کاتی خۆی سیمێڵوەیس کاتێ سەرنجیدا لە کلینیکەکەی ڕێژەیەکی زۆر ئافرەتی دووگیان ئەمرێت، وای بۆچوو کە ئەو ڕێژە زۆرەی تووشبوون بەهۆی خوێندکارانی بەشی پزیشکیەوەبێت کە کاتێک دوای مردنی ئافرەتەکان وانەی توێکاری لەسەر دەخوێنن بەم شێوەیەش بەهۆی دەستیانەوە نەخۆشییەکە لە مردوووەکانەوە دەگوازنەوە بۆ ئافرەتە زیندووە دووگیانەکان.
بۆیە بڕیاریدا کە هەموو خوێندکارێک پێش و پاش چوونە ناو تاقیگەی توێکاری دەبێت دەستیان پاک پاک بە ئاو و کلۆر بشۆن.
تەنیا بەم دەست شتنە ئاساییە، ڕێژەی مردن لە کلینیکەکەی سیمێڵوەیس بەڕێژەی سەدا نەوەو پێنج کەمی کرد.
کاتێ سیمیڵوەیس ئەمەی ڕاگەیاند، چونکە ئەو کات شتێک نەدۆزرابۆوە بەناوی بەکتریا و ڤایرۆس وە نەدەزانرا کە میرۆبەکان چین، هاوپیشەکانی کە گوایە کەسانی ڕۆشنبیر و تێگەشتوون و پزیشکن، چەندین قسە و ڕەخنەی نەشیاویان ئاڕاستەی سیمێڵوەیس کرد.
لایان وابوو شتێکی گەمژانەیە کە لات وابێت نەخۆشییەکە بەهۆی دەستی ئەو خوێندکارە بەڕێزانەی بەشی پزیشکیەوە بگوازرێتەوە.
لە ئەنجامی ئەم هەموو قسە پێوتن و نەفرەتکاریە سیمێڵوەیس تووشی نەخۆشی دەروونیبوو و نێردرایە ئەو شوێنەی کە کەسانی دەروون نەخۆشی لێیە، لەوێ دارکاری دەکرا، لە کۆتاییدا بەهۆی هەوکردنێکی بەکتریاییەوە کە هەر خودی ئەو دەستشتنەی سیمێڵوەیس دایهێنابوو دەکرا ڕێگربێت لێی مرد.
ئێستا لە (زانستی بیر) دا شتێک هەیە بەناوی semmelweis reflex ئەویش بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ڕاستەوخۆی بەڵگە و ڕاستی لەپێناو بەها چەسپاوەکان.
هەر بۆیە هەمیشە زۆر قوورسە بتوانیت کەسێک ببینیت کە ڕاستەوخۆ بیرکردنەوەی کۆنی خۆی وازلێبێنێت لە ئەنجامی دەرکەوتنی بەڵگەی نوێ کە دژی بیروباوەڕەکەیەتی هەمیشە یان کوێرانە ڕەتەکرێتەوە یانیش بیانوی جیاواز جیاواز ئەهێنینەوە تا دەسبەرداری باوەڕی کۆنمان نەبین.
پڕۆسەی گۆڕینی بیروڕا پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، هەر بۆیە گەر ویستت قەناعەت بەکەسێک بێنیت کە هەڵەیە، جارێک و دوو جار بەس نییە بەڵکوو ئەبێت بەبەردەوامی بۆی بسەلمێنیت هەڵەیە، تاکوو مێشکی بەرگری لاوازبێت بەرانبەر باوەڕە کۆنەکەی و جوان جوان هەڵەکۆنەکانی هەرس کات.[1]