ناونیشانی بابەت: دوای نیو سەدە کارکردن، خوسرەو جاف یەکەم ئینسکلۆپیدیای کوردی ئامادە و چاپ دەکات
ئامادەکردنی: هێمن ساڵح
دوای نیو سەدە، خوسرەو جاف، نووسەر و ڕۆماننووس و پەیکەرساز، یەکەم ئینسکلۆپیدیا بە زمانی شیرینی کوردی چاپ دەکات.
#خوسرەو جاف#، لەمبارەیەوە بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”47 ساڵە خەریکی ئەم بەرهەمەم و ئەگەر بەراورد بە ئێستای بکەی، دەبینی دنیاکەی من لەوکات دنیایەکی دیکە بووە، دوور لە خەڵک و دوور لە پێشکەوتن، تەنانەت سەرچاوە زۆر زەحمەت دەست دەکەوت، بۆ وێنەکان، کە لە بەرگی یەکەم و دووەمن، خۆم وێنەکانم بە دەست کێشاون، جگە لەوانەش، بۆ نموونە پەڕتووکێکم هێناوە تەنیا بۆ یەک وێنە تاوەکوو بە مقەس بیبڕم و بیخەمە ئەو شوێنەی کە مەبەستمە.“
وتیشی: ”لە ڕاستیدا زەحمەتییەکی یەگجار زۆرم پێیەوە بینیوە، تەنانەت بەهۆی کۆنیی بەرهەمەکەوە، بەرگی یەکەم، دووەم و سێیەم بە ڕەش و سپی چاپ کراوە، واتا ڕەنگاوڕەنگ نییە.“
خوسرەو جاف، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئینسکلۆپیدیایەی لە 25 بەرگدا ئامادەی کردووە و چاپی کردووە، هەر بەرگێک زیاترە لە 250 پەڕە، ئێراق کە 103 ساڵە حوکم دەکات نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی بەرهەمێکی وەها، وتیشی: ”بەو هۆیەوە، یەکێتیی نووسەرانی ئێراق هاتن داوایان کرد، کە بیخەنە مۆزەخانەی خۆیانەوە، منیش پێیانم دا.“
خوسرەو جاف، زیاتر باسی لە بەرهەم و دائیرەتولمەعاریفەکەی کرد کە بە زمانی شیرینی کوردییە و گوگڵێکە دەتوانرێ بەبێ ئینتەرنێت لە هەموو ماڵێکدا بەردەست بێت، وتی: ”تەنیا خۆم دەزانم چەندە زەحمەتیم پێیەوە بینیوە، پێشتر تەنیا چوار بەشم چاپ کردبوو، کە بە شێوەی ناڕێک بوو، بەداخەوە تووشی دوو قۆڵبڕی ناو دنیای ڕۆشنبیری هاتم، کە نامەوێت ناویان بهێنم، لای ڕۆشنبیران و خەڵکیش ناسراون، ئەوانە ئەوەندە دزییان کرد، تا ڕوویان نەما لە وڵاتدا بمێنن، ئەوە بوو حەوت ساڵ دەستنووسەکانیان لە منیش دزی، تا سەرەنجام دۆزیمەوە، ئێستاش زۆر دڵخۆشم، کە توانیم هەموو بەرهەمەکە چاپ بکەم، کە ئێستا لە پەڕتووکخانەی کوردیدایە.“
جێی باسە، نووسەر و هونەرمەند و ئەندازیار و ئامادەکاری ئینسکلۆپیدیای کوردی (دائیرەتولمەعاریف) هەر خۆی بۆکسێکی کانزایی و ستاندێکی بە شێوەیەکی هونەرییانە بۆ هەر 25 بەرگەکەی درووست کردووە.
خوسرەو جاف، ئاماژەی بەوەش دا، بەداخەوە ئەم قۆناغە کە قۆناغێکی ڕۆشنبیری نییە، ڕۆشنبیران و خەڵک گرنگی بەو بەرهەمە گەورەیە نادەن، بەڵام دڵنیام نەوەیەکی نوێ دێت و بەهای ئەو بەرهەمە گەورانە دەزانێ.
خوسرەو جاف، پەیکەرتاش، نووسەر، ڕۆماننووس، شاعیر، شەوی نەورۆزی ساڵی 1945 لە بنەماڵەیەکی بەگزادە و نیشتمانپەروەر لە کەلار لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی ھەر لەو شارە تەواوکردووە، قۆناغی ناوەندی لە خانەقین خوێندووە و بۆ قۆناغی دواناوەندی ڕووی لە بەغدا کردووە. ماستەری ئەندازیاری تەلارسازیی لە کۆلێژی ھونەرەجوانەکانی زانکۆی تاران وەرگرتووە، لە تەمەنی لاویدا وەک پێشمەرگە بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بووە بەپەلەمانتار، خوسرەو جاف لەگەڵ ئامۆزای خۆی ژیانی ھاوبەشیی پێک ھێناوە و 52 ساڵیش بە یەکەوە ژیاون، لێ خورشیدە داود بەگی فەتاح بەگی جافی ھاوژینی، لە 2ی حوزەیرانی ساڵی 2019 کۆچی دوایی کردووە، خوسرەو جاف ئێستا دانیشتووی شاری ھەولێرە و ماڵەکەشی بووەتە ماڵی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەدەبدۆستان و کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگە.[1]