$نەوت و ئەودیوی نەوت؛ چی لە پشت ئەگەری سازشی نەوتەوە هەیە؟$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#02-04-2023#
$بەرایی$
بۆ زیاتر لە یەک دەیە دەڕوات کە میکانیزمە نێوخۆییەکانی چارەسەرکردنی پرسی وزە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەگەیشتوونەتە ئەنجام، جا چ یاسا و بڕیارەکانی دادگە بێت یان ڕێککەوتنی سیاسیی لایەنەکان! بۆیە سەرنجڕاکێش نییە ئەم جارەش لە کردنەوەی گرێگوێرەی ڕاگرتنی نەوت دا ڕۆڵی هۆکارە دەرەکییەکان لە پێشەوە بێت. هەڵبەت باردۆخی نێوخۆیی ئێراق و هەرێمی کوردستانیش دەست نادات بۆ ئەوەی لایەنەکان تەنیا لەسەر بۆچوونەکانی خۆیان سووربن و ئەمەش زەوینەکەی ئەگەری سازشی هەردوولایە.
$نەوتی کوردستان و بەرژەوەندیی وڵاتان$
بەر لەوەی بڕیارەکەی دادگە ڕابگەیێندرێت، کۆشکی ئێلیزێ میوانداریی ئاشکرا و نائاشکرای بەرپرسانی بەغدا و هەولێری کردبوو، لەنێویشیاندا سەرۆکوەزیرانی ئێراق و هەرێمی کوردستان، کە پێناچێت پرسی وزە و بڕیارەکەی دادگە تەوەری گفتوگۆکانیان نەبووبێت. لانی کەم دوو لایەن لە کڕیارەکانی نەوتی کوردستان ئەوروپین؛ بێجگە لەوەش، لە کاتێکدا کە ئەوروپا سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینایە و هەندێک لە وڵاتەکانیش، بەتایبەتی فەرەنسا، چاوی بڕیوەتە سەرمایەگوزاریی ملیار دۆلاری لە ئێراق، سەقامگیریی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر بابەتێکە کە دەشێت بایەخی زۆری پێبدەن.
هێشتا جیهان پێویستی بە نەوتە و ئەمریکاش وەکوو هێزە گەورەکەی جیهان، بە ئاشکرا داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمە بێجگە لەو زانیارییە ڕۆژنامەڤانیانەی باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرپرسانی کۆشکی سپی لەگەڵ لایەنەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی درووستبووە. ڕاستییەکەی بێجگە لە پرسی وزە، ئەم بابەتە ڕەهەندێکی دیکەی جیۆپۆلەتیکی و ئەمنی بۆ ئەمریکا هەیە. ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی تاران و واشتنتن لە سووریا، بە جۆرێک لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک بنکەکانی هەردوولا کراونەتە ئامانج. وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ئێران و لایەنگرەکانی 83 جار لە ئێراق و سووریا هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە هەمان کاتیشدا ژەنەراڵ مارک مێڵی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا گوتوویەتی ئەوان سەرەڕای هێرشەکان، واز لە ئەرکەکانیان لە سووریا ناهێنن. بێگومان هەرێمی کوردستان دەروازەیەکی پشتەوەی گرنگی لۆجستیکی و فەرماندەییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ئەمریکا لە سووریا و ڕۆژاوا دەیانکات. بۆیە تێکچوونی هاوسەنگییەکانی هێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، لانی کەم لەم کاتانەدا بە قازانجی ئەمریکا نییە.
هەر لە پاش ئەو گرژییانەی هەفتەی ڕابردوو لە سووریا، ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەرکی کەشتییەکی سەربازی خۆی لە نزیک ئاوەکانی یۆنان درێژ دەکاتەوە بۆ ئامادەیی هەر بارێکی لەناکاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەستەمە جارێ بەو دەمو دەستە گرژییەکانی سووریا بۆ شەڕێکی گەورە بگۆڕێن، بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا چۆنییەتی تێگەیشتنی ئەمریکایە لە هاوسەنگییەکانی هێز لە ناوچەکەدا. ژەنەڕاڵ مارک مێڵی جەختی لەوە کردووەتەوە کە زیادبوونی هاوبەشییەکانی ڕووسیا - چین و ئێران لە ساڵانی داهاتوودا سەرئێشەیان بۆ درووست دەکات. ئا لێرەدایە کە بایەخی وڵاتان و ناوچەکانی هاوپەیمان لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆرتر دەبێت. لەم ساڵانەی دواییدا واشنتن سەبارەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی گرفتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەیە وەک تورکیا، ئیسرائیل، سعودیە و هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرئەنجام دەرکەوتووە کە زیاتر بەپێی بەرژەوەندییەکان و پرسە جیۆپۆلەتیکییەکان دەجوڵێتەوە. پێدەچێت ئەمریکا لە پرسی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکان لە چەمانکێ (هەرێمی کوردستان) خوازیاری ئەوە نەبووبێت کە ئەو ڕووداوە زۆر دەنگبداتەوە. هەروەها ڕەنگە ئاستی کاردانەوەکانی هەولێریش بەرانبەر ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵی وەزارەتی دەرەوە کە باسی پاشەکشێی مافی مرۆڤ لە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ کاردانەوەکان بەرانبەر دووبارە دانانەوەی بابەتێکی بڵاوکراوە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کونسووڵی ئەمریکاوە بە دڵی واشنتن نەبووبێت، بەڵام ئەمە تەنیا دیمەنێکی پەیوەندییەکانی هەردوولایە و بێگومان تەواوی وێنەکە نییە. ئەوان لانی کەم لەم کاتانەدا، پێویستییەکی دوولایەنەیان بە یەکتر هەیە.
خاڵێکی دیکەش پەیوەندی بە ململانێ گەورەکەی ئەمریکا لەگەڵ چین و ڕووسیاوە هەیە. ڤلادیمێر پۆتین ڕەشنووسی بەڵگەیەکی سیاسەتی دژە ڕۆژاوایی ڕاگەیاندووە و پێدەچێت سووربێت لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیار و ڕکابەرەکانی ئەمریکا. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش ئێستا سەرنجێکی زیاتری لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و پێناچێت لە دیبەیتە چاوەڕوانکراوەکەیشیدا لە ئەنجوومەنی ئاساییش پەسنی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا بدات.
ئەمساڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا و چەند بەرپرسی دیکەی ئەمریکی و ڕۆژاوایی سەردانی هەولێریان کرد و لە کۆنفرانسە ئەمنییەکەی میونشن، ترافیکی پەیوەندییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ڕۆژاوایی سەرنجڕاکیش بوو، بەڵام جێگەی سەرنجە کە لاڤرۆڤ لە شوباتی ئەمساڵ دا بەبێ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات هاتە ئێراق و گەڕایەوە! بەپێی قسەی دیپلۆماتێکی ڕووسی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمە بۆ سەردانێکی میخائیل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیاش وابێت، دیارە ئەگەر گۆڕانێکی دیکە ڕوونەدات. دوای گشتپرسییەکەی 2017، ئەو کاتانەی کە سەرۆککۆماری تورکیا دەیگوت بەلووعەکەی نەوتەکە دەگرین، ئەلکساندر دووگین یەکێک لە بیرمەندەکانی تێزی ئاوراسیاگەرایی کە بەرلەو کاتانە، بۆ سیمینارێک سەردانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداوی کردبوو، پەیوەندییەکی کرد و وتی دەتوانن دڵنیابن کە کرملین ڕازی نابێت بە ڕاگرتنی ئەو نەوتە. نازانم بۆ ئەمەی ئێراق چۆن بیردەکاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو تێبنییە گریمانەییەی کە لەوانەیە ئیدارەی کرملین لەڕووی سیاسەتی هاوپەیمانییەوە لەسەر هەولێر هەیبێت و زیاتر بە پرۆ- ئەمریکایی بیزانێت، پێناچێت لە ڕاگرتنی نەوتەکەدا سوودمەندبێت چونکە کۆمپانیاکانی ئەوانیش زیانیان بەر دەکەوێت.
جا ئەگەر بێینە سەر باسی چین! ئەوا بێگومان ڕێککەوتنەکەی ئێران و سعودیە ئامادەیی پەکینی لە هاوکێشەکانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیشاندا. نزیککردنەوەی تاران و ڕیاز خەونی ئۆباما بوو. ئەو دەیویست لانی کەم بە قسەی خۆی ئاشتەواییەکی سارد لەنێوان ئێران و سعودیە بەرقەرار بکات، بەڵام نەیتوانی. چین وەک یەکێک لە گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی سعودیە کە بەگشتی سەرووی 14%ی نەوتی ئەو وڵاتە دەکڕێت و وەک وڵاتێکیش کە ڕیککەوتنێکی درێژخایەنی 25 ساڵەی لەگەڵ تاران هەیە، چانسی ئەوەی هەبوو کە ئەمە سەربخات. ڕەنگە ئەمە لە هەندێک بابەت دا وەک شەڕی یەمەن بە کەڵکی ئەمریکاش بێت، بەڵام دیوێکی دیکەی هەیە کە پەیوەندی بە پێگەی هێزەوە هەیە و ئەستەمە لە قازانجی واشنتن بێت. ڕەنگە بتوانین بڵێین کە ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە کە بە جۆرێک ڕێککەوتنێکیش بوو لەسەر وزە، لە پشتەوە مۆری ئەمریکای پێوەبوو. ئینجا لەکاتێکدا چین توانیویەتی ئێران و سعودیە پێک بگەیێنێت، تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت کە ئەمریکا دەمێکە کاری بۆ دەکات دەتوانێت هەواڵیکی ناخۆش بێت لە واشنتن.
بۆ تورکیا بابەتەکە چەندەی پرسێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی بێت، ئەوەندەش مژارێکی نێوخۆییە. بێگومان جەبری جوگرافیا وایکردبوو کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ تورکیا نەکردەبێت، بەڵام چی گۆڕا کە ئەنکەرە ئیدی بڕیاریدا بەبێ مۆڵەتی بەغدا نەوتەکە نەنێرێت؟ ڕەنگە ئەو شرۆڤانەی کە پێیانوایە تورکیا لەبەر بەرژەوەندییەکی ستراتیژی دیکەی وەک پڕۆژەی کەناڵی وشکانی کە کەنداو و تورکیا بە یەکەوە دەبەستێتەوە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە وزەی هەرێمی کوردستان گۆڕیوە، تەواوی ڕووداوە ڕووننەکاتەوە. چونکە پێشتریش باسی ئەو پڕۆژەیە و تەنانەت کردنەوەی دروازەی ئۆڤاکیۆی لە ئارادا بوو کەچی تورکیا نەوتی هەرێمی کوردستانی هەر دەنارد. دووەمیش پڕۆژەکە هێشتا ئەوەندە نزیک نییە کە بەو دەمو دەستە جێبەجێ بکرێت.
جارێ بەر لە هەموو شتێک بۆ ئەردۆغان ئەستەم بوو لەکاتێکدا کە بەرەو هەڵبژاردنیکی چارەنووسساز دەڕوات پێداگری بکات لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمە کەرەستەیەکی بەهێزی بەگرووپەکانی ڕکابەری دەدا. خاڵێکی دیکەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پێدەچێ پارتی دادوگەشەپێدان هیوایەکی کەمتری هەبێت بەوەی کە ئەم جارە دەنگی کورد وەربگرێت. بۆیە درووستکردنی کێشەیەک لەگەڵ ئێراق لەسەرکورد لەو کاتانەدا کە ڕکابەرەکانی کار لەسەر وتاری نەتەوەگەرایی، چەپ و موحافزەکاری دەکەن بژارەیەک نەبوو کە سیاسییەکی پراگماتیکی وەک ئەردۆغان دەستی بۆ بەرێت. هەرچەند هیشتا یاری هاوپەیمانییەکان و ئەندازیارییەکانی هەڵبژاردن کۆتاییدان نەهاتووە و تاوەکووئێستاش قەندیل و ئۆجەلان قسەی کۆتایی خۆیان نەکردووە، بەڵام وادیارە هەدەپە- یەسەپە هاوشێوەی ساڵی 2015 هەر لە ئێستاوە دەیەوێت ڕێگەی سازانێکی گریمانەیی لەگەڵ ئەردۆغان نەدات. تورکیا لایەنێکی زیانمەندی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە و بەهۆی دۆخی سیاسەتی نێوخۆوە بژارەیەکی زۆر جیاوازی نییە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە لە دەرگاکانی پشتەوە خوازیاری سازانی هەولێر و بەغدا نەبێت.
$پاڵنەرە نێوخۆییەکانی سازانی هەولێر و بەغدا$
هەرێمی کوردستان و بەغداش دۆخێکی تەواو یەکانگیریان نییە تاوەکووبتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ پێداگری لە هەڵوێستەکانی خۆیان بکەن، پەرتەوازەیی نێوخۆیی کورد بەتایبەتی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، هەروەها بارگرانییە ئابوورییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت کە دەتوانێت ڕێگە بۆ ناڕەزاییەکی نێوخۆیی بکاتەوە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەن کە وادەکەن هەرێمی کوردستان بەدوای ڕێککەوتنەوەبێت. ڕاگرتنی نەوت ئەویش ڕێک لە سەروبەندی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەڕڵەمانی کوردستان کە بڕیارە کۆتاییەکانی ئەمساڵ بکرێت، دەتوانێت هۆکارێکی یاریگۆڕبێت و کاریگەریی لەسەر هاوسەنگییە نێوخۆییەکانی هێز لە هەرێمی کوردستان دابنێت.
لەدوای بڕیارەکەی دادگەی ICC سەرۆکوەزیرانی ئێراق دەرفەتێکی بۆ هاتە پێشەوە تاوەکووبەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بڕەنجێنێت، دڵی هەندێک لەلایەنە شیعییەکان خۆش بکات بەوەی کە هەوڵی کارکردنی بۆ خواستی ئەوان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنەوەی وزەی هەرێمی کوردستان داوە. لەکاتێکدا مالیکی، دواتریش عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و تەنانەت مستەفا کازمیش بە هەمان ڕێگەدا ڕۆیشتبوون، محەمەد شیاع سوودانی نەیدەتوانی لەو هێڵە لابدات کە تاوەکووئێستا هاتووە.
لەوکاتانەدا کە ئاڕاستەیەکی بەهێز بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە ڕێی یاسای بودجە و نەوت و گازەوە هەبوو، ڕاگرتنی نەوتەکەی کوردستان لە پاش بڕیارەکەی ICC، دەریخست کە ئەم پرسە قووڵترە لەو باسانەی کە تەنیا لەسەر نەوت دەکرێن. بەڵکوو ئەوە تەنیا بەشێکە لەو دیمەنە گشتییەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە وەک تەونێک لەگەڵ دۆسییەکانی دیکەی وەک سنوور و سیاسەتی هاوپەیمانی پێکەوە چنراون. ئەمانەش پێکەوە، کۆدەکانی قۆناخێکی تازەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا پیشاندەدەن، بەجۆریک کە ڕێک دوو دەیە لە دوای شەڕی2003، هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخان و ئێراقیش ئەو وڵاتە تەواو فیدراڵییەی لێ دەرنەچوو کە دەستوور پێشبینی کردبوو. وادیارە ئێراق دەیەوێت هەموو دەرەفەتەکان بۆ کەمکردنەوەی سنوورەکانی پێشووی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەکاربێنیت، بەڵام دیار نییە تاوەکووچەندە دەیەویت پابەندی ئەو بنەما فیدراڵییانە بێت کە دەوڵەتی نوێی لەسەر دامەزاروە. بەشێوەیەکی گشتی، لە چینەوە بگرە تاوەکووئیسپانیا، ئیسرائیل وئێراق، ئاڕاستەیەک بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ناوچە ئۆتۆنۆمی و فیدراڵییەکان لە ئارادایە، بەڵام پێناچێت هەلومەرجی ئێستای جیهان بۆ ئەمە دەستبدات.
هەبوونی پاڵپشتی کورد بۆ حکومەتەکەی سوودانی لەم ئان و ساتەدا بایەخێکی ئێکجار زۆری هەیە، چونکە لەلایەک نیگەرانیی سوننەکان زیادی کردووە سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی ئەو گفت و بەڵینانەی کە بەر لە پێکهێنانی حکومەت پێیان درابوو، لەلایەکی دیکەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی نێوخۆیی شیعە بابەتیکی جێگەی باسە. ئەمە بێجگە لەوەی کە پەیوەندیی کورد لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەتایبەت ڕۆژاوا دەتوانێت وەک هەندێکجار فریای حکومەتەکەی بکەوێت. سوودانی دەزانێت کە زۆر لە وڵاتانی جیهان هەرچەند پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستانیش نەبن، بەڵام هەرێمی کوردستانیان دەوێت، لانی کەم وەکوو هۆکارێکی هاوسەنگی لە سیاسەتەکانان بەرانبەر بە ئێراق. ئەمە تەنانەت بۆ ئیرانیش وایە. ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە پاساوی ئاساییشی سنوورەو تەنگی بە هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە و بەم دوواییانە ڕێککەوتنێکی لەسەر پاراستنی سنوور لەگەڵ ئێراق واژۆکرد. لە 911 کم سنووری هاوبەشی هەردوولا تەنیا نزیکەی 40-کم لە ملی باکوورەوە ( لە دەڤەری سۆران) لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی نزیک یان هاوپەیمانی ئێران دانین و تاران ئەو ناوچەیە بە مەترسی بۆ خۆی دەزانێت. بێگومان ئەمە دەتوانێت زیاتر لە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە پەیوەندی بە دۆخی گشتی نێوخۆیی ئێران و ڕوانگەی تارانەوە بۆ ئاییندەی ناوچەکە هەبێت و تاران بە نیازبێت کە هەرێمی کوردستان نەبێتە مەترسی بۆی، بەڵام هەر لە کاتی شای ئێرانەوە تاوەکووئێستاش، هەبوونی دەسەڵاتیکی ناوەندی بەهێز لە بەغدا واتای هەڕەشەیەکی گەورە دەدات بۆ تاران. جا ئەگەر شیعەکانی ئێراق کە بەشیوەی مێژوویی ناوەندی جیهانی شیعەیان لایە و لەڕووی ئابووریی و پەیوەندییشەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەرفەتێکی زیاتریان لە بەردەم دایە، بەهێزتر ببن، ئەوسا مەرج نییە وەک جاران گوێڕایەڵی تاران بن. بۆیە سەرئەنجام زیندووهێشتنەوەی هۆکاری کورد و سوننە لە ئێراق لە قازانجی تاراندایە. سەرئەنجام قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێ نابێ ڕێگە بە هاوپەیمانەکەت بدەی ئەوەندە بەهێزبێت کە ئیدی گوێت لێ نەگرێت.
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە ئەگەر پرسی وزەی هەرێمی کوردستان بە زۆری یاسا و زەبری هێز یەکلابێتەوە، ئەوسا سەرۆکوەزیرانی ئێراق ناچاردەبێت سەرنجیش بخاتە سەر ئەو هەواڵ و باسانەی کە لە بارەی قاچاخبردنی نەوت لە باشوور و شوێنەکانی دیکەی ئێراق هەن و لەوانەیە ئەمەش ڕووبەڕووی دەردەسەرێکی تازەی لەگەڵ هەندێک باند و گرووپی چەکداریدا بکاتەوە، کە ئەویش لەم کاتانەدا کە باری حکومەت بە تەواوی سەقامگیر نییە، شتێک نییە کە بۆی ئامادەبێت.
$کۆتایی$
پشتبەستبەستن بە هەندێک ماددەی دەستووری ( وەک ماددەی 130) کە ڕێگە دەدات بە کارکردن بەو یاسایانەی پێشوو کە هەڵنەوەشێنراونەتەوە یان هەموارنەکراون، ئەو خاڵە بووە کە بەغدا لەوێوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە. هەرێمی کوردستانیش پشت بە هەندێک ماددەی دەستووری دیکە (وەک 112، 113، 115) دەبەستێت بۆ باسکردنی ئەو مافانەی کە سەبارەت بە نەوت و گاز هەیەتی. ئەوە ڕوونە کە پاساوە یاساییەکان هەرچییەک بن، هۆکاری یەکلاکەرەوە لێرەدا ڕادەی هێزداری لایەنەکانە.
پێناچێت ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یان ئەگەری دەرکەوتنی ناسەقامگیریی و گرژییەکی تازە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت بابەتێک بێت کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا، ڕووسیا، تورکیا و ئەورووپاش بێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەبەرچاوگرتنی ئەوانە، لەو دۆخەی کە ئێستا ئێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا دەڕۆن، بێجگە لە چارەسەرێکی براوە – براوە، لانی کەم لەم کاتانەدا دەرچەیەکی پایەداری دیکە بۆ قەیرانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە. [1]