بێتاقەتیی
لە ژیانی سەردەما ئەو هەستەی لە هەموو هەستێک لە هەموو کاتێک زیاتر پەرەی سەندووە هەستی بێتاقەتییە، ژیانی سەردەم بەشێوەیەکی سەیر هێندە ئاسانبووە کە زۆر قوورسبووە، ژیان لە ناو شارەکاندا وای کردووە بەگشتی خەڵکی زۆر بە ئاسانی بتوانن پێداویستییەکانی ژیانیان دەست بکەوێت، ئەمەش وای کردووە دوای شتانێک بکەوین بۆ پڕ کردنەوەی کاتەکانمان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان نییە بە هەوڵدان بۆ مانەوەمان، وەک وەرزش و یاریکردن و خوێندنەوە و هتد...
بێتاقەتیی چییە؟
بێتاقەتیی ئەو دۆخەیە کە گشت ئەو شتانەی لە بەردەستن و ئەتوانیت بیان کەیت چیتر ویستت بۆیان نییە و حەزت بە کردنیان نییە. بە واتایەکی کە هیچ شتێک بوونی نییە کە بتوانێت مێشکت بوروژێنێت (stimulate) ، لە یەکێ لە تاقیکردنەوەکاندا خەڵکی لە ژوورێکدا دانرابوون کە هیچ نەبووە بیکەن، تەنیا یەک ئامێری کارەبایی لەبەردەستیاندا بووە ئەو ئامێرەش هەر کاتێک پەنجەیان لێبدایە کارەبا ئەیگرتن. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە ئامادەبوون ئازاربەخۆیان بگەیەنن و پەنجە لە ئامێرەکە بدەن تا کارەبا بیانگرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بێتاقەت نەبن.
بۆیە بێتاقەتیی وەکوو نیشانەیەکی زانخوازی (curiousity) وایە و ئەو کەسانەی ئاسانتر بێتاقەت ئەبن ویستی زانین تیایاندا زاڵترە، بەمەش وا گریمانە دەکرێت بێتاقەتی بۆ ئەوە پەرەی سەندبێت تاوەکوو ئێمە باشتر چواردەوری خۆمان بپشکنین و باشتر و شتی جیاوازتر فێرببین.
چون بە شێوەیەکی پارادۆکسی بێتاقەتیی سەرەڕای ئەوەی بێتوانات دەکات بەڵام هانیشت ئەدا کە شتی جیاواز و نوێ تاقیکەیتەوە و خەیاڵ بۆ داهاتوویەکی دوورتر بکەیت.
ئەو کەسانەی زووتر بێتاقەت ئەبن زیرەکتریشن، تاقیکردنەوەیەکی تر کراوە ڕێژەی زوو بێتاقەتبوونی کەسەکانیان دیاری کردووە و پاشان کەسەکانیان خستۆتە ژوورێکی چۆڵەوە لەگەڵ تەنیا یەک پەرداخی پلاستیک، لێکۆڵەرەکان بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی خێراتر بێتاقەت ئەبن بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و سەرنجڕاکێشتر شکڵی ئەو پەرداخە پلاستیەکەیان گۆڕیوە کە لەبەر چاویاندا بووە وەک لە ئەو کەسانەی خێرا بێتاقەت نابن.
بەشێوەیەکی کە ئەتوانی بڵێی زوو بێتاقەتبوون هاوواتایە لەگەڵ زانخوازی، کێشەیەک لە کۆمەڵگەی سەردەما کە درووستبووە ئەوەیە گەنجەکان بایی پێویست تووشی بەرکەوتن و وروژانی مێشک نابن، بەکوورتی ژینگەی دەرەوەیان ئەو ژینگەیە نییە.کە ویستیان بۆی هەبێت و هەوڵی تێدابدەن، هەربۆیە ناچار یان پەنا ئەبەنە بەر ژینگەی ناوەوە واتە (خود) کە ئەمە لایەنی پۆزەتیڤی هەیە بەوەی وا لە کەسەکان دەکات کێشەکانی خۆیان ببینن یاخود وێنای و ئامانجێکی گونجاوتر بۆ داهاتوویان بدۆزنەوە دەشکرێت لایەنی نێگەتیڤی هەبێت بەوەی کەسەکە تووشی بێهیوایی و بێتاقەتییەکی زیاتربێت بەتایبەت گەر ژینگەی ئەو کەسە لەبار نەبێت.
یاخودیش ئەو کەسانەی بێتاقەتن پەنا ئەبەنە بەر ئەو شتانەی کە چێژێکی خێرای کوورت دەدات بە مێشک وەک سۆشیاڵ میدیا و یاری ئەلیکترۆنی و تەنانەت تا دەرمان بەکارهێنان و کردنی کرداری مەترسیداریش ئەڕوات، یاخودیش بێتاقەتییەکە زاڵدەبێت بەسەر ژیانیانا و ببێتە هۆی بێهیوایی و دواجار خەمۆکی.
چون بێتاقەتی و بێهیوایی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەمۆکیەوە هەیە.
جارێکیان مامۆستایەکم کە خۆی دکتۆری دەروونییە لە کاتی گفتوگۆیدا لە زانکۆ باسی چارەسەرییەکانی خەمۆکیمان دەکرد شتێکی وت، کە زۆر سەرنجڕاکێشبوو بۆم وتی: تاقیکردنەوەیەک کراوە ئەو کۆمەڵێک ماسیان هێناوە بوون بە دوو گرووپ هەردووکیان دژی خوڕەی ئاوێک مەلە بکەن، گرووپێکیان لە ڕێی دەسکاری کردنی ڕووناکی و باکگراوندی حەوزەکە وایان لێکردوون وا هەست کەن دەڕۆن و شوێن ئەگۆڕن لەکاتێکا هەر لە شوێنی خۆیانبوون، گرووپەکەی کە ئەمەیان بۆ نەکردوون و کە مەلەیان کردووە بەردەوام لە شوێنی خۆیانبوون و هەستیشیانکردووە مەلەکردن بە هیچ کوێیان ناگەیەنێت.
دواتر ئەو ماسیانەی فێڵیان لێنەکراوە و ئەو واقعەیان بینیوە کە هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە.لە مەلەکردنیاندا زووتر وازیان هێناوە و مردوون وەک لەو ماسیانەی بە فێڵ وایان لێکراوە هەست بکەن کە بەڕاست بەرەو پێش دەچن.[1]