$بیرەوەرییەکانی هونەرمەند ڕزگار خۆشناو، لە شەقراوێ هەتا نەمسای بەشی یەکەم$
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
مارمان هێشتا لە شەقراوەی (#شەقلاوە#) بوو، ئەو سەردەمەی ئەمن زۆر گچکە بووم و داکم لەناو لانکێ دەینواندم و دەیلاواندمەوە و گۆرانیی لۆ دەگوتم، ئەو وەختە نەمدەتوانی هەست بە دەنگخۆشیی داکم بکەم، کە هەندەک گەورە بووم و داکم منداری دیکەی بوو، سەبر سەبر دەرەکەت کە داکم دەنگی گەلەک خۆش بوو. داکی ئەو زەمانەی ئێستا، نە زەوقی گۆرانییان هەیە و نە کاتیشیان هەیە! ئێستا مۆبایلی لەگەر منداری لە لانکی دەنێن - ئەوە ئەگەر لانک هەر مابی - وابزانم دەنگی خۆشی داکم بوو وای کرد ئەمن حەزم بچتە مۆسیقای.
پاییزی 1958 چوومە مەکتەبێ، ئەو وەختە هێشتا شیر و هێلکە و سێو و ڤیتامین (بی 12) ەیان دەدا تەلەبان، ئەمن هەر لە منداری و هەتا هەنکەش حەزم لە شیری نەبوو و نییە، چونکە مارمان لە مەکتەبەکەی نزیک بوو، قۆغەی شیرەکەم بە سەریعی دەبردەوە مارێ، بەس هەتا دەگەیشتمە مارێ نێوەی لێ دەڕژا!
سەرتان نەهێشینم، هەموو ڕۆژێ سبەینان پێش ئەوەی دەست بە دەرسێ بکەین لە ساحەی مەکتەبێ غر دەبوینەوە و هەر جارێ چەند تەلەبەک دەبوو شیعرەکی لەبەر کەن و بخیننەوە، ئەمنیش شیعری (من جووتیارێکی وڵاتم) م دەخیندەوە و هەر لۆیێش حەزم چووە شیعریش.
وەختی #شۆڕشی ئەیلوول# بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، لە 11 ئەیلوولی ساڵی 1961دەستی پێ کرد، ئەمن عومرم نۆ سار بووم! هەرچەندە ئەمن ئەو وەختە مندار بووم، بەران هەستم بەوەی دەکرد کە حکوومەت غەدر لە کورد دەکا و ئێمەی کوردیش مافی خۆمانە لەو وڵاتە بژین! تا عومرم زیاتر دەبوو هەستی کوردایەتییشم بەقوەتتر دەبوو، هەر ئەو هەستەش وای کرد کە شیعری نەتەوەیی بنووسم و ببیتە بەشەکی ژیانم.
بابیشم لە لایەک زۆر لای مهم بوو پێی خۆش بوو، لە لایەکی دیکە هەر کو فیکری دەکردەوە، دەیزانی کە ئەو هەستە نەتەوەییە و ئەو شیعرنووسینە لەو عومرەی تەبیعی نیە! وای لێ هات شیعرەکانم بوونە کتابەک، ئەوجا لە (13) ە و (14) ساڵیش وەکوو هەموو موڕاهقێک عاشقی کچێک بووم و دەستم بە شیعری ئەویندارییش کرد و هەتا دەهات کتابەکەم گەورەتر دەبوو.
دوایێ شمشارەکی پلاستیکم کڕی، لەسەر بانی ناو ڕەزان دەستم پێ کرد هەتا فێر نەبووم ڕانەوەستام، هەموو جیرانەکانیشم لە زەقزەقە نابوو، ئەوجا بەوەش لێنەگەڕام چوومە بازاڕی لەجیاتی حەلوای شەکری و چوکلێت کە زۆرم حەز لێ بوون، داوی نایلۆنی تەسبێحانم کڕی و لە مارێ تەختەکم هینا و ئەوسەر و ئەوسەر بزارم لێدان و داوی نایلۆنەکەشم لێ قەیم کرد و، ئەوجا لێدە!
لەگەر لێدانێ، پەنجەشم دەجووڵاندەوە بەران بە هەڕەمەکی و ناوەناوە گۆرانییشم لەگەری دەگۆت! ئەمن هەروام دەزانی کە مۆسیقا بەو تەختەی لێ نادرێ! هەتا ڕۆژەکی لە نزیک مارێ پیاوەک بەوێدا تێپەڕی و ئەمنی دیت وا خۆم مشەوەش کردیە، بە حیساب مۆسیقای لێ دەدەم! کابرا ڕاوەستا و گۆتی: ئەوە بە خۆت درووستت کردیە؟
گۆتم: ئا، وەڵا لێی وەرگرتم و هەندەک سەر و بنی کرد و شتەکی پێ لێدا! زانیم ئەوەی کابرا بەو تەختەی لێی دا، فەڕقی هەبوو لەگەر هی من کە نە سەری دیار بوو نە بن! دیار بوو جوملەکی مۆسیقای بوو، ئەوجا گەیشتمە قەناعەت کە عەیبەکە لە تەختەکەی (ئامێرە) کە نییە بەڵکوو لە منە، چونکە ئەمن نەمدەزانی مۆسیقا لێ بدەم، ئەگەر نا بەو کەچە تەختەش مۆسیقا هەر لێ دەدرێ!
ئەو کابرایە مامەستای خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵا حەسەن بوو \یادی بەخێر و جێی بەهەشت بیت\ کە کەمانی لێ دەدا و سەری لە عوودیش دەردەچوو، بە منی گۆت: حەزت لێیە فێری مۆسیقا بی گۆتم: زۆریش. دوایێ لەسەر دەستی ئەو مامەستایە فێری یەکەم ئەلفبێی مۆسیقا بووم.[1]