$ئێراقی پاش تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکان$
#یاسین تەها محەمەد#
#19-07-2022#
لەپاش بڵاوکردنەوەی سێ بەشی یەکەمی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکانی نووری مالیکی، هەموولایەک چاوەڕێی کاردانەوەی سەدر بوون کە مالیکیش لە پاشەملەوە هێرشی زۆری کردبووە سەری و تانەوتەشەری زۆری لێ دابوو، بەڵام ئەو لایەنگرانی خۆی ئاڕاستەکرد بۆئەوەی لە خەمی رێکخستنی نوێژی هەینیدا بن (15ی تەممووز) و گوێی پێ نەدەن؛ چونکە بە گوتەی خۆی، ئەوان هیچ بەهایەک بۆ مالیکی دانانێن! بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر، سەدر لەپڕێکدا بیری کەوتەوە کە دەکرێت بەم تۆمارانە مالیکی گەمارۆ بدرێت. بۆیە لەسەر نەریتی خۆی و لە ڕێگەی پەیامێکی تویتەرییەوە نەخشەیەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مالیکی ڕاگەیاند. لە پەیامەکەی سەدردا کە ڕووی لە حیزبی دەعوە و لایەنە شیعەکانە و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە مالیکی، هەم گلەیی و هەم سووکایەتیی لە قاڵبی ئامۆژگاری هەیە و هەم هەڕەشەی قوورسیش هەن. خاڵەکانیشی بە پلەبەندی و زیرەکانە چنراون و لە کاتێکدان کە مالیکی لە کێبڕکێی کورسیی سەرۆکایەتیی وەزیراندایە.
$هەندێک نهێنیی مەترسیدار$
تۆمارەکانی سەرەتا تەنیا هێرش و پەلاماری بۆسەر کەسایەتیی سەدر تێدابوو، لەگەڵ کولاندنەوەی کۆمەڵێک برینی ساڵی 2008 و هەندێک ناو و ناتۆرەی خراپ، بەڵام لە تۆماری چوارەم و پێنجەمدا، پەردە لەسەر هەندێک نهێنیی مەترسیدار هەڵماڵدراوە کە نەک تەنیا سەدر، بەڵکوو هەموو پێکهاتەی شیعە و لایەنە ئێراقییەکانی دیکە تووشی سەرسامی دەکات. مالیکی نایشارێتەوە کە هێزی تایبەتی لە عەشیرەتەکەی درووستکردووە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر موقتەدا سەدر لە نەجەف. لەگەڵ سەرانی چەند گرووپێکی چەکداریشدا (أئمة البقیع) و (أمة الأخیار) باس لەوە دەکەن کە شکۆ بۆ مەزهەب و تایفەی شیعە بگەڕێننەوە. هەروەها گەڕانەوەی مالیکی پێویستی بە خوێنڕشتنە، ناوی مەرجەعێکی نەناسراویش دەهێنن بەناوی میرزا حائیری کە فەتوای ئامادەی لەوبارەیەوە هەیە و دەکرێت هاوکاریان بێت. هەرچەندە مالیکی زۆر بەشداری لەم قسانەدا ناکات لە تۆمارەکەدا، بەڵام نکوڵیشیان لێ ناکات و لە کۆتایی قسەکاندا دوعای خێریان بۆ دەکات.
$هەوڵی هێورکردنەوە$
هێشتا بەشێک لە تۆمارە دەنگییەکان ماون بڵاوبکرێنەوە، باس لەوەش دەکرێت، تۆماری دیکەی ڤیدیۆیی هەن و لە داهاتوودا دەردەکەون، بەڵام ئەو پێنج بەشە کوورتەی لەبەردەستدان، هەموو ڕێسا باوە ناسراوەکانی نێو ماڵی شیعەیان لەرزاندووە و دۆخێکی ئەوتۆیان درووستکردووە کە هەمووان هەر ئەوەیان پێ دەکرێت ڕۆڵی ئاگرکوژێنەوە ببینن، بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بکەن بچنە باسکردنی ناوەرۆکی تۆمەت و قسە و باسەکان. لە ناوبژیوانییەکانیشدا جگە لە نەجەف باس لە خەڵکانی کاریگەریی لوبنان و هەندێک لە سەرۆک هۆزەکانیش هەیە.
پلانی مالیکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆمارەکان ڕەتکردنەوە و بانگەشەکردنی ساختەکردنیان بوو، بەڵام پاش بەدواییەکداهاتنی بڵاوکردنەوەکانیان و سەلماندنیان لەلایەن سەدرەوە، کۆتایی بەو بەرگرییە لاوازە هێنا. لە ئێستاشدا مالیکی جگە لە سەدر، لەگەڵ کۆمەڵێک بەرەی دیکەشدا ڕووبەڕوو بووەتەوە، لەوانەش بەدر کە تۆمەتباری کردوون بەوەی چەکدارەکانیان بندیوارن، حەشد کە گوتوویەتی ترسنۆکن و جێگەی متمانە نین، یان خەریکی مەزرەعە و خانوو کڕین و پارە ماشینەوەن، سوننەکان و بارزانی کە بە لێکدانەوەی ئەو پیلانگێڕن و دژی شیعەن، تاقە کەسێکیش کە لە فلتەری ئەو دەرچووبێت لە تۆمارەکاندا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب و ئەبو ئالائی وەلائییە کە بە گوتەی ئەو پیاوی باشن، چونکە دژە سەدرن لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەوەی کە گرووپەکانی دیکەی مقاومەی حەشد کە بە گوتەی ئەو ڕاستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەردەگرن.
$قۆناخی پاش دزەکردنی تۆمارەکان$
ئەم تۆمارە لە مەودای نزیکدا دەشێت چانسی مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران نزیک بکاتەوە لە سفر، چونکە زیاتر وەکوو کەسێکی شەڕەنگێزی داخ لەدڵ دەردەکەوێت کە هەموو ئیش و کاری کنەکردنە لە دەوڵەت لە ڕێگەی درووستکردنی گرووپی خوێناوی و ترسناکەوە، جگە لەوەش بە ئەگەری زۆر پێگە سیاسی و سەرمایە مەعنەوییە دەوڵەتمەدارییەکەی دەخاتە بەردەم ڕەشەبا و ئەگەری نادیار، بەتایبەت پاش بانگەوازی سەدرییەکان بۆئەوەی خۆی ڕادەستی دادگە بکات، یان بە گوتەی موقتەدا سەدر خۆی بداتە لایەک و تۆبە بکات.
بەر لە بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکان، بارودۆخی ناوخۆیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر باش نەبوو، چونکە لەپاش چوونە دەرەوەی سەدر لە پەڕڵەمان، هاندەریان نەما بۆ یەکدەنگی، لەسەر سەرۆکایەتیی وەزیران و جێگەکەی حاکم زاملیش کەوتنە قۆڵ بادان لە یەکدی. کە تۆمارەکانیشی بەسەردا هات، شۆکێکی وەها گەورە درووستبوو کە هەموو هیوا و ئاواتەکان چڕبوونەوە لە ڕێگەگرتن لە پێکدادانی شیعە - شیعە، بەتایبەت کە جەماوەری موقتەدا سەدر عەقیدەیی و دڵ گەرمن، لە بنەڕەتیشدا دڵشکاوی کشانەوەی لیستەکەیانن لە پەڕڵەمان و ئەمەش وەکوو دەرچەیەک بۆ خۆبەتاڵکردنەوەیان وایە.
$لێکەوتەی تۆمارەکان$
ڕەنگە ناونیشانی سەرەکیی قۆناخی پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکان، جگە لە قووڵبوونەوەی زیاتری درز و دوژمنایەتیی نێوان سەدر و مالیکی، دڕدۆنگی و بێ متمانەیی و سڵکردنەوە بێت لە هەموو شت، چ لەنێوان بەرەی مالیکی و پێکهاتەکان، یان لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی شیعە کە تۆمارە نهێنییەکان، شەڕەقۆچ و سەودا و مامەڵەی ژێر پەردەی ئەوانی لەسەر پێگە و دەستکەوت ئاشکرا کردن.
ئەوانەی داوای هێورکردنەوە و دان بەخۆداگرتن دەکەن، چارەیەکیان پێ نییە بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و تووڕەیی و لە هەمان کاتدا مەترسیی سەدرییەکان کە قوڵپ دەدات. تەنانەت بە داواکاریی پۆزش هێنانەوەی مالیکیش بێت لە هێرش و هەڕەشەکان. حیزبی دەعوەش کە بنکە و قەڵای سیاسیی پاراستنی مالیکییە، بە پاساوی جۆراوجۆر خۆی لە هەر چەشنە بەرپرسیارێتییەک لادا کە تۆزێک سەدرییەکان قایل بکات، لەبەرانبەریشدا سەدر ڕێگەی دیکەی نییە جگە لە بەرەنگاربوونەوە نەبێت، بۆیە لە ئێستادا هەوڵدەدات ڕەوشەکە بە ئاڕاستەی گەمارۆدانی سیاسی و عەشایەرییانەی مالیکیدا ببات تاڕادەی سووتاندنی کارتەکانی، ئەگەر ئەمەشی بۆ نەچێتەسەر ئەوە هەموو ڕێگەکانی دەچنەوە سەر گرژی و پێکدادان، بەڵام مەرج نییە سەرانسەری و درێژخایەن بێت، بەڵکوو لەوانەیە سرووشتی پەرچەکردارەکان بریتی بێت لە تۆڵەیەکی سنووردار.
$هەندێک ڕاستیی دیکە$
لەسەر ئاستە گشتییەکە تۆمارەکان شلۆقیی پەیکەرە ئەمنی و دەزگا ئێراقییەکانیان ئاشکرا کرد، ئەوەشیان دەرخست لەناو دەوڵەتی قووڵی حەشد و گرووپە چەکدارەکانیشدا دەوڵەتی دیکەی قووڵ و موفتیی خوێن ئامادەییان هەیە. جەمسەرە ناکۆکەکانی شیعەش گەیشتوونەتە قۆناخێکی ترسناک لە پاکتاوکردن، ئەمەش هەموو ئەو بانگەشانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە لەسەر نیشتمانیبوونی حەشد و بەرەو دامەزراوەیی ڕۆیشتنی هەن. ڕاستییەکی تاڵیش ئاشکرا دەکات کە هاوکێشەی هێز لەسەر پارە و چەک و فەتوا بنەڕەتە نەک دەستوور و یاسا و سازان و هاوسەنگی. بۆ چارەسەری گرژییەکەش هەر کارەکتەرە ئایینی و عەشایەری و دەرەکییەکان لەسەر خەتن بۆ ڕێگرتن لە شەڕی خوێناویی شیعە کە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی تایفی ڕکابەرەکانیان (سوننەکان) و پاش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (قاعیدە و #داعش#) وا لە لێواری پاکتاوکردنی ناوخۆیی و بەریەککەوتندان.
$قووڵبوونەوەی قەیرانی حکومەت$
لە پاش تۆمارە دەنگییەکان، هاوپەیمانەکانی مالیکی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دۆخێکی سەخت و دژواردان، یان دەبێت سەرکۆنەی ڕاگری هاوپەیمانییەکەیان و مامۆستا سیاسییەکەیان بکەن، یان بێدەنگ بن لە داوکارییەکەی سەدر و تاوەکووکۆتایی لە پشتیوانیی مالیکی بەردەوام بن و هێندەی دیکە شیعە پەرت بکەن. لەو تەنگەتاوی و مقۆمقۆیەشی کە درووستبووە، ڕەنگە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بودجە لە سەردەمی گرانییەکی بێوێنەی جیهانیدا، لە داوێنی هەرە خوارەوەی گرنگیپێدانەکان بن و بەمەش ڕۆژبەڕۆژ ئەو وێنەیە لەسەر ئێراق تۆخ دەبێتەوە کە نە بە تەواوی دادەڕمێ و لەبەریەک هەڵدەوەشێت، نە گەشە دەکات و بەرەوپێش دەڕوات. چارەنووسیشی وایە کە ڕۆژانە لەگەڵ شکست و گورزی ناخۆشدا لە چنگەکڕێدا بێت. [1]