$کورد لە ئاڵوگۆڕە نوێیەکانی ناوچەکەدا، لە پەراوێزی ڕێکەوتننامەکەی نێوان ئێران و سعوودیەدا$
#ئیدریس مستەفا#
#16-03-2023#
ئاڵوگۆڕی نوێ لە ناوچەکەدا، ڕێکەوتننامەی نێوان ئێران و سعوودیە، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕوویدا و من بە 11ی سەپتەمبەر ناوی دەنێم، جگە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کۆمەڵێ پرسی ناوچەکەش دادەنێ. هاوکێشە سیاسییەکان وەک: وجودی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هاتنە سەرەی وڵاتانی زیاتر بۆ ڕێکەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئێران وەک میسر و جەزائیر کە دوو دەوڵەتی بەهێزی سەربازی ناوچەکە و کیشوەری ئەفریقاشن؛ پرسەکان وەک: یەمەن و سووریا و لوبنان و سێ دوورگەی داگیرکراوی ئیماراتی (ئەبو موسا و تونبی گەورە و تونبی بچوک) لە ئێرانەوە کە ساڵی 1973 بەریتانیا بەخشیە ئێران بۆ ئەوەی تەنگژە و کێشە لەو ناوجەیەدا هەر بمێنێ.
$کورد و ڕێکەوتنامەکە$
دیارە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لێرەدا باسی بکەین کاریگەریی ئەو ڕێکەوتننامەیە لەسەر کورد و پرسەکەی چییە. گەر بڵێم کەم و زۆر کاریگەریی نابێ لەوانەبێ دڵخۆشکەر نەبێ بۆ زۆرێک لەو هاوڕێ و دۆستانەی ئەم پرسیارەیان وروژاند کە ئایا ئەو ڕێکەوتننامەیە چ کاریگەریەکی بەسەر کورد و کێشەکەیەوە دەبێ. لە دوای ئەزموونی باشوورەوە و کۆمەڵێ جموجۆڵی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پرسی کورد چۆتە گێژەنەیەکەوە کە لە مێژووی خۆیدا تێی نەکەوتووە. کورد و پرسەکەی بە ڕادەیەک چەقی بەستووە کە ڕاستەوخۆ بە بوونی ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا گرێ دەدرێ لە کاتێکدا ئەو پرسە دەبوو هەمیشە لەسەر مێزی وڵاتانی ناوچەکە بێت. دیارە هەم وڵاتانی ناوچەکە و هەم دەسەڵاتدارانی کوردیش ئەو عەقڵە سیاسیەیان یاخود نایانەوێ عەقڵی سیاسی بخەنە کار بۆ ئەو پرسە ئەگەرنا ئەو پرسە نە دەبوو بە هەڕەشەیەک بە دەست ئەمریکاوە بۆ سەر قەوارەی دەوڵەتی ئەوان و نەدەشبوو بە بێ نرخترین بابەت بەدەست دەسەڵات و حزبی کوردییەوە. لەم نێوەدا ڕۆژاڤای لێ دەردەکەم چونکە ڕۆژاڤا سەربارەی هەندێ ڕەخنەم لێی یەکێک لە سەرکەوتوترین ئەزموونی سیاسی کوردی دادەنرێت لە مێژووی خۆیدا بەتایبەت لەسەر ئاستی ڕابەرێتی.
$سعوودیە و ئیسرائیل$
ئەو ڕێکەوتنامەیە وەک هەر ڕێکەوتنامەیەکی تری نێوودەوڵەتی لەسەر هەندێ بابەتی سەرەکی واژۆ دەکەن و هەر وڵاتە سەربەخۆیە لە هەبوون و درووستبوونی پەیوەندییەکانیدا. بۆ نموونە لە دوو سبەیدا پێدەچێ سعوودیە پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر بکات و یاخود لەگەڵ ئەمریکادا هەندێ ڕێکەوتنامەی تر ببوژێنێتەوە بەڵام بەو مەرجانە دەبێ کە نابێ ببێتە هۆکارێک بۆ ناحەز پێکردنی ئێران بێت. دەبێ ئەوەش بوترێ کە هیچ ڕێکەوتنامەیەک تاسەر نییە و شایەنی ئاڵوگۆڕ یاخود نەمانیشێتی. بەڵام ئەوەی نێوان ئێران و سعوودیە پێویستییەکی سیاسیە لە دنیای سیاسی جیهانی نوێدا کە هەردوولا تاسەر ئێسقان پێویستیان پێیەتی.
سعودیە ئێستاش دووپاتی دەکاتەوە کە ئامادەیە پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر بکات بە چەند مەرجێک لەوانە: درووستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، یارمەتیدانی لەوە ببێتە خاوەن وڵاتێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتی، ئەم خاڵەی دوایی بە نهێنی یەکێکە لە باسە پایەییەکانی دانیشتنەکانی هەردوو نوێنەرانی سعوودیە و ئیسرائیل. گەر بێتوو سعوودیە بکەنە وڵاتێکی ئەتۆم، ئەگەرێکی هەم بەهێز و هەم لاوازە، ئەوا لەوانەیە سعوودیە دەستبەرداری ڕێژەیی یان گشتی ڕێکەوتننامەکەی نێوانیان ببێت.
$سعوودیە و کورد$
لە مێژووی خۆیدا سعودیە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی لەگەڵ کورددا نەبووە جگە لەم سێ و چوار ساڵەی دواییدا لە ڕۆژاڤا و هەروەها هەندێ لێدوانی ئەکادیمی سیاسی تر سەبارەت بە کوردستان لە ناوەندە ئەکادیمیە سیاسییەکانی ئەمریکا بەتایبەت لەو کاتانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەوپەڕی خراپیدا بوو. ئەگەرنا سعودیە بەدرێژایی ئەو چەند دەیەیەی لەگەڵ ئێراندا کێشەی هەبووە هیچ نزیکایەتییەکی لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵاتدا پیشان نەداوە یاخود هەر نەیتوانیوە کورد وەکوو فشارێکی سیاسی دژ بە ئێران بەکاربهێنێ وەک هەر جۆرێک لە ململانێ سیاسیە نێوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەک چۆن ئێران شیعەی لوبنان و یەمەن و بەحرەین و تەنانەت ناو سعودیەشی بەکار دەهێنا دژ بە سعوودیە و وڵاتانی تری عەرەبیش. بەهەرحاڵ، نزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە یەکتر خێری بۆ کورد تێدا نەبووە و نییە و سرووشتی کورد و پرسەکەی واهاتووە کە تێکچوونی نێوان ئەم وڵاتانە یاخود تەداخولی وڵاتانی جیهانی بە قازانجی کورد بووە. گرێدانی پرسی کورد بە بەرژەوەندیە نیودەوڵەتییەکانی زلهێزەکانەوە یەکێکە لەو گورزە کوشندانەی بەر کورد و کێشەکەی کەوتووە و ئەم سیاسەتە، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەی سیاسی دەبێ چیدی نەمێنێ و بچینە بنج و بناوانی ئەو شتانەی کورد دەبی خۆی پشتیوانیکەری خۆی بێ و هێزی یەکەم بۆ پرسەکەی لە ناوەوەی خۆیدایە ئینجا کۆمەکی سیاسی دەرەوە.
$کورد و ئەمریکا$
ئەو ڕێکەوتنامەیەی ئێران و سعودیە نەهەر پێگەی ئەمریکا بەڵکوو وجودیشی لە ناوچەکەدا خستۆتە بەر مەنگەنەوە. کورد لە باشوور و لە ڕۆژاڤا و تاڕادەیەکیش لە ڕۆژهەڵات بە پلەی سەرەکی پشتیان بە ئەمریکا بەستووە. دەسەڵاتدارێتی کورد لە باشوور هیچ شتێکی نەماوە تا لە دەستی بدات و هەر بۆیشی گرنگ نییە کورد و پرسەکەی بۆ کوێ دەچی و چی لێ دێ. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕۆژاڤایە کە ڕاستەوخۆ ئیعتیماد لەسەر بوونی ئەمریکا دەکات و ئەمەش بەو مانایە نییە کە ڕۆژاڤا مەجبوری ئەمریکا بووبێ و قەوارەکەی بەهۆی ئەمریکاوە درووست بووبێ بەڵکوو بەو مانایەیە کە دووەم هێزی ناتۆ کە تورکیایە بە چەک و تەقەمەنی ئەمریکا و غەربەوە هێرش و هەڕەشەی بەردەوام دەکاتە سەر ڕۆژاڤا بێ ئەوەی هیچ وڵاتێکی عەرەبی بڵێن ئەوە سنووری نیشتمانی عەرەبییە و چۆن دەبێ تورکیا ئاوها بیبەزێنێ.
بۆیە ڕۆژاڤا ناچارە قبووڵی ئەو پشتیوانی و وجودەی ئەمریکا بکات لە سووریا ئەگەرنا ئەمریکا تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێکی ستراتیجی پێ نییە بۆ ڕۆژاڤا. نە دەیکات بە قەوارەیەکی سەربەخۆ و نە دەهێڵێ لەگەڵ ڕووسیا و دیمەشقدا ڕێک بکەوێ. بۆیە ئەگەری زۆرە ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەست کۆتا بکرێ و ئەو دەم ڕۆژاڤا بکەوێتە بەردەم هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و سووریاوە.
$کورد قوربانی دەستی خۆیەتی$
دیارە پێش ئەمانە گرفتەکە و ئاریشەکە لە خودی کورد خۆی و پرسەکەیدایە و من لێرەدا زۆرتر ئاماژە بە یەک لایەنی ئەو بابەتە دەدەم.
ئێمە هەڵەیەکی گەورە دەکەین کە پێمان وابێ ئێمە تەنیا قوربانی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتین یاخود وەک ئیسماعیل بێشکچی دەڵێ کۆڵۆنیاڵیەکی نێودەوڵەتین، بگرە گرفتە ئەسڵیەکە لە کورد خۆیدایە کە نەخاوەن باس و خواسێکی تیۆری نەتەوەیی یاخود وتارێکی نەتەوەییە، نە خاوەن ڕابەرێتییەکی سیاسی قوڵ و ڕاست و درووست، نە خاوەن پارتیێکی سیاسیە کە بتوانێ کار بۆ ئامانج و ئاسۆکەی بکات. نەبوونی ئەم تیۆریە ڕەنگی داوەتەوە لە هەموو بوارەکانی تری ژیاندا وەک هونەری و ئەدەبی و تەنانەت وەرزشیش. دیارە لێرەدا ناچمەسەر ئەو بابەتە تیۆری و وتارە سیاسیە نەتەوەییانە بەڵام تەنیا ئاماژەیەک بە یەک دوو هەڵویست و لێدوان و نموونەی پارت و کەسێتییە سیاسییەکان دەدەم کە پیشانی دەدات کورد خاوەن هیچ شتێکی نەتەوەیی خۆی نییە کە مۆرکی کوردبوونەکەی تێیدا ڕەنگ بداتەوە و ئەوەی هەیە دەیەوێ ببێتە ناسیۆنالیستێکی فاشی و ڕەگەزپەرست و ئیمانداری وەک عەرەب و فارس و تورک.
لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکاندا هەرچی حزب و کەسێتی کوردی هەیە بە ئیسلامی و نەتەوەییەوە، لێرەدا یەکێتی و پارتی لێ دەردەکەم چونکە ئەوان جێگایان نابێتەوە لە هیچ بابەتێکی نەتەوەییدا، دەبنە خاوەن یەک وتاری سیاسی ئەویش پشتیوانی کردنی فەڵەستینە. ئیسلامییەکانی باشوور و بەشەکانی تر باس ناکەم بەڵکوو ئاماژە بە ڕەمزێکی نەتەوەیی کوردی دەدەم، سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە لەسەر نەتەوەکەی خۆی چەندان ساڵە لە زینداندایە و ئێستاش چارەنووسی دیار نییە چی لێ دێت. ساڵی پار کاتێک شەڕی حەماس و جیهاد لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵگیرسایەوە ئەو لە ناو هۆدەی زیندانەکەی خۆیەوە پشتویانی خۆی بۆ فەڵەستینیەکان دەربڕی دژ بە ئیسرائیل و ئەمەشی لە بارە ئایینییەکەیەوە دەربڕی. باسی ئەوە ناکەم کە هیچ فەڵەستینیەک تۆی بۆ موهیم نییە و ئەو مەوزوعە تایبەتە بە دوو ڕێکخراوی چەکداری وڵاتێک و نەتەوەیەکی تر کە هیچ پەیوەندی بە تۆوە نییە بۆ دەیکەی بە بەباسی خۆت؛ بەڵکوو ئەوەی بۆ من گرنگە گەر هزرێکی نەتەوەیی یەک ڕاستە بوونی هەبوایە ئەوا دین نەدەبوو ببێ بە هاندەرێک بۆ دەربڕێنی لێدوانێک و هەڵویستێکی ئاوها؛ ئەمە جگەلەوەی کە خودی خۆی زیندانی دەستی ئەو حکومەتەیە کە پشتیوانیکەری یەکەمی حەماس و جیهادی فەڵەستینە. تێکەڵکردنی ئایین بە پرس و وتاری نەتەوەیی لەلایەن دەمیرتاشەوە هەمان هەڵەی باووباپیرانێتی لە سەردەمانی عوسمانی و سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی نوێی تورکیا.
نموونەی تری وەک ئەمە و لە بوارەکانی تریش زۆرن کە نامەوێ ئاماژەیان پی بدەم بەڵام دەمەوێ تەنیا یەک شت بڵێمەوە کاتێک کورد خاوەن نەزەریەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی نەبێ ناتوانێ وتارێکی یەکتایی سیاسی هەبێ بۆ پرسە سەرەکیە نەتەوەییەکانی خۆی؛ ئەگەرنا ئەوا ئەوەی لێ بەسەردێ کە ئێستا تێی کەوتووە! [1]