$داڕمانی دیواری سوور و کۆتایی کۆربین$
#بڕوا بەرزنجی#
#15-12-2019#
ئەمڕۆ دیواری سووری لەیبەر داڕما ئەمە لێدوانی پەڕڵەمانتارێکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیایە کە حزبەکەی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و بە دیاریکراوی لە سەردەمی مارگرێت تاچەرەوە، بردنەوەی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.
هێندەی گەورەیی بردنەوەکەی پارێزگاران، پارتی کرێکارانیش بەو ئەندازەیە دۆڕان. جێرمی کۆربین کە سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران دەکات، زیاتر لە دۆڕانی پارتەکەیی و لە دەستدانی 59 کورسی، باسی کۆتایی خۆیی و مردنی کۆربینیزم دەکرێت.
ئەوەی وایکردووە پۆترەیتی ئەم پیاوە ڕیش سپی دارە گەورەبێت، بەهاو ئایدیا چەپ و ڕادیکاڵانەکەیەتی کە لە تەواویی تەمەنی سیاسیدا، پۆترەیتەکەی ڕەنگ دەکەن.
ئەگەر لە مێژووی نوێی بەریتانیادا، چەرچڵ هێمای پاڵەوانێتی بێت لەپێناو نیشتمان و شکستهێنان بە نازییەت و هیتلەر، مارگرێت تاچەری یەکەم ژنە سەرۆکوەزیران، هێمای دەوڵەتداری و ڕەفاهییەت و ئابوورییەکی بەهێزبێت بۆ وڵات، ئەوا کۆربین بێئەوەی ببێت بە سەرۆک، باوەڕیی نەگۆڕ و ڕادیکاڵانەی بەها ئینسانی و ئازادی و یەکسانی و دادوەرییەکان، دەیکاتە ئایکۆنێکی ئەخلاقی لە مێژووی نوێی بەریتانیادا.
هەرچەندە خۆی ڕەتیدەکاتەوە شتێک هەبێت بەناوی کۆربینیزم، بڕوای بەبوونی سۆشیالیزم هەیە، بەڵام هەر بەڕاستی کۆربینیزم هەیە و دنیابینییەکی ڕادیکاڵانە و کۆمەڵێک بەهای ئینسانی و عەدالەتخوازانەنن، لە سەردەمێکدا سیاسەت لە بێبەهایی خۆیدادەژی.
ئەم دۆڕانە، دۆڕانی مانیفێستۆی سۆشیالیزم و فرەڕەنگی و کرانەوە بوو، لەبەرانبەر مانیفێستۆی پۆپۆلیزم و ترسان لە بیانی (xenophobia) کە پۆپۆلیستێکی وەک بۆریس جۆنسن، خاوەندارێتی دەکات. پیاوێک لە ڕەنگ و دەنگی ترەمپ.!
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە، ئەم دۆڕانە کۆتایی بە ژیانی سیاسی کۆربینی تەمەن 70 ساڵ هێنا کە وەک خۆی وتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەرۆکایەتیی پارتەکەی ناکات. بەڵام کۆربینیزم زووە لەبارەی مردنییەوە قسەبکرێت.!
هۆکارەکانی دۆڕانی کۆربین و پارتەکەی زۆرن کە باسدەکرێن، بەڵام دەتوانین جەوهەری ئەو هۆکارانەی زیاتر حەقیقەتیان تێدایە، لە دوو هۆکارادا کۆبکەینەوە کە ئەو دوو خاڵەیش دوو دیوی دراوەکەن:
1. برێگزت کە داوای زۆرینەیە و کۆربین نە لەگەڵی بوو بەڕوونی، نەدژی. واتە ناڕوون بوون لەگەڵ ئەم داوەیە کە بووە داویەکی جەماوەری. کۆربین خۆی دژی یەکێتی ئەوروپایە و لە دوورمەودا دا و بەڕێگەی گونجاوتر لەگەڵ هاتنەدەرەوەیە کە ئەوەیش بۆخۆی بابەتێکی قوڵترە و پەیوەندی بەتێگەیشتنی کۆربین و هەندێکی تر لە چەپەکانە، ئەم چەپە ڕادیکاڵانە، یەکێتی ئەوروپا وەک کۆڕبەندێک بۆ ئابوورییەکی نیولیبراڵ و کۆمپانیا گەورەکان سەیردەکەن. بەهەرحاڵ ئەوەی ڕوویدا بەرییەککەوتنی فەلسەفەی سیاسی کۆربینیزم بوو، لەگەڵ برێگست کە داوای زۆرینەبوو. ئەم زۆرینەیە چووەتە ناو کۆمێنێتی هیندی و پاکستانی، کە پێشتر زۆرینە دەنگدەری کرێکاران بوون. ئەم دو کۆمێنێتییە کە بە پلەی سێیەم و پێنجەم دێن، لەڕێزبەندی کۆمێنتی و پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی.
چونکە هاتنی چەندان ملیۆن ئەوروپی کە ئیشکەر و ئیشزان بوون، زەرەری لەواندا. بۆئەمەیش دەتوانین سەیری نەخشەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بکەین بەپێی ناوچە و بازنەکان.
2. باڵادەستی کەشوهەوایەکی سیاسی لە شوێنە جیاوازەکانی دنیادا، کە ڕەنگکراوە بەڕەنگی پۆپۆلیزم، واتە وتاری سیاسی ستارتیژی نییە، بەڵکوو تاکتیکییە و فریودانی هەست و سۆزی زۆرینەیە. ئەمەیش کەشوهەوایەکی سیاسی تەواو لەبارە بۆ بۆریس جۆنسن کە خۆی ڕۆژنامەنووس بووە و باش دەزانێت چۆن ژیری و بەها لەبیربکەیت و هەست و سۆزی جەماوەر بدوێنیت. جەماوەر بوونەوەرێکی نابیرکەرەوەیە بەقەولی سۆسیۆلۆگێکی وەک گۆستاف لۆبۆن.
لەمەیشدا میدیا پشتیوانێکی گەورە بوو، چونکە پشتی میدیایش، کۆمپانیا و دەسەڵاتە ئابووری و سیاسییەکانە، لەگەڵ سایکۆلۆژیایی جەماوەر.
واتە جۆنسن و میدیا خاڵی هاوبەشیان زۆرە، بەڵام تەواوی ئەم ژینگەیە دژی فەلسەفەی سیاسی کۆربینە کە لەسەر کۆمەڵێک بەهای هیومانیتی و ڕادیکاڵانە بوونیادنراو کە عەدالەت و بەرگریکردن لە چینەکانی خوارەوە و کرانەوە بەڕووی جیاوازییەکاندا. [1]