$جووڵەکانی ئەمجارەی تورکیا!$
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
#07-12-2022#
تورکیا وەک دەوڵەتێکی گەورەی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی هەڕەشە ستراتیژییەکان لەخۆی دووربخاتەوە خەریکی تاکتیک و هەڕەشەی نوێیە لە خاکی سووریا و خستنەگەڕی وزەی جەنگی سوپا شاراوە و ئاشکراکانی دژی ئەزموونی رۆژاوای کوردستان لەسەر چەندین ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی. ئەم ئۆپەراسیۆنە تازەیە بۆ تورکیا بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئەنقەرە و ناڕاستەوخۆی مۆسکۆ و هێزە پەراوێزیە ڤەندەمێنتاڵە ئایینییەکانی ناو سووریا، سوپای ئازاد و شام و بەرەی نووسڕەو سوپای محەمەدی، ڕەنگە کلیلی کردنەوەی کۆمەڵێک قوفڵی ئاڵۆزی بەردەم پارتی داد و گەشەپێدان و حکومەتەکەی #رەجەب تەیب ئەردۆغان# بێت بۆ ساڵی نوێ کە بریتین لەمانە:
- جووڵاندنی هێز و هەژموونگەریی بەو فراوانییە لەم کاتەدا، واتە جووڵاندنی سۆزی دەنگدەری تورکنەژاد، ئەویش بەرەو مسۆگەرکردن و بردنەوەی ئەجێندای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و شارەوانییەکان لە مانگی حوزەیرانی 2023 کە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئێجگار سەخت و چارەنووسسازە. بەتایبەت کە شەش حیزبی نوێی بەرهەڵستکاری جیدی بوونەتە بەربەست بۆ وەدیهاتنی خەونی وەدەستخستنەوەی ویلایەتی سێیەم بۆ ئەردۆغان و گۆڕینەوەی سیستم لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەڕڵەمانی کە ماوەیەکە ڕۆژەڤی گەرمە. ئەوە جگەلەوەی پارتی دیموکراتی گەلان/ #هەدەپە# بە فۆڕم و وتارێکی ڕادیکاڵانەی نوێوە خۆی مانیفێست کردووەتەوە بەرانبەر بەو سیناریۆ و هەڕەشانەی دەوڵەت، گەرچی لەنێوان پارتی دەسەڵاتدار و شەش پارتی بەرهەڵستکار گەمە دەکات و وتارەکەی هێشتا ڕوون نییە کە ئاڕاستە سیاسییەکەی بەرەو چ کامپێکە لەو دوو کامپەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن.
- گەرچی ئەو شەش پارتە نوێیەی تورکیا کە ئەمساڵ پێکهات دژی ئاکپارتی و بە مەبەستی گۆڕینەوەی سیستمی سیاسی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەڕڵەمانی کە بریتین لە: پارتی گەلی کۆماری کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ، پارتی چاکەی مەراڵ ئاکشنەر، پارتی ئاسوودەیی تیمیل کارامولا ئۆغڵۆ، پارتی ئاییندەی ئەحمەد داودئۆغڵو، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی عەلی بابا جان، پارتی دیموکراتی جۆڵتکین ئویساڵ. سەرجەمیان پشتگیری حکومەتەکەی ئاکپارتی دەکەن بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیانە بەرانبەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و منبج و کۆبانێ دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات/ #هەسەدە# بۆ درووستکردنی قوڵایی ئەمنیی بەپێی ڕێککەوتنی هاوپەیمانان و ڕووسیا و ئەنقەرە لە سنوورەکانی تورکیا و سووریا لە ساڵی 2019، ئاکپارتی دەیەوێت بەم هەنگاوە نەتەوەیی و نەژادییە پانتورکیزمە، سۆز و ئەجێندای ئەو شەش پارتەش بۆلای خۆی ڕاکێشێت یان هیچ نەبێت بێ پەرت و کاریگەریان بکات بۆ ئاییندە.
- جووڵاندنی هێزی وشکانی و ڕاگەیاندنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنی تورکیا بەرەو ڕۆژاڤا و باکووری سووریا، تازە نییە، بۆ ئەوەیە تاوەکووتورکیا هەڕەشە و ئاڵنگاریی ناوخۆیی و ناڕەزایەتییەکان و بێکاری گەنجان و ئابووری لاواز و قەرزەکانی پەردەپۆش و بەنگ بکات تا دوای هەڵبژاردن بە بیانووی تیرۆر و هەڕەشەی دەرەکی و ئاساییشی نەتەوەیی، بۆیە درووستکردنی پشتێنەی 30 کیلۆمەتری تەناهی لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی باشترین هەنگاوە تاوەکو.. یەکەم: ئەمریکا کە سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینا و ناتۆیە بێنێتە سەر مێزی دانووستاندن و ملکەچپێکردن لەسەر هەندێک دەستکەوت و نەرمی نواندن بۆ بازرگانی و دەریچەی تازەی نەوتی و دەستخستنی بازرگانی زیاتر. دووەم: کۆتایی بە کامپی هۆڵ بهێنێت لە پارێزگای #حەسەکە# و گەڕانەوەی سەرکردە هەڵاتووەکانی #داعش# و دووبارە ڕێکخستنەوەیان دژی ڕۆژاوا، چونکە سووریا ڕای وایە ئێستا ئەزموونەکانی خۆسەری تەواو گەشەیان کردووە و دوژمنێکی ئەوتۆیان نەماوە لە شێوەی بەرەی نووسرە و داعش و تورکیا ئەوە بە پاشەکشە و مەترسی دەزانێت.
- تورکیا ئەوەش دەزانێت ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژاوا، مومارەسەی تیۆرەکانی مۆدێرنێتەی دیموکراتی و فیکریی ئاپۆچییە، بەو جۆرە و بە جەنگ نەک بەهێزتر دەبن بەڵکوو باشتر و چاوکراوەتر دەبن لەسەر پاشەڕۆژ، بۆیە دەیەوێت بەهەر بیانوویێک بێت کەڵک لەو بۆشاییە وەربگرێت کە جەنگی ئۆکراینا - ڕووسیا درووستیکردووە و خودی مۆسکۆی بە هیلاکدا بردووە و ئەمریکاشی ناچارکردووە سەرگەرمی ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆ بێت و هێندە بیر لە پەلامار و کەڵبەکانی تورکیا نەکاتەوە بۆ ڕۆژاوا، لێرەوە تورکیا بەدەرفەتی دەزانێت کەڵک لەو پێگە جیۆستراتیژییە لەبارەی خۆی وەربگرێت پێش سەرماوسۆڵەی زستان و ئەو ئامانجانە وەدی بهێنێت دژی هەسەدە و #یەپەگە# و بەچۆکدا هێنان یان لاوازکردنی هەرێمە خۆسەرییەکان و دەسکاری هەندێک هاوکێشە.
- بەدووریش نازانرێت دووبارە تورکیا میساقی میللی زیندوو بکاتەوە و گرێ گەورەکە بکاتەوە وەک شەرعیەتی مێژوویی دەولیی و دیارە لە دواساتەکانی کەوتنی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتی سوڵتانەکاندا، ئاگربەستی مۆدرۆس کرا لەنێوان سوڵتان محەمەدی شەشەم و هاوپەیمانانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1918 وەک میساقی میللی و پاراستنی قەڵەمڕەویی ویلایەتەکانی تورکیا وەک خۆپارێزی جەنگ و پشتێنەی ئارامیی و بۆیەکەم جار ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ئەو ڕێککەوتن و قەڵەمڕەویەی بەناوی میساقی میللی هێنایەوە گۆڕێ و خستییە سەر زاری میدیاکان لە مانگی ئۆکتۆبەری 2016 بەرانبەر ڕەوایەتی لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنەکانی. [1]