$تەنگژەی سیاسیی شیعە؛ شەقام بەرانبەر شەقام$
#یاسین تەها محەمەد#
#15-08-2022#
یەک ڕۆژ دوای ئەوەی کادیران و بنکەی جەماوەریی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە (12ی ئاب) ، لەبەرانبەر مانگرتووان و خۆپێشاندەرانی سەدر لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری تەلاری پەڕڵەمان، هاتنە سەر شەقام، جارێکی دیکە موقتەدا سەدر بڕیاریدا بەشێوەیەکی فراوانتر پەنا بۆ شەقام و ڕێکخستنی خۆپێشاندانی ملیۆنی ببات. ئەمەش بەهیوای ئەوەی کە گومانی هاوتایی و هاوئاستی هەردوو جەمسەرە شیعییەکە لە کارتی بەکارهێنانی شەقامدا بەلایەکدا بخات. ئەم پەنابردنەی هەردوو جەمسەرە ناکۆکەش بۆ شەقام، دەرەنجام و دەرهاوێشتەی بنبەستی سیاسی و دەوروبەری 10 مانگ کێشمەکێش و ململانێیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەی حکومەتی نوێی ئێراق. هەروەها لە کاتێکیشدایە کە مەترسییەکانی پێکدادانی چەکداری بەڕادەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە، ئەویش پاش ئەوەی لە سەرەتای قەیرانەکەوە زۆرجار وەک مەترسییەکی گەورەی گریمانەیی دەردەکەوت.
ڕەوتی سەدر و ڕێکخستنە سیاسییەکەی (البنیان المرصوص) تەوژمێکی عەقیدەیی سیاسی هەرەمییە. خاوەن بنکەیەکی جەماوەریی بەرفراوانی گوێڕایەڵیشە و، بنکەیەکی گەورەی جەماوەر و خۆپێشاندەری خوێنگەرمیشی لە پایتەختدا هەیە کە خەڵکی شارۆچکەی سەدری بەغدان. لەبەرانبەریشدا لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر نوێنەرایەتیی ئەو هێزە شیعانە دەکەن کە ئەزموونیان لەسەر هاتنە شەقام (جگە لە حەکیم) کەمە. هەروەها زیاتر ئەوانەن کە لە ناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدان و دەچنەوە سەر چینی نێوەڕاست. ئەم جیاوازییەش بەڕوونی لە چالاکییەکانی سەر شەقامی هەردوو بەرەکەدا دیارە. بۆ نموونە لە کاتێکدا سەدرییەکان گەلەری بوون و سادەیی و خاکیبوونی زیاتریان پێوە دیارە، هەروەها خۆپێشاندان وەک تایبەتمەندیی خۆیان دەبینن، کەچی خۆپێشاندانەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر لە ڕاهێنان و مەشقی گرووپە چەکدارەکان دەچێت، چونکە زۆرینەیان ئەو کارمەندانەی #حەشدی شەعبی#ن کە لە نۆرەی بەجێهێنانی ئەرکی سەربازی لیواکانیان لە مۆڵەت و پشووی ماڵەوەدان. ئەم چەکدارە گەنجانە کە جلوبەرگ و تەمەن و جموجووڵیان زۆر هاوشێوەیە، لە کاتی هوتاف کێشان و لە بەردەم زوومی کامێراکانیشدا خاوەن درووشمی هاوبەش و یەکگرتوو نین. هەریەکەشیان دەچنەوە سەر ستایشکردنی سەرکردەی گرووپەکەی خۆی. هەشیانە هێندە بە زۆرەملێ هاتووە لێی تێکچووە و هاواردەکات نەخێر بۆ ئێراق یان بەڵێ بەڵێ بۆ کازمی!
ناکرێت ئەو دابەشبوونە سیاسییەی ئێستای ناوماڵی شیعە و ئەو جەمسەرگیرییە لەسەر دەسەڵات درووست بووە و پاشان پەڕیوەتەوە بۆ شەقام، بەدەر لە پێکهاتە و سرووشتە کۆمەڵایەتییەکەی لایەنگران و بنکە جەماوەرییەکەی هەردوو جەمسەرەکە تەماشا بکرێت؛ شوێنکەوتەکانی سەدر زیاتر شیعە هەژارەکان و چینە پەراوێزخراوەکانی پارێزگاکانی باشوور و شاری بەغدان. ئەم کوتلە مرۆییە شیعییە لە سەردەمی باوکی سەدریشدا، ژمارەیەکی کەمیان پارە و داهاتیان دەگەیشتە ڕادەی خومس و زەکاتدان، هەر لەبەر ئەوە هەندێکجار وەک تانە و تەشەر، ڕکابەرەکانی محەمەد سادق سەدر پێیان گوتووە مەرجەعی هەژارەکان. لە کاتێکدا ئەمە بۆ ڕەوتەکە گرەنتی کۆکردنەوەی جەماوەرێکی گوێڕایەڵ و بزێو و پڕخرۆشە کە تەنیا چاوەڕێی فەرمان دەکات. لەبەرانبەریشدا حیزبی دەعوەی مالیکی بۆ نموونە، نوێنەرایەتیی نوخبەی شیعەی قات لەبەر دەکات یان ئەو سوودمەندانەی لە هەردوو ویلایەتەکەی ناوبراودا (2006_2014) بوونەتە خاوەن پێگە و بەرژەوەندی لە دەزگاکانی دەوڵەت. بنەماڵەی حەکیمیش دەچنەوە سەر شیعەی ئەریستۆکرات، ئەم دوو لایەنەش ئەوەی هەیانە وەبەرهێنانی لەسەر بکەن بۆ خرۆشانی سەرشەقام، گەنجە چەکدارەکانی حەشد و کارمەندانی گرووپەکانن کە هەر دەجووڵێنەوە ئاشکرا دەبن. ئەو دوو جارەشی کە هەوڵیان داوە جموجووڵی جەماوەری درووست بکەن، زیاتر بەلای نمایشدا شکاوەتەوە تا خۆپێشاندان.
هەردوو بەرە شیعییەکە پێیانوایە دەتوانن جەماوەری خۆیان کۆ بکەنەوە و ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان، بەڵام لەدەرەوەی ئەوان زۆرینەیەکی بێدەنگ هەن کە یان بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە، یان تشرینییە خۆپێشاندەرەکانی پارن و بەشداری و بۆچوونی ئەمانەش بە گرنگ تەماشا دەکرێت بۆ ئەوەی تای تەرازووی هێز لەنێوان هەردوو جەمسەرەکەدا بە لایەکدا بخات. هەڵبەت لەبەر ئەوەی موقتەدا سەدر بانگەشەکانی یاخیگەرانەیە و جاروبار باسی گۆڕینی سیستەم دەکات و ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵات هەیە کە خۆی بەشێکی سەرەکی بووە تێیدا، چانسی زیاتری هەیە لەدەرەوەی بازنەی خۆی هاوسۆز کۆ بکاتەوە، بە بەراورد بە ڕکابەرەکانی کە هەڵگری درووشمی پارێزگاری لە دەستوور و دەوڵەتن. چونکە ئەوە ڕوونە کە بێزاری و تووڕەیی جەماوەریی لەم سیستەم و دەوڵەت لە بەرزترین ئاستیدایە، هەر بەم هۆیەشەوە بەردەوام ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بەرەو پاشەکشە دەڕوات و دوو ساڵ بەر لە ئێستاش ڕاپەڕین و یاخیبوون لە دژی سیستەم و کۆماری 2003 بە کوشتارێکی گەورە سەرکوت کرا.
گومان زۆرە، کارتی شەقام کە ئێستا کار و کاردانەوەیە، بتوانێت ململانێکە بەلایەکدا بخات، چونکە ڕاستە شەقام و خۆپێشاندەری سەدری پڕۆسەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییان بۆ دانانی محەمەد شیاع سوودانی لە سەرۆکایەتیی وەزیران پەکخست، بەڵام جگە لە شەقام، کارتەکانی؛ چەک، پارە، قەزا، لەدەرەوەی ئەوانیش ڕای مەرجەعییەت و کاریگەریی و نفوزی ئێران، ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە هاوکێشەی حوکمڕانی ئێراقدا و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا هەر ئەوەی حکومەتی عەبدولمەهدی کۆتایی پێ هێنا، هەر ئەوەش نەیهیشت بەدەستهێنانی زۆرینەی لەلایەن سەدرەوە یەکسان ببێت بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دەسەڵات!
سەدرییەکان لە پاش کشاندنەوەی فراکسیۆنەکەیان (73 کورسی) لە پەڕڵەمان و سووتاندنی کارتەکەیان لە دەسەڵاتی یاسادانان، بژارەی ئەوتۆ نەماوە جگە لە شەقام، بۆ ئەم ڕەوتە شیعییە ئێستا هەموو کارت و گوشارەکان هەر دەچنەوە سەر شەقام، تا ئەوکاتەی چارەسەرێکی مامناوەند لە دانووستانەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە بیسەلمێنن شەقام تەنیا موڵکی سەدر نییە، هیچ نەبێت هەردوولا لەڕووی جەماوەرییەوە هاوتان. سەلماندنی ئەمەش دەوەستێتە سەر گێمەکانی دیکەی یاری جووڵاندنی بنکە جەماوەرییەکانیان. [1]