سەرنج (تەرکیز) (attention):- بە پێناسەکەی ویلیام جەیمس: سەرنج بریتییە لەو توانایەی مێشک، کە وادەکات مێشکمان لەنێو ئەو زەریا لەزانیاریەی کە لە چواردەورماندا هەیە ویست و توانای هۆشدارانەی خۆی بخاتە سەر تەنیا یەکێک لەو زانیاریانە.
بۆ ئەوەی کارەکانی ڕۆژانەمان بێ کێشە تێپەڕێنین و کەسێکی چالاک و بەبەرهەمبین بەردەوام پێویستمان بەتوانای سەرنجدانێکی باشە، بوونی کێشە لە سەرنجداندا جگە لەوەی کە خەسارەتێکی ماددی زۆری بەدواوەیە کە داتاکان بە ملیارەها دۆلار هەژماریدەکەن، لە هەمان کات کێشە بۆ توانای هزری و زانستی کەسەکان درووستەکات، لە خراپترین حاڵەتیش دەکرێت ببێتە هۆی مردن [بەپێی داتاکان لەدوای کحولەوە، سەرەکیترین هۆکار بۆ ڕووداوی هاتوچۆ نەبوونی سەرنجە لەکاتی لێخوڕین (ئەمە ئەگەر خودی کحول بەکێشە لە سەرنج هەژمارنەکرێت) ].
بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت سەرنج بەشێوەیەکی درووست بخاتە سەر شتێک پێویستە دوو توانا لە مێشکیدا هەبێت، یەکەمیان توانای ئەوەی کە گشت ئاگایی خۆی بخاتە سەر تەنیا یەکێک لە زانیاریەکانی چواردەوری واتە زانیاریە بنەڕەتییەکە، دووەم ئەو توانایەی هەبێت کە گشت زانیاریەکانی تر کە بەشێکنین لە زانیاریە بنەڕەتییەکە وەلا بنێت واتە توانای وەلانان و پشتگوێخستنی زانیاریە لاوەکییەکان.
گەر بە نموونەیەک ڕوونی کەینەوە، تۆ کاتێ پەڕتووکێک ئەخوێنیتەوە پێویستت بەوەیە هەم بەتەواوی ئەو توانایەت هەبێت کە بەتەواوی ئاگاییت لەسەر پەڕتووکەکەبێت، هەم لە هەمان کاتیش ئەو توانایەت هەبێت کە مۆبایلەکەت وەلا بنێیت یان بۆت گرنگ نەبێت کە ڕەنگی فەرشەکە سوورە یان ئەو کورسییەی لەسەری دانیشتوویت پلاستیکە نەک دار....
زۆربەمان ئەم کێشەیەمان هەبووە کە ویستومانە بڕۆین لە شوێنێک شتێک بکەین، بەڵام کاتێ گەشتوینەتە شوێنەکە خۆشمان نەمانزانیوە بۆچی چوین بۆ ئەوێ، ئەم کێشەیە زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا زەقە، بۆ زۆر کەس کێشەکە وەکوو کێشەی یادگە (مێمۆری) دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا کێشەکە هێندەی تێکچوونی توانای سەرنجدانە هێندە کێشەی یادگە نیە، لەبەر ئەوەی بەپێی لێکۆڵینەوەکان کەسانی بەتەمەن وەلەو توانای ئاگایی خستنە سەر زانیاریە بنەڕەتییەکانیان وەکوو گەنجانە، وەلێ توانای وەلانانی زانیاریە لاوەکییەکانیان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمترە لە کەسانی گەنج، بەم شێوەیە زۆر بە ئاسانتر سەرنجیان لەو شتەوە دەگۆڕێت کە مەبەستی سەرەکیانبوو بۆ شتێکی تر، بەم شێوەیەش زۆر ئاسانترە بۆ ئەوان کە سەرنجیان لە کردارێکەوە بچێتە سەر کردارێکی تر و نەتوانن کردارەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک وەکوو کەسانی گەنج ڕاپەڕێنن.
دوو جۆر لەسەرنجدان هەیە:-
یەکەمیان:- سەرنجدانی ژێرەوە بۆ سەرەوە: ئەویش بریتییە لە سەرنجدان بۆ ئەو شتانەی کە ژینگەی ئێمەدان ئەو شتانە بەزۆر سەرنجی ئێمە ڕائەکێشن؛ وەکو:هاوڕێیەکمان کە لەپڕ بیبینین، کاتێک یەکێک ناوتبێنێت یان کاتێک شتێکی سەرنجڕاکێشەبینیت...، ئەم شتانە بەبێ ویستی ئێمە بەزۆر سەرنجی ئێمە بۆلای خۆیان ڕادەکێشن.
دووەمیان:- سەرنجدانی سەرەوە بۆ ژێرەوە: ئەمە ئەو جۆرە سەرنجدانەیە کە کەسەکە بەمەبەست سەرنجی خۆی دەخاتە سەر شتێک؛ بۆ نموونە: کاتێ سەیری وێنەیەکی بەکۆمەڵ دەکەیت تەنیا بە مەبەست سەرنج بخەیتە سەر کەسێک لە کەسەکان لەناو وێنەکە چون تۆ لەیەکەمەوە بینینی ئەوت مەبەست بووە لە وێنەکە.
هەردوو جۆری سەرنجیش وەلەو لە مەبەستدا جیاوازن بەڵام لە ئەنجامدا هەردووکیان یەک ئامانج ئەپێکن ئەویش ئاڕاستەکردنی توانای وەرگرتنی مێشکە تەنیا بۆ یەک سەرچاوەی زانیاری، لە ڕاستیدا بەم شێوەیە مێشک لە ڕێی ئەنجامدانی ئەمەوە هەم باشتر لە بابەتەکە تێدەگات، هەم باشتر لە یادگەیدا تۆماری دەکات هەمیش باشتر دەتوانێت پەیوەندی نێوان ئەم بابەتە و بابەتەکانی تر بدۆزێتەوە.
هەر بۆیە بوونی سەرنجێکی باش یەکێکە لە گرنگترین پایەکان و پێداویستییەکان بۆ فێربوونێکی باش.
ئەو شتانەی سەرنج تێکدەدەن بەگشتی پێیان دەوترێت (تێکدەرەکان) کە ئەوانیش دابەشەبن بەسەر دوو بەشدا:-
یەکەم:- تێکدەرە ناوەکیەکان: ئەمانە ئەو بیر و بیرکردنەوانە دەگرنەوە کە لە ناوەوەی خۆمانەوە درووست دەبن ، واتە سەرچاوەی زانیاریەکان خۆمانین.
بۆ نموونە: کاتێ لەکاتی سەعیکردنا بیرت بڕوات بۆ لای بەسەرهاتێک کە لە ڕابردووتدا ڕویداوە.
دووەم:-تێکدەرە دەرەکیەکان کە ئەوانیش ئەکرێت ئەو شتانەبن کە بەتەواوی سەرنجت لەسەر زانیاریە سەرەکیەکە تێکبدەن، بۆ نموونە گەر دەنگێکی بەرز ببیستیت، یانیش ئەو شتانەی کە پێویست بکات لە هەمان کاتدا هەم سەرنجبخەیتە سەر ئەو شتە هەمیش سەرنج بخەیتە سەر زانیاریە سەرەکیەکە.
لە ڕاستیدا سەرنجخستنە سەر دوو کار ڕێک لە هەمان کاتدا کارێکی مەحاڵە، چون مێشکت کاتێ بیرەکاتەوە کە کام کارەیان بکات ئەو کات ئەگاتە شوێنێک کە پێی ئەوترێت (bottle neck) کە ناچارەبێت هەڵبژێرێت کە سەرنجبخاتە سەرکامیان وە کام دانەیەیان زۆرتر گرنگە بۆی ئەوەی سەرنج بخاتە سەری، وە کردنی دوو کار لە یەک کاتدا ڕاستەوخۆ بەرهەمداری هەردووکارەکە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز کەم ئەکاتەوە، هەر بۆیە وا باشترە گەر کارەکەت کارێکی زۆرزۆر گرنگبێت، بابڵێین بۆ نموونە گەر خۆ ئامادەکردنە بۆ تاقیکردنەوەیەک باشترە تەنیاوتەنیا سەرنج بخەیتە سەر ئەو کارە و سەرنج نەخەیتە سەر هیچی تر، بەم شێوەیە زۆرترین بەرهەمت ئەبێت لەو کارەیا.
نیورۆبایۆلۆژیای سەرنج:-
مێشک بەڕای زۆربەی زاناکان سەرنجڕاکێشترین و ئاڵۆزترین پێکهاتەی هەموو گەردوونی زانراوە، وە لەو کێشەکەی نزیکی تەنیا 1.4 کیلۆگرامە بەڵام ئەو کارانەی ئەم ئەندامە بچکۆلەیە دەیکات جێی سەرسوڕمانە.
مێشک وە لەو خۆی یەک ئەندامە بەڵام لە ناویدا کۆمەڵێک ئەندامۆچکە هەیە کە هەر یەکەو بەکردارێکی تایبەت هەڵدەستێت.
بۆ سەرنج لە ڕاستیدا پەڕتووکی هەشتسەد لاپەڕەیی هەیە کە تەنیاوتەنیا باسی ئەو کردارانەی ناو مێشک دەکات کە لەکاتی سەرنجداندا ڕوو دەدەن.
بۆیە هەم شتەکە هنێدە ساددە نییە تا لە پۆستێکی فەیسبووکدا ڕوونبکرێتەوە هەم زانیاریەکانی منیش لەو ئاستەنین تا بڵێم ئەمە هەموویەتی، بەڵام گەر بمانەوێت تێگەشتنێکی گشتیمان بۆی هەبێت شتەکە بەم شێوەیەیە:
بۆ سەرنج لە مێشکی ئێمەدا سێ تۆڕی نیورۆنی هەم بە سەربەخۆیی هەم لە هەمان کاتیشدا بە هاوکاری پێویستە بە یەکەوە کاربکەن تا ئێمە بتوانین سەرنج بخەینە سەر شتێک.
ئەو سێ تۆڕە بریتین لە تۆڕی ئاگاداری ، تۆڕی ڕێکخستن وە تۆڕی جێبەجێکار.
تۆڕی ئاگاداری: بەرپرسە لە بە ئاگا هێشتنەوە و وریا هێشتنەوەی ئێمە، چون گەر تۆ بێهۆشبیت یان کێشەیەک هەبێت لە ئاگاییتدا ئەو کات زۆر قوورسە یاخود بگرە هەر ناتوانیت سەرنجبخەیتە سەر شتەکان.
لە مێشکی ناوەڕاستماندا لۆکوس سێرێلس (locus coelereus) لە ڕێی دەرچەکانیەوە بۆ (neocortex) و لە ڕێی ڕژێنی نۆرەئێپینەفرینەوە بەرپرسە لە بە بەردەوام وریا هێشتنەوەی ئێمە، (anterior cingulate gyrus) کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەشی ڕاستی مێشکە لە parietal و frontal lobeبەرپرسە لە ڕێکخستنی ئەم تۆڕە.
بەشی چەپی مێشکمان بەرپرسە لە پەیوەندی و پێکەوە بەستنی زانیاریە کاتی و شوێنیەکانی ئاگایی.
ڕێژەی ئاگایی و وریایی بەپێی کات ئەگۆڕێت، لە سەرەتای ڕۆژدا بەرزترینە و بەپێی کات دادەبەزێت و هەم دیس لە شەودا بەرزدەبێتەوە.
سترێس ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەکاتە سەر توانای تۆڕی ئاگاداری.
تۆڕی ڕێکخستن:- ئەم تۆڕە پێکهاتووە لە پێکهاتەکانی بنچینەی مێشکی پێشەوە کە دەردەچنە سەر
superior parietal lobe و temporoparietal junction و frontal eye field.
بەشی زۆری ئەم پێکهاتانە acetyl-choline وەکوو نیورۆترانسمیتەر بەکاردێنن تا توانای سەرنجێکی خێرا و ستراتیژی بەئێمە ببەخشن.
تۆڕی ڕێکخستن زانیاریەکان ڕێکدەخات بۆ لێکدانەوەیەکی چڕتر ، ئەم زانیاریانە دەکرێت بە ویست دەستمان کەوتبێت بۆ نموونە کە گوێ لە یەکێک دەگریت یاخود بێویست بێت وەکوو بیستنی گریانی منداڵێک کە لەپڕ سەرنجت ڕائەکێشێت.
ئەم تۆڕە زۆر پێکهاتەی مێشک ڕێکەخات تاوەکوو ئامادەیی ئەوە بە مێشک ببەخشن کە سەرنج بخاتە سەر شتەکان و ڕێژەی ئەکتیڤکردنی ئەو سەنتەری هەستەی زانیاریەکان وەرەگرێت زیاتر دەکات تا باشتر ئەو زانیاریانەی سەرنجی دەخەینە سەر ڕێکخرێت.
تۆڕی جێبەجێکار:- تۆڕی جێبەجێکار پێکهاتووە
لە anterior cingulate gyrus، anterior insula، basal nuclie*، prefrontal cortex ، ئەم بەشە دەوڵەمەندە بە دۆپامین و وە کردارەکانیشی بە گشتی لە ڕێی دۆپامینی ventral tegmentum areaی مێشکی ناوەڕاستەوە ڕێکدەخرێت.
کاری ئەم بەشە ڕێکخستنی سۆزەکان و ویست و کردارە هزریە بەرزەکانن کە دوا ئامانجی سەرنجن ، کاری سەرەکی ئەم بەشە لە سەرنجدا یەکلاکردنەوەی کەسەکەیە لە بەینی دوو بڕیاردا کە سەرنجبخاتە سەر کامیان.
بۆ نموونە: گەر تۆ کۆمەڵێک وشەت لابێت وە هەر یەکەو بە وشەیەک نووسرابێت وە کەسێکبێنیت داوای لێبکەیت کە سەرنجبخاتە سەر ئەو ڕەنگەی وشەکانی پێنووسراوە نەک خودی وشەکان، ئەمە کاری تۆڕی جێبەجێکارە کە ئەو کارە ئەنجامبدات.
لە کۆتاییدا بەگشتی بەپێی تەمەن توانای سەرنجدان دەگۆڕێت ، تواناکە لە منداڵیدا کەمە و لە بیست بۆ سی ساڵیدا بەرزترینە و دواتر وردەوردە دووبارە کەمدەبێتەوە.
بەڵام سەرنج شتێکی نەگۆڕ نیە، بۆیە دەکرێت لە ڕێی ڕاهێنانەوە توانای سەرنجدان زۆربکرێت ، وە لە ڕاستیدا ئەوەی دەرکەوتووە ئەو کەسانەی یاری ئەلیکترۆنی ئەکەن واتە گەیمەرەکان بەرزترین توانای سەرنجیان هەیە لەچاو کەسانیتر.
لەوەیە ئێستا ئەو پرسیارەت لا درووستبووبێت کە بۆچی ناتوانیت بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجبخەیتە سەر شتێکی بەسوود لەکاتێکدا گەنجیت و توانات زۆرە.
ئەمە کێشەیەک نییە لە سەرنجدا ئەم کێشەیە زیاتر کێشەیە لە حەزت بۆ ئەو شتەی کە سەرنجی ئەخەیتە سەر ئەمەش شتێکە پەیوەندی بە سیستەمی ویستەوە هەیە کە مێشکدا کە لە پۆستێکی کە ئاماژەی پێدەکەم.
پاشکۆ:- basal nuclei زۆرتر بەناوی basal ganglia ناسراوە بەڵام ئەم ناوە کۆنە هەڵەیە و ڕاستترەکە بەیساڵ نیوکلیایە چونکە تۆپەڵەکانی گرێی ماتەر لە cns پێی دەوترێت nucleus وە لە pnsا پێی ئەوترێت ganglion.
[1]