ناونیشانی بابەت: 76مین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی
ڕۆژی 10ی خاکەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (30ی ئاداری 1947) ، 76 ساڵ لەمەوبەر #پێشەوا قازی محەمەد#، سەرکۆماری #کوردستان# و حەمەحسێن خانی سەیفی قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) بە بڕیاری دوو دادگای نایاسایی و ڕواڵەتی بە دەستی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە 2ی ڕێبەندانی 1324ی ھەتاوی (22 مانگی ژانویە 1946) کۆماری کوردستان ڕاگەیەنرابوو، لەسێدارە دران و شەھید کران.
پێشەوا قازی محەمەد ساڵی 1900ی زایینی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و گەورەی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە #مەهاباد# لەدایک بووە. قازی محەمەد لە منداڵی و لاویدا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەکان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەکیش ڕووسی ئاشنایەتیی بووە. قازی محەمەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ زانایان، کەسایەتییە گەورەکان، کوردە نیشتمانپەروەرەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان ھەبووە.
$دەستپێکی خەبات$
دوای کۆچیدوایی باوکی، بوو بە دادوەر (قازی) ی شاری مەهاباد. لەبەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرھەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاریی خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە 1941 و دوای ئەوەش بەرپرسایەتیی دایرەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردووە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە. ھەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێک لە خوێندکاران، ڕۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندییەکی نزیکی هەبووە.
چەند ساڵ و لە ماوەی لاوازی و پشێویی دەوڵەتی ناوەندیی تاران، واتە لە ساڵانی 1941 تا 1945 کە کۆماری کوردستان پێک ھاتووە، بەڕێوبەریی پێشەوا لە پێشبردنی کاروبارەکان و بەتایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرەییەکاندا دەورێکی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەکان و کاری ڕۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێدەوت، چارەسەر بووە.
پێشەوا قازی محەمەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) ھەبووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ک ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆشویستووە و گەلێکیان ھەوڵ لەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵە.
قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیاندا دابەش کردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە. ھەر کەس چووەتە مەھاباد تێکۆشاوە بەر لە ھەموو کەس چاوی بە ئەو بکەوێت. بانگکرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندییەدا بووە، کە لەگەڵ شاندێکی گەورە سەردانی باکۆیان کرد.
$کەسایەتیی پێشەوا$
قازی محەمەد مرۆڤێکی فەرھەنگدۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و ھونەردۆست، ئەھلی ڕاوێژ و لە ھەمانکاتدا خەباتگێڕێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بووە. لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و ھێزیان کەڵکی وەردەگرت.
وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتوو، قازی محەمەد برایەتی و یەکگرتوویی کوردی پێ گەورەترین ھۆی سەرکەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی ئەوکات چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکیەتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانی زانیوە.
ھەرچەند دەیزانی دوژمنەکانی کورد ڕاست ناکەن بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕای دەگەیاند کورد حەز دەکا لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بکرێ دەیکات.
لە پێش کۆماردا جاربەجارە لە ڕۆژنامەی کوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی (پێشەوا) ی پێ بەخشراوە و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکدا ھەر باوە و بووەتە ڕەمز و سیمبۆلی خەباتی نەتەوایەتیی کورد.
$ژیانی سیاسی و سەردەمی کۆمار$
قازی محەمەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و ناوی نھێنیی (بینایی) بۆ دانرا، ھیوایەکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک پێک ھێنا. لە ئاکامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو کە ژ.ک بوو بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و وەک حیزبێکی دیموکرات و پێشکەوتوو دەستی کرد بە تێکۆشان و خەباتی سیاسی. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی کە بۆ ژ.کی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتیشی ھەر بە 25ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ.ک دانا و ھەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیک بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێکۆشان لەنێو حیزبی دیموکراتی کوردستاندا ڕاکێشا. حیزب زۆر بەخێرایی پەلوپۆی سەند و تێکۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەڕەی سەند. قەیرانی بە زۆر لکاندنی کوردستان بە ئازەربایجانەوە حەل کرد و مەجبووری کردن حیسابی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. لە یەکەم کۆنگرەدا، لە 22ی ژانویە 1946 (2ی ڕێبەندانی 1324ی کۆچیی ھەتاوی) بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکھاتنی یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیەنرا.
لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشکاوی بە شای ئێران و قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران) ڕاگەیاندوە، قامکی لەسەر لاوازییەکانیان بەرانبەر بە گەلی کورد داناوە. بە ئاشکرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەکانی خۆتاندا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی کوردستان چارەسەر بکەن.
کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلتنەوە بۆ تاران بانگھێشت دەکرێ و لە ڕێکەوتی 28ی ژوئەنی 1946 دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری حیزبەکان و یەکیەتی کرێکاران لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکرێ. ڕۆژنامەی ایران ما ھەر ئەوکات دەنووسێ:
ئێستا کە قازی محەمەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی کەوتووە، دەردەکەوێ کە بیروڕای ئەو جێگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی لە تەواوی ئێران دایە و مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی بۆ نەتەوەی کوردیش لە گۆڕێ دایە. ھەر کارێک بە سوودی دێموکراسی بێ لەلایەن پێشەوای کوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەکرێ. ھیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژوویییە کەڵک وەرگرێ.
$ڕووخاندنی کۆمار$
دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری کوردستان بە خاڵێکی ھاوبەش نەگەشتن و گرفتەکان چارەسەر نەکران. ھەر بۆیە بەشوێن ماوەیەک ھەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی ھێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی کۆماری مەھاباد لەلایەن بڕێک سەرۆک عەشیرەتەکان، تەنانەت چەن کەس لەوانەی لەگەڵ قازی سەفەری باکۆیان کردبوو، تاران لە پێشدا ھێرش دەکاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئازەربایجان و پاشان ھێرش دەکاتە سەر کوردستان.
ئەرتەشی ئێران کە قوورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی 20 سەرماوەزی ساڵی 1325ی ھەتاوی (1946ی زایینی) گەیشتە دەرەوەی شاری تەورێز و ڕۆژی 21بە ھەڵاتنی سەرۆکانی کۆمار بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مەھاباد ڕێ کەوت. لە ئەو ناوچانەی دیکە لە باشووری مەھاباددا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نەدەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیکی سەقز، لە چەن مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە 20ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتیی ھێندێ لە کوردەکانی سەربە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتە بەر. قازی وەک سەرۆک کۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لەپێناوی وڵات ھەمووان تێدەکۆشن بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بەخێرایی، لە ماوەی چەن ڕۆژ کوردستان داگیر دەکرێ. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەک سەرۆک کۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت کە بۆ ئەوندە پشتی بە یارمەتیی سۆڤیەت بەستبوو کە بە دەستکێشانی لەپاڵپشتی کۆمار ئاوەھا بەخێرایی کۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین ھۆی ڕووخانی کۆمار یەکنەبوونی ھەوموو دەستەکان ببێت، تا ئەو ڕادەیە کە ھێندێ ھەتا سۆڤیەت کوردستانی چۆڵ کرد، نامەیان نارد بۆ تاران کە وەرن، ئێستە کاتی ھێرشە. بە ئاگادار بوون لە داھاتووی کۆمار مەلا مستەفا ھەوڵی دا کە قازی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی بەوە ڕازی نەبوو، پێی وا بوو دەبێ لەسەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ کە بەزوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لەنێوان شەر یان خۆبەدەستەوە دان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێران کردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە، ڕەخنەدەگرن کە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟ بەڵام لە کاتی ماڵاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچ کات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم تا وڵاتەکەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو ھەزاران کەس بە کوشت بچن.
ئەرتەش ڕۆژی 29ی سەرماوەز دەگاتە مەھاباد وەک پایەتەختی کۆمار و وەک ئەو شارەی دەسەڵاتی کۆماری تێدایە، کاتێ زیاتری بۆ دادەنێن. ئەگەرچی ھەر لە پێشدا ھەم قازی بۆخۆی و ھەموان دەیانزانی سزای قازی و ھەڵسووکەوتی حکوومەت لەگەڵ وی چۆن دەبێ، بەڵام دادگایەک ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی کۆمار بە چەن تاوانی سەرەکی دادگایی دەکرێن.
ئەگەرچی ھەردوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتیی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام کۆماری کوردستان ڕاستەقینە ئارەزووی جەماوەری کورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لەپاڵپشتی کێشاوە و دەسەڵاتی تاران ھەردوو کۆماری لاوازی مەھاباد و ئازەربایجانی خنکاند. درێژەی کۆماری مەھاباد 11 مانگ بوو.
$دادگاییکردنی پێشەوا قازی$
6ی ڕێبەندانی ھەمان ساڵ (1325ھەتاوی- 1947زایینی) لێژنەی تایبەت کە لە تارانەوە ھاتبوون بە سەرۆکایەتی سەرھەنگ ڕەزا دەگەنە مەھاباد و دادگا ڕێکدەخەن. پرسیارەکانی دادگا ڕوون نەبوون. لەلایەن قازیەکانەوە (قازی محەمەد، سەدر قازی، سەیف قازی) ھەموو تاوانەکان ڕەد کرایەوە و داوای بەڵگەیان دەکرد. ئاشکرا بوو کە ئەو دادگا ھیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نەبوو.
$تاوانەکانی قازی ئەمانە بوون:$
گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران
- ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیر کردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان
- بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی
- ساز کردنی نەخشەی کوردستانی گەورە بە لکاندنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێراق، تورکیا و سووریا
- ھێنانە ناوەی بێگانە و بەشێک لە خاکی ئێران خستنە ژێر دەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی)
- دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە نیشانی چەکوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت
- لێدانی سکەی پووڵ بۆ کۆردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسی
قازی ھەموو ڕەت دەکاتەوە و لە وەڵام دا دەڵێ ئاڵام داناوە بەڵام نە وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن وەک ئاڵای سۆڤیەت. سەبارەت بە مستەفا بارزانی، ئەو بۆ خۆی ھاتووەتە مەھاباد و کەس نەیھێناوە، ئەو کوردە و کوردستان ماڵی ھەموو کوردێکە و ھەر کوردێک بە ئارەزووی خۆی لەسەر ھەر بستە خاکی کوردستاندا دەتوانێ بژی
یەکێک لە تاوانەکانی سەرەکی سەدر قازی، جێگری سەرۆک کۆمار و برای قازی محەمەد نووسینی شیعرێکی گەرم بۆ بەخێرھاتن وتن بە مەلا مستەفا بارزانی بوو.
دادگاکە بە دانی بڕیار لەسێدارە دانی ھەر سێکیان کۆتایی ھات. بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکە نەبوو. قازییەکان لە بەندیخانە کران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە ھەمان شێوە دادگای پێداچوونەوە بەڕێوەچوو، ئەگەر چی ھەموان لەسەر ئەو بڕوا بوون کە بە تاوانبار ناسینی قازی ھەر لە پێشدا وەک ئامانجی دادگاکان لە تارانەوە نیشان کرابوو.
پێشەوا و ھاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدە مانگی کۆماردا ھەوڵیان دا، ھەر ئەوەندەش لەو دادگا بوو، لە خۆبردوویی و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.
لەگەڵ ھەموو ئازاری دەروونی و ئەو ژیانە تاڵەی کە لە بەندیخانەی پادگانی مەھاباددا بۆیان پێک ھاتبوو، نە تەنیا بڕوایان بە ئامانجەکانیان، لاواز نەببوو بەڵکوو زۆر ئەرخەیانترو بە ورەتر ببوون.
$لە چاوپێکەوتنێکی نھێنیدا کە لەگەڵ یەک دوو مرۆڤی جێی باوەڕی خۆیان بوویانە، گوتوویانە:$
ئێمەیان فریودا، با نەتەوەی کورد فریو نەخوا و خەباتی خۆی بۆ ڕزگاری و سەربەستی درێژە بدات و چەک دانەنێ.
ھەروەھا گوتبوویان:
کە زۆریان زەخت خستووینەتە سەر تا نامەیەک بۆ مەلا مستەفا بنووسین کە دەست ھەڵبگرێ. بەڵام ئێمە نەتەنیا شتی وا نانووسین بەڵکوو پێمانوایە ئەوەی بۆی دەکرێ دەبێ لەگەڵ ئەو ناپیاوانە بیکا.
ئازایەتییان لە دادگاکاندا بە ڕادەیەک بووە کە ئەفسەرەکان سەریان سوڕماوە. لە ڕاستیدا ئەو دادگایە ئەمەریکا و ئینگلیزیشی لە پشت بوو. ھەرچەند جگە لە کاربەدەستانی خۆیان کەسی نامۆی لێ نەبووە، بەڵام ھەر لە ڕێگای ئەوانەوە زۆر شت بڵاو بۆتەوە کە پێویستە بیزانین.
پێشەوا ھەر جارێک لەو دوو جارە کە بە ناو دادگایی کراوە زیاتر لە چوار کاتژمێر قسەی کردووە و بە وتەی سەروان شەریفی کە پارێزەری بووە: ئەوە قازی محەمەد بووە کە حکوومەتی دادگایی کردووە و لە ھەموو بوارێکەوە ھێناویەتە ژێر پرسیار.
ڕۆژنامەی ئازادی کە لەو سەردەمدا لە بەغدا بە زمانی کوردی دەردەچوو، سەبارەت بە پشتگیریی ئەمریکا و ئینگلیز لەو دادگایییە نووسیبووی: ئیستێعماری ئینگلیس و ئەمریکا لە وجوودی قازی محەمەد و ھاوڕێکانیدا دوژمنی ھەرە سەرسەختی خۆیان دەدی. ھیوایان ھەبوو بتوانن بە چۆکیان دابێننو لە بەندیخانەش نوێنەرەکانیان چوون لەگەڵیان دوان تا بتوانن بۆ لای خۆیانیان ڕابکێشن، بەڵام ھیچ کات سەرکەوتوو نەبوون.
دواتر ڕۆژنامەی ئازەربایجان لە باکۆ نووسیبووی قازی محەمەد بە نوێنەری ئەمەریکا (جورج ئالێن) ی گوتبوو: گەلی کورد چاوەڕوانی ھیچ چاکەیەکی لە وڵاتانی ئیستێعماری نییە.
نەجەفقولی پسیان وتەکانی پێشەوا لە دادگادا لە چەند ڕستەدا کوورت دەکاتەوە و دەنووسێ:لە کاتی دادگاییدا قازی محەمەد پەلاماری دەبردە سەر سیاسەت و ئاکاری دەوڵەتی تاران و دەیگوت: من لە قوژبنی گرتووخانەوە دەنگی خۆم بەرز دەکەمەوە لە دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەک ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ داگیر کردووین ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بە نێوی سلیمان.خ لە نووسراوەکانیدا دەڵێ، قازی وتی:
تەواوی ئەم بەسەرھات و ڕووداوانە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتە. ئەگەر دەوڵەت تەواوی کوردان بە خائین دەزانێ با دەست لەو مەڵبەندە ھەڵبگرێ، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ با لێ بگەڕێ خۆیان کاروباری خۆیان بگرنە دەست.
لە بەڵگە و ڕۆژنامەکانی یەکیەتی سۆڤیەت زۆر شت لەم بابەتانە نووسراون. لە زمان ئەفسەرە ئێرانییکانەوە دەگێڕنەوە کە قازی لە جوابی ئەوەی کە کۆماری مەھاباد دەستنیشانی سۆڤیەت بووە گوتویە:
ئەو ڕووداوانە لە ئاکامی ئەوەی دابوون کە ئێوە خۆتان قانوونی بنەڕەتیتان لەژێر پێ ناوە. ئێستاش من تەنیا خۆم دامەزرێنەری دێمۆکراسیەت لە کوردستانم و ھیچ ھێزێکی بێگانە منی ھان نەداوە. بێبەشی کورد منی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارانە ھان داوە.
کاتێک سەرۆکی دادگا بە خەیانەت تاوانباریان دەکا لە وەڵام دا دەڵێ: ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان خاکی باب و باپیر و ئەجدادی منە چۆن دەتوانم دەستی لێ ھەڵگرم.
دادگایی یەکەم لە 19ی مانگی ژانویە دەستی پێکرد و چەند ڕۆژی خایاند و حوکمی ئیعدامی قازییەکانی دا. دادگایی دووھەم لە 28ی مارسی 1947 (واتە 7ی خاکەلێوە) دەستی پێکرد و ڕۆژی 30ی مارس کۆتایی پێھات.
$لەسێدارە دان$
لە بەرەبەیانی 10ی خاکەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (30ی مارسی 1947) پێشەوا قازی، حەمەحسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای حوکمدران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە 2ی ڕێبەندانی 1324ھەتاوی (22 مانگی ژانویە 1946) کۆماری کوردستان لێی ڕاگەیەنرابوو، لەسێدارە دران و شەھید کران.
تەرمی ئەو شەھیدانە ھەر ئەو ڕۆژە لەسەر شان و پیلی خەڵک و جەماوەری مەھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاکی نیشتمانەکەیان سپێردران. شوێنی گڵکۆکەیان ئێستاش لەژێر چاودێریدایە.[1]