$بەرەیەکی سیاسیی بایکۆت و ناڕازی لە دایک دەبێت؟$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#03-11-2021#
هەڵبژاردنە پەڕڵەمانییەکانی ئێراق دوو گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراوییان بەدوای خۆیاندا هێنا کە بە دڵنیاییەوە دواتر ڕەنگدانەوەی دەبێت بەسەر تەواوی پڕۆسەی حوکمڕانی هەم لە ئێراق و هەمیش لە هەرێمی کوردستاندا. گۆڕانی یەکەم بریتییە لە گۆڕانی پێگەی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان کە پێشتر کاراکتەری گرنگی ناو پڕۆسی سیاسی بوون لە ئێراقدا، هەندێکییان ژمارەی کورسییەکانییان زیاتر لە 50٪ کەمی کردوو هەندێکیشیان هیچ کورسییێکییان نەهێنا؛ بۆ نموونە هەریەکە لە لستەکەی ئوسامە نوجەیفی لە ئێراق و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش #بزووتنەوەی گۆڕان#. گۆڕانکاری دووەم کە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر پڕۆسەی حوکمڕانی لە ئێراق و تاڕەدەیەکی کەمتریش لە هەرێمی کوردستان کەمی ڕێژەی بەشداریکردن بوو کە زیاتر لە 60٪ی خەڵک بەشداری نەکرد. ئەمە بۆ وڵاتێکی لاواز و پڕکێشەی وەک ئێراق کە چاندان کێشەی دیکەی هەیە ئەنجامێکی مەترسیدارە و کاریگەریی لەسەر شەرعیەتی پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیری سیاسی ئێراق دەبێت، بە تایبەت ئەو میلیشیا و لایەنانەی کە شکستیان خواردووە لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵدەدەن ئەو کەلێنە بقۆ#سنە#وە.
ئەوەی تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان، ئێستا بۆشاییەکی سیاسی درووستبووە بە تایبەت لە دەڤەری #سلێمانی# و دەوروبەری، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان کە سەرقافڵەی ئۆپۆزیسیۆن بوو ئەو جارە نەیتوانی تەنانەت کورسیێکیش بە دەستبهێنێت. هەرچەندە نیگەران بوون لەلایەنە ئۆپۆزیسیۆنییەکانی هەرێم دەمێکە هەستی پێدەکرێت، چونکە لە ئاست ئەو هیوا سیاسییە نەبوون کە بۆ جەماوەری خۆییان درووستییان کردبوو.
هەرچەندە لەوانەیە بڵێین ئەی پارتە ئیسلامییەکان نوێنارایەتی ئۆپۆزیسیۆن ناکەن، یانیش نەوەی نوێ کە سەرکەوتنێکی باشی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێناوە. بە پشتبەستن بە ئەزموونی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین کە خەڵک بە گشتی پارتە ئیسلامییەکان وەک ئۆپۆزیسیۆن نابینێ، پێشیان وانییە کە بتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن، ئەمەش هۆکاری زۆرە کە مەبەستی ئەو بابەتە نییە.
سەبارەت بە نەوەی نوێ ش تا ئێستا ڕوانگە و بەرنامەییان دیارنییە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان دەکەن، چۆن دەڕواننە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە و چەندان پرسی دیکە کە جارێ دیارنین؛ کورسییهێنان بە دەستهێنانی دەنگی خەڵکی ناڕازی لەو قۆناخەی تووڕەیی و نائومێدیی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە شتێکی ئەستەم نییە، بەشێکی زۆری خەڵک کە دەنگی داوە بە نەوەی نوێ لەبەر دڵسۆزیی و باوەڕی سیاسییان نییە بەو بزووتنەوە سیاسییە، بەڵکوو لە تووڕەییانە لەو دۆخە و هیچی لایەنێکی دیکەیان شکنەبردووە دەنگی پێبدەن، بۆیە پێموانییە نەوەی نوێ بتوانێ پێگەیەکی سیاسی سەقامگیری هەبێت لە هەڵبژاردنەکان، بەڵکوو دۆخی نەوەی نوێ پەیوەستە بەو بۆشاییە سیاسییەی کە لە کوردستاندا درووست بووە دوای ئاوابوونی خۆری بزووتنەوەی گۆڕان.
کۆی ئەم فاکتەرە سیاسییانەی ئاماژەمان پێدان وایکردووە ئێستا بیر لە درووستکردنی هێزێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن بکرێتەوە کە کەڵک لە دەنگی ناڕازیی و ئەو بۆشاییەی بزووتنەوەی گۆڕان جێی هێشتووە ببیینرێت. بۆیە پێشبینی دەکەم لە ئێستاوە بیر لە درووستکردنی هێزێکی لەم جۆرە بکرێتەوە بە تایبەت لەلایەن چەند سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان کە بتوانن کەڵک لەو دۆخە ناڕازییەی ئێستای خەڵک وەربگرن، بە تایبەتیش لە دەڤەری سلێمانی کە بۆشایێک درووستبووە لە سەروبەری هەڵوەشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و هەروەها ئەو دۆخەی ئێستا یەکێتی پێیدا تێپەڕدەبێت.
بەپێی هەندێک زانییاریی بێت بەشێک لەو سەرکردانە ئێرانییشیان لە درووستکردنی هێزێکی لەو جۆرە ئاگادار کردووەتەوە. دیارە ئەم هێزە دەبێت تا زووە خۆییان کۆبکەنەوە و ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. بوونی دۆخی لەرزۆکی ناو یەکێتی دیسان هاندەرە بۆ درووستبوونی هێزێکی وەها، ئەگەری هەیە لاهوور شێخ جەنگیش بێتەپاڵیان، یانیش هەوادارانی ئاڕاستە بکات کە پاڵبدەنە ناو ئەو هێزە سیاسییە، چونکە ئەم هێزانە گشتییان فاکتەرێکی سەرەکی کۆییان دەکاتەوە کە ئەویش دژایەتی پارتی و یەکێتییە (هەڵبەتە لە ئێستا) ، ئەمەش بۆ لاهوور جەنگی ئامانجێکی سەرەکییە، نەک هەر ئەوە بەڵکوو دوورنییە دکتۆر بەرهەمیش لێیان نزیکبێتەوە، بە تایبەت ئەگەر یەکێتی بەربژێرێکی دیکەی هەبێت بۆ سەرۆککۆماری ئێراق. ئەوەی جێگای پرسیارە، ئایا لەم قۆناخی نائومێدیی و ڕەشبینییەی سیاسی کە لەلایەن زۆرینەی جەماوەری هەرێمی کوردستان درووستبووە دەرفەتێک هەیە بۆ سەرکەوتنی هێزێکی لەو جۆرە؟ بە تایبەت بۆ چەند کاراکتەرێکی سیاسی کە پێشتر بەشێک بوونە لەلایەنە سیاسییەکانی دیکە، ئەوەی لە هەمووشی گرنگترە ئەوەیە، ئەو بەرەیەی کە پێشبینی دەکرێت درووستبێت سەرکردەیەکی سیاسی کاریزماتیکییان تێدا نییە کە زۆر گرنگە لەم قۆناخەدا بۆ سەکەوتن و سەقامگیری بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە. دکتۆر بەرهەم کەمێک ئەو کاریزماییەی هەبوو بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی و جێهێشتنی هاوەڵەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئێستا ئەو خەسڵەت و پێگەیەی نەماوە.
ئەوەی ڕەنگە جێگای ئومێد بێت بۆ هاتنەکایەوەی بزاڤێکی سیاسی لەو کاتەدا سەرزەمینی سلێمانییە کە لەوپەڕی نائومێدی سیاسی دایە، ئەو پارتەی کە خاوەن پێگەی سیاسیشە لەو دەڤەرە بە دەست چەند کێشەیەکی جەوهەرییەوە دەناڵێنێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئێستا لە سلێمانیش پێشوازی کردن لە هاتنەکایەوەی بزووتنەوەیەکی وەها بێ بەربەست نییە، بە تایبەت کە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی هەستدەکەن سلێمانی لە دوای 2009 باجێکی زۆری ئەو ململانێ سیاسییەی لایەنە سیاسییەکانی داوە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکییان بۆ سلێمانی هەبێت. پرسێکی دیکە ئەوەیە ئایا ئەم بەرە ناڕازییە ڕەنگ و دەنگەکەی سەرانسەری کوردستان دەگرێتەوە یان تەنیا لە جوگرافیای سیاسی سلێمانی تێناپەڕێت، ڕاستە بایکۆت و دەنگی ناڕازی لە هەموو کوردستان هەبووە بەڵام مەرج نییە ئەو بەرە ناڕازییەی کە لە سلێمانی هەڵدەقوڵی بتوانێ هەموو کوردستان بگرێتەوە، واتا ئەو کێشەیەی کە تا ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیانە، بە پارتیشەوە. پرسێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە ئایا هێزێکی لەو جۆرە پاڵپشتی هەرێمی دەبێت کە زیاتر مەبەستم ئێرانییەکانە، پێموانییە بوونی ناسەقامگیری زیاتر لە دەڤەری سلێمانی لە خزمەتی ئێرانیشدا بێت، چونکە ئێستا ئێرانییەکان بەرژەوەندییەکانییان پارێزراون لەگەڵ یەکێتیداو نایانەوێت سەرئێشەی زیاتر بۆ یەکێتی درووستبێت، تورکەکانیش بە هەمان شێوە پێموانییە درووستبوونی بەرەیەکی لەم شێوە لە بەرژەوەندی خۆییان ببینن، چونکە ئێستا جۆرێک لە پەیوەندی سەقامگیر لەنێوان یەکێتی و تورکییادا هەیە. ئەمانە گشتیان فاکتەری کاریگەر دەبن لەسەر ئەم بزووتنەوەی سیاسییە ئەگەر لە دایک بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری نێوخۆیی و هەروەها ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە هەیە سەنگی مەحەکی درووستبوونی ئەو بزووتنەوە سیاسییەن کە دەتوانین لەو قۆناخەدا بە بەرەی ناڕازییەکان ناوییان بنێین. [1]