ناونیشانی بابەت: $کاک ئارام چی وت؟$
ناوی نووسەر: #عیماد ئەحمەد#
#05-12-2020#
لە سەرەتای پاییزی ساڵی 1976 لەگەڵ کاک فازڵ کەریم ئەحمەد (مامۆستا جەعفەر) لە#خانەقین#ەوە هاتین بۆ #سلێمانی# بۆ لای مامۆستا موحسین، مەبەستمان بوو کاک شاسوار جەلال (ئارام) ببینین بۆ تێگەیشتن لە شێوە و شێوازی کاری یەکێتی و پایە و جۆری کارکردنی کۆمەڵە لەناو یەکێتی و ئامۆژگاری و راسپاردەی ئەو بۆ ڕێکخستنەکانی (هەرێمی پێشڕەو) ، جگە لەوەش هەندێ گلەیی و ڕخنەمان لە کاک حیکمەت محەمەد کەریم (#مەلا بەختیار#) هەبوو ویستمان بە کاک ئارامی بڵێین.
سنووری هەرێمەکە ئەوکات بەغدا، مەندەلی، خانەقین و #گەرمیان#ی لەخۆدەگرت، شەهید سادق، مامۆستا جەعفەر، مامۆستا موحسین، دڵشاد مەولوود و عیماد ئەحمەد ئەندامی کۆمیتەی هەرێمەکە بوون.
دوای پەیوەندیکردن بە ڕێکخستنی سلێمانییەوە بۆ دیدارەکە، کاک ئازادی مەلا دانرابوو بۆ ئەوەی بمانباتە لای کاک ئارام
لە کات و شوێنی دیاریکراو لە (ئەسحابە سپی) لەگەڵ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسین ئامادەبووین و کاک ئازادی مەلا هات و وای پێی باش بوو یەکێکمان بچین بۆ لای کاک ئارام لەبەر ئەمنییەت و خۆپاراستن. مامۆستا جەعفەر وتی: با عیماد بچێ
ئیتر لەگەڵ کاک ئازاد لە ئەسحابە سپییەوە شۆڕبوونەوە بۆ خوارەوە بەرەو گەڕەگی سەرشەقام، چوینە کۆڵانێکی تەسک و باریک، کەسێک لە نزیک دەرگەی خانووییەکی گڵ ڕووە و گۆیژە ڕاوەستابوو، کاک ئازاد سڵاوی لێ کرد و بە مستی ڕاستی سێ جار لە دەرگەکەی دا و بێ چاوەڕوانی و بەدەمەوەهاتن لەگەڵ خۆی منی بردە ژوورەوە، یەکسەر چاوم کەوتەسەر خێزانێک لە بەرهەیوانێک دانیشتوون کە بە سەر دوو ژووردا دەیڕوانی، خەریکی چا خواردنەوەن، دەرگەی دەرەوە و بەرهەیوانەکە چەند هەنگاوێک لە یەک دووربوون، دیارە خاوەن ماڵەکە ئاگاداری دیدارەکەی ئێمە بوو، دوای سڵاو و ئەحواڵ پرسین، دەرگەی ژووری تەنیشتیان کردەوە بۆ من، چوومە ژوورەوە و کاک ئازادیش لای ئەوان مایەوە.
بۆ من ساتەوەختێکی خۆش بوو، وەکوو دەروێشێک بە حەسرەتی بینینی شێخەکەی بێت، کاک ئارام وەها هاتە بەرچاوم. من کاک ئارامم لە کۆتایی ساڵی 1974 لە #چۆمان# بینیبوو لە (سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی کوردستان) ، بەڵام ئەم جارە جیاواز بوو، کە بینیم شەرواڵێک و کراسێکی لەبەربوو، دەموچاوی هیلاک، دەستوپەنجە زەردهەڵگەڕاو، چاویلکەکەی لە چاودا بوو، جانتایەکی بچووک و چەند وەرەقە و قەڵەمێک و تێپێکی ئاوی لەبەردەست بوو، ژوورەکە بچووک و بنمیچەکەی نزم بوو، پەنجەرەکەی لەسەر هەیوان و چەند بستێک لە ئەرزەکە بەرزتر بوو، بە پەردەیەکی قوماش داپۆشرابوو، ژوورەکە زۆر ڕووناک نەبوو، تەنیا ژێر نوێنێکی تیابوو، چەند لێفە و دۆشەک و سەرینی لەسەر دانرابوو، ڕاخەرێک بە قەد نیوەی ژوورەکە ڕاخرابوو، کاک ئارام چوارمشقی لەسەر ئەرزەکە دانیشتبوو، هەڵسا و تەوقەی لەگەڵدا کردم و لەبەرانبەری خۆی داینیشاندم.
دوای بەخێرهاتن و ئەحواڵ پرسین وتی: دەقیقەیەک سەبرم لێ بگرە تا ئەم نامەیە تەواو دەکەم، چکلێت ئاسا پێچایەوە و خستییەگیرفانی کراسەکەی، ئینجا بە زمانێکی ڕوون و سادە دەستیکرد بەشیکردنەوەی بارودۆخی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە و دونیا و پەیوەندییەکان و خۆئامادەکردن بۆ شۆڕش، دوای ئەوە پرسیاری لە وەزعی ڕێکخستنەکانی هەرێمی پێشڕەو و باری ژیانی خەڵک لە بە غدا و خانەقین و کاریگەریی چوونەدەرەوەی کاک عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی لەناو جەماوەر کرد، منیش بە کوورتی وڵامم ئەدایەوە بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لەو بگرم، کاتەکەش بەفیڕۆنەدەم دوای ئەوە وتی: فەرموو، منیش قسەکانم کرد بە شێوەیەکی کوورت و پوخت سەبارەت بە هەرێمی پێشڕەو و کۆمەڵە و یەکێتی و شۆڕش و ئەرکی تازەی خەباتمان ئەویش بە دیقەت گوێی دەگرت کە قسەکانم تەواوکرد وتی، ئێمە دەبێت کۆمەڵە بپارێزین و بە هێزیبکەین، بۆ ئەوەی ببێت بە کاکڵەو داینەمۆی یەکێتی، #مام جەلال# دامەزرێنەری سەرەکی یەکێتیە لەسەر بنەمای نیمچە بەرەیی دایمەزراندووە و لە داهاتوودا بە گەشەکردن و بە فراوانبوونی لایەنەکانی ناو یەکێتی دەبێتە بەرەیەکی نیشتمانی و میللیی یەکگرتوو، ئەم شۆڕشە لە بنچینەدا شۆڕشێکی نەتەوەییە، بە تەنیا بە کۆمەڵە ناکرێت و بەڕێوەناچێت، شۆڕشەکە پێویستی بە بەرەیەکی سیاسیی فراوانە.
لەوێدا ڕۆڵی مام جەلالی بەرزنرخاند لە هەڵسانەوەی و هەڵگیرساندنی شۆڕش لە کوردستان
لە دواییدا من هاتمە سەر ئەسڵی مەقسەد بۆ گلەیی و گازندە و ڕەخنەبارانی کاک بەختیار، وتم: ئەو هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکانی سلێمانی دەسووڕێتەوە و خەڵک ئەیبینێت و هەواڵ بۆ پووری لە خانەقین دەنێرێت و ئێمەش وامان بڵاوکردووەتەوە کە مەلا بەختیار لەلایەن ئەمنی عامەوە گیراوە، وتم ئێمە دەترسین ئەمیش تووشی گرتن بێت و زیانێکی دیکە بەر ڕێکخستن بکەوێ، من قسەم دەکرد و ئەو هەر گوێی دەگرت، کە قسەکانم تەواو بوون، کاک ئارام هەڵساو لەسەر هەردوو ئەژنۆی دانیشت، وتی: گلەیی و ڕەخنەکانتان لە مەلا بەختیار لە ئەلفە وە بۆ یاء ناحەق و نادرووستە، ئەو ئێستا خەریکی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەیە و پەیوەندی بە هەموو ڕایەڵەکانی ڕێکخستنەوە دەکات، هەر ڕۆژێک و لە شارێکە ئەو هەموو کارەکانی ڕێکخستنی لە ئەستۆ گرتووە دەتانەوێت لە ژوورەوە دابنیشێت و ئەرکەکانیش بە قودرەتی قادر جێبەجێ بکرێن؟ ئینجا وتی: باشە ماوەیەکی دیکە دەیبینم، حاڵی حازر لە شار نییە، دواییش نامەیەکتان بۆ دەنێرم لەو بارەیەوه.
دوایین قسەم دەربارەی کاک ساڵح سێوک (شێروان شێرەوەندی) بوو کە پێش ڕۆژێک لە جادەی سجن بینیم، زۆر بێتاقەت و بێزار بوو لە مانەوە لە شار و نە ناردنی بۆ دەرەوە، دەیگوت، هاوڕێیانی ڕێکخستن دەستی دەستیم پێ دەکەن ئەگەر بەم زووانە بۆم جێبەجێ نەکەن ئەگەڕێمەوە.
بە کاک ئارامم گوت: هاوڕێیەکمان هەیە دەیەوێ پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکات و بچێتە دەرەوە چەند ڕۆژێکە لە شارە و هاوڕێیانی ئێرە هاوکاری ناکەن بۆ ڕۆشتنەکەی، ئەویش وتی: خۆتان دەزانن پەیوەندیکردن بە مەفرەزەکانەوە ئاسان نییە، ئێمە لە سەرەتادا هەموو کەسێک نانێرینە دەرەوە، پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە جیاوازە لەگەڵ پێشمەرگەی جاران لە ڕووی ڕەوشت و بیر و تەحەموول و هەڵسوکەوتەوە، منیش بە دوورودرێژی وەسفی کاک شێروان شێرەوەندیم کرد لە هەموو ڕوویەکەوە وەکوو ئەوەی بڵێم: ئەم کەسە دەمانچەیەکی چواردەخۆری سێ لەسەر سێی، لاکەلی، تەرەقە سوورە، ئەڵقەدار! لە دواییدا وتی، باشە با سەبر بگرێ بۆی جێبەجێ دەکەین.
دوای تەوقەکردنێکی دیکە لەگەڵم، بەڵام گەرمتر لەوەی پێشوو بەڕێیکردم و منیش خوا حافیزیم لێ کرد و لەگەڵ کاک ئازادی مەلا بە هەمان ڕێگە گەڕاینەوە شوێنی دیاریکراو و لە یەکدی جیابووینەوە، گەڕامەوە بۆ لای خاڵم مامۆستا موحسین، ڕۆژی دوایی قسەکانی کاک ئارامم بۆ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسین گێڕایەوە، لە دواییدا زانیمان ئەو ماڵە، ماڵی کاک ئاوات قارەمانی بوو.
پاش ماوەیەک کاک بەختیارم لە بەغدا بینی، دەستی کرد بە گلەیی و وتی: بۆ لای کاک ئارام ڕەخنەت لێ گرتووم، دەبووایە پێش ئەوەی لای ئەو ڕەخنەم لێبگرێت، لای خۆم باست بکردایە؟ سەرەتا بە زەردەخەنەیەک و سەر بادانەوە حاشام لێکرد، بەڵام ئەو
بە شتێکی سەیر کەشفی کردبوو و وتی: کاک ئارام باسی هاوڕێیەکی هەرێمی پێشڕەوی کرد، کە هاتووەتە لای #سۆران#ییەکەی باش نەبووە، لەناوماندا تەنیا تۆ سۆ#رانیە#کەت باش نییە، ئەبێت تۆ بیت!
لەدواییدا وتم: بەڵێ من بووم، لەپێناوی کۆمەڵە و یەکێتی و تۆش بووە، لێرەوە ئەو شایەدیەی بۆ دەدەم کە هیچ دڵگران نەبوو و بەرووحی ڕیازی وەریگرت. دوای ئەوە وتی: کاک ئارام نامەیەکی بۆ نووسیون لای منە لە سلێمانی، دوایی بۆتان دەنێرم، ئێستا و ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت و نەمانبینی.
بەڕاستی لە ژیانمدا کەم سەرکردەم بینیوە وەکوو کاک ئارام ئەو بەرگری و پشتیوانییە لە هاوڕێیەکی خۆی بکات بەو جۆرە ڕاستییەکان ڕوونبکاتەوە، نەک وەکوو خەڵکانی دیکە، ترش و خوێ بە باسێکی خراپی هاوڕێیەکی خۆی بکات و نان و پیازی پێوە بخوات! لێرەوە فەرمایشتەکەی مەولانا جەلالەدین ڕومیم بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت (رووبار بە لە هاوڕێیەتی و برایەتیدا) ئەم وتەیە ڕێک پڕ بە پێستی کاک ئارامە، ئەو نەک ڕوبار، بگرە دەریایەک بوو لە هێمنی و وەفا بۆ هاوڕێکانی.
لەو دیدارەدا باشتر بۆم دەرکەوت کە ئەم زاتە چەند گەورە و خاوەن کاریگەرییە، هەستم بەوەکرد کە ئەو پیاوە کاریزمایەکی هەیە، کادیرێکی پێشکەوتوو و پێگەیشتوو بوو، لە کاتی شکستی بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری گەورەدا، لە سات و بەرکەوتنی جەزرەبەیەکی سەخت بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوەکەی و شاڵاوی گرتن و کوشتن و ڕاونانی هەڤاڵانی، لەساتی بڵاوبوونەوەی نا ئومێدی لەناو خەڵکدا، ئا لەو ئان و ساتەدا قۆڵی ئازایەتی و جوامێری هەڵماڵێت و لێپرسراوێتی قۆناخێکی سەختی خەبات و سەرکردایەتیکردن لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ هاوڕێیان کاک ئازاد هەورامی و کاک سالار عەزیز و مەلا بەختیار، کۆمیتەی هەرێمەکان درووست بکەن و کاک ئارامیش وەکوو سکرتێری کۆمەڵە دەور ببینێت بە بێ تەکەتول و پارە و ئیمتیاز هەڵڕشتن و خزم خزمێنە و ناوچەگەری. کاک ئارام بە سەلیقە ڕابەر بوو، بێجگە لە ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و سیاسی و دووربینی بۆ ئەو کاتە، پیاوێکی بەتوانا و دەگمەن بوو.
کاک ئارام لەو ماوە کەمەی کە لێپرسراوی کۆمەڵە بووە، دەستێکی باڵای هەبووە لە گۆڕینی بەشێک لە بیر و هزر و سیاسەتی کۆمەڵە بە ئاقاری عەقڵانی و واقعیدا، بێجگە لە سەرپەرشتیکردن و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ لە وڵاتدا، هەر بەمەش بوو بە سومبول و ئەستێرەیەکی گەشی پرشنگدار لە سەرتاسەری کوردستاندا.
سەبارەت بە کاک ئارام زۆر جار ئەم پرسیارە لەخۆم دەکەم ئەگەر کاک ئارام بەم کوتوپڕیە و لەسەرەتای شۆڕشی نوێ شەهید نەبووایە، کۆمەڵە لە ڕووی چینایەتی و چونایەتییەوە چۆن دەبوو؟ یەکێتی و شۆڕش بە چ ئاقارێکدا دەڕۆیشت؟ بەڵام سەد حەیف ئەو سەرکردە لێهاتووە بەهۆی بێباکی خۆی و کەمتەرخەمی هاوڕێکانی لە31-1-1978 لە دێی تەنگیسەر بە دەستی تاقمێک جاشی خۆفرۆش شەهید دەبێت و ڕووحیشی ئۆغری ئەبەدی دەکات بۆ لای شەهیدانی دیکەی کوردستان، ئەو پیاوەی چەند ساڵێکی کەم سەرکردایەیتی شۆڕشی کرد، بەڵام بۆ ئەبەد نەمری بەباڵای خۆی بڕی.
بەڕای من ئارام دەرکەوتن و دیاردەیەک بوو لە شۆڕش و سیاسەتی کوردیدا کە پێویستی بەوەیە دیراسەی بکەین، چونکە ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێ گەر بگوترێت ئارام وێڕای شەهیدبوونی، هێشتا کەسێکە بەزیندوویی ماوەتەوە، سێبەری ئارام هێشتا بەسەرمانەوەیه، ئارام شەم بوو بۆ پەروانە دەگریا و بەدوای سۆمای چاو دەگەڕا، ئەستێرە بوو لەناو چاوی گەردوون، بە هێمنی ئەخوولایەوە. [1]