$مام جەلال؛ بۆنی هەموو عەترەکانی دنیا لە یەک عەتردا$
#عیماد ئەحمەد#
#02-10-2020#
لەبەر دەرگەی پاییزێکی دیکە وەستاوین، هەموومان چاو بە فرمێسک بۆ کۆستی ماڵاوایی سەرۆک و ڕابەرمان، بە دیار شینی هەڵوەرینی گەڵا ڕەنگاوڕەنگەکانی درەختەکانی ئەم پاییزە دانیشتووین، ئیتر کاتی ئەوەیە بە و فرمێسکانە ڕەگی یەکێتییەکەمان ئاو بدەین و لە بەهاری داهاتوودا بیکەینەوە بە درەختە هەرە سەوز و سایە و سێبەرە هەرە گەورەکەی کوردایەتی.
پاییز و سەربووردەکانی ئەمانباتەوە سەر یادەوەریی شەهیدەکانمان، زیندانیان و چیرۆکی بێ وێنەی خۆڕاگرییان، چۆن بە یەکەوە لەگەڵ هەڵمەتی پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵک بوون بە هارمۆنیایەکی تازە و بەهاری ڕاپەڕینیان خولقاند، ئەبێ ئەمڕۆش گرفت و قەیرانەکان ساردمان نەکەنەوە، بەڵکوو وزەمان پێ بدەن بۆ گۆڕینی خۆمان و دەوروبەرمان، ئەمەش بە ئیلهام و گەڕانەوە بۆ حیکمەتی سیاسیی مام.
قەدەری یەکێتی وابووە لە پشت هەر سەرکەوتنێک خوێنێک، لە پشت هەر خۆشییەک، خەمێکی قووڵ هەبووە، ھەر ئەوەشە وایکردووە باشتر لە خەڵکی دیکە نرخی دەستکەوت و بەرهەمی خۆمان بزانین، بەڵام ئێستا پشتوپەنامان، مامی هەمووانمان لەگەڵ نییه، کە جاران کێوێک بوو لە پشت یەکێتی و یەکێتییەکان، بۆیە ئێستا پێویستە ڕۆحی مام و ڕێبازەکەی قیبلەنمامان بێ تەنیا لەبەر ئەوەنا وەفادار بین بۆ ڕێبازەکەی، بەڵکوو لەبەرئەوەی نەکەوینە هەڵەی گەورە و ستراتیژییەوە.
هەر لەم پاییزەدا، چەند ڕۆژێکی دیکە بەسەر یادەوەرییەکی دیکەی پڕ لە ئازاردا دەکەوین، کە دۆستەکانی دوێنێمان بێ ویژدانانە فرسەتیان لێ هێناین و ڕیفراندۆمیان کرد بە (کراسەکەی عوسمان) ، کە تێبینیی زۆریشی لەسەر بوو، ئەوەی بە خوێن لە داعشمان وەرگرتەوە و پاراستمان، بەهێز لێیان وەرگرتینەوە و ئابڵوقەی سیاسی و دارایی و ئابووری و ئیداری بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاند و ئەوان بە وەشاندنی خەنجەری ژەهراوییان، نەک بەشێکی زۆری خاکی کوردستانیان داگیرکردەوە و ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەی یەکێتییان شەهید کرد، بگرە تۆوی دووبەرەکییەکی تازەشیان لە ناومان چاند، کە سێ ساڵە سەرەڕای قەیرانەکانی دیکە، ئەویش بووەتە بەڵایەکی دیکە بۆ کوردستان و خەریکە جەستەی کوردایەتی ئەنجن ئەنجن دەکات، بە جۆرێک نەیارەکانمانی یەکخست و ئێمەشی پەرت پەرت و دابەش کرد.
سەرەڕای هەموو ئاستەنگە دەرەکییەکان ئەوەی وادەکات ئەم پاییزەی سرووشتی کوردستان وەکوو پاییزێکی سیاسیش بکەوێتەوە بریتییە لە، گەندەڵی و لاوازیی دامەزراوەکانی دیموکراسی و نەگۆڕینی مەشروعیەتی شۆڕش بۆ مەشروعیەتی یاسا و دەوڵەتداری و بە قوربانی کردنی ئاییندە بۆ دەسکەوتی بچووکی ڕۆژانە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەمانە، پێویستە دووبارە ئەم پاییزە بکەین بە کەرەستە و وزە و توانا بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی بۆ گەیشتن بەبەهارێکی درێژخایەنی کوردایەتی کە بەقەد فرەیی ڕەنگەکانی فرەیی سیاسی و بۆچوون و ڕای ئازادی تیا بێت و هەموومان بە یەکەوە ببین بە هارمۆنیا و سەمفۆنیای بووژانەوەی کوردایەتی.
سێ ساڵە ئێمە بێ مام جەلال ین، ئەو مام جەلالەی تاقە درەختێک بوو، بەڵام تامی هەموو باخچەکانی دنیای دەدا، چەپکە گوڵێک بوو لە گوڵێکدا، بۆنی هەموو عەترەکان بوو لە یەک عەتردا، هەموو کوردستان بوو لە رەهبەرێکدا، تا زەمەن زیاتر بەسەر ئۆغری ئەبەدی تێدەپەڕێت، زیاتر لێمان نزیک دەبێتەوە، ئەمڕۆ یەکێتی و هەموو لایەنەکانی کوردستان و ئێراق پێویستیان بە حیکمەت و دووربینیی مام جەلالە، دە با دەست بە حیکمەتەکانیەوە بگرین و بڵێین بۆ ئەبەد تۆ ڕێنیشاندەر و ڕابەرمانی، چونکە بە لێهاتوویی خۆت واتکرد ئەمڕۆ تۆ لە یەکێتی و لە هەموو جۆرە حیزبایەتییەک گەورەتر بیت و بەمەش بوویت بە سێبەرێک بۆ هەمووان. [1]