#لاهور شێخ جەنگی#، هاوسەرۆکى #یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان# بە #مەسرور بارزانى# ڕاگەیاندووە، کە داهاتووى بنکەى جەماوەرى یەکێتیى لە دەست خۆیدایە و ماڵى مام جەلال کەسیان لەگەڵدا نییە.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دڵنیایى لە لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتیى وەرگرتووە، کە داهاتووى یەکێتیى و بنکە جەماوەرییەکەى لاى خۆى دەبێت و ماڵى مام جەلال ناتوانن یەکێتیى بەڕێوەببەن.
لەنێو مەکتەبى سیاسى #پارتى دیموکراتى کوردستان#، دوو ئاڕاستە و بیرکردنەوەی جیاواز هەن، لە بارەى چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخى نێو یەکێتیى. گرووپێک پێیانوایە کە پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى بەشێوەیەکى تاکتیکى بێت و باشتر وایە مامەڵە لەگەڵ ماڵى مام جەلال بکرێت و پەیوەندى ستراتیژى لەگەڵ ئەوان باشترە بۆ پارتى.
ئاڕاستەى دووەم کە لە مەسرور بارزانییەوە نزیکن پێیانوایە هەردوو باڵەکە وەک یەکن، بەڵام باشتر وایە مامەڵە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى بکرێت.
بەشێک لە سەرکردەکانى یەکێتیى پێیانوایە دەستێک هەیە بۆ دوورخستەوەى یەکێتیى لە حکومەت. واباشترە کۆتایى بە ناکۆییەکان بهێنرێت و دووبارە یەکێتیى بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران. [1]