئەوگرفتەدا هەنگاودەنێت، لەئەنجامدا زاڵدەبێت بەسەر ئەو تەنگژە و سەختیەدا.
بڕوابەخۆبوون زۆرجار مرۆڤ فێری دەبێت، یان پڕۆسەی فێربوون لەناو سیستەمی پەروەردەدا دەبێتە فاکتەری هەوێنی ئەومتمانەیە لەناخی هەرتاکێکدا.
هەربۆیە گرنگە پەروەردە کار لەسەر درووست بوونی ئەو متمانەیە بکات، پێویستە لەناوپرۆگرامەکانی خوێندن بەناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی چیرۆک و شیعر و بەسەرهاتەکانەوە، منداڵان بەوشێوازە پەروەردە بکرێن، بەوهۆیە دەبنە تاکێکی خاوەن ئیرادە و متمانە و بڕوا بەخۆبوونیان لێدەردەچێت.
دیارە ئەوەی گرنگ و پێویستە بۆمنداڵ دابینبکرێت، بۆ هێنانەدی متمانەبەخۆبوون کەشێکی ئارام و گونجاوە، بەتایبەت لەناوژینگەی قوتابخانە و خوێندنگە، لەمبارەوە (ماجید عرسان گەیلانی) وتوێتی (منداڵێک کە لە کەشێکی ئاساییشدا دەژی، فێری متمانە بەخۆبوون دەبێت) .
جا ئەم کەشە پڕئارام و ئاساییشە چۆن درووست دەبێت؟
بەرلەوەی منداڵ بێتە قوتابخانە و خوێندنگە، ژینگەی ماڵ دەبیتە یەکەم بەریەککەوتنی ئەو مرۆڤە لەگەڵ کەشێک کە دەکرێ بکرێتە سەرچاوەی بەهێزکردن و ئاڕاستەکردنێکی درووست لەگەڵ دەروونی ئەومنداڵە، تەنانەت زۆرجار منداڵان لە ناوژینگەی ماڵەکانیان، یان ئەوگیانە بەرزە درووست دەکەن کە منداڵەکە متمانەی بەخۆی هەبێ، یان بەپێچەوانەوە ئەبێتە کەسێکی لاوازکە ترس وبێبڕوایی جێگەی متمانەبەخۆبوون بگرێتەوە.
بۆدەرچوون لە مۆتەکەی لاوازیی منداڵ، دایکان و باوکان ئەرکی گرنگیان لەسەرشانە کە لەناوماڵدا کەشێکی پڕلەئارامی و ئاشتی بۆ درووست بکەن، ئەوەش بە هاندانی منداڵ بۆ زاڵ بوون بەسەرگرفت و ئاریشەکاندا، دەکرێ هەر لە ڕێگەی یاریکردن و هەندێ کەلوپەلی منداڵەکە ئەوڕێگە درووستە بگرنەبەر و پەیڕەویبکەن.
کەش و ژینگەی قوتابخانە و خوێندنگە شوێنێکیترە بۆئەوەی گیانی متمانەبەخۆبوون درووست بکرێت، ئەویش لە ڕێگەی درووستکردنی کەشێکی ئارامی وا کە منداڵان هەست بەئاسوودەیی دەروونی خۆیان بکەن، لە ڕێگەی فەلسەفەیەکی درووستی پەروەردەیی هاوچەرخ، لەسەربنەمای خۆشەویستی نێوان مامۆستا و قوتابی و خوێندکار.
هەوڵبدرێت وابکرێ لەناخی تاکدا متمانە هەمیشە بوونی هەبێت و لێی دانەبڕێت، چونکە کاتێ متمانە بارگەی لە ناخی کەسێکدا پێچایەوە، بەئاسانی نایەتەوە بۆ ماڵی چۆڵکراوی هەستە تۆراوەکە، لەو کاتەدا مرۆڤ بڕوات باشترە، ئەگەری گەڕانەوەی هەیە بەڵام متمانە ئەگەرێکی قوورسە بگەڕێتەوە، بۆئەم دۆخە (شکسپیر) نووسەری ناوداردەڵێت: (ڕۆیشتنی متمانە، قوورسترە لە ڕۆیشتنی کەسەکان) .
متمانەدرووستکردن پێویستی بەبنەمای پلانی داڕێژراوی پەروەردەیی و زانستی هەیە، چونکە ئەگەروانەبێت، لەوانەیە ئەو کەسە مرۆڤێکی دەرچوو لەداب و نەریت و یاسا بێتە مەیدانی ژیان، لەوکاتەدا لە مرۆڤێکی ئاساییەوە دەبێتە کەسێکی خۆبەزلزان و پڕکێشە بۆکۆمەڵگەکەی، چۆن (وەین دایر) لەسەر هەستی خۆبەزلزانین و متمانەبەخۆبوون جیاکاری دەکات و دەڵێت: (متمانە بەخۆبوون بە مانای خۆبەزلزانین نییە، بەڵکوو متمانە بەخۆبوون تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوانی دیکە بچووک نەبینێت) لەو کاتەدا دەبێتە ئازایەتی و جوامێری، لەلایەکیترەوە (ئیمێرسۆن) دەڵێت: (متمانە بەخۆبوون گیانی قارەمانێتییە) دەبێ ئەو هەستە چیبێت والەمرۆڤ بکات وەک قارەمان دەربکەوێت؟
چەندین ڕەهەندولایەنی گرنگ دەبنە خەسڵەتی قارەمانێتی بۆ مرۆڤ، کەواتە دەکرێت مرۆڤەکان و تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێنە مرۆڤ گەلێکی قارەمان کەخاوەنی متمانەبن، بەپێی وتەکەی (ئیمێرسۆن) کە بەقارەمان ناوزەدیکردوون.
متمانەبەخۆبوون پرسێکی گرنگ و هەستیارە، پێویستە بە وریایی و ئاگایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بۆ وەزارەتی پەروەردە گرنگە پلانی باشی لەسەردابنی بۆئەوەی بەشێوەیەکی زانستی لەپڕۆگرامەکانی خوێندن جێی بکرێتەوە و خولی تایبەت بۆمامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بکرێتەوە، تا ڕێنمایی و وانەی گرنگ لە خولەکاندا پێشکەش بکرێن، دەبێ کەسانی زۆر شارەزاو لێهاتووی بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی وانەکان بڵێنەوە، ئەوانیش لە قوتابخانە و خوێندنگەکانیان پەیڕەوی بکەن، لەپێناو ئاییندەی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ درووستکردنی تاکی بەهێز و باوەڕی پتەوبەخۆیان و ژیانی پڕ لەژیاری و کامەرانی، بۆ ئەوەش تازووتر هەنگاوبنێین درەنگە. [1]