$ئاگر لە بەغدا و دووکەڵ لە ئەنبار؛ گوشاری نوێ بۆ تەنیاخستنی سەدر$
#یاسین تەها محەمەد#
#27-04-2022#
بنبەستی سیاسی لە ئێراق بەردەوامە. دوای شکستهێنانی دووەم هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار (26ی ئازار) و پاش ئەوەی سەدر 40 ڕۆژ مۆڵەتی دایە ڕکابەرەکانی تاوەکووحکومەت پێکبهێنن (1ی نیسان) ، هیچ بەرەوپێشچوونێکی سیاسی گەورە ڕووینەداوە، بەڵام لە پارێزگای ئەنباری پایتەختی ئێستای بڕیاری سوننە، هەوڵەکانی پەرتکردنی هاوپەیمانی سێقۆڵی لەسەر ئاگری دادگە و چەک دانراوە.
ئەنبار زێدی هەندێک لە ئەستێرە سیاسییەکانی ئێستای سوننەیە لەوانەش محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەڕڵەمان و خەمیس خەنجەری سەرۆکی گەورەترین هاوپەیمانیی سوننەکان «السیادة». لە هەمان کاتیشدا ڕێڕەوی گەیشتنی قووڵایی ئێرانی و شیعییە بە خاکی سووریا و لەوێشەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و حەوزی دەریای نێوەڕاست، بەهۆی ئەوەی یەکێکبووە لەو پارێزگایانەی کەوتە بندەستی ڕێکخراوی قاعیدە و #داعش#، لە کۆنترۆڵکردنەوەدا (کانوونی یەکەمی 2015) ، هەندێک ناوچەی ستراتیژیی کەوتنە دەست گرووپە چەکدارەکانی #حەشدی شەعبی# وەک قۆناخەکانی دواتری نەینەوا و سەڵاحەدین. بەم هۆیەشەوە ئەم پانتاییە سوننەیە کە لە دوای کەوتنی بەغدا #09-04-2003# ماوەیەک پەناگەی سەدام و خێزانەکەی بووە، ئێستا یەکێک لە مۆڵگەکانی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی وەلائییە و، بەهۆی ئەوەی دراوسێی کەربەلایە و لەنێوان هەردوو پارێزگاکەدا هەندێک ناوچەی کێشە لەسەریش هەن (نخێب و ڕەحالییە) ، چاوی زیاتری لەسەرە.
بارودۆخی داعش ڕێگەی بۆ هەژموونی حەشد لە ڕۆژاوای ئێراق کردەوە، کە ئێستا بووەتە یەکێک لە میکانیزم و کارتەکانی دەستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بۆ لێدانی حەلبووسی و ناچارکردنی هاوپەیمانیی سیادەی سوننە بە کشانەوە لە هاوپەیمانیی سێقۆڵی. بەو پێیەی لە پاش بەغدا و موسڵ، ئێستا ناوەندی بڕیاری سوننە کەوتووەتە ئەنبارەوە، لەم میانەیەشدا شیعەکان لە زیاتر لە قۆڵێکەوە کاریان لەسەر کردووە. لەوانەش، ئازادکردنی ڕافیع عیساوی، وەزیری پێشووتری دارایی لە زیندان و پشتیوانیکردن لە ستام ئەبو ڕیشە، کە یەکەمیان ئەستێرەیەکی ئەنباریی ناسراوتر و دێرینترە لە خەنجەر و حەلبووسی، دووەمیشیان دژبەرێکی نەوعی سەرۆکی پەڕڵەمانە و کاتێکیش کە هێزی سەربازی چوون بۆ دەستگیرکردنی (لەسەر تویتە تووندەکانی 31ى ئازار) بینیمان دەوروبەری دیوەخانەکەی بە هەمەر و چەکداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تەنراوە و لە پارێزگاریی ئەواندایە!
گوشارەکانی سەر حەلبووسی کە جوڵاندنی هێزەکانی حەشدیشی بە ئاڕاستەی ئەنبار و بەری ڕۆژاوای ئێراق تێکەوت، بەدواشیدا هەڕەشەی هەندێک لە هۆزەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەیان هات. لە نوێترین پێشهاتدا گەیشتووەتە گێڕانەوەی دژبەرێکی دیکەی حەلبووسی کە شێخ عەلی حاتەمی، ئەمیری هۆزەکانی دلێمە.
شێخ عەلی حاتەم کە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ئەنبار، هەشت ساڵ پێش ئێستا کە سەرۆکایەتیی چەند گرووپێک لە چەکدارە خێڵەکییەکانی ئەنباری دەکرد، لەگەڵ مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەدا نێوانی تێکچوو. لە پەرچەکرداریشدا کەوتە پێداهەڵدانی داعش و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز (ئابی 2014) باسی لەوە کردبوو کە ئامادەیە دەست بخاتە ناو دەستیان و سەردەمێکیش دروشمی بەڕێوەین بۆ بەغدا ی وەک هەڕەشە بەرز کردبووەوە. لەسەر ئەوەش فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو، بەڵام ئێستا بە پاسەوانی چەند یەکەیەکی چەکدار کە دەگوترێت لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵان، گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی وەک ڕافیع عیساوی وەزیری دارایی سەردەمی مالیکی، ئەویش بگەڕێتەوە بۆ ئەنبار. بەمەش ڕێبەرایەتیی بنکە جەماوەرییەکانی سوننە، لانی کەم لە ئەنباردا لەلایەن خەنجەر و حەلبووسی قۆرخ نابێت. پاش گەیشتنی بۆ بەغدا، عەلی حاتەم کەوتە تەقە لە حەلبووسی و سەدر و، لە تویت و دەرکەوتنەکانیدا لایەنگیرییەکەی بۆ پڕۆژەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە سازانە، بە ئاشکرا دیاربوو.
بەکارهێنانی سیستمی دادوەری و دۆسییەکانی دادگە بۆ شکاندنی ڕکابەرە سیاسییەکان، تەکنیکێکی کۆن و ناسراوی نووری مالیکییە. لە ویلایەتەکانی ئەودا (2005_2014) مادەی 4ی تیرۆر تایبەت بوو بە ڕکابەر و بەرهەڵستکارانی سوننە، ئێستاش کە چاوپۆشی لە دوو کەسایەتییان کراوە و باس لە ناوی دیکەش دەکرێت، خەریکە سیحر بەسەر سیحربازەکەدا هەڵبگەڕێتەوە، چونکە شەقامی شیعەی خرۆشاندووە، بەتایبەت کە ساڵانێکە لەسەر بە شەیتانکردنی ئەوانە پەروەردە دەکرێن و هەندێکیشیان لە شەڕەکانی ئەنباردا قوربانییان داوە. هەر لەبەر ئەمەش، مالیکی و عامری و زۆر لە گرووپەکانی دیکەی حەشد ناچار بوون، بە ژێر لێوەوە سەرکۆنەی سپیکردنەوەی دۆسیەی داواکراوە سوننەکان بکەن و خۆشیان بێبەری کرد لە ئاگاداربوون یان ڕێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی شێخ عەلی حاتەم.
چڕکردنەوەی هەوڵی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی» لە ئەنباردا بەدوای ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەدر و دەست و پێوەندەکەیدا دێت. هەروەها لە دوای ئەم بێ هیوابوونە لە گۆڕینی هەڵوێستی بارزانی لە هاوپەیمانی سێقۆڵی. ئەم پارێزگایەش کە قووڵایی ستراتیژیی بەهێزی نییە، پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بکەوێتە بەر گوشار و شڵەژانی زیاتر، لەپێناو ئەوەی یەکێک لە پایەکانی سێکوچەکەی ڕزگاری نیشتمان بڕووخێت. هەرچەندە خەنجەر و حەلبووسی زۆر بە تووندی و زبری بەرگری ناکەن، بەڵام ئاماژەی پەشیمان بوونەوەش پێشان نادەن و هەر بە هاوپەیمانییەکەوە پابەندن.
بۆچوونێکی بڵاو هەیە کە ئەوەی ئێستا لە ئەنبار ڕوودەدات گێمی دووەمی یارییەکانی مووشەکبارانکردنی #هەولێر# (13ی ئازار) و سووتاندنی بارەگای پارتی بێت لە بەغدا (28ی ئازار) ، بەتایبەت کە ئێرانییەکان سەردانێکی چاوەڕوانکراو و پلان بۆ دانراوی حەلبووسیشیان بۆ تاران هەڵوەشاندەوە، بۆ ئەوەی لە گەرمەی کێشمەکێشیدا لەگەڵ باڵە ئێرانییەکانی ئێراق، وا دەرنەکەوێت کە لە تاران کاراکتەرێکی قبووڵ کراوە (26ی ئازار) .
بە گریمانەی سەرکەوتنی هەوڵەکانی گرووپە شیعەکانیش بۆ دەرکردنی حەلبوسی و خەنجەر لە هاوپەیمانی سێقۆڵی کە قسە و دزەپێکردن لەهەر دوو لاوە زۆرن کە گفتوگۆی ئێرانی و ئیماراتیشی بۆ ئەو مەبەستە تێکەوتبێت، هێشتا ماڵی شیعە هەر لە بەردەم گرێی سەدردا دەمێنێتەوە، چونکە هەر حکومەت و هاوپەیمانییەک بەبێ بەشداری سەدر و ڕەوتەکەی، چارەنووسەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی گرژی و خۆپێشاندان و هەرا دەبێت، وەک ئەوکاتەی هەڵیکوتایە سەر پەڕڵەمان و حکومەت و، خۆیشی لە 2016 خێوەتی بردە ناوچەی سەوز. [1]