ناونیشانی بابەت: 11ی سێپتەمبەرەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویدا
ناوی نووسەر: #ئیدریس مستەفا#
#12-03-2023#
دوێنێکە ڕێکەوتنامەیەکی دپلۆماسیانە جیهانی سیاسی لەگەڵ خۆیدا هەژاند. ئەوە ڕێکەوتننامەی مێژوویی نێوان ئێران و سعودیە بوو کە لە وڵاتی چین و بەسەرپەرشتی وڵاتی چین بەڕێوەچوو. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ناوچەکە و جیهانیشدا کاریگەریی ڕووداوێکی سیاسی دپلۆماسی چەندان ڕەهەندی جەنگێکی سەربازی ببڕێ و کۆمەڵێ هاوکێشەی سیاسی بەسەریەکدا تێکبچڕژێنێ لە کاتێکدا ئەو ڕووداوە ڕاوەستانی شەڕێک نەبووە کە بەرپابووبێ بەڵکوو تەنیا هێوربوونەوە و کردنەوەی پەیوەندییەکی ئاسایی نێوان دوو وڵاتی دراوسێی ناوچەیی کە نە سنووری زەمینی و نە دەریایی و نە ئاسمانیان پێکەوە نییە بەڵکوو دوو قوتبی سیاسی و ئابووری و ئایینی ناوچەکەن، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئا لێرەدایە من بە یانزەی سەپتەمبەرەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەبەم.
پرەنسیپەکانی ڕێکەوتننامەی نێوان سعودیە و ئێران ئێجگار سادەیە لەوانە دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی، پەیوەندی و هاوکاریکردنی ئەمنی و ڕێزگرتن لە سەردارێتی دەوڵەتیی یەکتر و کردنەوەی سەفارەتی هەردوو لا لە پایتەختی وڵاتەکانیان. ئەم خاڵە سادانە ئاڵۆزیەکی بێ وێنەی بۆ چەند جەمسەرێکی ناوچەکە و جیهان درووستکردووە کە هەموو حساباتە سیاسی و سەربازیەکانیان دەخاتە ژێر مەنگەنەوە لەوانە:
پلانی لێدان لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کە بێ یەک و دوو یارمەتیی سعودیەی دەوێت لەوانە بەکارهێنانی ئاسمانی سعودیە بۆ تێپەڕ بوونی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل کە بڕیار بوو وابێ؛ پەکخستنی واژۆ لێدانی سعودیە لە ڕێکەوتتنامەی ئەبراهامی مێژوویی کە وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی بۆ ئاشتی و هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزایان کرد؛ لاوازکردنی بەرەی ڕۆژاوا لە ڕێکەوتتنامە ئەتۆمیەکەی ئێران و ئەمریکا و ئەوروپا؛ لەژێر دەستدەرهێنانی تەنگژەی یەمەن لە ئەمریکا و ئەوروپا کە دەیانویست حوسییەکانی یەمەن دژ بە سعودیە بەکاربهێنن بۆ ملکەچ پێکردنی سعودیە لە مەسەلەی نەوت و کزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا؛ لە سەروو ئەمانەوە بەهێزبوونی جەمسەری ڕۆژهەڵات بە ڕابەرایەتی چین و ڕووسیا و هندستان لە بەرانبەر جەمسەری غەربیدا کە لە ئەمریکا و ڕۆژاوای ئەوروپا بەرجەستە بووە وەک فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا.
ئێران و سعودیە دوو دەوڵەتی گەورەی جوگرافی و ئابووری و سیاسی و ئایینی بە نفوزن کە تەواوی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و دنیای عەرەبی و ئیسلامیان لە دەستدایە و هەردووکیشیان لەم جەمسەربەندیە تازەیەی دنیادا لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدان (ڕووسیا و چین و هندستان) .
لە مەسەلەی یەمەندا کە ڕۆژاوا ڕووبەدەر سەرەکۆنەی حوسییەکانیان دەکرد و بە تاوانی ئەجێندای ئێران لە قەڵەمیان دەدان کەچی لەملاشەوە کار بە شوێنێک گەیشتبوو ئەمریکا و ئەوروپا کۆمەکی جیهانیان بۆ حوسییەکان کۆ دەکردەوە و حساب بانکی تایبەتیان هەیە لە بانکەکانی ڕۆژاوادا و لەمەش تایبەتتر جۆ بایدن هەرچی سیستەمی بەرگری پاتریۆت هەبوو لە بواری ئاسمانیدا لە خاکی سعودیەی کشاندەوە و بەمەش سعودیە چەندان کاتیۆشای جەنگی یەمەنی بەرکەوتە ناو شارە سنووریە گەورەکانییەوە وەک شاری ئەبها و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی.
جگە لەو ئاستە سیاسییانەی کە دەبنە کۆستێک بۆ غەرب ئاستی سەرچاوە سرووشتییەکان کۆستێکی تر درووست دەکات بۆیان. لە بواری نەوت و گازی سرووشتیدا لێک نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران گورزێکی تری گەورە دەبێت لە بازاڕی پەترۆڵی جیهانی و بەمەش بەرەی وڵاتانی نەوتفرۆش (ئۆپیک) کە سەردارەکانیان ڕووسیا و سعوودیە و ئێرانە بەهێزتر و یەکگرتوو دەبێت و بەمەش ئاریشەی بلۆکی غەربی بۆ سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت و گاز قوڵتر دەبێتەوە.
ئەم ئاستەنگانە وا لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکەن هەر وا دەستەوئەژنۆ لێی دانەنیشن، هەرچەندە قسەکەری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆیانی دەربڕی بەو ڕێکەوتننامەیە، بەڵام لەژێرەوە هەرچی بیر و پلانی چەند ساڵەیان هەیە دەیخەنە خزمەت یەک نەخشە ئەویش تێکدانی ئەو ڕێکەوتنامەیەی نێوان ئێران و سعوودیە و تێکشکاندنی ئەو جەمسەربەندیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەی گەنجی وڵاتی سعودیە محەمەد بن سەلمان یەکێکە لەو سیناریۆیانە و لە مێژوودا ئەمریکا ئەمەی کردووە لەناو ئەو خێزانەدا. دیارە سعودیەش وانەی مێژوویی خۆیان لەبەردەستدا هەیە و هیوادارم ئەمە ڕوو نەدات چونکە سعودیە بەرەو کرانەوەیەکی ئێکجار گرنگ و پێویست دەڕوات، پێویست بۆ خۆیان و ناوچەکە و جیهانیش.
پێدەچێ ئیسرائیل نەخشەی لێدان لە ئێران زووتر و پەلەتر بکات یاخود ئەمریکا و غەرب باری ناوخۆی ئێران خراپتر بشێوێنن و ئەو دەم دەوڵەتێکی وەک ئێستەی ئێران بە وێنەی سووریا و لیبیای لێ بێت. یاخود، هەموویان لە ئێران نزیک دەبنەوە و پشی پشی زۆری بۆ دەکەن و لەوانەشە بیکەن بە خاوەن چەکی ئەتۆمیش تەنیا بە خاتری ئەوەی ئێران لەو بازنەیە دەربهێنن. بەهەرحاڵ، هەرچەندە ئەم سیناریۆیە و هەر سیناریۆیەکی تر گەر لە ڕێگە بێ لەوانە بێ ڕوودانی دوور بێت بەڵام هەموو شتێک لە دنیای سیاسەتدا مەترەحە. [1]