ناونیشانی بابەت: $ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی فۆرین پۆلەسی و لە قسەکانی کۆنسولی ئەمەریکدا نوێیە، تەنێ گوتنی ئەمەریکەی ئەمیرانی ئێرەیە$
نووسەر: #هەندرێن#
لە ژیانمدا چ بە ئەزموون و چ بە خوێندن و خوێندنەوە و لە هێنان و بردنی هەموو تیۆرییە فەلسەفییە سیاسییەکان، دواجار نەمتوانی لە گرێی مانەوەی کورد، وەک نەتەوەیەک کە گوایە چل ملیۆنە و ئەو هەموو ئەفسانەیشی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە، لە بندەستیی و دووبارەبوونەوەی شکست و چەقینی لە خۆبەکمزانی و کەڵک وەرنەگرتن لە هۆشەمەند و هۆشەمەندی و … هتد خۆی تێبگەم یان گومانبڕم بکەن.
ئێستا وەک ئەوەی پەرجوویەک ڕوویدا بێت، دڵنیا بووم لەوەی کە کورد تووشی نەخۆشییەکی ئەخلاقی و پەروەردەیی ژێر دەستەیی بووە، بۆیە نە کۆی ئەزموونەکانی خۆی و نە کۆی ئەزموونەکانی دونیایش فێریانی نەکردووە بزانێت چۆن ئەو دەردوبەڵای مێشک و هەناو داگیرکراوە مێژووییەی چارەسەر بکات.
ڕاستت دەوێ کورد دەستی لەوە بەرداوە، بە خۆی بیر بکاتەوە. گوێ لە خۆی بگرێت. ڕێز لە جوامێرەکانی خۆی بگرێت ، تا ئەو چارەسەری ئەو نەخۆشییە بکوژەی بکات کە یادەوەیی و بوونی داهێزراندووە.
ئێستا تێگەیشتم، بێجگە لە هزراندنەکانی خانی و حاجی قادری کۆیێ لەسەر بوونی داگیرکراوی کورد، هیچ فەلسەفەیەکی دیکە فێرە کوەدناسییمان ناکەن.
بەهەمە حاڵ، دەمەوێ لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی فۆرین پۆلەسی کە دڵخۆشان و دڵتەنگاراننی هەژاندوەە بڵێم، کە دەزانم هەموویش دەیزانن، هیچ ڕستەیەکی نوێی تێدا نییە کە ساڵانێکە بە خوێندەوار و نەخوێندەوار، بە پەرسەکانی ئەو دوو حیزبە دەستەڵاتدار و بێدەستەڵاتدارەکان و بە دەنگە ڕازیی و ناڕازییەکانیەوە بە ڕاشکاوەنە و ناڕاشکاوانە نەیان گوتبێت.
لێ ئەوە دوو ڕۆژە وەک ئەوەی تشتکێکی نوێ و عەنتیکە گوترابێت، بۆچی حیزبی دەستەڵاتدار ئەوها پشێو و پەشۆکاو بووە و بەرەی لێقەوماو و دژە دەستەڵات خەنی خۆش بوونە؟
وەڵامەکە ئاسانە، چونکە ئەمەریکەی ئەمیری ئێرە، غەیرە کوردێک، قسەکەی کردووە.
لێرەوە مرۆڤ باشە بە تێڕامانێکەوە، بڕوا بەوە بێنی کە هەتا کورد بە دەستەڵاتدار و بێدەستەڵاتدارەوە وشیار نەبێتەوە بەو نەخۆشی خۆ بەکەمزانییەی کە داگیرکاریی بوونی لە ئیرادەی خۆیەکیی داتەپاو و داوەشاو کردووە، نە دۆخی لەوە باشتر دەبێت و نە گوێ لە خۆیشی ڕادەگرێت.
ئەوها حەفتەی ڕابردوو بە بەزمی حەرامکردن و کوردی نەبوونی نەورۆز لەلایەن دیندارە تازە بابەتەکانتانەوە خەریک بوون، ئەم حەفتەیش بە «کارتۆنیکردن»ی حکومەتۆکەکانی کورد لەلایەن ئەمەریکای ئەمیر سەرقاڵ بن. [1]