دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە، لەپێناو داهاتووی میللەتەکەمان و ڕێگریکردن لە درووستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە درووستەکە بدرێت. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری ئێراق بچێتە یەک خەزێنەوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی ئێراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت. سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە ئێراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاووڵاتییان. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی ئێراق هەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ساڵانێکە هەوڵ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ #بەغدا# و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان دەدات. بیرکردنەوەی درووست، هەماهەنگی و کاری پێکەوەییە نەک دوورکەوتنەوە و قووڵکردنەوەی کێشەکان. ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕووبارێک خوێنی لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستان ڕشتووە و هیچ هێز و لایەنێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ کوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی. هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیکی و بەرپرسیارانە، ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەرکردنی مافەکانمانە. [1]
#بافڵ تاڵەبانی#
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان