ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەی کۆنترین کارگەی درووستکردنی شەراب لە کوردستان
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
بەپێی دوایین ئەنجامی کاری هەڵکۆڵینی هاوبەش لەنێوان تیمی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری #دهۆک# و زانکۆی ئۆدۆن-ی ئیتاڵی، لە دووریی 13 کم لە گوندی (خەنس)ی سەربە شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک، کارگەیەکی کۆنی شەراب درووستکردن دۆزرایەوە، کە مێژووەکەی بۆ 2700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، واتە سەردەمی دەسەڵاتداریی پاشا سەنحاریبی ئاشووری.
ئەم شوێنە کە پێدەچێت کارگەیەکی گەورەی شەراب درووستکردن بێت، لە دوو چاڵی گەورە پێک هاتووە، لەناو چیایەکە کە بە شێوازی لاکێشەیی و بازنەیی درووست کراوە و دواتر بەرهەمەکە لە ڕێگەی جۆگەیەکی بچووکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو ئەو بەشەی کە بۆ پڕکردنی گۆزەی شەرابەکان دانراوە.
کارگەی شەرابسازیی پاشا سەنحاریب لە 14 بەش، یان کۆگا پێک هاتووە. لە ئەنجامی چالاکییە هاوبەشەکەی ئەمساڵ، چوار شوێن لەم چواردە بەشە کاریان لەسەر کراوە و بە تەواوەتی خاوێن کراونەتەوە. لە داهاتووشدا لە درێژەی ئەم هاوکارییە هاوبەشەی تیمی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک و زانکۆی ئۆدۆن-ی ئیتاڵی، شوێنەکانی تریش کاریان لەسەر دەکرێت و خاوێن دەکرێنەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک، ئەمە کۆنترین و گەورەترین کارگەی درووستکردنی شەرابە لە باکووری میزۆپۆتامیا، کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە. شایەنی باسە لەبەر گەورەیی شوێنەکە دەتوانین بڵێین وەک ناوەندێکی بازرگانی بۆ درووستکردن و هەناردەکردنی شەراب بەکارهاتووە.[1]