لێکۆڵینەوەیەکی نوێی سویسریی دەڵێت: ئەو بەکتریایەی دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پوک و درووستبوونی بۆنی ناخۆشیی ناودەم، فاکتەرێکی مەترسییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن.
د.فلاڤیا هۆدێل توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: هەرچەندە پێشکەوتنێکی گەورە لە تێگەیشتن لە چۆنێتی پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی دڵ بەدیهاتووە، بەڵام تێگەیشتنمان لە چۆنێتی بەشداریکردنی هەوکردن و هۆکارەکانی مەترسیی بۆماوەیی هێشتا تەواو نییە.
لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری (eLife) دا بڵاوکراوەتەوە، لە نەخۆشخانەی زانکۆی لۆزان ئەنجامدراوە و لە ماوەی 12 ساڵدا بەدواداچوونی بۆ داتای جینی و تەندرووستیی 3459 کەس کردووە، لەو ماوەیەشدا لەسەدا 6یان تووشی نەخۆشییەکانی دڵ هاتون.
ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بەکتریای (F. nucleatum) کە تووشی پوک دەبێت، ڕۆڵی هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییە تاجییەکانی دڵ و بەهۆیەوە مەترسیی تووشبوون بە نۆرەدڵێ لەسەر کەسەکە زیاد دەکات.
هەروەک ئەنجامەکان دەڵێن، ڕەنگە ئەوەی دۆزراوەتەوە ڕێگەیەکی نوێ بێت بۆ دیاریکردنی ئەوکەسانەی مەترسیی زۆری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان لەسەرە، یان بنەمایەک بۆ دەستێوەردانی خۆپارێزیی دابنرێت کە چارەسەری هەوکردنی بەکتریا دەکەن بۆ پاراستنی دڵ. [1]