ناونیشانی بابەت: پەروەردە و نەهێشتنی فشاری دەروونی
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
فشارە دەروونییەکان بەپێی هەلومەرج و کاتەکان و چەند هۆکارێک درووست دەبن، فشاری دەروونی ئەوحاڵەتەیە کە مرۆڤ هەست بە نائاسایی بوون و جیاوازی دەکات لەنێوان کەسەکاندا، بەهۆی نامۆیی و دوورەپەرێزی و دابڕان لە ژینگەی کۆمەڵایەتی، جارهەیە کەسی تووشبوو هەست بە بوونی نامۆیی دەکات بەڵام ناتوانێت بەسەر هەستەکانی خۆیدا زاڵ بێت و لێی دەربچێت، جاری واش هەیە کەسی تووشبوو بەو حاڵەتە واهەست دەکات خۆی ڕاستە و دەوروبەری ناڕاستن.
دەکرێ هۆکارەکانی ئەو فشارە دەروونیانە بۆ تەمەن و ژینگەی ژیان دیاری بکەین و ئینجا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، ئەوانیش بەشێکیان بۆماوەیین، واتە نەخۆشییەکی گوازراوەیە لەباوانەوە بۆ نەوەکانیان، یان لەئەنجامی بوونی نەخۆشییەکی جەستەیی کەسەکە بەبیرکردنەوەیەکی نادرووست تووش دەبێت، جۆرێکیتر ئەوەیە کەسەکە ویستێکی تایبەتی هەیە هەمووکات بیری لێدەکاتەوە و شیکاری زۆری بۆدەکات ناگاتە ئەنجام تووشی ئەوفشارە دەروونیە دەبێت، دوا جۆری فشاری دەروونی کەسانی دەورووبەر کاریگەریان لەسەر کەسەکە هەیە بەوەی خواستی خۆیان دەسەپێنن بەسەریدا کە دەبێتە جۆرێک لەفشار و پێی دەوترێت فشاری کۆمەڵایەتی، ئەمیش وا دەکات ببێتە فشاری دەروونی بۆ سەر تاک.
(سیگمۆند فرۆید) دەڵێ: (فشارە دەروونییەکان مرۆڤ لە خۆشییەوە دەگۆڕن بۆکەسێکی بێزار و بێدەنگ) ئەم وتەیەی زانا و شارەزا و دەروونناس فرۆید، جوانترین پێناسەیە لەسەر زانینی و بەئاگابوونی فشارە دەروونییەکان، چونکە پێمان دەڵێ گۆڕینی دۆخی کەسێکە لە خۆشییەوە بۆ ناخۆشی و بێزاربوون، هەر ئەوێش پێمان دەڵێ چارەسەر ئاسانە و مرۆڤ دەتوانێت هەنگاوی بۆ بنێت، لەو بارەوە دەڵێ (ڕاستگۆیی تەواو لەگەڵ خۆتدا ڕاهێنانێکی باشە) کەواتە باشترین ڕاهێنان ڕاستگۆیی ئەو کەسەیە، بە جۆرێکیتر دەبێتە بڕیاردانی گونجاو بۆ دەرچوون لەوفشارە دەروونییە، ئەوەش بە ئیرادەیەکی بەهێزدەکرێت.
فشارە دەروونییەکان لە ئەنجامی ئەم فاکتەرانە درووست دەبن:
1- فاکتەری جەستەیی: زۆرجار نەخۆشییەکی جەستە، وادەکات فشار بچێتە سەر دەروونی تاک.
2- فاکتەری ئابووری: بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و بیرکردنەوەی زۆر درووست دەبێ یان نەبوونی کار و بژێویەکی باش.
3- فاکتەری کۆمەڵایەتی: ئەمیان دەوروبەر دەبنە هۆکاری درووستبوونی.
4- فاکتەری پەروەردەیی: خراپی سیستەمی پەروەردە و نەخوێندنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی فشاری دەروونی بۆسەر تاک درووست دەکات.
ئەوەی لێرەدا بۆمن گرنگە لێی بدوێم، ڕۆڵی پەروەردەیە لە نەهێشتنی فشارە دەروونییەکان بەتایبەت لەسەر قوتابییان و خوێندکاران، ئەوێش بە وردبوونەوە و خوێندنەوەی لایەنەکانی ودیاریکردنی هۆکارەکان.
نامەوێ ڕۆڵی ئەوکەسانە بەکەم بگرم کە وەکوو توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا کاردەکەن، کەسی باش و خاوەن توانایان تیایە، بەڵام گرفتەکە لە پەروەردەدا دەبینم کە وەک پێویست کار لەسەر ئەوکەسانە نەکراوە و وزەکانیان نەخراوەتەگەڕ، بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە دەروونییەکان، چونکە ئەوکەسانە پێویستە بەردەوام خەریکی خۆ نوێکردنەوەبن، هەرچەندە بەڕای من قوتابخانە پێویستی بە توێژەرنییە، ئەگەر مامۆستا بەڕاستی مامۆستا بێت، لەو شوێنانەی لێی دەردەچن هەردووبواری دەروونناسی منداڵان و کۆمەڵناسی بەباشی دەخوێنن، زۆر بەئاسانی بەسەر ئەوگرفتانەدا دەتوانن زاڵبن کە ڕوو بەڕووی منداڵان دەبنەوە، جگە لەوەی مامۆستایان هەمیشە ئاگاداری هەست و نەستی قوتابییانن، بەڕێوەبەری سەرکەوتوو دەتوانێت ببێت بە باشترین ڕینمایی کار و توێژەر و دەروونناس، بەڵام ئەوانە ئەڵێم کە بەتوانا و بیری خۆیان و لەبەر خۆشەویستی پیشەکەیان بەڕێوەبەرن نەک حیزب قۆڵی بگرێت و لەسەر کورسییەکەی بەڕیوەبەر داینابێت، بۆ مەرامی ئایدۆلۆژی و لەقاڵبدان.
ڕۆڵی پەروەردە گرنگ و پڕ بایەخە لە چارەسەری فشارە دەروونییەکانی منداڵان، بەوەی هەرکەسە و کاری خۆی بەباشی و جوانی ئەنجام بدات، لەوکاتەشدا خوێندنگە و قوتابخانەکان دەبنە شوێنی ڕاستی و درووستی و کەشی پڕ لەجوانی و ئازادی، کەواتە ئاسوودەیی شوێنی فشاری دەروونی دەگرێتەوە، لەمبارەوە (محەمەد غەزالی) دەڵێت: (مرۆڤەکان لە کوێ دەتوانن ڕاستی لە درۆ جیا بکەنەوە؟) لەوەڵامدا دەڵێ: (لە کەشوهەوای پاکی ئازادی و دوور لە پیسییەکانی فشار و دڕندەیی و ستەمکاری) .
دەکرێ پەروەردە ئەو شوێنە بێت کە فشارە دەروونیەکان لەوێ بەباشی چارەسەربکرێن، هەستی منداڵان ئاڕاستە بکرێن بۆ ئاسوودەیی دوور لەتێکچوون و شڵەژان، گیانی متمانە ورەبەرزی جێی ڕووخان و شکست بگرێتەوە.
هەندێک نەریتی خراپ لەناو کۆمەڵگەدا خەریکە دەچەسپێت، ئەوێش بەتایبەت دواقۆناخی خوێندنی ئامادەیی کە خوێندکاران خۆیان بۆ قۆناغی زانکۆ ئامادە دەکەن، ئەوقۆناغە زۆرترین فشاری دەروونی درووست دەکات بۆسەر ئەوخوێندکارانە، تەنانەت هەندێ لەوانە کەوتونەتە نامۆیی و دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی، تەنانەت گرفتی دەروونیشیان بۆ خێزانەکانیان درووستکردووە، ئەو حاڵەتانەش کە ڕوو دەدەن تەنیا بیرکردنەوەی ئاڵۆز و خراپە و ڕۆچوونە بەناو قووڵی بیرکردنەوە بە مەبەستی گەیشتن بەو شوێنەی کە دەیەوێ بەدەستی بێنێت، کە نمرەی بەرز و بەدەستهێنانی پلەی پزیشکییە، کە ئەو خەون و خەیاڵەش زۆرجار کەسوکار و دەوروبەر لەناخی ئەوخوێندکارانەدا درووستیان کردووە، لەسەر بەڕێوەبەر و مامۆستایانە ئەو بیرکردنەوە چەوتە بۆ خوێندکاران ڕاستبکەنەوە و وایان لێبکەن دوای خەون و خولیاکانیان بکەون نەک ئەو ویستانەی دەورووبەر یان مەبەستانە. [1]