هەمیشە گوێبیستی ئەوە دەبین کە دەوترێت زۆر خواردنی خوێ زیانی بۆ تەندرووستیی هەیە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکیی ئەوەی پشتراستکردۆتەوە کە خواردنی تەنانەت کەمێک خوێش زیانی هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو نەخۆشانەی کە تووشی سستبوونی دڵ بوون.
لێکۆڵینەوەکە کە شیکاری بۆ نۆ توێژینەوەی جیاواز کردووە، ئەوەی بۆ ئاشکرابووە کە خواردنی کەمتر لە 2.3 گرام خوێ لە ڕۆژێکدا هیچ سوودێکی بۆ تەندرووستیی نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە مەترسی مردن زیاد دەکات.
لەوبارەیەوە، دکتۆر ئەنیروج بالیچێرلا، کە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژی 5ی ئازار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆلێژی دڵی ئەمریکیدا دەخرێتەڕوو دەڵێت: سنووردارکردنی بەکاربردنی خوێ بۆ ئەوانەی تووشی سستبوونی دڵ بوون بەڕێگایەکی پەسەندکراو زانراوە، بەڵام ڕاددەی ئەو سنووردارکردنە جێگای مشتومڕ بووە.
هەروەک دەڵێت: ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە نیشان دەدات کە لەبری سنووردارکردنی زیادەڕۆیی لە بەکاربردنی خوێ، پێویستە سەرنجمان لەسەر درووستکردنی ئاستێک لە بەکارهێنانی سەلامەتی ئەم توخمە بێت.
ئەو نۆ لێکۆڵینەوەیەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا شیکراونەتەوە بریتین لە هەڵسەنگاندنی ئاستی جۆراوجۆری سۆدیۆم (خوێ) لە نزیکەی 3500 کەسی تووشبوو بە سستبوونی دڵ، هەروەک داتای مردن و ڕێژەی داخڵکردن لە نەخۆشخانە. [1]