#31-03-2021#
#تاهیر محەمەدی#، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری #هەولێر# ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک تاهیر محەمەدی کادری لێوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە، 11ی خاکەلێوەی 1400ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدانکەوت.
کاک تاهیر محەمەدی، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە شاری #مەهاباد# لەدایکبووە و هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە هۆگری خۆی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێگا ورێبازەکەی دەردەبڕێ.
کاک تاهیر لە ساڵی 1377ی هەتاوییەوە پێوەندی بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەگرێ و دەبێ بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک تاهیر لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگان و کۆمیسیۆنە جۆراوجۆرەکانی حیزب وەکوو هێزی سامڕەند، کۆمیسیۆنی ئامووزش، کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن، کۆمیسیۆنی ڕادیۆ، ناوەندی یەک، فێرگەی سیاسیی نیزامی، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی حیزب بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکە حیزبییە پێسپێردراوەکانی بەڕێوە بردووە.
کاک تاهیر دوایین ئەرکی حیزبی پێسپیردراوی لە کۆمیتەی بازڕەسی ماڵی بەو پەری دڵسۆزییەوە بەجێگەیاندووە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی پێشمەرگەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک تاهیر محەمەدی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هەموو خزم وکەسوکاری ناوبراو دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. [1]