ناوەندی کوالێتیی لە چاودێریی تەندرووستیی لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وشکبوونەوەی دەم بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە هەندێکیان سادە و هەندێکی تریان مەترسیدارن.
ناوەندە ئەڵمانییەکە ڕوونیکردۆتەوە، هۆکارە سادەکانی وشکبوونەوەی دەم بریتین لە کەم خواردنەوەی شلەکان و کەمی دەردانی لیک بەهۆی بەتەمەندا چوونەوەیان وەک کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمانی وەک دەرمانی دژە بەرزی فشاری خوێن و دەرمانی دەروونى و خەوێنەرەکان.
لەم حاڵەتانەدا دەکرێت بە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو کە ڕۆژانە لە لیتر و نیوێک کەمتر نەبێت چارەسەری وشکبوونەوەی دەم بکرێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی خواردنی دەوڵەمەند بەشلە وەک ئاروێ و شوتی. جگە لەوەی دەکرێت بە خواردنی بنێشت بێ شەکر چارەسەری کەمی دەردانی لیک بکرێت.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرهات و ئەم ڕێکارانە بۆ چارەسەرکردنی وشکبوونەوەی دەم سوودیان نەبوو، ئەوا پێویستە لەو کاتەدا ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت.
بەوپێیەی وشکبوونەوەی دەم ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ نەخۆشییەکی جددی وەک نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشی ڕۆماتیزم، یان فرە ڕەقبوون (ئیسکەلە ڕۆسیس) ، سیندرۆمی سجۆگرن کە نەخۆشییەکی بەرگریی خۆکارە و دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لینجە پەردەی ناودەم. [1]