$مشتومڕە ناوخۆییەکانی شیعە لەسەر 'بە تاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل'$
#یاسین تەها محەمەد#
#28-05-2022#
پاش زیاتر لە چوار مانگ لە سوێندخواردنی ئەندامانی پەڕڵەمان و حەوت مانگیش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ڕۆژی #26-05-2022# دووکەڵی تێپەڕاندنی یاسایەک لە پەڕڵەمانی ئێراق دەرکەوت؛ یاسای بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام یاساکە زیاتر دروشم ئامێزە و سەبارەت کێشەیەکی گریمانەییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سایەی 150 ملیار دۆلار داهاتی خەمڵێنراوی ئەمساڵ (2022) ، هێشتا ئێراق یاسای بودجەی نییە و بە 1/ 12ی خەرجی ساڵی ڕابردوو بارودۆخ دەگوزەرێنێت و حکومەتەکەی کاربەڕێکەری ڕۆژانەیە!
یاساکە کە 26ی ئایار تێپەڕێندرا، یەکدەنگییەکی ڕواڵەتیانەی لەنێو پەڕڵەمان درووستکرد، بەو پێیەی بە کۆی دەنگ پەسند کرا، بەڵام لە وردەکارییەکەیدا هەڵگری کێشمەکێشێکی دوو جەمسەرەکەی شیعەیە و جگە لە لێکەوتە دەرەکییەکانی، لە ناوخۆدا و لە پاش تێپەڕاندنیشی هەر جێگەی مشتومڕ و دەمەقاڵییە. سەدر و فراکسیۆنەکەی کە خاوەن پڕۆژەکەن، مەبەستیان بوو لە دوای زنجیرەیەک بێ هیوایی لە پەڕڵەمان و پڕۆسەی سیاسی، ئەویش سەرەڕای یەکەم بوونیان لە هەڵبژاردنی تشرینی 2021، دەیانویست لانی کەم دەستکەوتێک بەدەستبێنن کە باڵادەستییان لەنێو پەڕڵەمان بسەلمێنێت، هەروەها ڕکابەر و دۆست و نەیارەکانیشیان ناچار بکەن دوایان بکەون. ڕکابەرە شیعەکانیش کە ملیان بۆ شەپۆلەکەدا، هەوڵی زۆریان دا لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە لیژنەی یاسایی و لەنێو پەڕڵەمانیش، بە قوورسکردن و تووندکردنی بەندەکانی یاساکە، نموونەی ئێرانی لە ئێراق کۆپی بکەن و بە درووستکردنی لەمپەر و کۆسپی زۆر بۆ کاری کۆمپانیا بیانییەکان لە ئێراق، بە پاساوی هاوکاریکردنی زایۆنیزم هێندەی دیکە ئێراق بەرەو کۆشی ئێران پاڵ بنێن و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایببڕن.
تێپەڕاندنی یاساکە وەک پڕۆژەیەکی سەربەخۆ بێ پێشینەیە لە ناوچەکە و تەنانەت سەددام حسێنیش کە بەردەوام کاری لەسەر دژایەتی ئیسرائیل دەکرد وەک یاسایەکی سەربەخۆ نەیکردووە، لەنێوەڕۆکدا شتێکی زۆر جیاوازتری تێدا نییە لەو بڕگە و ماددانەی لەناو دەقەکانی یاسای ئێراق دا هەن. ڕەنگە قوتارکردنیشی لە خواست و دەست داگرتنی هێزە پڕۆ ئێرانییەکانی نێو پەڕڵەمان و لیژنەی یاسایی، دەرچوون بێت بە کەمترین لێکەوتە و کاریگەریی لەسەر ئێراق.
لە پاش کۆنگرەکەی #هەولێر#، کە هەندێک کەسایەتی سوننە لە ساڵی ڕابردوو کردیان، مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کراوەتە تایتڵێکی گەورە لە سیاسەتی ئێراقی و لە پاش هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیش بۆ سەر هەولێر و بانگەشەکردنی هەبوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی لەوێ، جارێکی دیکە ئیسرائیل بووە بەهێزترین غایبی ئامادەی نێو کەینوبەینی دابەشبوونی هێزە سیاسییە ئێراقییەکان.
باڵیۆزی تاران لە بەغدا پیرۆزبایی و دەست خۆشی بۆ دەرچوواندنی یاساکە دەربڕی، ئەمریکییەکانیش لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە ڕەتیان کردووە و لێی هاتنە دەنگ، بەڵام ئەمە ڕێگەی نەگرتووە لە هێزە نەرم و باڵە میدیایییەکانی شیعەی وەلائی کە گلەیی و گازندە و ڕەخنەی زۆر لە دەقە پەسندکراوەکەی یاساکە بگرن بە پاساوی ئەوەی درز و کەلێنی زۆری تێدایە، هەندێکیشیان باس لەوە دەکەن یاساکە ڕێ خۆشدەکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە پاساوی ئەوەی لە بڕگەیەکیدا ڕێگە دەدات بە سەردانی ئایینیانەی شوێنە پیرۆزەکانی فەڵەستین ئەگەر خاوەنەکەی مۆڵەت لە #وەزارەتی ناوخۆ#ی ئێراق وەربگرێت. شتێکی ڕوونیشە سەردانی قودس پێویستی بە وەرگرتنی ڤیزای ئیسرائیلە و لەسەرجەم ناوچەکانی ئەقسا و خەلیل و بەیت لەحم و ناوچە پیرۆزەکانی دیکەی فەڵەستینیش پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و تێکەڵبوونیان زۆر ئاسانە، چونکە بەشێکن لە خاکی داگیرکراو یان لەنێو هێڵی سەوزدان کە بەشێکە لە دەوڵەتی ئیسرائیل.
هەندێک لە شیعە وەلائییەکان زیاتر دەڕۆن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە، بە پێچەوانەی ناونیشانەکەیەوە، ئەم یاسایەی کە بەناوی بە تاوانناساندن دەرکراوە، بۆ کوشتنی ماددەی 201ی یاسای سزادانی ئێراقی ساڵی 1969 یە کە سزای لەسێدارەدانی داناوە بۆ ئەوانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە. چونکە لەم یاسا نوێیەدا هاتووە کار بە هیچ دەقێکی دیکەی ناکۆک لەگەڵ ئەم یاسایە ناکرێت. بەم شێوەیە سزا کۆنەکە هەڵدەوەشێتەوە.
هەروەها، هەندێک لە شیعە وەلائییەکان پێیان وایە، یاساکە خواستی کوردە دۆستەکانی ئیسرائیل و سوننەکانی هاوپەیمانی سیادەی لەبەرچاو گرتووە بە هەڵگرتنی سزای قوورس و دوورخستنەوەی کۆمپانیا بیانی و وەبەرهێنە زایۆنییەکان لە لێپێچینەوە، بەڵام سەدرییەکان شاگەشکەن بەوەی لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا لە ناوچەکە، لەسەر دەستی ئەوان ئێراق لە ئەگەر و نا ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕزگار کرا، پاش ئەوەی بە سەرپەرشتی ئەمریکا شەپۆلەکەی گەیشتە ئیمارات، بەحرەین و ناوبەناویش باسی خواستی محەمەد بن سەلمان لەوبارەیەوە دەکرێت.
پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل یەکێک نییە لە کێشە هەنووکەییەکانی ئێراق، چارەسەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەشی وەک لە یاساکەدا هاتووە لەگەڵ هەندێک پرەنسیپی نوێی جیهانیدا نایێتەوە، جێبەجێکردنیشی پێویستی بە چەپۆکێکی دیکتاتۆرانەیە کە لە پاش کەوتنی سەددام بۆ هیچ هێزێکی ئێراقی بە تەواوی نەهاتووەتە دی، لەبەر ئەمەش باوەڕێکی زاڵ هەیە کە چارەنووسی لەو 60 هەزار یاسا ئێراقییە بەرکارە باشتر نابێت کە بە نیوەچڵی جێبەجێدەکرێن و لەسەر هاوکێشەی هێز و کاریگەریی کارتێکەرییە سیاسییەکان دەوەستێ. ئەگەر بەگوێرەی بڕیار و یاساش بووایە دەبوو ئێستا هیچ هێزێکی بیانی لە ئێراقدا نەمێنێت، چونکە لە دەستپێکی 2020، بڕیاری دەرکردنی ئەو هێزانە لە پەڕڵەمانی ئێراقدا دەرکرا و هادی عامری، لەسەر تەرمی ئەبو مەهدی، بەڵێنیدا تۆڵەی ئەوان دەرکردنی دوا هێزی بیانی بێت.
دوای 1948 کە لەشکری ئێراق کشایەوە لە (جنین) ی فەلەستین، ئێراق هێشتا لەڕووی تیۆرییەوە هەر لە شەڕدایە لەگەڵ ئیسرائیل و نەبووەتە بەشێک لەبەرەی ئاشتی عەرەبی، بەڵام ئیسرائیل کە هەڵمەتێکی گەورەی پەیوەندییە گشتییەکان لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بەرەو وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە دەبات و پەیجی تایبەتی هەیە بۆ ئێراق، هەروەها کێشمەکێشە ئایدیۆلۆژییەکانی شیعە، هێزە ئێراقییە شیعەکانی خستووەتە گومان و دڵەڕاوکێیەکی گەورە، ئەم یاسایەش گوزارشتە لە بەشی زۆری ئەو خەیاڵکردن و ململانێ گریمانەکراوانەی کە بەگوێرەی ئەدەبیاتی سیاسی شیعە لەنێوان بەرەی موقاوەمە و بەرەی زایۆنیزمدا دەگوزەرێت، لەمەشدا شیعە ئێرانییەکان و سەدریش کە خۆی بە ئێراقچی دەزانێت، هەر خاوەن یەک دیدگای هاوبەشن لەگەڵ جیاوازی لە وردەکاری و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ململانێیەکە و، لەسەر سەرکردایەتیکردنیشی لە ڕکابەرییەکی توونددان. [1]