$ماددەی 140 و هۆشداریی پلاسخارت؛ ئەنجوومەنی ئاساییش دژی بە نێودەوڵەتیکردنی دایەلۆگی #هەولێر# و بەغدا نییە$
#مەجید نیزامەدین گلی#
#03-02-2023#
لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێراق چیرۆکی سەرکەوتنە، چونکە کەس لێرە چاوەڕوانیی زۆری لەو وڵاتە نییە؛ لە قۆناخی شەڕی #داعش# و ڕووخانی دەوڵەت بۆ ئێستا کە حکومەتێکی نوێی هەیە و هەوڵی ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی دەدات؛ لەبەرئەوە، وتاری هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە پڕ بوو لە پیرۆزبایی و ئافەرین و دەست خۆشی لە ئێراقییەکان کە شەڕی ناوخۆیان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران ئەنجام نەدا و حکومەتیان پێکهێنا.
ڕچەرد میڵز، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتارەکەی بە پیرۆزبایی ئەمریکا بۆ ئێراق و محەمەد شیاع سوودانی دەستپێکرد کە حکومەتی لە مانگی تشرینی یەکەم پێکهێنا. وتی، ئێمە حکومەتی نوێ هاندەدەین کە بەپەلە کاربکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە زۆرانەی وڵاتەکە هەیەتی... ئێمە پێشوازی لەو ڕاپۆرتانە دەکەین دەربارەی پێشڤەچوون بەرەو ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێوشوێنەکانی بودجە و بەڕێوەبردنی سامانەکانی نەوت و غازی ئێراق.
لە یەکەم وتاری حکومەتی نوێی ئێراق لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، ئێراق ئاماژەی بە ماددەی 140 کرد وەکوو کێشەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا. ئەمەش یەکەم جارە لە دوای گشتپرسیی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017 و داگیرکردنی #کەرکووک#، ئێراق بە فەرمی دان بەوەدا بنێت کە کەرکووک و ماددەی 140 هێشتا کێشەیە و هەڵکوتانە سەربازییەکەی ئۆکتۆبەری 2017 بابەتەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە.
سەرحەد سەردار، جێگری نوێنەری ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، لەبارەی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر. کۆبوونەوە و لێکتێگەشتن و دایەلۆگ لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن بۆ چارەسەری کێشە گرنگە هەڵپەسێردراوەکان لەوانە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتە نەوتییەکان و داهاتە گومرکییەکان و هەروەها دەستنیشانکردنی سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140ی دەستوور.
نەک تەنیا باسی گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکوو ئەم جارە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتاری نێردەکەی لە ئێراق هۆشداری تووندی تێدابوو لە مەترسیی بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەنێو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
لەوانەیە تۆی بینەر و بیسەر بپرسیت، گرنگیدان و هۆشداریی نێودەوڵەتی چ سوودێکی هەیە لە کاتێکدا گەورەترین هۆکاری شکستی هەموو دانووستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەشیمانبوونەوەیە لە پەیمانەکان و ئەنجام نەدانی هەنگاوی کۆنکرێتییە بۆ چارەسەر؟ لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی ئەم گرنگیدانە نێودەوڵەتییە سوودی هەبێت، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دایەلۆگ درووستبکەن لەنێوان بەغدا و هەولێر.
بە نێودەوڵەتیکردنی ئەم کێشەیە بەتایبەتی لە بەرژەوەندیی لایەنی بێهێزە، ئەمەش بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ڕێککەوتن و پەیمانەکانی دوێنێی بەغدا بە ئاسانی و میزاجی سیاسییەک و دادوەرێک لەبیر نەکرێت و بەدواداچوونی نێودەوڵەتی لە دواوە بێت. ئەنجوومەنی ئاساییش لە دژی بە نێودەوڵەتیکردنی پڕۆسەی دایەلۆگی نێوان هەولێر و بەغدا نییە. هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاساییش پێشتر ئەمەیان بە ڕووداو ڕاگەیاندووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە.
یەکێک لە هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ زیاتر بەنێودەوڵەتیکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەکرێت مامەڵەی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاساییش کە ڕەزامەندیی بەغدا و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەی پێویستە.
پرسیارم لە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی کرد کە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان لە ئێراق ئەو قەیرانەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێراقی هەیە و ئێستا لەگەڵ بڕینی بودجە، ئەو پەیوەندییانە لە قۆناخێکی خراپترە وەکوو چۆن لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیش ئاماژەی پێکراوە؛ پێشتر باسی ئەوە هەبوو کە جارێک نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئاساییش بکرێت بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکات. ئایا هیچ گفتوگۆیەکتان ئەنجامداوە لەسەر ئەوە لە کاتی کۆبوونەوەکانتان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە دەربارەی ئێراق؟
ڤانیسا فرەیژەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە وەڵامدا ڕایگەیاند: ڕوونە کە دۆخی ئێراق هەمووی باش نییە، بەڵام ئێمە دەبێت دان بەوەشدا بنێین کە پێشڤەچوونی پۆزەتیڤ ڕوویداوە. بۆ نموونە ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین کە سێ لە وەزیرانی حکومەتە نوێیەکەی ئێراق ئافرەتن و هەروەها ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسیش ئەنجامدراوە.
ئێراق تەنیا یەکێکە لە 51 بابەت لە ئەجێندای جیهانی کە ئەنجوومەنی ئاساییش مامەڵەی لەگەڵ دەکات و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەڵێت: ئێمە بودجە و دەسەڵاتی تەواومان داوەتە یۆنامی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە ڕێگەگرتن لە دووبارە تێکچوونەوەی سەقامگیریی ئێراق. [1]