$ئەڵمانیا هێشتا خۆی نەداوە بە دەستەوە$
#ئیدریس مستەفا#
#06-02-2023#
دوای ئەم ئەم دوو پەرەگرافە بە چەند دێڕێک باسی ئەوە دەکەم بۆچی گرنگە ئەڵمانیا خۆی نەداتە دەست سییاسەتەکانی ئەمریکاوە؟ بۆچی من هەردەم چاوم لە ئەڵمانیایە و بۆچی هەڵوێستی ئەڵمانیا زۆر گرنگە لەهەر بزاوتێکی ئەوروپادا؟
(ئەریک ئی ڤاد) یەکێک لە ڕاوێژکارە سەربازیە گەورەکانی ئەڵمانیایە کە چەندان ساڵ ڕاوێژکاری سەربازی ئەنجێلا مارکڵ ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیای فیدراڵ بووە و ئێستاش بەرپرسی یەکەمی سیاسەتی ئاساییشی فیدراڵی وڵاتی ئەڵمانیایە و ئیدارەی دەوڵەتی وۆڵف شۆڵز ڕاوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا پرس و ڕای هەر هەنگاوێک و بابەتێکی سەربازی لەگەڵدا دەکەن؛ ئەو هەر لەسەرەتاوە دژی پڕچەککردنی یوکراین بوو، هەروەها دژی وەستانەوەی سەربازیە لەگەڵ ڕووسیادا.
بەسەر پێرێکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی بەڕیتانی هەندێ لێدوانیدا کە بووە مایەی سەرسوڕمانی سەرجەم ناوەندە سیاسی و سەربازیەکانی ئەوروپا. لەوانە وتی دۆڕاندنی ڕووسیا مەحاڵە؛ ئێمە دەرەقەتی ڕووسیا نایەین لە ئێستادا چونکە سوپای ئەڵمانیا توانای بەرەنگار بوونەوەی هێزی سەربازی ڕووسیای نیە؛ پڕچەککردنی یوکراین و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیا جەنگی سێیەمی جیهانی لێدەکەوێتەوە؛ تانکی لیۆپارد هیچ لە ئەنجامی جەنگەکە ناگۆڕێ؛ بژاردەی سەربازی بۆ یوکراین چارەسەر نییە و ئەو کێشەیە دەبێ دوور لە بژاردەی سەربازی چارەسەر بکرێ. دیارە جەنەراڵە ئەمریکیەکان زۆریان ئەم ڕەئەیان هەیە.....
هەر دوو ڕۆژ دوای ئەوە ڕاوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا وۆڵف شۆڵز وتی ئێمە و فەرەنسا لەگەڵ زیلینسکی قسەمان کردووە ئەو چەکانەی دەیاندەینێ بە هیچ شێوەیەک نابێ بەکاربهێنرێ دژی خاکی ڕووسیا. واتە نابێ هێرشی پێ بکرێتە ناو خاکی ڕووسیاوە. دیارە هەفتەی ڕابردوو جۆو بایدنیش هەمان شتی گوتەوە کاتێک باسی لە ناردنی تانکی ئەبراماز کرد. بەهەرحاڵ، ئەم لێدوانانە ئەو ڕاستییە پیشان دەدەن کە نەک هەر یوکراین بەڵکوو خودی خۆیان ناتوانن ڕووسیا ببەزێنن لە ڕووی سەربازیەوە. تاکوو ئێستاش ڕووسیا براوەیە و هەر دانووستانێک بکرێ ئەوا دەبێ لە دوای ئەو چوار ناوچەیەوە بێت کە ڕووسیا چەند مانگێ پێش ئێستا بە مەرسومێکی ڕەسمی کردنیە ناو چوارچێوەی جوگرافیای ڕووسیای فیدراڵەوە.
ئەڵمانیا وەک جوگرافیا لە ناوەڕاستی ئەوروپادایە و کەمتر دەستی ڕادەگات بە سنووری زەریاکان وەک زەریای ئەتڵەسی. سنووری زەریایی بەهێزیەکی سیاسی و ئابووری و جوگرافی گەورە بە وڵاتانی، بە نموونە وەک فەرەنسا و بەریتانیا و ئیسپانیا، داوە کە ببن بە جەمسەری گەورەی ئیمپریالیستی. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا لەم بەهرەیە بێ بەشە بەڵام توانیویەتی لە هەموو وڵاتانی تری ئەوروپی بەهێزیەکی گەورەی ئابووریەوە بێتە دەر دوای ئەوەی تووشی دوو جەنگی جیهانی گەورەش بوو، کە هەرچی زەرەر و زیانی ئەو دوو جەنگە بە تایبەت جەنگی جیهانی دووەم بەسەر ئەڵمانیادا ساغ کرایەوە. ساڵی 2010 ، گەر هەڵەنەبم، دوایین فلسی جەنگی جیهانی دووەمی دایەوە بەو وڵاتانەی زەرەریان کردبوو بەهۆی ئەو جەنگەی هتلەرەوە. ئەوەی تووشی ئەڵمانیا هات تووشی هیچ یەکێک لە قوتبە گەورەکانی دنیای سەرمایەداری نەهات کەچی زۆر بەبەهێزیەوە هەڵسایەوە. ئەوەی نهێنی سەرەکیە لەم هەستانەوەیەدا نەخشەی مارشاڵی ئەمریکی نەبوو کە لە ساڵی 1947 ەوە ئەمریکا بۆ ئەوروپای ڕاخست بەڵکوو ئەو بەرهەمە مرۆییە هزریە زۆر و گرنگ و پڕ بەرەکەتانە بوو کە لەو وڵاتەدا بە سەمەرهاتن و برەوی پێ درا و خزمەتکرا. ئەو بەرهەمە هزری و فەلسەفی و ئەدەبی و سیاسیانەی لە دوو سێ سەدەی ڕابردوودا ئەڵمانیا پێشکەشی کیشوەری ئەوروپا و سەرجەم مرۆڤایەتی کردوون، لەگەڵ ئەوەی بێ وێنەن، ئەو ڕاستییەش دەسەلمێنن کە بۆچی ئەڵمانیا وڵاتێکی گرنگە لەهەر هاوکێشەیەکی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا گەر بەرەو ڕووی ئەو کیشوەرە ببێتەوە. بگرە گەر ئەڵمانیا بەهێز بووبێ هەموو ئەوروپا بەهێز بوونە، گەر ئەڵمانیا بەرەو ئارەیشە چوو بێ ئەوا هەموو کیشوەری ئەوروپا ڕوویان لە تەنگژە کردووە. ئەڵمانیا ڕووی شیرین بووبێ ئەوروپا گەش بووە ئەڵمانیا ڕووی گرژ بووبێ ئەوروپا چارەی گران بووە و مێژووی ئەو کیشوەرە ئەمەمان پێ دەڵێ. ئەڵمانیا دڵی ئەوروپایە و لاوازی و بێ هێزی ئەو دڵە لاوازی بەهێزی ئەوروپا دەردەخات.
دیارە تەنیا خاڵی لاواز لە هەیکەلەی ئەڵمانیادا هەبێ بوونی ئەو وجودە سەربازیە ئەمریکیەیە کە نەهێڵی ئەو وڵاتە زۆر ئازادانە خاوەن بڕیاری خۆی بێ هەرچەندە ڕۆژگارێک ئەو وەزعی ئینتیدابە ئەمریکیە نەمێنێ گەر سەرکردە سیاسییەکانی ئەڵمانیا یەک تۆز ژیری میوانیان بێ و غیرەتی بەرەنگاربوونەوە پیشان بدەن دژ بە ئەمریکا. بۆیە خەبەرێکی زۆر گرنگە کە ئەڵمانیا هێشتا خۆی نەداوە بە دەستەوە و نەچۆتە ژێر ڕکێفی ئەمریکاوە، کاتێکیش ئەڵمانیا ڕادەستی ئەمریکا نەبێ ئەوا ئەگەری هەر جەنگ و ماڵوێرانیەکانی تر لەو کیشوەرە کەمترە لەوانە شەڕی ڕووسیا یوکراین کە بێ شک بە ئاڕاستەیەکی غەیرە سەربازیدا چارەسەر دەبێت. بگرە، خۆ بە دەستەوە نەدانی ئەڵمانیا ئەمریکا لە شوێنێکدا ڕادەگرێت کە هیچی پێ نەکرێت لە ئەوروپادا. [1]